سۆسەن ئەمیری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
سۆسەن ئەمیری
لەدایکبوون ١٩٥٨
کرماشان
مەرگ ١٩٨٤
تاران
ھۆکاری مەرگ سێدارەدان
شوێنی گۆڕ نادیار
نیشتەجێ کرماشان، تاران
نەتەوە کورد
پیشە کرێکار
حیزبی سیاسی یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران
منداڵەکان سەحەر موحەممەدی
خزمەکان پیرۆت موحەممەدی (شوو)، حەسەن ئەمیری (برا)، ئەسغەر ئەمیری (برا)، ڕەسوول موحەممەدی (برای شوو)، زەوارە ئەمیری (خاڵۆ)

سۆسەن ئەمیری ناسراو بە سەحەر (١٩٥٨ لە کرماشان - ئەیلوولی ١٩٨٤ لە تاران)، ژنی شۆڕشگێری کۆمۆنیستی کورد و چالاکوانێکی سیاسی خەڵکی شاری کرماشان بوو کە لەلایەن نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراو.

ژیان[دەستکاری]

سۆسەن ئەمیری لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری کرماشان لە بنەماڵەیەکی چەوساوە لە دایک بوو. دایکی جەننەت ئەمیری و باوکی عەلی ئەمیری بوون کە لە گوندی کەنوولە سەر بە ناوچەی دینەوەری پارێزگای کرماشانەوە، ھاتبوون بۆ شاری کرماشان. باوکی جەننەت ئەمیری لە سەردەمی ڕەزاخان دژ بە حکۆمەتی پەھلەوی چەکی بە دەست گرتبوو و لە چیاکانی کرماشان خەبات کردبوو.[١] براکەییشی بە ناوی زەوارە ئەمیری ئەندامی ڕێکخراوەی مارکسی-لێنینیی تۆفان و ھەروەھا دامەزرێنەری پارتی مارکسی-لێنینیی شەفەقی سوور بوو.[٢] جەننەت ئەمیرییش خۆی چالاکێکی شۆڕشگێڕ بوو و لە تەواوی دەورانی ژیانەکەی شان بە شانی منداڵەکانی خەبات کرد.[١] سۆسەن ئەمیری ھەر لە شاری کرماشان چوو بۆ قوتەبخانە و دەستی کرد بە وانە خوێندن. شاری کرماشان لەو سەردەمە پێگەی چالاکیی زۆرێک لە حیزبەکان و گورووپە سیاسیەکان بوو، و سۆسەنیش وێڕای براکانی لە مەکۆیەکی کۆمۆنیستی بەشداریی دەکرد. یەکەم کەڕەت لە سەردەمی قوتابیبوون بە ھۆی ئینشایەکی کە لە قوتابخانە نووسیبوو لە ساواکی کرماشان لێپرسی کراو. ئەسغەر و حەسەن براکانی سۆسەن مەکۆیەکییان بەڕێوەدەبرد کە ھەڤالێکی مەھابادی بە ناوی پیرۆت موحەممەدییش لەناوی بەشدار بوو. سۆسەن بەدوای چەند ساڵ لەگەڵ پیرۆت موحەممەدی زەواج کرد. لە ساڵ ١٩٧٦ سۆسەن وێڕای چەن ھەڤالی دیکە ڕۆیشت بۆ دەرەوەی وڵات و لەگەڵ حیزبەکانی مائۆئیست و کتێبەکان و ڕوانگەکانی ئەوان و بەتایبەت کارەکانی یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران ئاشنا بوو.[٣]

بەدوای چەن ساڵ مەکۆی کۆمۆنیستی بوو بە بنەمایەک بۆ دامەزراندنی گورووپی خەبات بۆ ئازادیی چینی کرێکار. ئەم گرۆپە لە شاری کرماشان دامەزراو و لەگەڵ یەکێتی کۆمۆنیستەکانی ئێران یەکیان گرت و بوو بە بەشێک لەو حیزبە. لەو سەردەمە کە ھاوکات بوو لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٩٧٨ لە ئێران، سۆسەن لەگەڵ پێرۆت موحەممەدی چوو بۆ تەورێز و لە کارخانەی تەراکتۆرسازیی تەورێز دەستی کرد بە کار و لەنێوان کرێکارانی ئەو کارخانە چالاکیی دەکرد و ناوکەکانی شۆڕشگێری بۆ مەبەستی خۆپێشاندان و خەباتی لە سەرشەقام ڕێکدەخست. بەدوای ماوەیەک دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، دیسانەوە گەڕاو بۆ کرماشان و لە قوتابخانەکانی کرماشان چالاک بوو و بزۆتنەوەیەک لە ناو قوتابیەکانی کرماشان بەڕێخست. سۆسەن ھەروەھا لە ڕێکخەرانی خۆپێشاندانی ڕۆژی ١ی ئایاری ١٩٧٩ لە گۆڕەپانی جوانشێری شاری کرماشان بوو کە ١٥ ھەزار کەس لەناوی بەشداری کرد. سۆسەن تا بەھاری ساڵی ١٩٨٠ لە کرماشان ماو و وەکوو بەرپرسی ڕێکخراوەی خوێندکاران و قوتابیانی یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران لە کرماشان چالاک بوو. لەو سەردەمە لە شاری سنە بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شار بەماوەی یەک مانگ دەستیپێکرد و سۆسەنیش ڕۆیشت بۆ سنە تا لە تەنیشتی ھێزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران دژ بە حکۆمەتی ئیسلامیی ئێران خەبات بکات.[٣]

سۆسەن بەدوای شەڕی سنە، گوازراو بۆ تاران و بوو بە کرێکاری کارخانەی پێڵاوی میللی و بەرپرسایەتیی مەکۆیەکی کرێکاریی گرت بە ئەستۆ. لە ساڵی ١٩٨٢ یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران لە شاری ئامۆل لە پارێزگای مازەندەرانی باکووری ئێران دەستی کرد بە خەباتی چەکدارانە دژ بە حکۆمەتی ئیسلامیی ئێران و پیرۆت محەممەدی شووەکەی سۆسەنیش لەو شەڕە کوژراو. سۆسەن بەدوای شکستی ھێزەکانی یەکێتیی کۆمۆنیستەکان چوو بۆ ئامۆل و بوو بە بەشێک لە ھێزە نیزامیەکانی ئەو ڕێکخراوە کە بە ناوی ھێزەکانی جەنگەل دەناسرێن. لەو کاتە یەکێتیی کۆمۆنیستەکان لەژێری ھێرشەکانی حکۆمەت داپاشیبوو و چەندەھا کەس لە ڕیبەرەکان، کۆمیتەیەکیان ڕێخستبوو بە ناوی کۆمیتەی تاوەکیی ڕێبەری تا جێگەی ڕیبەرەکانی کوژراو پڕ بکەن و سۆسەنیش لەم کۆمیتەیە پشتیوانیی کرد.[٣]

سۆسەن لە سەرەتای پایزی ١٩٨٣ لەگەڵ فرەیدوون سەرراج لە ئەندامانی یەکێتیی کۆمۆنیستەکانی ئێران زەواج کرد. لەو سەردەمە دەیھەوێست بڕوات بۆ کوردستان تا لە شەورای چوارەمی یەکێتیی کۆمۆنیستەکان بەشداری بکات، بەڵام لە لایەن حکۆمەتی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراو و کەوت لە بەندیخانەی ئڤین لە تاران و ئەشکەنجە کرا.[٣] ھەر لەو ڕۆژان ئەسغەر و حەسەن ئەمیری براکانی سۆسەنیش دەستبەسەر کراون و کەوتن لە بەری ئەشکەنجە و زیندان. سۆسەن ئەمیری بە ماوەی ٩ مانگ لە ژێری ئەشکەنجە لەسەری ئارمانجەکانی خۆی سووڕ ماو و لەئاکامدا لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٤ لە بەندیخانەی ئڤین لەسێدارە دراو.[٤] پرسەی سۆسەن لە شاری کرماشان بوو بە شوێنێک بۆ خۆپێشاندان و ئێعترازکردن بە حکۆمەتی ئیسلامی و چەندەھا کەس لە بەشداریکەران لە پرسەی سۆسەن و براکانی ئەسغەر حەسەن ئەمیری لە لایەن ھێزەکانی حکۆمەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون و تەنانەت تا ساڵێک لە بەندیخانە ماونەتەوە.[٣]

بنەماڵە[دەستکاری]

پیرۆت محەممەدی و براکەی ڕەسوول محەممەدی ھەر دوو لە شۆڕشی ئامۆل لە باکووری ئێران کوژراونەتەوە. حەسەن و ئەسغەر براکانی سۆسەنیش لە سێدارە دراون. سۆسەن لە شووە یەکەمینەکەی پیرۆت محەممەدی خاوەنی کچێکی ساوا بوو کە ناوی سەحەر -کە ناوی حیزبیی خۆی بوو- لەسەری دانابوو. سەحەر محەممەدی بە ھۆی سەرقاڵیی سۆسەن بە خەبات و تێکۆشان بەدەستی جەننەت ئەمیری دایەپیرەکەی گەورە کراو و ئێستاکە وەکوو چالاکی مافی مرۆڤ چالاکی دەکات.[٤] جەننەت ئەمیری زیندوو ماو و لە ئاکامدا لە ٢ی نیسانی ٢٠٠٧ لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.[١]

شوێنی گۆری سۆسەن و حەسەن و ئەسغەر ئەمیری و پیرۆت و ڕەسوول موحەممەدی قەد نەزانستراو و حکۆمەتی ئیسلامیی ئێران قەد لەم بابەتە شرۆڤەیەک نەدا و جەستەی ئەم لەسێدارەدراوەکان بە بنەماڵەکانیان نەدەراوەتەوە.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ی ا ب پارتی کۆمۆنیستی ئێران (مارکسیست-لێنینیست-مائۆئیست): لە لاواندنەوەی ژنێکی تێکۆشەر، جەننەت ئەمیری (فارسی)، نووسراو لە ڕێکەوتی ٦ی نیسانی ٢٠٠٧؛ سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.
  2. ^ پارتی کاری ئێران (تۆفان): کۆچی دواییی ھەڤال زەوارە ئەمیری، کۆمۆنیستی خۆڕاگر و ئاشتی ناخواز، دامەزرێنەری پارتی مارکسی-لێنینیی شەفەقی سوور (فارسی)، نووسراو لە ڕێکەوتی کانوونی دووەمی ٢٠١٠؛ سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.
  3. ^ ی ا ب پ ت پارتی کۆمۆنیستی ئێران (مارکسیست-لێنینیست-مائۆئیست): ھەڤال سۆسەن ئەمیری: کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێر، ژنێکی یاخی (فارسی)، نووسراو لە ڕێکەوتی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣؛ سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.
  4. ^ ی ا ماڵپەڕی ھەواڵەکانی ڕۆژ: بە ناوی دایکم و ئاواتە جوانەکانی (فارسی)، نووسراوی سەحەر ئەمیری لە ڕێکەوتی ٥ی ئابی ٢٠١٦؛ سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.
  5. ^ یەکسانی بۆ ئێران: ئەمە زۆرتر لە ٣٣ ساڵانە بەشوێنی تەرمی ٥ کەس لە عەزیزانم سەرگەردانم (فارسی)، نووسراو لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٥؛ سەردانەوە لە ڕێکەوتی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩.