مێژووی ئەدەب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

مێژووی ئەدەب (بە ئینگلیزی: history of literature) بەشێکە لە ئەدەب بە گشتی کە لەتەک تیۆری ئەدەبی و ڕەخنەی ئەدەبیدا دنیای بەرینی ئەدەب پێک دەهێنن هەر سێ چەشنەکەی لێکۆڵینەوە لە ئەدەب، پەیوەندی و هاوکاری پتەویان لەگەڵ یەکتردا هەیە، ئێمە ناتوانین بەبێ ڕەخنەی ئەدەبی و مێژووی ئەدەبی وێنای تیۆری ئەدەب بکەین، هەر وەک چۆن ناتوانین بە بێ تیۆری ئەدەبی مێژووی ئەدەبی وێنای ڕەخنەی ئەدەبی بکەین و بە هەمان شێوە ناتوانین بە بێ ئەو دوانە وێنای مێژووی ئەدەب بکەین، بەڵام سنوور و جیاوازیشیان لەنێودا هەیە و هەر یەکەیان لە کارکردندا سەربەخۆیە. مێژووی ئەدەبی بریتییە لە لێکۆڵینەوە و نووسینەوە و دۆکیومێنتکردنی بابەتە ئەدەبییەکانی سەدەکانی پێشوو، یان ساڵانی پێشوو، کە ئەمە بە پلەی یەکەم ئەرکی مێژوونووسانی ئەدەبە، بە پێی زنجیرەی مێژوویی و بە پێی هەنگاوە یەک لەدوای یەکەکانی پێشکەوتنی ئەدەبی هەر نەتەوەیەک دەنووسرێتەوە، مێژووی ئەدەبی بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەدەب و تێکستی ئەدەبی و هونەرەکانی ئەدەبدا دەکات تا هەلومەرجەکانی قۆناغێکی دیاریکراو دەربخات و بارودۆخی مێژوویی ئەو سەردەمە ببەستێتەوە بە جۆر و چەشنی ئەدەبی، لەتەک پێشاندانی ئەو بابەت و ناوەرۆکەی ئەدەب کە لە سەردەمێکی جیاوازدا پێشکەشی کردووە. هەروها مێژووی ئەدەبی لە لایەکی تردا پێشکەوتنی هونەرەکانی ئەدەب و هونەرەکانی دەربڕین و گوزارشتی ئەدەبی دەردەخات.

مێژوو[دەستکاری]

سەرچاوەی تیۆری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ نووسەری فەڕەنسی گۆستاف لانسۆن (۱٨۵۷-۱۹۳۴) کە قوتابی برۆنتێر بوو و لە زانکۆی سۆربۆن مامۆستا بوو، لە ساڵی ۱٨۹۴ دا کتێبەکی گەورەی چاپ کرد بە ناونیشانی مێژووی ئەدەبی فەڕەنسی لە ساڵی ۱٨۹٨یشدا کتێبێکی لەسەر کۆرنای نووسی لە ۱۹۰٦ یشدا کتێبێک لەسەر ڤۆلتێر، دواتر پێرستێکی قەبەو مەزنی بۆ ئەدەبی فەڕەنسی درووست کرد لە سەدەی شانزدەهەمەوە تا سەدەی نۆزدەهەم. مێژووی ئەدەب تا ڕادەیەک زانستێکی نوێیە، لەگەڵ سەرهەڵدانی زانستی مێژووی سیاسی و مێژووی کۆمەڵایەتی و مێژووی ئابووریدا سەریهەڵداوە، ئەم زاراوەیە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا لەگەڵ بزووتنەوەی ڕۆمانسیزم لە ئیتالیا و فەڕەنسەدا دەرکەوت. ڕۆمانسیزمیش لەو دەمەدا هەژموونی بەسەر زۆربەی لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگە ئەورووپییەکاندا هەبوو، ڕۆمانسیزم بە حەماسەتێکی زۆرەوە بانگەشەی بۆ ئەدەب و زمانی نەتەوەیی و تایبەتمەندی نەتەوە دەکرد وەک کاردانەوەیەک لە دژی گشتگەرایی مرۆیی لە لای کلاسیزمەکان، لێرەوە ڕۆمانسیستەکان داوایان دەکرد بایەخ بە مێژووی گەلان بدرێت و دەیانوت گەلان خۆیان مێژوو درووست دەکەن، نەک میر و پاشاکان وەک کلاسیزمەکان لەو باوەڕە دابوون، بەم شێوەیە تەوژمی ڕۆمانسیزم ڕێگایەکی بەرینی بۆ گەشەکردنی مێژووی ئەدەب و بایەخدان بەم زاراوەیە کردەوە. بەر لە بزووتنەوەی ڕۆمانسیزم شتێک نەبوو بە ناوی مێژووی ئەدەبی، ئەوەی هەبوو بریتی بوو لە لێکۆڵینەوەی بیبلۆگرافی یان بیۆگرافیای کەسایەتییەکی ئەدەبی، بایەخدان بە دەستنووسەکان و هەروەها بەرهەمی ئەدەبی و دیاردە ئەدەبییەکان بە دابڕاوی لە یەکدی باس دەکران، هونەرەکانی ئەدەب گرێ نەدەدران بە بزاوتی سەردەمەکەی خۆیانەوە، بەڵام چەرخی ڕۆمانسیزم توانی ئەدەب ببەستێتەوە بە جووڵانەوەی مێژوویی و بە سەردەمەکەی خۆی، بەم شێوەیە لە سەدەی نۆزدەهەمدا مێژووی ئەدەب لە دایک بوو و خۆی جیا کردەوە لە ڕەخنەی ئستاتیکی و فەلسەفی و بیبلۆگرافیا و بیۆگرافیا، لەوە بەدوا مێژوونووسانی ئەدەب هونەرەکانی ئەدەبیان بەستەوە بە سیاقە مێژوویەکەیەوە لەمیانی گرێدانیەوە بە لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ماتریاڵی و ڕۆحیی گەلان. وڵاتی فەڕەنسە شوێنی لەدایکبوونی مێژووی ئەدەبییە، چوونکە هەر لەم وڵاتەدا بۆ یەکەم جار بزووتنەوەی ڕۆمانسیزم سەری هەڵداوە و گەشەی کردووە، وەک چۆن فەڕەنسە شوێنی لەدایکبوونی زۆربەی تەوژم و ڕەوتە ئەدەبی و هوونەرییەکان بووە. مێژووی ئەدەب لەتەک هیبۆڵت تێن و برۆنتێر و سانت بیێف و ماسیۆ ئارنۆلد و لانسۆن و زۆری تریش پەرەی پێدرا و وەک میتۆدێکی گەشەکردوو گەیشتە سەدەی بیستەم، ئیدی چەند ناوێکی تری لەخۆ گرت وەک: ڕەخنەی مێژوویی، میتۆدی مێژوویی، مێژووی ڕەخنەیی. دواتر ڕەوتێکی تر سەریهەڵدا و ئەو ڕەوتەش باوەڕی وابوو کە سەرانسەری کاری ئەدەبی ملکەچی هۆکارە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانە، ئیدی لێرەوە میتۆدی مێژوویی، میتۆدی سایکۆلۆژی، لە ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیدا پەیدا بوون.

مێژووی ئەدەب لە ئەدەبی عەرەبیدا[دەستکاری]

ئەم زاراوەیە درەنگ گەیشتە ئەدەبی گەلانی خۆرهەڵات، لە ئەدەبی عەڕەبیدا یەکەم کەس کە مێژووی ئەدەبی عەڕەبی کۆڵیبێتەوە حسن توفیق العدل بوو کە پاش ئەوەی لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە بۆ میسر، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەدەبیی عەڕەبی دابەش کردە سەر پێنج قۆناغی مێژوویی، ئەدەبی جاهیلی، ئەدەبی ئیسلامی، ئەدەبی ئومەوی، ئەدەبی عەباسی، ئەدەبی نوێ.

مێژووی ئەدەب لە ئەدەبی کوردیدا[دەستکاری]

لە ئەدەبی کوردیدا چەن نووسەرێک چەن بەشێکی گرینگیان لە مێژووی ئەدەبی کوردی نووسیوەتەوە، لەوانە ئەمین فەیزی بەگ (لە بیستەکاندا ئەنجومەنی ئەدیبانی کوردی نووسیوە) و ڕەفیق حیلمی (لە چلەکاندا شیعر و ئەدەبیاتی کوردی نووسیوە) و عەلائەدین سەججادی (لە پەنجاکاندا مێژووی ئەدەبی کوردی نووسیوە) و سەدیق بۆرەکەیی (لە کۆتایی هەشتاکاندا لە ئێران مێژووی وێژەی کوردی نووسیوە)، دوا جار د. مارف خەزنەدار لەم چەن ساڵەی دواییدا مێژووی ئەدەبی کوردی لە حەوت بەرگدا چاپ و بڵاو کردەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی - نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد.