ئەڵماس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەڵماسی زبر

ئەڵماس (بە ئینگلیزی: Diamond) ماددەیەکە پێکھاتەی بلوری ھەیە و زۆر جار شێوەی شەش پاڵووی ھەیە و ھەندێ جار شێوەی شەش ڕووی ھەیە. ئەڵماس بە ڕێژەیەکی زۆر لە کاربۆن پێکدێ لە ژێر پەستان و گەرمی زۆر. لێکچوونێکی زۆر ھەیە لە نێوان ئەو مادەیەی کە گرافیت و ئەڵماس پێکدێنێ کە ئەویش کاربۆنە، کەچی سیفاتەکانی ھەر یەکیان زۆر جیاوازە لە ئەوی تر بە ھۆی جیاوازی ھەر یەکیان لە پێکھاتەی گەردیلەیی. ئەو لێکچوونە زۆرەی کە لە پێکھاتەی کیمیایی ھەیە وای لە زانایان کرد کە تاقیکردنەوە بکەن لەسەر گۆڕینی گرافیت بۆ ئەڵماس لە ڕێگای ئامێرێکی تایبەت کە بەرگری پلەی گەرمی بەرز و پەستانی زۆر دەکات بۆ گۆڕینی گرافیت بۆ ئەڵماس کە لە ئەنجامدا ئەڵماسی پیشەسازی یان (ئەڵماسی دروستکراو) بەرھەم دێ.

تەمەنی ئەڵماس[دەستکاری]

تەمەنی نوێترین ئەڵماس نزیکەی یەک میلیارد ساڵە، کە مادەیەکی زۆر ناسراوو بەسوودە لە نێوان (٣٠٠٠) ماددەی ناسراو کە ھەن تا ئێستا. ئەڵماس لە دێر زەمانەوە ناسراوە وەک گەوھەرێکی بە نرخ، لە سەدەی نۆزدەم ئەڵماس زۆر بڵاو بووەوە پاش پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای بڕین و سافکردنی ئەڵماس، بەتایبەتی بە ڕێگای (بریلیات) کە لەلایەن ئەوروپییەکان دۆزرایەوە. ئەڵماس سیفاتی فیزیایی نایابی ھەیە، بەتایبەتی ھێزی ڕەقی بەرز کە تەنھا ئەڵماس پلەی (١٠/١٠) وەردەگرێ لە پلەی ھێزی ڕەقی بەردەکان، تەنھا بۆ زانین جیاوازی لە پلەی ھێزی ڕەقی لەنێوان (٩ پلە) بۆ (یاقوت و زفیر) و (١٠ پلە) زۆرە و ھەروەھا توانای پەرش و بڵاوبوونەوەی ڕووناکی زۆر بەرزە. لەبەر ئەوە ئەڵماس ماددەیەکی زۆر بەنرخ و گرنگە لە پیشەسازی دروستکردنی خشڵ، ھەروەھا پیشەسازییەکانی تر وەک بەکارھێنانی ئەڵماس لە سەری ئەو دڕێلانەی کە بەکاردێن لە لێدانی بیری نەوت.

یۆنانیەکان بە ئەڵماسیان دەگوت ئاژماس (بە یۆنانی αδαμαξ) کە مانای (ناتوانرێ بگۆڕدرێ) دەدات چونکە زۆر ڕەقە. ئیبن مەنزور لە (لسان العرب) دەڵێ لە بنچینەدا وشەی ئەڵماس لە ئاژماسی یۆنانی وەرگیراوە و کراوەتە عەرەبی و پاشان عەرەبەکان (ژ) یان گۆریوە بۆ (ل) چونکە زۆر لێک نزیکن لە شێوە و دەرچوونی لە دەم. زۆربەی خەڵک ئەڵماس لە زارکە گڕکانییەکان دەردەھێنن کە ئاگرە گڕکانییەکان بۆ دەرەوە دەری دەھاوێژن لە قوڵایی زەوی دەردەچێ کە دەگاتە (١٥٠ کم) لە پلەی گەرمی زۆر بەرزو پەستانی زۆر ماوەیەکی زۆری دەوێت کە دەگاتە ملیۆنەھا ساڵ تا بارودۆخی گونجاو دروست دەکات بۆ پێکھاتنی ئەڵماس.

وێنەی مستیلەیەک کە لە ئەڵماس درووستکراوە - دەستکرد

شوێنی ئەڵماس[دەستکاری]

کانگاکانی ئەڵماس بە زۆری دەکەونە ناوەڕاست و باشووری ئەفریقا، بڕێکی باشیش لە ئەڵماس لە کەنەدا و ڕووسیا و بەڕازیل و ئوسترالیا دۆزراوەتەوە. ساڵانە نزیکەی (١٣٠ میلیۆن) مسقال یان (٢٦ ھەزار) کیلۆگرام ئەڵماس دەردەھێنرێ کە نرخەکەی دەگاتە (٩ میلیارد) دۆلاری ئەمریکی. چوار پێوەر ھەیە بۆ زانینی باشی و نایابی ئەڵماس: عەیار (قرات) و خاوێنی (ڕوونی) و ڕەنگ و بڕین. بەرامبەر بە ئەڵماسی سروشتی، ئەڵماسی پیشەسازی (دروستکراو) بەرھەم دەھێنرێ کە بڕەکەی دەگاتە چوار ئەوەندەی ئەڵماسی سروشتی دەرھێنراو. لەگەڵ ئەوەش زۆربەی ئەڵماسی دروستکراو قەبارەی بچووکە و ناڕێک دیارە کەدەبێتە ھۆی کەمی نرخ بە بەراوورد کردن لەگەڵ ئەڵماسی سروشتی، و بەکارھێنانەکانی تەنھا لە کارە پیشەسازییەکان دەبێت لەبەر ئەوە بڕوانامەی دروست و بە گرنتی لەگەڵ ئەڵماسی سروشتی دەدرێت بەتایبەتی ئەڵماسی نایاب ئەم بڕوانامانەش لەلایەن سەنتەر و کۆمپانیاکان دەدرێن کە ژمارەیەک لە خەڵکی زانایان ھەیە لەم بوارە و ماوەیەکی زۆرە لە بازرگانی ئەڵماس و بەردی نایاب کاردەکەن وەک (GIA)ی ئەمریکی و (HRG و IGI)ی بەلجیکی کە بچووکترین وردەکاری بەردەکە دەنووسن وەک کێش و عەیار و جۆری پارچەکە و پلەی خاوێنی (ڕوونی)، و دووریەکانی بەردەکە بڕوانامەکە ژمارەیەکی زنجیرەیی دەدرێتێ و کۆپییەک لەم بڕوانامەیە لە فایلەکانی کۆمپانیا ھەڵدەگیرێ و ئەم بڕوانامانە باوەڕ پێکراوانەش ئەڵماسەکە بەنرختر دەکەن.

سەرچاوە[دەستکاری]