نەھری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە نەهریەوە ڕەوانە کراوە)

نەهری ( بە دەقی لاتینی:Nehrî) (بە تورکی: Bağlar ) گوندێکە لە قەزای شەمزینانی سەر بە جۆلەمێرگ (هەكاری) . گوندستانی گوندەكە چەند مەزراو دێیەكی لەسەرە وەك وەك: بێشەمسی، كەركەتی، تووا، روبونس، ناو ڕەزان، تووڕی، بەتەران، بێخردی، بەملاتان. بریتین لە زەرزا و خوماری.


نەهری مێژووێكی دێرینی هەیە و لە رۆژگاری ئورارتو و ئاشووریەكان بە نایری Nairi دەناسرا. لەسەردەمی میرنشینیە كوردیەكاندا نەهری بەشێك بوو لە میرنشینی مەحمودی و بەگزادەكانی تەرگەوەڕ و شەمزینان. لە قاش نەمانی دەسەڵانی میرانی بەدرخان لە بۆتان و هەكاری لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم ، نەهری ببوو بە خانەقای تەریقەتی نەقشەبەندی بە رابەرایەتی شێخ تەهای نەهری ناسراو بە سەید تەهای یەكم . لە ساڵی 1877 لە گەرمەی شەڕی رووس و عوسمانی. شێخانی نەهری چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانی و شێخ عوبێدوڵڵای كوڕی لەشكرێكی لە هۆزەكان پێكهێنا بۆ (خەزا)ی رووس . لە ساڵی 1881 بە هاوكاری هۆزەكانی ورمێ و سابڵاغ هێرشی كردە سەر دەوڵەتی قاجار لە مەراغەو تەورێز بەڵام شكستی هێنا و سورگومی مەككە كرا. كوڕەكەی شێخ عەبدولقادری شەمزینی لە ساڵانی دوای 1905 لە ئەستەمبۆڵ چالاكی سیاسی دەست پێكرد و بوو بە سەرۆکی (جەماعەتی تەعاون و تەرەقیی کورد) و لە ساڵی 1925 بە تاوانی بەشدار بوون لە شۆڕشی پیران لە بدلیس لە سێدارەدرا.

كۆشكی كەلاتێ لە گوندی نەهری 1880 كە بە قەسری سەید محمد صدیق ناسراو بوو (لەلایەن توركانەوە سوتێنراوە)
شێخ عەبدەلقادری نەهری شەمزینی (١٨٥١، جۆلەمێرگ، ١٩٢٥، بدلیس)

دانیشتووان[دەستکاری]

ساڵ دانیشتووان\ كەس
2022 784
2017 900
٢٠١١ 797
٢٠٠٩ 829
٢٠٠٠ 528
1990 657[١]

نایری[دەستکاری]

یەكەم ناوهێنانی نایری لە سەدەی سێزدەهەمی پێش زایین بووە، بۆریس پیۆترۆڤسكی شارەزا لە مێژووی كۆن دەڵێت كە ئۆرارتییەکان بۆ یەکەم جار وەک كۆمەڵە هۆزێك یان خاك باسكراون کە هێشتا دەوڵەتێکی یەکگرتوویان پێکنەهێناوە. لە ساڵنامە ئاشووریەكاندا، زاراوەی ئوراتوو (Urartu) وەک ناوێک بۆ ئەم هۆزانە هاتووە و ناوی "خاكی نایری" جێگیرکراوە. بۆچوونی نوێتر پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئورارتو ناوچەیەکی نایری بووە، و لەوانەیە لەگەڵ ناوی (ئازی Azzi) گونجاوبێت كە لە دەقە[٢] هیتیەكاندا هاتووە . بەگوێرەی دەقە دێرینەكان فەرمانڕەوا سەرەتاییەکانی شانشینی ئورارتو، بە وڵاتی خۆیان دەگوت (نایری) ، هەندێک لە زانایان باوەڕیان وایە کە ئۆرارتو و نایری جیاوازن[٣]. ئاشورییەکان لە نووسراوەكانیان زۆریان باس لە نایری كردووە وەک وڵاتێكی جیاواز، تەنانەت دوای دامەزراندنی ئورارتو بە دەیان ساڵ . وەك دیارە لە دوای سەدەی ۸ی پێش زاییندا نایری كەوتە ژێر دەسەڵاتی ئورارتۆ و داگیركاری ئاشوور.

سەرچاوە[دەستکاری]

  1. ^ Demirdöğen, Birsen Can; Demirkaya-Budak, Sinem (2023-03-23). "Influence of clusterin genetic variants on IOP elevation in pseudoexfoliation syndrome and pseudoexfoliative glaucoma in Turkish population". BMC Ophthalmology. 23 (1). doi:10.1186/s12886-023-02850-3. ISSN 1471-2415.
  2. ^ Petrukhin, V. Ya. (2003). Piotrovsky, Boris. Oxford Art Online. Oxford University Press.
  3. ^ Bryce, Trevor (2009-09-10). "The Routledge Handbook of the Peoples and Places of Ancient Western Asia". doi:10.4324/9780203875506. {{cite journal}}: Cite journal requires |journal= (help)