پێڕستی کەسایەتییەکانی نارۆتۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ناروتۆ (بە ژاپۆنی: ナルト) زنجیرە مانگایەکی ژاپۆنییە کە لەلایەن ماساشی کیشیمۆتۆوە نووسراوە و کاری وێنەکێشانی بۆ کراوە. چیرۆکەکە باس لە نینجایەکی ھەرزەکار دەکات بە ناوی ناروتۆ ئۆزۆماکی، کە ھەوڵی بەدەستھێنانی ڕێز و دانپێدانانی ھاوڕێکان و دانیشتوانی گوندەکەی دەدات. ھەروەھا خەون بەوەوە دەبینێت کە بەرزترین پلەوپایەی گوندەکەی بەدەستبێنێت کە ئەویش نازناوی ھۆکاگێیە. چیرۆکەکە دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا، یەکەم کە باس لە ژیانی ناروتۆ دەکات لە تەمەنێکی تازەپێگەشتوودا، بەشی دووەمیش باس لە ژیانی دەکات لە تەمەنی ھەرزەکاریدا. کیشیمۆتۆ چیرۆکەکەی لەسەر بنەمای مانگایەکی تری پێشووی خۆی داڕشتووە کە لە ساڵی ١٩٩٥دا بڵاوی کردووەتەوە و بەھۆیەوە ساڵی دواتر وەک ڕێزلێنانێک ناوی لە خەڵاتی ھۆپستیپی مانگانەی شوەیشادا ھاتووە.

گۆڤاری شۆنێن جەمپ لە ساڵی ١٩٩٩دا دەستی بە بڵاوکردنەوەی ناروتۆ کرد و ھەفتانە بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠١٤. سەرتاپای چیرۆکەکە دابەش دەبێت بەسەر ٧٢ پەرتووکی جۆری تانکۆبۆن. لە ساڵی ٢٠٠٢ ستۆدیۆی پیرۆت بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئانیپلێکس ھەستان بە بەرھەمھێنانی بەشی یەکەمی ئەنیمێی ناروتۆ کە ساڵی ٢٠٠٧ لە دوای ٢٢٠ ئەڵقە کۆتایی پێھات؛ لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩ دۆبلاژی زمانی ئینگلیزی لەلایەن کارتوون نێتۆرکەوە بۆ کراوە. دووەم ئەنیمێ و تەواوکەری بەشی یەکەم بە ناوی 'ناروتۆ: شیپوودین'ەوە لە ٢٠٠٧ پەخشی لە ژاپۆن دەستی پێکرد و دوای ٥٠٠ ئەڵقە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتای ھات. دۆبلاژی ئینگلیزی بۆ شیپوودین لەلایەن 'دیزنی ئێکس دی'ەوە (Disney XD) لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ پەخشکرا، بەڵام کارتوون نێتۆرک لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا دووبارە مافی بڵاوکردنەوەی وەرگرتەوە و لە بەشی توونامی (ئەدۆڵت سویم) دا پەخشی کرد. ستۆدیۆ پیرۆت یازدە فیلم و یازدە ئۆ ڤی ئەی (OVA) بۆ زنجیرە مانگای ناروتۆ بەرھەمھێناوە. کەلوپەلی تایبەت بە ناروتۆ وەک کارتی گەمەکردن، یاری ڤیدیۆیی و کورتە ڕۆمان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دروستکراون.

ڤیز میدیا لە ئەمریکای باکوور مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی ئەنیمێ و مانگای ناروتۆی بەدەستە. ئەنیمێیەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە و لە شانشینی یەکگرتوو ٢٠٠٦ و لە ئوسترالیا ٢٠٠٧. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش لەلایەن ناوەندی زوھرەەوە ١٣٠ زنجیرەی سەرەتای بەشی یەکەم دۆبلاژکران بۆ زمانی عەرەبی و لە ھەردوو کەناڵی ئاسمانیی سپەیستوون و سپەیسپاوەر پەخشکرا تا ساڵی ٢٠١٢ کە شەڕی ناوخۆیی سووریا و قەیرانی دارایی بوو بە ھۆکاری ڕاگرتنی. چیرۆکی ناروتۆ ئۆزۆماکی بەھۆی کوڕەکەیەوە بۆروتۆ ئۆزوماکی بەردەوامە لەڕێگەی مانگای بۆروتۆ:ناروتۆ نێکست جێنەرەیشن، کە تێیدا بۆروتۆ دەیەوێت ڕێگەی بە نینجابوونی تایبەت بە خۆی بگرێتەبەر و لەژێر سێبەری باوکی نەبێت.

ناروتۆ سێیەم پڕفرۆشترین مانگایە لە مێژوودا لە دوای وەن پیس و دراگۆن بۆڵ بە فرۆشتنی ٢٣٥ میلیۆن تیراژ لە سەرانسەری جیھاندا، یەکێکە لە سەرکەوتووترین مانگاکانی ڤیز میدیا؛ کە پەرتووکە وەرگێڕدراوەکانیان بۆ سەر زمانی ئینگلیزی چەند جارێک لە لیستی پڕفرۆشترینەکانی دە نیویۆرک تایمز(The Newyork Times) و یو ئێس ئەی تودەی(USA Today)دا دەرکەوتوون و پەرتووکی حەوتەمی لە ساڵی ٢٠٠٦ خەڵاتی کویڵ (Quill Award)ی بردەوە. ڕەخنەگران چەند لایەنێکی مانگاکە بەرز دەنرخێنن، لەوانەش بنیاتگەری کەسایەتییەکان، دیمەنی شەڕی سەرسووڕھێنەر و چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و پتەو، ھەرچەندە ھەندێک لایان وابوو کە دیمەنە شەڕییەکان (جەنگییەکان) چیرۆکەکەیان ھێواشکردووەتەوە. ڕەخنەگران پێشیان وایە کە کڕۆکی چیرۆکەکە بابەتی 'پێگەشتن' یاخوود 'گەورەبوون' لەخۆ دەگرێت، کە ئەمەش بەھۆی بوونی کاریگەری میتۆلۆژی ژاپۆنی و کۆنفووشیزمە بەسەر مانگاکەوە.

کەسایەتییە سەرەکییەکان[دەستکاری]

کەسایەتییە دووەمییەکان[دەستکاری]

تیمی حەوت[دەستکاری]

  • ناروتۆ ئۆزۆماکی: پاڵەوانی چیرۆکەکەیە و یەکەم کەسایەتییە کە کیشیمۆتۆ لە سەرەتای نووسینی چیرۆکەکەوە دیزاینی کردبێت، چەندین تایبەتمەندی ھاوبەشی ھەیە لەگەڵ کەسایەتییەکانی تری شۆنێن.[١] ناروتۆ زۆربەی جار گاڵتەی پێدەکرێت لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەوە لەبەرئەوەی ھەڵگری کیوبییە، بەڵام ئەو ھەمووکات کەسایەتییەکی ڕووخۆش و ئەرێنی ھەیە پەیمان دەدات ھەرگیز واز لە بەدەستھێنانی خەونەکانی نەھێنێت. گەورەترین خەونی ناروتۆ بوون بە ھۆکاگێیە، بۆ ئەوەی ڕێز و پێزانینی دانیشتوانی گوندەکە بەدەست بھێنێت و بیان پارێزێت. ناروتۆ بە درێژاییی چیرۆکەکە لە دەرەوە و ناوەوەی کۆنۆھا دۆست و ھاوڕێی زۆر دروست دەکات و کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر ژیانیان بە جۆریک کە ناروتۆ لە ھەموو جیھاندا ناسراو دەبێت. ناروتۆ لە کۆتاییدا بە خەونەکانی دەگات و دەبێت بە سەرکردەی کۆنۆھا و ھەروەھا ھاوسەرگیری لەگەڵ 'ھیناتا ھیووگا' دەکات و دوو منداڵیان دەبێت بە ناوی 'بۆروتۆ ئۆزۆماکی' و 'ھیماواری ئۆزۆماکی'.
  • ساسوکی ئۆچیھا: ڕکابەری ناروتۆیە، لەلایەن کیشیمۆتۆوە وەک کەسایەتییەکی «ژیری بلیمەت» دیزاین کراوە. کاتێک ساسوکی تەمەنێکی منداڵی ھەیە، ئیتاچی ئۆچیھای برا گەورەی، خێزانەکەیان کۆمەڵکوژ دەکات، بەمەش تاکە ئاواتی ساسوکی ئەوەیە ئیتاچی بکوژێت و کەسایەتییەکی سارد و گۆشەگیر دروست دەکات، خەڵکانی تر بەکاردێنێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکانی، ھەرچەندە بە بەردەوامی سەرنجی کچان ڕادەکێشێت کە خۆی زۆر بەمە بێزارە. کاتێک دەبێت بە بەشێک لە تیمی حەوت، وردە وردە ھەستی ھاوڕێیەتی لا دروست دەبێت تەنانەت ژیانی خۆشی دەخاتە مەترسییەوە لە پێناو ناروتۆ و ساکورادا و تا ماوەیەک بیری لای تۆڵەسەندنەوە نامێنێت، بەڵام دوابەدوای دووبارە بینینەوەی ئیتاچی و بەزاندنی لەلایەن ئەوەوە لە کۆنۆھا ھەڵدێت بۆ بەدەستھێنانی ھێزی زیاتر ڕوو دەکاتە تاوانبارێک بە ناوی ئۆرۆچیماروو. لە کۆتاییی بەشی دووەمی چیرۆکەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ناو تیمی حەوت و لەگەڵ مامۆستاکەیان، کاکاشی ھێتاکێ، کاگویا لەناودەبەن. ساسوکی لە چیرۆکی بۆروتۆدا پارێزگاری لە کۆنۆھا دەکات و لێکۆڵینەوە لە تیرەی ئۆتسوتسوکی دەکات.
  • ساکورا ھارونۆ: ئەندامێکی تیمی حەوتە و ھاوڕێی ناروتۆ و ساسوکییە، لە کاتی دروستکردنی کەسایەتیی ساکورا، کیشیمۆتۆ دان بەوەدا دەنێت کە ھیچ بیرۆکەیەکی نەبووە «کچێکی نموونەیی» دەبێت چۆن بێت، ساکورا لە منداڵیدا بەھۆی نێوچاوانە گەورەکەیەوە لەلایەن منداڵانی ترەوە تەنز دەکرا، بەڵام کچێکی تر پشتیوانی دەکات بە ناوی ئینۆ یاماناکا، ھەرچەندە کە ھەردووکیان گەورەتر دەبن ھاوڕێیەتییان سارد دەبێتەوە بەھۆی ئەوەی کە ھەردووکیان ھەستیان ھەیە بەرامبەر ساسوکی. لە سەرەتای بەشی یەکەمدا ساکورا زیاتر ڕوودەدات بە ساسوکی و ڕقی لە ناروتۆ دەبێتەوە، ھەرچەندە ساسوکی وەک کەسێکی «بێزارکەر» لێی ئەڕوانێ و ناروتۆ شەیدایەتی. بە بەرەو پێشچوونی چیرۆکەکە تێڕوانینی ساکورا بۆ ناروتۆ دەگۆڕێت و وەک ھاوڕێیەک دەیبینێت، لە ھەمان کاتدا ئەو ھەستەی بەرامبەر ساسوکی ھەیبوو دەبێت بە خۆشەویستییەکی قووڵ.
  • کاکاشی ھێتاکێ: سەرکردەی تیمی حەوتە و مامۆستای ھەریەک لە ناروتۆ و ساسوکی و ساکورایە، کیشیمۆتۆ لە سەرەتاوە وای دانابوو کە کاکاشی زووتر لە چیرۆکەکەدا دەرکەوێت. کاکاشی وەک کەسێکی ھێمن و لەسەر خۆ پیشان دەدرێت کە ئاگای لە ئەندامەکانی تیمی حەوتە و لە ناکۆکی دووریان دەخاتەوە، کاکاشی زۆر خەمساردە و زۆرکات لە کار و چاوپێکەوتنەکانی دوادەکەوێت. کاکاشی خاوەنی چاوێکی شارینگانە کە لەلایەن ئۆبیتۆ ئۆچیھای ھاوڕێی منداڵییەوە پێی بەخشراوە و بەردەوام دایدەپۆشێت تەنھا لەکاتی بەرەنگاربوونەوەدا بەکاریدێنێت. کاتێک ئەوەی چیرۆکەکە تیشک دەخاتە سەر ڕابردووی، ڕووندەبێتەوە کە کاکاشی قوتابیی باوکی ناروتۆ بووە و لەلایەن ئەوەوە ڕاھێنانی پێکراوە. دوای کۆتایھاتنی جەنگە مەزنەکە کاکاشی دەبێت بە ھۆکاگێی شەشەم و ساڵانێک سەرکردایەتی کۆنۆھا دەکات، تا دواتر جێگاکەی بۆ ناروتۆ چۆڵ دەکات.

دۆستەکان[دەستکاری]

  • جیرایا: نینجایەکی کۆنۆھایە و مامۆستای ناروتۆیە، کیشیمۆتۆ لە ھەموو پەیوەندییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابیدا، پەیوەندی نێوان جیرایا و ناروتۆی لە ھەموویان پێ جوانترە. لە تەمەنی منداڵیدا جیرایا قوتابی ھایروزێن ساروتۆبی بووە لەگەڵ تسونادێ و ئۆرۆچیماروو. جیرایا نەک تەنھا ناروتۆ، بەڵکوو مامۆستاییەتی ناگاتۆ و میناتۆشی کردووە. لە بەشی یەکدا ڕاھێنان بە ناروتۆ دەکات، لە بەشی دوودا دەڕوات بۆ لێکۆڵینەوە لە گرووپی ئەکاتسوکی، تا بۆی دەردەکەوێت کە ناگاتۆ سەرکردەی گرووپەکەیە، لەلایەن شەش لاشەکەی پەین کە کۆنتڕۆلکراوی ناگاتۆن دەکوژرێت، پێش مردنی نامەیەک بۆ ئاگادارکردنەوەی گوندەکە دەنێرێت.
  • کوشینا ئۆزۆماکی: دایکی پاڵەوانی چیرۆکەکە «ناروتۆ ئۆزۆماکی» یە و ھاوسەری ھۆکاگێی چوارەم، میناتۆ نامیکازێیە، پێش ناروتۆ ھەڵگری ڕێویە نۆ کلکەکە بووە. ھەرچەندە ناروتۆ شێوەی لە باوکی دەچێت، بەڵام کەسایەتییە ڕووخۆش و عەجوولەکەی چووەتەوە سەر دایکی. کوشینا لەبەرئەوەی لە خێزانی ئۆزۆماکییە، خاوەنی ھێزێکی تایبەتە و دوابەدوای میتۆ ئۆزۆماکی دەبێت بە ھەڵگری کیوبی و لە وڵاتەکەی دووردەخرێتەوە بۆ کۆنۆھا. لەوێ میناتۆ دەناسێت و دەکەونە داوی خۆشەویستییەوە و ھاوسەرگیری دەکەن. لەکاتی منداڵبووندا، ئۆبیتۆ ئۆچیھا (کە لەم کاتەدا لەژێر دەستی مادارادایە و بە ماسکێک ڕووی خۆی حەشاردەدات) ھێرش دەکاتە سەریان و کیوبی بەرەڵا دەکاتە سەر گوندەکە، میناتۆ و کوشینا ژیانی خۆیان بەخت دەکەن بۆ بەندکردنی کیوبی لە ناو لەشی کۆرپەکەیاندا (لەگەڵ ھەندێک وزەی خۆشیان)، لە بەشی دوودا لەڕێگەی ئەو وزەیەوە لە خەیاڵی ناروتۆدا دەردەکەوێت و ئەو ڕووداوانەی شازدە ساڵ لەوەوبەری بۆ باس دەکات، پێش ڕۆیشتنی، داوای لێبووردن لە ناروتۆ دەکات لەبەر ئەو ھەموو ناخۆشییەی بەسەریدا ھاتووە بەھۆی بوونی کیوبی لە لاشەیدا.
  • سای: نینجایەکە لە بەشی دووەمی چیرۆکەکەدا دەردەکەوێت و بۆ ماوەیەکی کاتی شوێنی ساسوکی دەگرێتەوە لە تیمی حەوتدا، تەکنیکی وێنەکێشان بەکاردەھێنێت کە ھەر وێنەیەک دەکێشێت دەیھێنێتە ژیان. کیشیمۆتۆ بە ئەنقەست شێوە و کەسایەتی وەک ساسوکی دروستکردووە.
  • یاماتۆ: لە بەشی دوودا دەناسرێت کە بۆ ماوەیەکی کاتی وەک سەرکردەی تیمی حەوت شوێنی کاکاشی دەگرێتەوە، بەکارھێنەری تەکنیکی دار و تەختەیە.
  • ئیروکا ئۆمینۆ: مامۆستای چوونینە لە ئەکادیمیای نینجا، ھەرچەندە بە منداڵی دایک و باوکی لەلایەن دڕندە نۆ کلکەکەوە کوژراون، بەڵام باوەڕی بەوە ھەیە کە ناروتۆ دەبێت بە نینجایەکی گەورە. لە کۆتاییی چیرۆکەکە و کاتی ھاوسەرگیریکردنی ناروتۆ و ھیناتا، لە شوێنی باوکی ناروتۆ لەوێ ئامادەیە.
  • گارا: ھاوشێوەی ناروتۆ ھەڵگری دڕندەیەکی کلکدارە، لە سەرەتاوە وەک دوژمن دەردەکەوێت، بەڵام دواتر دەبێت بە دۆست، دوو ڕابردووی ھاوشێوەیان ھەیە، بەڵام دوو کەسایەتی تەواو پێچەوانە، دوای ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ ناروتۆ، بۆی دەردەکەوێت کە ئەویش بە ھەمان شێوە ھەڵگری کلکدارێکە، وردە وردە بیرکردنەوەی دەگۆڕێت و لە باتی ئازاردان، یارمەتی خەڵک دەدات، لە بەشی دووەمدا شوێنی باوکی دەگرێتەوە وەک کازێکاگێی پێنجەمی گوندی سوناگاکوری. گارا لە جەنگی کۆتاییدا لەگەڵ سەرکردەی گوندەکانی تردا بەشداری دەکات.
  • ئەی: ڕایکاگێی چوارەمە (سەرکردەی گوندی کومۆگاکوری) و زڕبرای کیڵەر بییە، پیاوێکی بەھێزە و خاوەنی بیر و بۆچوونێکی پتەوە، لەدوای مردنی میناتۆ، بەخێراترین نینجا دادەنرێت. لە جەنگە گەورەکەدا دەبێت بە سەرکردەی ھێزە یەکگرتووەکانی شینۆبی.
  • کیڵەر بی: نینجایەکی گوندی کۆمۆگاکورییە، برا بچووکی ھەڵگیراوەی ئەیە، ھەڵگری گیوکییە (دڕندەی ھەشت کلک)، توانای بەکارھێنانی حەوت شیری ھەیە لە یەک کاتدا و لە ھونەری زۆرانبازییش شارەزایە. کیڵەر بی یارمەتی ناروتۆ دەدات لە کۆنتڕۆڵکردنی کیوبی.
  • مەی تێرومی: میزوکاگێی پێنجەمی گوندی کیریکاگورییە، توانای ھەیە ھەریەک لە تەکنیکی زەوی و ئاگر تێکەڵ بکات بۆ دروستکرنی شلەیەکی گڕکانی. لە جەنگی کۆتاییدا یارمەتی سەرکردەی گوندەکانی تر دەدات.
  • ئۆنۆکی: تسوچیکاگێی سێیەمی گوندی ئیواکاگورییە و کوڕەزای یەکەم تسوچیکاگێیە. ئۆنۆکی بۆ ماوەیەکی زۆرە لە پلەی تسوچیکاگێ دایە بەجۆرێک چەندان کەسایەتی مێژووی بینیووە کە یەکێک لەوانە مادارا ئۆچیھایە.

تیمی ھەشت[دەستکاری]

  • ھیناتا ھیووگا: کچێکی شەرمنی سەر بە خێزانی ھیوگایە و یەکێکە لە ئەندامەکانی تیمی ھەشت، خاوەنی چاوی بیاکوگانە (کە خێزانی ھیووگا پشتاوپشت بۆیان ماوەتەوە) ھەر لە سەرەتای زنجیرەکەوە ھەستی بەرامبەر ناروتۆ ھەیە. زۆر جار شەرمنییەکەی کێشەی بۆ دروست دەکات، بەڵام کۆڵنەدان و پەرۆشی ناروتۆ بۆ بەدەستھێنانی خەونەکانی دەبێت بە پاڵنەر بۆی کە زیاتر باوەڕی بە خۆی بێت. ھەستەکانی ھیناتا بەرامبەر ناروتۆ وردە وردە دەبێت بە خۆشەویستی. تا ئەو کاتەی لە بەشی دووی چیرۆکەکەدا کاتێک پارێزگاری لە ناروتۆ دەکات لە بەرامبەر پەیندا «یەکێک لەو لاشانەی لەلایەن ناگاتۆوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن» دان بە خۆشەویستی خۆیدا دەنێت بۆ ناروتۆ. لە کۆتاییدا ھیناتا ھاوسەرگیری لەگەڵ ناروتۆ دەکات و دوو نەوەیان دەبێت.
  • کیبا ئینوزوکا: ئەندامێکی تیمی ھەشتە و لە تیرەی ئینوزوکایە، خێزانێکن کە شێوەیان چەند تایبەتمەندییەکی سەگی ھەیە (وەک ددان، نینۆک، موو)، کیبا باشترین ھاوڕێی سەگێکە بە ناوی 'ئاکاماروو'، کە لە جەنگدا ھاریکاری دەکات.
  • شینۆ ئابورامێ: یەکێکە لە ئەندامانی تیمی ھەشت و لە خێزانی ئابورامایە، کە خێزانێکن پەیوەندییەکی نائاساییان ھەیە لەگەڵ جۆرە مێروویەک کە پێی دەوترێت «مێرووی وێرانکار» و ڕێگەیان پێدەدەن کە لە لاشەیان بەکاربێنن وەک لانەیەک. خەڵکانی تر شینۆ بە «ترسناک» ناو دەبەن، بەڵام ئەو خەمخۆرێکی گەورەی ھاوڕێ و دۆستەکانیەتی.
  • کورینای یوھی: سەرکردەی تیمی ھەشتە، بەکارھێنەرێکی لێھاتووی ئەو تەکنیکانەیە کە ڕکابەر دەخەنە خەیاڵەوە و سەر لە ھەستەوەرەکانی تێکدەدەن. کورینای لە ھیناتاوە زۆر نزیکە، تەنانەت وەک دایکی دووەمیەتی، کورینای زۆربەی جار لەگەڵ ھاوڕێی منداڵی ئاسوما ساروتۆبیدا دەبیندرێت، دواتر لە بەشی دووەمدا دەردەکەوێت دووگیانە بە منداڵی ئاسوما، دوای چەند مانگێک لە مردنی ئاسوما، کورینای منداڵێکی دەبێت و ناوی دەنێت 'میرای ساروتۆبی'.

تیمی دە[دەستکاری]

  • شیکەماروو نارا: ئەندامێکی تیمی دەیە و یەکێکە لە زیرەکترین کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکە، زۆرجار پلانی ئاڵۆز بەکاردەھێنێت بۆ بەزاندنی ڕکابەرەکانی، شیکەمارۆ دەتوانێت سێبەری خۆی درێژ بکاتەوە بۆ کەسێکی تر و کۆنتڕۆڵی جووڵەکانیان بکات.
  • چۆجی ئاکیمیچی: ئەندامێکی تیمی دەیە و ئارەزوویەکی زۆری ھەیە بۆ خواردن، کەسانی تر بە قەڵەو بانگی دەکەن، بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە کە قەڵەو بێت و بەھانەی ئەوە دەھێنێتەوە کە «ئێسکی ئەستوورە»، چۆجی شیکەماروو بە باشترین ھاوڕێی خۆی دەزانێت و ئامادەیە ژیانی خۆی لەپێناودا بەخت بکات. دەتوانێت لە شەڕکردندا قەبارەی خۆی یاخود ئەندامێکی دیاریکراوی زیاد بکات.
  • ئینۆ یاماناکا: ئەندامێکی تیمی دەیە و ھاوڕێی منداڵیی ساکورایە، تەکنیکی مێشک کۆنتڕۆلکردن بەکاردەھێنێت بۆ گواستنەوەی ئاگایی خۆی بۆ مێشکی کەسێکی تر و دەستبەسەرداگرتنی لاشەیان. ئینۆ لە کۆتاییی چیرۆکەکەدا ھاوسەرگیری لەگەڵ سای دەکات.
یەکێک لە چەقۆ مستەکۆڵەکانی ئاسوما ساروتۆبی کە لە شەڕدا بەکاری دەھێنێت.
  • ئاسوما ساروتۆبی: سەرکردەی تیمی دەیە و کوڕی ھۆکاگێی سێھەمە. دوو چەقۆی مستەکۆڵەیی بەکاردەھێنێت لە شەڕکردندا، بەردەوام لەگەڵ کورینای ھاوڕێی منداڵیدا دەبیندرێت، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە ھیچ شتێک لە نێوانیاندا ھەبێت، تا دواتر ڕووندەبێتەوە کە کورینای دووگیانە بە منداڵی ئەو. ئاسوما لە بەرەنگاربونەوەی ھیداندا دەمرێت، شیکەمارۆ دواتر تۆڵەی مامۆستاکەی دەکاتەوە و ھەمان چەقۆ مستەکۆڵەیییەکانی ئەو بەکار دەھێنێت بۆ لەناوبردنی ھیدان.

تیمی گای[دەستکاری]

  • ڕۆک لی: ئەندامێکی تیمی گاییە و خۆشەویسترین قوتابییە لەلای مایت گای، ناتوانێت تەکنیکانی نێنجوتسوو (وزەی نێن) گێنجوتسوو (خەیاڵ و فێڵکردن لە ھەستەوەرەکان) بەکاربھێنێت وەک نینجاکانی تر، بەڵام کۆڵنەدانی وا لە گای دەکات کە بیکات بە قوتابی خۆی و فێری تەکنیکی تایجوتسووی (کە زیاتر پشت بە ھێزی جەستە دەبەستێت) بکات، گای چەند جووڵەیەکی بەھێز و تەنانەت قەدەغەشی فێر دەکات، کە ئەویش کردنەوەی ھەر ھەشت دەرچەکەی وزەیە لە لاشەدا، بە مەرجێک لی تەنھا کاتێک ئەم جووڵەیە بەکاربھێنێت کە پارێزگاری لە کەسێکی ئازیزی دەکات.
  • نێجی ھیوگا: ئەندامێکی تیمی گاییە و سەر بە خێزانی ھیوگایە و ئامۆزای ھیناتایە. خاوەنی چاوی بیاکوگانە، دەتوانێت بەکاریبھێنێت بۆ بینینی خاڵە لاوازەکانی ڕکابەرەکەی و کردنە ئامانجیان. نێجی لە جەنگە مەزنەکەدا خۆی دەکات بە قوربانی بۆ پاراستنی ناروتۆ و ھیناتا لە ھێرشێکی ئۆبیتۆ ئۆچیھا. دواتر ناروتۆ کوڕەکەی ناو دەنێت بۆروتۆ کە وشەیەکە لە زمانی ژاپۆنیدا لەگەڵ وشەی نێجی پێکەوە دێن.
  • تێنتێن: ئەندامێکی تیمی گاییە و ئارەزووی ئەوە دەکات کە بیسەلمێنێت کچە نینجاکانیش دەتوانن وەک کوڕە نینجاکان بەھێزبن، دەتوانێت سەدان چەکی وەکوو جۆری جیاواز لە شمشێر و چەقۆ بەکاربھێنێت.
  • مایت گای: سەرکردەی تیمی گایە (کە بەناوی خۆیەوەیەتی) و زۆربەی کاتەکانی بۆ ڕۆک لی تەرخان دەکات، کاکاشی بە ڕکابەری خۆی دەزانێت و کێبڕکێی لەگەڵ دەکات (سەرەڕای ئەوەی کاکاشی زۆر گوێی پێنادات). گای نینجایەکی زۆر بەھێزە و توانایەکی گەورەی ھەیە لە بەکارھێنانی تایجوتسوو، تەنانەت لە جەنگە مەزنەکەدا ئەو لە ھەموو کەسێک نزیکتر بوو لە بەزاندنی مادارا ئۆچیھا، بە ڕادەیەک مادارا دانی پێدادەنێت وەک بەھێزترین ڕکابەر ڕووبەڕووی بووبێتەوە، بەڵام دوای کردنەوەی ھەر ھەشت دەرچەکەی وزە لە لاشەدا بۆ بەزاندنی مادارا، زیانێکی زۆر بە لاشەی گەیشت بە جۆرێک چارەسەرکردنی قاچی ڕاستی ئەستەم بوو، بۆیە دەبێت بە کەمئەندام، بەڵام لە نینجابوونی خۆی کۆڵنادات.

ھۆکاگێکان[دەستکاری]

ئەو جۆرە کڵاوەی کە ھۆکاگێکان لەسەری دەکەن
  • ھاشیراما سێنجو: ھۆکاگێی یەکەم و ھاو-دامەزرێنەری گوندی کۆنۆھایە وەک یەکەم گوندی نینجا، نینجایەکی ڕێزداری سەردەمی خۆی بووە و ناسراو بووە بە «خواوەندی شینۆبی»، لە منداڵیدا ھاوڕێیەتی لەگەڵ مادارا دروستکردووە، ھەرچەندە بوون بە دوژمن لە گەنجێتییاندا، بەڵام لە کۆتاییدا پێکدێن و گوندی کۆنۆھا دادەمەزرێنن، ھاشیراما بەھۆی بەژداریکردنی لە چەند جەنگێکی سەردەمی خۆی دەمرێت، بەھۆی تەکنیکی قەدەغەی «زیندووبوونەوە» (Edō Tensei) دەگەڕێندرێتەوە ژیان، تا دواتر لە کۆتاییی جەنگە مەزنەکەدا و دوای مردنی کاگویا، ڕۆحی بەیەک جاری دەسپێردرێت.
  • تۆبیراما سێنجو: ھۆکاگێی دووەم و برا بچووکی ھاشیرامایە، مامۆستای ھایروزێن ساروتۆبییە. یەکەم ھۆکاگێ بووە کە ژێرخانی ئابووری بۆ گوندەکە بنیادناوە و ناوەندی خوێندنی وەکوو ئەکادیمیای نینجا و بەشی پاراستن وەکو ھێزی پۆلیسی دروستکردووە. بە بەھێزترین بەکارھێنەری شێوازی ئاو دادەنرێت، ھەروەھا داھێنەری چەندەھا تەکنیکە و یەکێک لەوانەش تەکنیکی قەدەغەکراوی زیندووبوونەوەیە، بەڵام لەبەر شومی ئەم تەکنیکە وازی لە پەرەپێدانی داوە. تۆبیراما لە جەنگی مەزنی چوارەمدا زیندوو دەکرێتەوە، بەڵام وەک ھۆکاگێکانی تر دوای لەناوچوونی کاگویا وەک ھۆکاگێکانی تر لەژێر چنگی ئەو تەکنیکە ڕزگاریان دەبێت و دەچنەوە بۆ جیھانیەکی تر.
  • ھایروزێن ساروتۆبی: ھۆکاگێی سێیەمە و بۆ درێژترین ماوە لەو پلەیەدا دەمێنێتەوە چونکە دوای مردنی میناتۆ دووبارە ئەو پلەیە ھەڵدەگرێت. کەسێکی ھێمن و لەسەرخۆیە و بە «پرۆفیسۆر» ناسراوە لەبەرئەوەی ھەموو تەکنیکێکی نینجایی دەزانێت لە کۆنۆھا. مامۆستای جیرایا و تسونادێ و ئۆرۆچیماروو بووە. ئۆرۆچیماروو نازدارترین قوتابی بووە لەلای و تایبەتمەندییە شەڕەنگێزییەکانی ھەردەم پشتگوێ دەخست. تا دوای ساڵانێکی زۆر ئۆرۆچیماروو ھێرش دەکاتە سەر کۆنۆھا و ساروتۆبی دەکوژێت، بەڵام پێش مردنی ھەردوو دەستی ئۆرۆچیماروو لەکار دەخات. ساروتۆبی دواتر لە جەنگە مەزنەکەدا زیندوو دەکرێتەوە و دوای مردنی کاگویا دەگەڕێتەوە بۆ جیھانی دوای مردن.
  • میناتۆ نامیکازێ: ھۆکاگێی چوارەمە، باوکی ناروتۆ و ھاوسەری کوشینایە، قوتابی جیرایایە و مامۆستای کاکاشی و ئۆبیتۆ و رین نۆھارایە. میناتۆ نازناوی خێراترین نینجای لێنراوە بەھۆی بەکارھێنانی تەکنیکی «ھەورەبروسکەی فڕیوو» ەوە کە لەلایەن تۆبیراما سێنجووە داھێنراوە. میناتۆ بەھۆی تەکنیکی قەدەغەکراوی زیندووبوونەوەوە دەگەڕێندرێتەوە ژیان، پێش بەیەکجاری ڕۆیشتنی دوای مردنی کاگویا، بەڵێن دەدات بە ناروتۆ کە لە جیھانی دواتر بۆ دایکی باس بکات ناروتۆ چەند گەورەبووە.
  • تسونادێ: یەکێکە لە قوتابییەکانی ساروتۆبی لەگەڵ جیرایا و ئۆرۆچیماروو. ھەرچەندە وەک ٢٠ ساڵان دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەمەنی لە ٥٠ ساڵ بەرەو سەرەوەیە و بەھۆی تەکنیکی تایبەتەوە گەنجی خۆی دەپارێزێت و ھەروەھا ھێزێکی بێپایانی ھەیە و دەشتوانێت برین و پێکان بەخێرایییەکی زۆر چارەسەر بکات. تسونادێ کچەزای ھاشیراما سێنجو و میتۆ ئۆزۆماکییە، دوای بیبینی ناروتۆ و کاریگەری لەسەری، ئامادەباشی خۆی دەردەبڕێت بۆ وەرگرتنی پۆستی ھۆکاگێ، دەبێت بە مامۆستای ساکورا و دوای جەنگ لە بەرژەوەندی کاکاشی واز لە پلەی ھۆکاگێ دەھێنێت.

دوژمنەکان[دەستکاری]

  • کاگویا ئۆتسوتسوکی: دوژمنی سەرەکی چیرۆکەکە و ئەندامی خێزانی ئۆتسوتسوکییە، ناسراوە بە «خواوەندی کەروێشک». کاگویا ھێزێکی بێپایانی دەستدەکەوێت دوای ئەوەی میوەی «داری نەمری» دەخوات دەبێت بە بەشێک لە دارەکە. بەھۆی دڵپیسییەوە، کاگویا لەشکرێک دروست دەکات کە پێکھاتووە لەو مرۆڤانەی کە لەلایەن داری نەمرییە و قوتدراون شێوەیان گۆڕدراوە بۆ زێتسووی سپی، بۆئەوەی خۆی بیپارێزێت لە ئەندامەکانی تری خێزانەکەی، ئەمە و چەند کردەوەیەکی تر وا لە خەڵک دەکات کە بە ئەھریمەن ناوی ببەن. دوای ئەوەی بۆی دەردەکەوێت کە ھەندێک لە ھێزەکەی گوێزراوەتەوە بۆ ھەردوو کوڕەکەی (ھۆگۆرۆمۆ و ھامورا)، ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و لەگەڵ داری نەمریدا یەکدەگرن بۆ پێکھێنانی دڕندەی دە کلک، جووبی، بەڵام دەبەزێت و جووبی لەلایەن ھۆگۆرۆمۆوە لە ناو مانگدا بەند دەکرێت، ھەموو وزەکەی کاگویایش بەش بەش دەکرێت بۆ پێکھێنانی نۆ دڕندەی کلکدار (لە یەک کلکەوە تا نۆ کلک)، بەڵام لە کۆتا چرکەدا کاگویا زێتسووی ڕەش دروست دەکات بۆ پلانگێڕیکردن لە گێڕانەوەی بۆ جیھانی ڕاستی. لە جەنگە مەزنەکەدا، زێتسووی ڕەش مادارا بە سەرکەوتوویی بەکاردەھێنێت و لاشەی لەباردەکات بۆ کاگویا کە تێیدا بژی و لەڕێگەیەوە بگەڕێتەوە جیھانی ڕاستەقینە. کاگویا کاتێک ساسوکی و ناروتۆ دەبینێت بڕیاردەدات لەناویان ببات بەھۆی ئەوەی کوڕەکانی خۆی دێننەوە بیر، بەڵام بە یارمەتیی ئۆبیتۆ، تیمی حەوت جارێکی دیکە کاگویا لەگەڵ جوبیدا بەند دەکەن.
  • مادارا ئۆچیھا: یەکێکە لە دوو دامەزرێنەری گوندی کۆنۆھا ھاوشانی ھاشیراما سێنجو. مادارا پیاوێکی زۆر لووتبەرز و باوڕبەخۆیە. دوای بەرەنگاربوونەوەیەک لەگەڵ ھاشیراما، وا باوەڕ دەکرێت مردبێت، بەڵام ڕزگاری دەبێت و خۆی حەشاردەدات و پلانگێڕی دەکات بۆ زیندووبوونەوەی لە داھاتوودا، بۆیە دوای ئەوەی ئۆبیتۆ ڕزگاردەکات، دەیھێنێتە ژێر ڕکێفی خۆی بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە. بەدرێژاییی چیرۆکەکە ئۆبیتۆ خۆی وەک مادارا نیشاندەدات، تا دواتر مادارا زیندوو دەکرێتەوە و دەبێت بە ھەڵگری دڕندە نۆ کلکەکە، ڕووبەڕووی ھەموو نینجا و سەرکردەی گوندەکان دەبێتەوە و تێکڕایان دەبەزێنێت، سەرەڕای بەھێزی، زێتسووی ڕەش فێڵی لێدەکات و لاشەی لەلایەن کاگویاوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. دوای بەنددکردنی کاگویا، مادارا ئازاد دەبێت، بەڵام بەھۆی ئەو زیانە زۆرەی پێیگەیشتووە ناتوانێ بەردەوامبێت لە ژیان، و پێش مردنی لە ھاشیراما سێنجو خۆشدەبێت.
  • ئۆرۆچیماروو: دوژمنی سەرەکی بەشی یەکی چیرۆکەکەیە، ماوەیەک ئەندامی ئەکاتسوکی بووە، لە سەرەتاوە قوتابی ژێر دەستی ھۆکاگێی سێیەم بووە، لەگەڵ جیرایا و تسونادێ نازناوی سێ نینجای ئەفسانەیان لێنراوە. ئۆرۆچیماروو خەونی گەورەی ئەوەیە کە نەمری بەدەستبھێنێت، بۆیە تەواوی تەکنیکەکانی جیھانی نینجا فێربووە و تاقیکاری لەسەر نینجاکانی تر دەکات. ئەو ڕێگایەی بەکاریدەھێنێت بۆ درێژکردنەوەی ژیانی، پێکدێت لە گواستنەوەی ئاگایی خۆی لە لاشەیەکەوە بۆ لاشەیەکی دیکە دوای ھەرچەند ساڵێک، لاشەی ساسوکی ئامانجی داھاتوویەتی. ئۆرۆچیماروو دوای بەشی دووی چیرۆکەکە لەژێر چاودێریی یاماتۆدا دەمێنێتەوە پاش ھەڵگرتنی ڕق و کینەی لە بەرامبەر کۆنۆھا.

ئەکاتسوکی[دەستکاری]

یەکێک لەو ماسکانەی کە ئۆبیتۆ لەژێر ناوی مادارا کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی پێدەشارێتەوە.
  • ئۆبیتۆ ئۆچیھا: سەرکردەی ڕاستەقینەی ئەکاتسوکییە و پێشتر ناسراوبووە بە تۆبی. لەگەڵ رین نۆھارا و کاکاشی لە ھەمان تیمدا بوون بە مامۆستایەتی میناتۆ. ئۆبیتۆ وەک ناروتۆ خەونی ئەوە بوو ببێت بە ھۆکاگێ و خۆشەویستییەکی تاکلایەنەی ھەبوو بۆ رین. دوای ئەوەی کۆمەڵێک نینجا رین دەڕفێنن، لە ھەوڵی ڕزگارکردنیدا ئۆبیتۆ دەکەوێتە ژێر داڕمانی بەردەوە و لای ڕاستی جەستەی تیکدەشکێت، پێش مردنی چاوی چەپی خۆی دەدات بە کاکاشی و داوای لێ دەکات کە ئاگای لە رین بێت. دوای ئەوەی کاکاشی و رین وادەزانن ئۆبیتۆ مردووە، مادارا ڕزگاری دەکات و چارەسەری بۆ دەکات، و دەیکات بە قوتابی خۆی. ئۆبیتۆ دواتر رین لە بەرچاویدا دەمرێت، ڕق و کینەیەکی بێشوومار دەست بەسەر ژیرییدا دەگرێت. ئۆبیتۆ ھۆکاری مردنی میناتۆ و کوشینا بوو بە بەڕەڵاکردنی کیوبی. دوای ساڵانێک، ناگاتۆ بەکاردەھێنێت بۆ دروستکردنی ئەکاتسوکی و خۆی لەپشت پەردەوە کۆنتڕۆڵیان دەکات و پلان دەگێڕێت. لە جەنگە مەزنەکەدا ڕووبەڕووی کاکاشی دەبێتەوە، بەڵام بەوە دەزانێت کە کاکاشی ھیچ تاوانێکی نەبووە لە کوشتنی رین، پەشیمان دەبێتەوە و بۆ ڕزگارکردنی کاکاشی و ناروتۆ لە ھێرشێکی کاگویادا خۆی دەکات بە قوربانی، پێش مردنی سوپاسی کاکاشی دەکات کە کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی بیرھێنایەوە.
  • ناگاتۆ: وەک سەرکردەی ئەکاتسوکی سەیردەکرێت، پێشتر قوتابی جیرایا بووە. ناگاتۆ جیرایا دەکوژێت کاتێک لەسەر ڕێگەی دەوەستێت. ناگاتۆ دوای مردنی یاھیکۆی باشترین ھاوڕێی، گروپی ئەکاتسوکی دادەمەزرێنێت و بڕیاردەدات جیھان فێری ئەو ئازارە بکات کە خۆی چەشتوویەتی. ناگاتۆ ھاوشێوەی ناروتۆ لە نەوەی خێزانی ئۆزۆماکییە. بە منداڵی لەلایەن ماداراوە چاوی ڕینێگانی پێبەخشراوە کە بەھۆیەوە شەش لاشەی تر کۆنتڕۆڵ دەکات (یەکێک لەوانە لاشەی یاھیکۆیە)، ناروتۆ دواتر دەیبەزێنێت و لە تاوانەکانی خۆشدەبێت.
  • ئیتاچی ئۆچیھا: نینجایەکی پێشووی کۆنۆھایە، ھەر لە منداڵییەوە یەکێک بووە لە لێھاتووترین ئەندامانی خێزانی ئۆچیھا. کاتێک ئیتاچی کۆمەڵکوژی خێزانەکەی دەکات، بۆ بەشێکی زۆری چیرۆکەکە وەک دوژمنێک دەردەکەوێت، بەڵام ڕووندەبێتەوە ئیتاچی بۆ ڕێگەگرتن لە کودەتای خێزانی ئۆچیھا بەسەر کۆنۆھادا و بە فرمانی سەرکردەکانی کۆنۆھادا ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجامداوە.
  • زێتسوو: تاکە ئەندامی ئەکاتسوکییە کە مرۆڤ نییە، لاشەی دوو بەشە (سپی و ڕەش) دەتوانن جیاببنەوە بۆ دروستکردنی زیتسووی ڕەش و زێتسووی سپی. ھەردوو زێتسوو لەلایەن کاگویاوە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ جیھانی ڕاستی دروستکراون، زۆرجار لەیەک لاشەی نیو ڕەش و نیو سپیدان، بەڵام ھەندێک جار جیادەبنەوە بۆ دوو لاشە. زێتسووی سپی دەتوانێت ژمارەی خۆی زیادبکات کە زۆربەیان لەلایەن ھێزە یەکگرتووەکانی شینۆبییەوە دەکوژرێن. ناروتۆ زێتسووی ڕەش لەگەڵ کاگویا بەنددەکات بۆ ئەوەی دووبارە ئەو ڕزگار نەکاتەوە.
دوو جۆر لە بۆمبەکانی دیدارا
  • دیدارا: نینجایەکی پێشوی ئیواگاکورییە، لەلایەن ئیتاچییەوە ڕازی دەکرێت ببێتە بەشێک لە ئەکاتسوکی. دیدارا لەناو ھەردوو لەپی دەستی دوو دەم ھەیە، کاتێک گڵ دەجاون دەیگۆڕن بۆ پەیکەری جۆراوجۆر کە بە ئەندازەی جیاواز وەک بۆمب دەتەقنەوە. لەکاتی شەڕکردن لەگەڵ ساسوکیدا بۆ ئەوەی ساسوکی بکوژێت، لاشەی دەگۆڕێت بۆ بۆمبێکی گەورە، دەتەقێتەوە و پاشان دەمرێت، ھەرچەندە تەقینەوەکە شکست دێنێت لە کوشتنی ساسوکی.
  • ھیدان: نینجایەکی نەمرە کە چێژ لە ئازاردانی ڕکابەرەکانی دەبینێت. دوای خواردنەوەی دڵۆپێک لە خوێنی ڕکابەرەکەی، لاشەی ھەردووکیان جۆرە پەیوەندییەک دروستدەکات کە ھیدان ھەر زیانێک بە جەستەی خۆی بگەیەنێت، ئازار بە بەرامبەرەکەی دەگات، بەم شێوەیە ئاسوما ساروتۆبی دەکوژێت، بەڵام شیکامارۆ تۆڵەی مامۆستاکەی دەکاتەوە و لاشەی ھیدان دەتەقێنێتەوە.
  • کاکوزو: نینجایەکی پێشووی گوندی تاکیگاکورییە، کاکوزۆ چاوچنۆکە و تەنھا بۆ پارە کرداری کوشتن ئەنجام دەدات. لاشەی کاکوزۆ پڕە لە دەزووی ڕەش کە لە حاڵەتی لێبوونەوەی ھەر پارچەیەکی لەشی دووبارە یەکدەگرنەوە، کاکوزۆ دڵی ڕکابەرەکەی دەبات و تا چوار دڵ دەتوانێت لە پشتیدا ھەڵبگرێت (کە ھەر یەکەیان بە چوار ماسکی دووراوەوە بە پشتیەوە داپۆشراون) و بۆ درێژکردنەوەی ژیانی. دوای بەرەنگاربونەوەی لەگەڵ کاکشی و ناروتۆ، خۆی و دڵەکانیشی لەناودەچن.
  • کیسامێ ھۆشیگاکی: نینجایەکی پێشوی گوندی کیریگاکورییە، زیاتر لەگەڵ ئیتاچیدا جێبەجێکردنی ئەرک دەکەن. پێستێکی شین و تایبەتمەندی کۆسەی ھەیە (وەک کەوانەی ڕیشدار ددانی تیژ). شمشێرێکی زەبەلاحی دڕکاوی بەکاردەھێنێت کە دەتوانێت وزەی (چاکرا) ڕکابەرەکەی ھەڵبمژێت. کیسامێ لەلایەن مایت گاییەوە دەبەزێندرێت، بەڵام خۆی دەکوژێت بە بانگکردنی چەند کۆسەیەک بۆ خواردنی.
  • کۆنان: تاکە ئەندامی ئافرەتە لە گرووپی ئەکاتسوکی، یارمەتیدەری ناگاتۆیە، لاشەی دەتوانێت ژمارەیەک ئۆریگامی ئێجگار زۆر بەرھەم بھێنێت. دوای مردنی ناگاتۆ، کۆنان دەچێتە پاڵ ناروتۆ. کاتێک ڕەتی دەکاتەوە شوێنی چاوەکانی ڕینێگانی ناگاتۆ بۆ ئۆبیتۆ ئاشکرابکات، بەرەنگاری دەبێتەوە و بەزۆر ئۆبیتۆ شوێنی ناشتنی ناگاتۆی پێدەدەرکێنێت و دەیکوژێت.
  • ساسۆری: نینجایەکی پێشووی گوندی سوناگاکورییە. توانای کۆنتڕۆڵکردنی چەندین بووکەڵەی ھەیە کە لە چیۆی داپیرەیەوە فێری بووە. دەتوانێت نینجاکانی تر بکات بە بووکەڵە و وەک چەک بەکاریان بھێنێت. دواتر لە شەڕێکدا لەگەڵ ساکورا و داپیرەیدا دەمرێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Uzumaki: the Art of Naruto, p. 139

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]