بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئیدلیب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیدلیب
بە عەرەبی: إدلب
ناو بە زمانی فەرمیإدلب
وڵاتسووریا
پایتەختیپارێزگای ئیدلیب، Idlib District
دابەشکاریی کارگێڕیIdlib Subdistrict
ناوچەی کاتیUTC+03:00
پۆتانی شوێن٣٥°٥٦′٠″N ٣٦°٣٨′٠″E
دانیشتووان١٦٥٬٠٠٠
بەرزی لە ئاستی دەریا٥٠٠ مەتر
ڕووداوە بەرچاوەکانھێرشی ئیدلیب ٢٠١٥
ڕووبەر٢٣ کیلۆمەتر چوارگۆشە
کۆدی تەلەفۆن23
Map

ئیدلیب (بە عەرەبی: إدلب) شارێکە لە سووریا. کەوتووەتە پارێزگای ئیدلیب. دانیشتووانی شارەکە ١٦٥٬٠٠٠ کەسن. ئیدلیب ٤٤٢ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزترە. شارەکە ناوەندێکی گرنگی کشتووکاڵییە بۆ سووریا ھەروەھا چەندین شوێنەوار و گۆڕی مێژویی لێیە.

مێژوو

[دەستکاری]
نیشتەجێبوونێکی نیۆلیتیکی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٨٥٠٠ پێش زایین لە تەپۆڵکەی عەین ئەلکەرخ لە نزیک ئیدلیب دەستنیشان کرا.[١] تەختە قوڕەکانی ئیبلا (٢٣٥٠ پێش زایین) ئاماژە بە شاری بە ئەکەدی:𒁺𒄷𒆷𒇥𒌝 («du-ḫu-la-bu6-um» «دووحولابووم») دەکەن کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ئیدلیب ھەڵکەوتووە وەک ئەوەی لەلایەن مایکڵ ئاستوور و دۆگلاس فراین پێشنیار کراوە؛ لێکچوونێک لە نێوان دەنگی ناوە دێرین و نوێیەکاندا ھەیە. لە تەختە قوڕەکاندا، دووحولابووم ٢٢ کیلۆمەتر لە باشووری «ئونقی»یە کە ڕەنگە ھاوتای گوندی مۆدێرنی کوکانییە (بە عەرەبی: كوكانية)، کە نزیکەی ٢٢ کیلۆمەتر لە باکووری ئیدلیبەوە ھەڵکەوتووە (بڕوانە شارە مردووەکان). توتوومووسی سێیەم ھەروەھا ئاماژەی بە شارەکە کردووە بە ناوی «Ytḥb».[٢]

دێرینیی کلاسیک

[دەستکاری]
پەرستگایەکی بیزەنتی لە ڕووایحە لە نزیک ئیدلیب

ئیدلیب لەگەڵ تەواوی سووریا، لەلایەن پاشای ئەرمەنی تیگرانی مەزن داگیر کرا و خرایە ناو ئیمپراتۆریەتیی ئەرمەنی، تەنھا دواتر لەلایەن پۆمپیی مەزنی ڕۆمانی لە دەوروبەری ٦٤ پێش زایین داگیر کرا. شارەکە ھەرگیز گرینگییەکی ئەوتۆی نەبووە، سەر بە ویلایەتی سووریای ڕۆمانی بووە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمانی و دواتر ویلایەتی سووریای دووەمی ڕۆمانی ڕۆژھەڵات پێش ئەوەی لە دەوروبەری ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمدا لەلایەن عەرەبەوە داگیر بکرێت. شتێکی زۆر لە سەردەمی ڕۆمانی و بیزەنتیی شارەکە نەماوەتەوە، مەگەر لە مۆزەخانەکەیدا. لە باکووری شارەکە شارە مردووەکان ھەن، کە کۆمەڵێک شوێنەواری گرینگن لە سەردەمی بیزەنتی.

سەردەمی عوسمانی

[دەستکاری]

لە کاتی دەسەڵاتی سەرەتای ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی لە سووریا، کە لە ١٥١٦ دەستی پێ کرد، ئیدلیب «تیمار»ێکی (دەرەبەگایەتی) بچووک بوو. گوندی ئیدلیب لەلایەن فازڵ ئەحمەد پاشا، کوڕی وەزیری مەزن کۆپروولو محەممەد پاشا (نزیکەی ١٦٥٦–١٦٦١) دامەزرا کە کردی بە فەرمانڕەوای ئەیالەتی دیمەشق. لە ساڵانی دواتردا، وەک شارۆچکەیەک گەشەی کرد کە خاوەنی بازاڕ، گەرماو و کاروانسەرا بوو، لەوانە خان ئەبی عەلی و خان ئەلڕووز.[٣]

لە سەردەمی کۆپروولودا، ئیدلیب ناوەندێکی بەرھەمھێنانی زەیتوون بوو، کە ئەویش بووە ھۆی دروستبوونی پیشەسازییەکی گەشەسندووی سابوونی بنەما زەیتوون. ھەرچەندە بازاڕە سەرەکییەکانی سابوونی ئیدلیب لە حەلەب، ئەنتیکە، و حەمات بوون،[٤] بەرھەمەکە تا پایتەختی عوسمانی لە ئەستەمبوڵ ھەناردە دەکرا. ئیدلیب ھەروەھا بەرھەمھێنەرێکی سەرەکیی قوماشی لۆکە بوو.[٥] گەڕیدەی ڕۆژئاوایی جۆسایا لێسلی پۆرتەر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیدلیب «دەورەدراوە بە باخەکانی زەیتوون، کە لەم ناوچە سارد و وشکەدا دەگمەنە»،[٤] و ئاماژەی بەوە کردووە کە باخە زەیتوونەکانی گەورەتر بوون لەوەی دیمەشق، بەیرووت، یان غەززە. لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩دا، شارۆچکەکە دانیشتووانەکەی بە ٨،٠٠٠ کەس خەمڵێنرا، لەوانە ٥٠٠ مەسیحی.[٤] لە کۆتاییی سەدەی ١٩دا، ئیدلیب «گەشەسەندوو» بووە و ھێشتا چەندین خێزانی مەسیحیی تێدا بووە، بەپێی وتەی ڕۆژھەڵاتناسی ئەڵمانی ئالبێرت سۆسین.[٦]

شەڕی ناوخۆییی سووریا و دەستبەسەرداگرتنی ھەییەی تەحریر شام

[دەستکاری]
یاخیبووانی سووریا وێنەیەکی بەعسی لەسەر دیوارێکی مەیدانی میحڕاب لە ئیدلیب دەشێوێنن، دوای گرتنی شارەکە لەلایەن ھێزە یاخیبووەکانەوە لە ٢٠١٥دا

لە ماوەی ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠١١وە، ئیدلیب ناوەندی خۆپیشاندان و شەڕ بوو لە قۆناغی سەرەتای جەنگی سووریادا. کاتێک ڕاپەڕینەکە گۆڕدرا بۆ ململانێی چەکداری، ئیدلیب بوو بە ناوەندی ھەڵمەتێکی یاخیبووان، کە بۆ ماوەیەکی کاتی شارەکە و پارێزگاکەیان گرت پێش ھێرشی حکوومەت لە نیسانی ٢٠١٢. دوای ئەمە، ھێزەکانی حکوومەت شارەکە و پارێزگا ژێر دەسەڵاتی یاخیبووانیان دوای مانگێک لە شەڕ کۆنترۆڵ کردەوە، پێش ھەوڵی جێبەجێکردنی ئاگربەستی پێشنیارکراو لەلایەن کۆفی عەنان. دوای ھێرشی ئیدلیب (٢٠١٥) لە ئازاردا، ھاوپەیمانیی یاخیبووان سوپای فەتح، بە ڕێبەریی بەرەی نوسرە و ئەحراری شام، لە دووەم شەڕی ئیدلیبدا سەرکەوتوو بوون و شارەکەیان گرت،[٧] ھەروەھا شارۆچکە زۆرینە شیعەکانی ئەلفوعە و کەفریایان لە باکووری شاری ئیدلیب گەمارۆ دا.[٨] لە نیسانی ٢٠١٥دا، پێشنیار کرا کە ئیدلیب ببێتە شوێنی کاتیی حکوومەتی کاتیی سووریای ئۆپۆزسیۆنی سووریا،[٩] لە پارێزگای ئیدلیب. لە ٢٣ی تەممووزی ٢٠١٧دا، تەحریر شام، جێنشینی بەرەی نوسرە، ھێزەکانی ماوەی ئەحرار ئەلشامی لە ئیدلیب دەرکرد، تەواوی شارەکەی گرت و خستیە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ڕزگاریخوازی سووریا.[١٠]

لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا، ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا و تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕێککەوتنێکیان بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی دابڕێنەری بێ چەک لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا ڕای گەیاند، کە مەبەست لێی جیاکردنەوەی ھێزەکانی حکوومەتی سووریا بوو لە گرووپە یاخیبووەکان. بەپێی ڕێککەوتنەکە، سەربازانی تورکیا و ڕووسیا دەوریەی ناوچەکە دەدەن بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون. پوتین ڕای گەیاند کە ھەموو چەکە قورسەکان لە ناوچەکە لادەبرێن و گرووپە یاخیبووە توندڕەوەکان، وەک بەرەی نوسرە، دەبێت پاشەکشە بکەن. ناوچە دابڕێنەرەکە بڕیار بوو تا ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بخرێتە گەڕ.

دانیشتووان

[دەستکاری]

لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٤ی فەرمانگەی ناوەندیی ئاماری سووریادا، ئیدلیب دانیشتووانەکەی ٩٨،٧٩١ کەس بووە و لە ساڵی ٢٠١٠دا دانیشتووانەکەی لە دەوروبەری ١٦٥،٠٠٠ کەس بووە. دانیشتووانەکەی زۆربەیان موسڵمانی سوننەن،[١١] ھەرچەندە پێشتر کەمینەیەکی بەرچاوی مەسیحی لێ بووە، بەڵام تا ساڵی ٢٠٢٢ تەنھا یەک پیاوی مەسیحیی بەساڵاچوو لە شارەکەدا مابووەوە.[١٢][١٣][١٤] ئیدلیب دابەش بووە بەسەر شەش ناوچەی سەرەکیدا: ئەشرەفییە (قەرەباڵغترینیان)، حیتین، حیجاز، ناوەندی شار، حوڕییە، و ئەلقوسوور.

ئابووری

[دەستکاری]
باخەکانی زەیتوون لە دەوروبەری شارەکە. ئیدلیب ناوەندێکی سەرەکیی بەرھەمھێنانی زەیتوونە.

ئیدلیب ناوەندێکی سەرەکیی بەرھەمھێنانی زەیتوون، لۆکە، گەنم و میوەیە، بەتایبەتی گێلاس.[١٥] بەرھەمە سەرەکییەکانی تری وەک بادەم، کونجی، ھەنجیر، ترێ و تەماتە دەگرێتەوە.[١٦] لە ساڵی ١٩٩٥دا نزیکەی ٣٠٠ ھێکتار بە بەرھەمە جیاوازەکانی مزرەمەنی چێندرابوو.[١٧] گوشینی ڕۆنی زەیتوون و چنراوەکان ھەندێک لە پیشەسازییە ناوخۆیییەکانی شارەکەن.[١٦] شاری حەلەبی دراوسێ ئامادەیییەکی ئابووریی گرینگی لە ئیدلیبدا ھەیە.[١٥]

ئیدلیب ناوەندێکی کشتوکاڵیی سەرەکییە لە سووریا. ھەروەھا لە ڕووی مێژووییەوە گرینگە، و چەندین «شارە مردووەکان» و تەپۆڵکەی تێدایە.

بەھۆی دابەزینی خێرای بەھای لیرەی سووری، لیرەی تورکی لە ئیدلیب بڵاوبووەوە و لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ وەک دراوێکی یاسایی لە شارەکەدا پەسەند کرا.[١٨] ئەمە لە ساڵی ٢٠٢٥دا ھەڵوەشایەوە.

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Steiner، Margarete Laura؛ Killebrew، Ann E. (٢٠١٤). The Oxford Handbook of the Archaeology of the Levant: C. 8000-332 BCE (بە ئینگلیزی). OUP Oxford. ژپنک ٩٧٨-٠-١٩-٩٢١٢٩٧-٢.
  2. Timothy P. Harrison, Edward B. Banning (١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٥). Walls of the Prince: Egyptian Interactions with Southwest Asia in Antiquity: Essays in Honour of John S. Holladay, Jr. BRILL. لاپەڕە ٧٦. ژپنک ٩٧٨٩٠٠٤٣٠٢٥٦٣. لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی ئایاری ٢٠١٦ ھێنراوە.
  3. Bakhit 2010، لاپەڕە 60.
  4. 1 2 3 Porter, 1868, p. 580.
  5. Inalcik, 1997, p.501.
  6. Baedeker, 1912, p.376.
  7. «Gulf allies and 'Army of Conquest». Al-Ahram Weekly. ٢٨ی ئایاری ٢٠١٥. لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٧ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٤ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ھێنراوە.
  8. Sherlock, Ruth (٢٩ی ئازاری ٢٠١٥). «Thousands flee Syrian city Idlib after rebel capture». The Telegraph. لە ٢٩ی ئازاری ٢٠١٥ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٩ی ئازاری ٢٠١٥ ھێنراوە.
  9. «Will Syrian opposition move interim government to Idlib? - Al-Monitor: the Pulse of the Middle East». Al-Monitor. لە ڕەسەنەکە لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ ھێنراوە.
  10. «Following the renewed fighting … Ahrar Al-Sham and Tahrir Al-Sham reconcile». SOHR. ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٧. لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  11. Mroue, Bassem. "Syrian forces capture rebel stronghold near Turkey" 2013-09-23 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.. The Salt Lake Tribune. Associated Press. 2012-03-13. Retrieved on 2012-03-13.
  12. «Christian evacuees mourn Idlib». Al-Monitor. ١٧ی نیسانی ٢٠١٥. لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  13. Saad، Hwaida (٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢). «'Now There is No One': The Lament of One of the Last Christians in a Syrian City». The New York Times.
  14. «'Al-Hajji' Michel Boutros: The last Syrian Christian of Idlib».
  15. 1 2 Casule, 2008, p.56.
  16. 1 2 «Idlib | Syria». Encyclopedia Britannica (بە ئینگلیزی). لە ٢ی نیسانی ٢٠١٥ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  17. Food and Agriculture Organization of the United Nations, 1996, p. 147.
  18. DAILY SABAH WITH AGENCIES (١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠). «Idlib follows suit in adopting Turkish lira to shield region from plummeting Syrian pound». Daily Sabah (بە ئینگلیزی). لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ھێنراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]