سێکوچکەی بابان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سێکوچکەی بابان بەو سێ شاعیرە کوردە دەوترێ (نالی ، سالم و کوردی) ، ئەم سێ شاعیرە ڕێبەری و دامەزرێنەری شیعری کلاسیکی کوردی بوون لە سەردەمی میرنشینی بابان.[١]

سێکوچکەی بابان[دەستکاری]

نالی[دەستکاری]

نالی ناوی خدرە (١٨٠٠-١٨٥٦) [٢] کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلیە لە گوندی خاک و خۆڵ ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەکتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندویه‌تی. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێده‌رده‌چێت، بێجگە لە زاراوه‌ی ده‌یکی که‌ کوردی بووه‌ فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون. ده‌کرێت بوترێت نالی شاعیر به‌ردی بناغه‌ و دامە‌‌‌زرێنە‌‌‌ری قوتابخانە‌‌‌ی شیعری بابان بووه‌ و یه‌کێک بووه‌ لە گەوە‌‌‌رە‌‌‌ترین شاعیرانی سۆرانی له‌ سه‌رده‌می خۆی و له‌ ئێستاشدا.

سالم[دەستکاری]

عەبدوڕەحمان بەگی ساحێبقران (١٨٠٠-١٨٦٦) ناسراو بە سالم ھۆنراوەنووسێکی کلاسیکی زمانی کوردی بووە. سالم و مستەفا بەگی ساحێبقران ناسراو بە کوردی ئامۆزای یەکترن.سالم کوڕی محەمەد بەگی کوڕی ئەحمەد بەگی ساحێبقرانە و لە ساڵی ١٨٠٠دا لە شاری سلێمانی ھاتوەتە دنیا. لە ساڵی ١٨٦٦دا مردووە و لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.

کوردی[دەستکاری]

مستەفا بەگی کوڕی مەحموود بەگی ساحێبقڕان، ناسراو بە کوردی، لە ساڵی ١٨١٢ز لە سلێمانی لەدایک بووە، ھەر لە سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٠ز کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. شاعیر وەکو منداڵانی سەردەمەکەی خۆی لە حوجرە فێری خوێندەواری بووە، بەڵام درێژەی بە خوێندن نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە مەلا. مستەفا بەگی کوردی بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی قوتابخانەی شیعری بابان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام بەداخەوە بەرھەمێکی کەمی شاعیر کەوتۆتە دەست خوێنەران جگە لەوەش کە ناوی شاعیر لەتەک نالی و سالمەوە دێت، بەڵام وەکو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.

ژێدەر[دەستکاری]

  1. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 29ی Aprilی 2016. Retrieved 18ی Februaryی 2015. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help) ٢٩ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلیە لە گوندی خاک و خۆڵ ڕادیۆ ناوخۆ ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ لە Archive.is، ئەرشیڤ کراوە