بۆ…

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
« بۆ… »
گۆرانی
ماوە4:09
نووسەرچیا مەدەنی
زمانکوردی
بەرھەمھێنەرچیا مەدەنی

بۆ… گۆرانییەک لە چیا مەدەنی گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران وتراوە. ئەم گۆرانییە لە وەڵامی گۆرانیی بەرایێ لە شێروین حاجیپوور تۆمار کراوە کە لە گۆرانییە فارسییەکەی خۆی سەرەڕای پاڵپشتیکردن لە ناڕەزاییەکانی خەڵک، سەبارەت بە کێشەی ستەمی نەتەوایەتی لە ئێران و داخوازییەکانی گەلانی نافارس بێدەنگ مابوو و قسە نکردبوو. چیا مەدەنی لەم گۆرانییە ھەوڵی داوە تا ھاوکات بە سوپاسکردنەوە لە حاجیپوور، سەرنجی ئەو و ھەروەھا بەردەنگەکانی دیکە بەرەو ستەمی نەتەوایەتی ڕابکیشێت و گۆشەیەک لە ستەمێک کە گەلی کورد و گەلانی دیکە وەکوو عەرەب، بەلۆچ، لوڕ، تورک و … لە ژێر حکوومەتی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی دەچێژن بە زمانی گۆرانی و مۆسیقا دەرببڕێتەوە.[١] چیا مەدەنی گۆرانیی بۆ…ی بۆ ژینا ئەمینی پێشکەش کردبوو.[٢]

دەقی گۆرانییەکە[دەستکاری]

سپاس بۆ تۆ کاکە شروین
چەندە لەتیف چەندە شیرین
زامی دڵی ئەم وڵاتەت
کرد بە پەیامێکی زێڕین

تۆ لە تاران من لە بۆکان
لە مەھاباد، لە کرماشان
لە پیرانشار و لە سەقز
سنە و ورمێ، لە خوراسان

لە ئیلام و شاری شنۆ
بانە و سەردەشت، کامیاران
دیواندەرە و لە ھەورامان
لە نەغەدە و لە مەریوان

جا با منیش ھەر وەکوو تۆ
دەردی دڵم ھەڵبڕێژم
ئەوەی نەتووت لە چەند دێردا
بینووسمەوە و بۆتی بێژم

لێم بوورە ئەگەر بڵێم
زامەکانم لەوانەی تۆ
ھەم کۆنترن ھەم قوڵترن...
لە دڵدایە ھەزاران «بۆ»

بۆ ژینایەک کە نەیتوانی
نە لە ژیان نە دوای مەرگی
بەناوی خۆی بانگی بکەن
لە مێژوودا باسی بکەن

بۆ ھەموو ئەو دایکانەی کە
جگەرگۆشەی کوون کوونکراو
ئەشۆن بە فرمێسکی گریان
ئەیاننێژن دڵ پڕ لە ژان

بۆ خەرجی ئەو فیشەکانەی
لە باوکی کورد ئەستێندرا
تا رۆڵەکەی بدرێتەوە
کە بە ناحەق ئێعدام کرا

بۆ مامۆستا، بۆ قوتابی
بۆ پێنووسی شکێندراو
بۆ ھەناسەی پڕ لە تاسەی
بۆ زمانێکی بەندکراو

بۆ ئەو شێعر و کتێبانەی
بڤە کران، پەڕپەڕ کران
بۆ ئەو گۆرانییە شادانەی
سەرتاپا پڕ لە خەم کران

بۆ ئەوانەی لە غوربەتدا
لە دایکبوون، ئاوارە بوون
بۆ ئەوانەی گۆڕەکەشیان
دوور لە ووڵات و خاکیان بوو

بۆ کورد بۆ لۆر، عەرەب، بەلووچ
بۆ گشت گەلانی حەقخوراو
چەند سەدەیە مافی ئەوان
لەم وڵاتە زەوت کران

جارێکی تر بینووسەوە
زامی منیش بخوێنەوە
ئەمجارەیان با ئازادیت
منیش وەک تۆ بگرێتەوە

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]