دەشتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دەشتی
Deştî

لەدایکبوون١٩٠٩
گوندی مەلاکاغە، بناری چیای قەرەچووغ
مەرگ١٩٥٧
گوندی خەرابەدراو
ھۆکاری مەرگنەخۆشی دڵ
پیشەمەلا، شاعیر


خدر کوڕی ئەحمەد کوڕی عەلی ناسراو بە دەشتی. مەلا و شاعیرێکی کوردە و لە دەشتی ھەولێر پەیدا بووە. لە ساڵی ١٩٠٩ لە گوندی مەلاکاغەی بناری چیای قەرەچووغ لەدایکبوو. لە ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی خەرابەدراو بەھۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی ئەوێ بەخاک سپێردرا.

ژیان[دەستکاری]

دەشتی لە بنەماڵە و عەشیرەتی نانەکەلییە. لە خێزانێکی جووتیاری دەست کورت پەروەردە کراوە، لەو کاتەی ھەستی کردووە دەتوانێ شیعر بنووسێ نازناوی «دەشتی» لە خۆی ناوە بۆ تۆماری شیعری.
منداڵ بووە کە ماڵیان گوێزراوەتەوە ھەولێر، لەو سەردەمەدا خراوەتە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت. وەکو نەریتی خوێندنی ئایینی ئەو کاتە ڕووی کردووەتە ھەندێ لەو گوندانەی حوجرەی مەلایەتییان تێدا بووە و لە شار و دەشتی ھەولێر و ناوچەی خۆشناوەتی بەتایبەتی شەقڵاوە و بێتواتە. ماوەیەکی زۆر لەو ئاوایییانە ماوەتەوە. قۆناغێکی زۆری خوێندنی بڕیوە، ئینجا گەڕاوەتەوە ھەولێر و لە مزگەوتی حاجی قادری دەباغ خەریکی خوێندن بووەتەوە و دوا قۆناغی خوێندنی بردووەتە سەر و لەسەر دەستی مەلا عەبدوڵڵای بێتواتەیی ئیجازەی دوازدە زانستییەکەی وەرگرتووە، ئینجا ژنی ھێناوە و خەریکی مەلایەتی بووە. بۆ یەکەم جار بەمەلای گوندی دارەبەن لە لای باکووری ڕۆژاوای نزیک ھەولێر دامەزراوە. ماوەی حەڤدە ساڵ لەوێ ماوەتەوە. لە دواییدا کردەوەی ئاغای گوند بووەتە ھۆی ئەوەی دڵی بشکێ و ناچار بێت لەوێ بار بکات بۆ گوندی گردەچاڵ (١٩٥٣) و ماوەیەکی کەم مەلایەتی لێ دەکات و دەگەڕێتەوە ھەولێر.

ھۆنراوەکان[دەستکاری]

نیشتمانپەروەری و کوردایەتی

ئەی عیراقی بێکەس و دڵ پڕ لە ئێش و دەرد و غەم
وەی ئەسیری حەربی ناڕێکی لە مەیدانی بە تەم
حەیفە پاش تۆ بمێنن کوردەکانی بێ حەشەم
چوو لە دەستیان مەعدەنی عیزز و شەرەف بەینەلکەرەم
ئەی گەلی ئەشرافی کوردان بۆ غەریقی زیللەتن
بۆچی وا دائیم خەریکی قووتی مولک و میللەتن
بۆچی وا دەعیە و تەکەببور لێ ئەدەن پڕ حیددەتن
چاکە شەرمێ کەن لە عالەم بەخۆ کاکەن لە دەم


بابەگوڕگوڕ تاوەکو ئێستاکە پیری ئێوە بوو
خانەقا وو تەکیە وو ڕێبازی شێخی ئێوە بوو
جێگەیی مەولوود و سەد ئیحسان و خێری ئێوە بوو
ئێستاکەش وا پێی خەنی بوون عارەب و تورک و عەجەم


چاکە فکرێکەن لە ئیستیقبالی خۆ زوو چارەکەن
تەرکی وەحشەت کەن سیلاحی یەکدی کوشتن پارەکەن
ڕوو لە پەیداکردنی ئالاتی وەک تەییارەکەن
تاوەکو (دەشتی) نەبێ مەشغوولی قال و قیلی غەم

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ١٠١ تا ١١١، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.