ڕێبوار تەھا
| ڕێبوار تەھا مستەفا | |
|---|---|
| وێنەیەکی ڕێبوار تەھا لە ساڵی ٢٠٢٢ | |
| پارێزگاری کەرکووک | |
| دەستبەکاربوون ١٤ی ئابی ٢٠٢٤ | |
| سەرۆک کۆمار | لەتیف ڕەشید |
| سەرۆک وەزیران | محەممەد شیاع سوودانی |
| دوابەدوای | ڕاکان سەعید جبووی (بەوکالەت) |
| ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق | |
| لە پۆستدا بووە ٢٠١٤ – ٢٠٢١ | |
| ناوچەی بەربژێری | پارێزگای کەرکووک |
| زۆرینە | ٦٣،٧٢١ (١٨٫٣٦٪) |
| وردەکاریی تاکەکەسی | |
| لەدایکبوون | ١٩٨٢ گەڕەکی ئازادی، کەرکووک، عێراقی بەعس |
| پارتی سیاسی | |
| خوێندن لە | پەیمانگای تەکنیکیی کەرکووک[١] |
| کار | سیاسەتوان |
ڕێبوار تەھا مستەفا (لەدایکبووی ١٩٨٢ لە کەرکووک) سیاسەتوانێکی کوردە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە پارێزگاری کەرکووکە. ئەو لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٤دا، وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک ھەڵبژێردرا[٢] و دوای چوار ڕۆژان لە ١٤ی ئابدا دەستبەکار بوو.[٣] بەھۆیەوە لەدوای ڕووداوەکانی ٢٠١٧ەوە بۆ یەکەمجار کوردەکان توانیان دەست بەسەر ئەو پۆستەدا بگرنەوە. ڕێبوار تەھا پێشتر لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨، دوو خوولان وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبژێردرا. ئەو ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ھەروەھا زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت.[١]
ژیاننامە
[دەستکاری]ڕێبوار تەھا مستەفا ئەحمەد لە ساڵی ١٩٨٢ لە گەڕەکی ئازادی لە شاری کەرکووک لەدایک بوو و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە کەرکووک تەواو كرد. ئەو خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی پەروەردەی زمانی ئینگلیزی، بەکالۆریۆسی یاسا و بڕوانامەی دیپلۆمی كارگێڕى و ياسایە لە پەیمانگای تەکنیکیی کەرکووک. لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، ھەتا ساڵی ٢٠١٤ لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کاری کرد. ساڵی ٢٠١٤ بۆ جاری یەکەم بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان. رێبوار تەھا لە لێکەوتەکانی دوای ڕێفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پاراستنی ماڵی کوردانی کەرکووک گێڕا و شارەکەی بەجێ نەھێشت. لە ساڵی ٢٠١٨دا وەک سەرۆکی لیستی یەنەکە بۆ جاری دووەم بووەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەو خوولەدا جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە و ھەروەھا جێگری نووسینەوەی پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق بوو. لە خوولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی عێراقدا، داکۆکیکاری پرس و مافەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک بوو. لە کۆنگرەکانى چوارەم و پێنجەمی یەنەکەدا، وەک ئەندامی ئەنجومەنى سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرا. ئەو ھەروەھا لە چەندین کۆڕ و کۆبووبوونەوەی سیاسی، تایبەت بە کارگێری و کاروباری پەرلەمانی لە دەرەوەی وڵات بەشداریی کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، وەک سەرۆکی ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە، بەشداریی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کرد و بووە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک.[١]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 «ڕێبوار تەها، کێیە کە بە پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا؟». bwar.news. ١٠ی ئابی ٢٠٢٤. لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «رێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا». pukmedia.com. ١٠ی ئابی ٢٠٢٤. لە ڕەسەنەکە لە ١١ی ئابی ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «ڕێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکووک سوێندی یاسایی دەخوات». ava.news. ١٤ی ئابی ٢٠٢٤. لە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.