دەسەڵات

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دەسەڵات (لە دەست + ھەڵھات-ەوە ھاتووە[١][٢]) واتە دەست-ھەڵ-ھاتن بۆ کردنی کارێک. وەکوو زاراوەیەکی سیاسی، دەسەڵات یان ئۆتۆریتە (لە وشەی لاتینیی auctoritas-ەوە گیراوە بە واتای ئامۆژگاری، بیروڕا، داھێنان، بڕشت و فەرمان[٣]) بەو ھێزەی دەگوترێ کە بۆ دەرکردنی بڕیار و فەرمان بە ڕەسمییەت ناسراوە.[٤] لە بنەڕەتدا، دەسەڵات لە لای باڵادەستەوە بەسەر ژێردەستدا دادەسەپێندرێ.

تێکچنراوییەکی واتایی لە نێوان دەسەڵات و "ھێز" لە ئارادایە و ئەم دووە ئەگەرچی جیاوازن بەڵام ھەندێجار لە جێی یەکتر بەکار دەچن. "ھێز" بریتییە لە "توانای ناچارکردنی کەسێک بە کردنی کارێک کە نەیدەکرد"، بەڵام "دەسەڵات" بریتییە لە "بانگەشەی ڕەوابوون، پاساوبۆھێنانەوە و مافی بەکاربردنی ئەو ھێزە". بۆ نموونە، لەوانەیە خەڵکێک ئەو ھێزەیان ھەبێ بتوانن تاوانبارێک سزا بدەن، بەڵام ئەوانەی وا باوەڕیان بە سەروەریی یاسایە دەڵێن ئەوە تەنھا دادگایە کە دەسەڵاتی دەرکردنی فەرمانی سزادانی ھەیە.

ئێتیمۆلۆژی[دەستکاری]

وشەی دەسەڵات لە دوو وشەی دەست و ھەڵھات-ەوە ھاتووە.[٢] واتە دەست-ھەڵ-ھاتن بۆ کردنی کارێک. بە بۆچوونی جەمال نەبەز وشەی تسلط لە زمانی عەرەبیشدا لە وشەی دەسەڵاتی زمانی کوردییەوە ھاتووە بەم شێوەیەی خوارەوە:

دەسەڵات -> تەسەلات -> تەسەلەت -> تەسەلوت -> تسلط.

دوایی، وشەی سلطة داتاشراوە لێی.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا نەبەز، جەمال؛ وشەنامەکی ئێتیمۆلۆژیای زمانی کوردی؛ لاپەڕەی ١١٣.
  2. ^ ئ ا ویکیفەرھەنگی کوردی
  3. ^ فەرھەنگی ئێتیمۆلۆژیای سەرھێڵ
  4. ^ شەبانی، ئەحمەد؛ فەرھەنگی زانستی سیاسی؛ وەشانخانەی زانستگای کوردستان لە سنە؛ لاپەڕەی ١٢٦ و ١٢٧؛