سولەیمان موعینی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سولەیمان موعینی

لەدایکبوون١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٣٣
مەرگ١٥ی گوڵانی ١٩٦٨
ھۆکاری مەرگگوڵەباران بە دەستی بارزانییەکان
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترفایەق ئەمین
ڕێکخراوکۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان
ھاوسەرمریەم عومەری (یەزدانفەر)[١]
مناڵ(ەکان)سیامەند موعینی
باوان(ەکان)میرزا محەممەد ئەمین موعینی (باوک)[٢]
خزمەکانعەبدوڵڵا موعینی (برا)
سەعید موعینی (برا)
جەعفەر موعینی (برا)
فاتمە موعینی (خویشک)
پەریزاد موعینی (خویشک)[٢]

سلێمان موعینی ناسراو بە فایەق ئەمین (لەدایکبووی ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٣٣ لە مەھاباد – مردووی ١٥ی گوڵانی ١٩٦٨) کەسایەتییەکی سیاسیی کورد و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.

ژیان[دەستکاری]

لە سەرەتای منداڵییەوە و بەھۆی گیرانی باوکی و دوورخستنەوەی، ئاوێتەی سیاسەت بوو. لە شاری مەھاباد، تەورێز و تاران خوێندنی خۆی بەردەوام کرد و لە ھەڕەتی گەنجیدا بووە کەسایەتی ناسراوی سیاسی شاری مەھاباد و یەک لە ئەندامی گەنجانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. لە سەردەمی موسەددیقیشدا لە سەرجەم چالاکی و جوڵانەوەکانی دژ بە حکوومەتی پاشایەتی پەھلەوی بەشداری بەرچاوی دەکرد. دوای کوودەتای ١٩٥٣ی ئێران و گەڕانەوەی شای ئێران، سەرکوتی تووندی لایەنگرانی موسەدق و سەرجەم ئازادیخوازان، بە تایبەت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد. ئەو چالاکە کوردە لە ھەوڵی سەرلەنوێ دارشتنەوەی حیزبی دیموکراتدا دەبێت و دوابەدوای ھێرش و گووشارەکانی ڕژێمی پاشایەتی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەژمارێکی بەرچاو لە گەنجانیش بەشداری ڕیزەکانیان دەبن، کە ئەو بابەتە دەبێتە ھۆکاری ترس و دڵەڕاوکێی ڕژێم و ساواک (ڕێکخراوەی زانیاری و پاراستنی حکۆمەتی شا).

بەڵام سات و سەودا و بەڵێنەکانی ڕژێمی ئەو کاتی ئێران نەیتوانی موعینی لەسەر ڕێبازی خۆی لا بدات. سلێمان موعینی مەیدانی چالاکی و خەباتی خۆی لە ڕێزی کوردانی باشووری کوردستان دا و لە گەڵ مەلا مستەفا بارزانی بەردەوام دەکا. دوابەدوای پەرەسەندنی شەڕ لە نێوان کوردانی باشووری کوردستان و ڕژێمی عێراق و پشتگری کردنی شای ئێران لە کوردانی باشووری کوردستان و ھاوکات زۆر بوونی پێداویستی ھێزەکانی بارزانی بە کەرەستەی شەڕ لەلایەن ئێرانەوە، گوشارەکان بۆسەر شۆڕشگێڕانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان زۆرتر بوون. لەو کاتەدا، ڕژێمی ئێران، بە کەڵک وەرگرتن لەو ھەلومەرجە، غوڵامعەلی ئۆڤەیسی کە ئەرتەشبۆدی ئەرتەشی شا بوو بە مەبەستی سەرکوتکردنی شۆڕشی کوردانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژھەڵات کرد.

ئەو ژێنەراڵە ئێرانییە شۆڕشگێڕانی کوردی بە ھاوکاری سیخۆڕە خۆجێیەکان و ھێزە ھەواڵگرییەکان و ھاوکات کەسانێک لە ناو ھێزەکانی بارزانیدا، لەناوبرد کە سولەیمانیش یەک لەوان بوو.

کوژران و ڕادەستکردن بە ئێران[دەستکاری]

سولەیمان موعینی دوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن ھێزەکانی بارزانییەوە لەکاتێکدا کە ئامادە نابێت خۆی ڕادەستی ھێزەکانی ئێران بکاتەوە و داوای لیبووردن بکات، لە ڕۆژی ١٥ی مانگی گوڵانی ١٩٦٨ دا گولەباران کرا و دواتر لەلایەن مەلا مستەفا بارزانی ڕادەستی ھێزەکانی ڕژێمی ئێران دەکرێتەوە.

تەرمی سولەیمان موعینی، دوای چەند ڕۆژ کە لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دا گەڕێندرا، لە گۆڕستانی شاری مەھاباد بە خاک سپێردرا.

مەسعوود بارزانی لە کتێبی «بارزانی و جوڵانەوەی ئازادیخوازانەی کورد» نووسیویەتی:

سولەیمان موعینی بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی جوڵانەوی کورد ھەڵسووکەوتی کرد، بۆیە کوشتین و لەشەکشی ڕادەستی ئێران کردین، بەڵام کوشتنی ئەو یەکێک لە ڕووداوە ناخۆشەکانی ساڵی ١٩٦٨ بوو.

مەلا مستەفا بارانی خۆی لەم بابەتە گۆتبوو: «بە ئەمریکییەکان بەڵێنم دا ئەگەر لەگەڵما ڕێک بکەون کوردەکانی تورکیایان بۆ سەرکوت دەکەم. مەگەر بە ئەوانەی دیکە بەڵێنم دابوو وەفام نەکردووە؟ مەگەر لەشەکەی سولەیمان موعینی و ئەوانی ترم ڕادەستی شا نەکرد؟»

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]