ھیندوویزم

ھیندوویزم یان ھیندۆزی ئایینێکی دارمیی نەتەوەیی و نا مژدەدەرە کە باوەڕ و چاندی گەلی ھیندستان پێکدەھێنێت. سێیەم گەورەترین ئایینە لە جیھاندا دوای ئایینی مەسیحییەت و ئیسلام، کە زیاتر لە ١٫٢–١٫٣٥ ملیار شوێنکەوتووی ھەیە، کە دەکاتە ١٥–١٦٪ی دانیشتووانی جیھان و بە ھیندۆس یان براھمەکان ناسراون. ئایینی باڵادەستە لە ھیندستان، نیپاڵ، مۆریس و لە بالی لە ئیندۆنیزیا. ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵگە ھیندۆسییەکان لە وڵاتانی تردا بوونیان ھەیە.
ئەم ئایینە کۆمەڵێک بیروباوەڕ و نەریتە کە لە ماوەیەکی دوور و درێژدا لە سەدەی پازدەھەمی پێش زایینەوە تا ئێستا دروست بووە. ھیچ دامەزرێنەرێکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو بە درێژایی چەندین سەدە گەشەی کردووە. یەکێک لە سەرچاوە ڕاستەوخۆکانی، ئایینی ڤیدای مێژوویییە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاسنی ھیندستان. ھەر بۆیە، زۆرجار بە کۆنترین ئایینی زیندووی جیھان ناودەبرێت.
ئایینی ھیندۆسی بەھا ڕۆحی و ئەخلاقییەکان لەگەڵ بنەما یاسایی و ڕێکخستنەکاندا لەخۆدەگرێت. چەندین خوداوەندی ھەیە بەپێی ئەو کارانەی کە پەیوەندییان پێوە ھەیە. بۆ نموونە، ھەر ناوچەیەک خوداوەندێکی ھەیە و ھەر کار و دیاردەیەکیش خوداوەندێکی تایبەتی ھەیە. دیارترین ئەو خوداوەندانەی کە دەیانپەرستن لە «سیانەی ھیندۆسی» دا کۆکراونەتەوە کە سێ خوداوەند لەخۆدەگرێت: براھما (دروستکەر)، ڤیشنۆ (پارێزەر)، و شیڤا (لەناوبەر).
یەکێک لە پۆلێنکارییە سیستماتیکییەکانی دەقە ھیندۆسییەکان بریتییە لە دەقەکانی شرووتی (ئیلھام) و دەقەکانی سمیتری (لەبەرکراو). ئەم دەقانە باس لە تیۆلۆژیا، فەلسەفە، ئەفسانە، سروودە ئایینییەکان و دروستکردنی پەرستگاکان دەکەن. ھەندێک لە دەقە ھەرە گرنگەکان بریتین لە ڤیداکان، ئوپانیشادەکان، پوراناکان، ڕامایانا، بھاگاڤاد گیتا، و ئاگاماکان.[١][٢][٣][٤][٥][٦][٧][٨]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ https://web.archive.org/web/20230311182653/https://www.pewresearch.org/religion/2012/12/18/global-religious-landscape-hindu/
- ↑ https://web.archive.org/web/20230311182726/https://worldpopulationreview.com/country-rankings/hindu-countries
- ↑ https://web.archive.org/web/20230311191041/https://www.deccanherald.com/national/can-muslims-surpass-hindus-in-population-numbers-experts-say-practically-not-possible-1103547.html
- ↑ https://web.archive.org/web/20190524185434/http://www.adherents.com/Religions_By_Adherents.html
- ↑ https://web.archive.org/web/20230308181443/https://sp2010.bps.go.id/index.php/page/warning
- ↑ https://web.archive.org/web/20130201224548/http://features.pewforum.org/grl/population-number.php?sort=numberHindu
- ↑ https://books.google.com/books/about/The_Hindu_Diaspora.html?hl=ar&id=FRVTAQAAQBAJ
- ↑ https://www.islamweb.net/ar/fatwa/682/نبذة-عن-البوذية-والهندوسية-والسيخ