مەلا ئەحمەدی قازی پێنجوێنی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مەلا ئەحمەدی قازی پێنجوێنی (١٩٢٠ لە پێنجوێن، عێراق – ١٢ی ئابی ١٩٨٣ لە سلێمانی، عێراق) مەلا و شاعیر و نووسەرێکی باشووری کوردستان بوو.

ژیان[دەستکاری]

ئەحمەد کوڕی مەلا محەممەد کوڕی کەریم، لە ھۆزی وەستا حوسەینە کە یەکێکە لە ھۆزە ناودار و سەرەکییەکانی شاری پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی ١٩٢٠ زایینی بەرامبەر ١٣٣٨ کۆچیی لە پێنجوێن چاوی بە دونیا ھەڵھێناوە، ھەر لە تەمەنی منداڵی دایکی کۆچیی دواییی دەکات. سەرەتای خوێندنی لە خزمەت باوکی دەستپێکردووە و پاشان بە یاسای ئەو سەردەمەی کوردستان بۆ فتێیی و خوێندن عێراق و ئێران گەڕاوە. لە سلێمانی، قەرەداغ، سەنگاو و بیارە و چەند شوێنێکی تر لە باشوور کوردستان خوێندوویەتی و ئینجا ڕۆیشتووە بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان و لە ناوچەکانی بانە، سەقز، موکریان، مەھاباد، شنۆ و لاجان خوێندوویەتی، وە لە مەدرەسەی «مەلا سەی حەسەن واژی» ماوەتەوە، لە پاش تەواوکردنی خوێندن گەڕاوەتەوە پێنجوێن و لە خزمەت مامۆستا مەلا عارف، مودەڕیسی مزگەوتی پاشای پێنجوێن ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە و لە مزگەوتی باوکی (مزگەوتی قازی) بووەتە مودەڕیس و پێشنوێژ. لە ساڵی ١٩٥٩ بۆ ماوەی دوو ساڵ لە شاری سنە و مەریوان ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە پێنجوێن، تا ساڵی ١٩٦٥ لە پێنجوێن ماوەتەوە و دواجار ڕووی کردووەتە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی (سەید ئەحمەدی نەقیب) بووە بە پێشنوێژ و کاتەکانی بە خواناسی و ئامۆژگاری و نووسین و ھەڵبەست بەسەربردووە.

پەیوەندیی بە تەسەوفەوە[دەستکاری]

مەلا ئەحمەد پەیوەندیی بە تەسەوفەوە ھەبووە و لە خزمەت شێخ عەلائەددینی بیارە تەمەسوکی بە تەریقەتی نەقشبەندی کردووە و لە پاش لە دونیا دەرچوونی شێخ عەلائەددین تەمەسوکی کردووە بە شێخ عوسمان سۆزێکی تایبەتی بۆ ئەم موڕشیدەی ھەبووە.

مردن[دەستکاری]

مەلا ئەحمەد لە شەوی ھەینیی ١٢ی ئابی ١٩٨٣ لە شاری سلێمانی لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە پەنای گۆڕی شێخ مارفی نۆدێ سەری نایەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • خەزنەی جەواھێر

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

مەلا ئەحمەدی قازی پێنجوێنی لە ڤەژینبوکس