سەیید محێدین (غەوسە)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سەیید محێدین (غەوسە)

سەیید محێدین (غەوسە):(١٩٠٧-١٩٦٤) شاعیر ، كەسایەتی ئاینی ، لەنەتەوەی كورد بووە.

پێشینەی خێزانیان[دەستکاری]

سەیید محێدین کوڕی سەیید محەمەدی غەوسە (غوثە) کوڕی حاجی سەیید محێدین کوڕی سەیید محەمەدی غەوسە کوڕی سەیید ئیسماعیل کوڕی شێخ سەلامە، کە برای شێخ ڕەزای دێلێژەی کوڕانی شێخ ئیسماعیلی ولیانیی بە شێخ ئیسماعیلی کڵاوقووچ بەناوبانگە. حاجی شێخ محێدینی باپیری، کاتی خۆی بە فەرمانی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ ھاتووەتە سلێمانی و بووە بە خوتبەخوێنی (مزگەوتی گەورە). چوار ساڵ لەوەبەدوا کە مردووە، شێخ عەبدوڵڵای برای پەنجا ساڵ ئەو ئەرکەی پێ سپێردراوە، تا لە ١٩٣٦دا کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

سەیید محێدین ساڵی ١٩٠٧ ھاتووەتە دنیاوە.بە منداڵی و لە سەردەمی دووەم حوکمداریی شێخ مەحموودی حەفیددا خراوەتە مەکتەبی (لةطيفييه) و لە پۆلی چوارەم بووە. لەبەر ئاڵۆزیی ھەلومەرجی سیاسیی ناوچەی سلێمانی، دەستی پێ لە خوێدنی مەدەنی ھەڵگیراوە، خراوەتە حوجرە و دەرسی دینیی خوێندووە و بە سەرکەوتوویی تەواوی کردووە. پاش تاقیکردنەوە، بە فەرمانی شاھانە لە ١٣/٢/١٩٣٧دا بووە بە خوتبەخوێنی مزگەوتەکە.[١][٢]

شیعر و ئەدەب[دەستکاری]

سەیید محێدین، کە ناسناوی شیعریی "بێزار"ە، لە ساڵی ١٩٣٥ بەدواوە دەستی داوەتە شیعرنووسین بە کوردی و عەرەبی و فارسی، پیاوێکی بەھەڵوێست بووە و شیعری بۆنە، داشۆرین، دڵداری، ئایینی و نیشتمانیی نووسیوە. چەند جارێک لەسەر ھەڵوێست دەربڕین ئەم شار و ئەو شاری پێ کراوە. سەردەمی موتەسەڕیفێتیی عومەر عەلی، براوەتە (مزگەوتی پاشا) لە ھەڵەبجە، دیسان لە ٢/٨/١٩٦٠دا دوورخراوەتەوە بۆ شاری بەسرە و کراوە بە خوتبەخوێنی مزگەوتی (نەزلە).[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

بێزار، لە خاتوو "نەسرین"، کوڕێک "ئازاد" و دوو کچ (ڕێزان و ڕازاوە)ی لە پاش بەجێماوە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٦٤ کۆچیدواییی کردووە.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8218-8219
  2. ^ ئ ا ب پ ت دیوانی بێزار "سەیید محێدینی سەیید محەمەدی غەوسە" ١٩٠٧-١٩٦٤، مارف ناسراو ھێناونیە سەر ڕێنووسی نوێ و پێشەکی و پەراوێزی بۆ نووسیون، (لە بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی)، چاپخانەی ڕوون- سلێمانی، ٢٠٠٧، ل٥-١٢؛ کەشکۆڵی گیو، بەرگی دووەم، کۆکردنەوەی گیوی موکریانی، پێداچووەنەوە ە ئامادەکردنی د. کوردستانی گیوی موکریانی، چاپخانەی ڕۆشنبیری و لاوان- ھەولێر، ١٩٨٨، ل١٠٣.