ئێن ئاڕ تی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کەناڵی ئێن ئاڕ تی
دەستپێک ٢٠١٠
خاوەن کۆمپانیای نالیا
فۆرمەتی وێنە HD
دروشم ڕاستگۆیی، ھاوسەنگی، بوێری
زمان کوردی (سۆرانی و کورمانجی)
ناوچەی وەشان ڕۆژھەڵاتی ناوین
پێگە سەرەکییەکان سلێمانی،  ھەرێمی کوردستان
ماڵپەڕ www.nrttv.com
دەستکەوتن
سەتەلایت
نایلسات ١٢٥٢١ - V - ٢٧٥٠٠

کەناڵی ئێن ئاڕ تی (NRT) (ناوی تەواو: ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی نالیا) کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی و دەزگایەکی میدیایییە کە ساڵی ٢٠١٠ لە سلێمانی، باشووری کوردستان دامەزرا.

سووتاندنی کەناڵ[دەستکاری]

وێنەی سەرەتای کەناڵەکە

ئێن ئار تی لەژێر دروشمی «ڕاستگۆیی، ھاوسەنگی و بوێری» لەڕۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ بەکاتی کوردستان و لەسەروبەندی ڕووداوەکانی ١٧ی شوبات، NRT یەکەمین کەناڵبوو کە ڕووداوەکی ئەم خۆپشاندانەی ڕووماڵکرد. لەڕۆژی ١٩ی شوباتی ٢٠١١ ئێن ئار تی ڕایگەیاند: «کەچەند بەرپرسێک داوای وەستاندنی پەخشی کەناڵەکەیان دەکرد، ئەگەرنا بەزەبری ھێز پەخشی کەناڵەکە ڕادەگرن». شەوی ٢٠ی شوباتی ٢٠١١ ھێزێکی چەکدار کە نزیکەی ٥٠ چەکدار دەبوو ھەڵیانکووتایە سەر بارەگای سەرەکی کەناڵەکە لە گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی و دوای شکاندنی ئامێرەکانی نێو بارەگاکە، ئاگریان لەبارەگاکە بەردا. دواتر لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١١، ئێن ئارتی توانی تەلارەکەی نۆژەنبکاتەوە و دەست بەپەخشی کەناڵەکەی بکاتەوە.

ڕەخنەکان[دەستکاری]

وێڕای ئەوەی کەناڵەکە بە سەربەخۆ خۆی دەناسێنێت، بەڵام زۆرجار ڕەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت کە پاڵپشتی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەکات ئەمەش جگەلەوەی ھێشتا لەڕووی داراییەوە پشتگیری لە شاسوار عەبدولواحید وەردەگرێت.[١][٢][٣] لەبەرامبەر ئەوەی بەچڕی چالاکییەکانی نەوەی نوێ ڕووماڵ دەکەن، ئاوات عەلی بەڕێوبەری کەناڵەکە وتی، «ئێن ئاڕ تی تاکە کەناڵە کە ھەموو حزبەکانی تێدا دەردەکەون، ھیچ کەناڵێک نییە لە ھەرێمدا جگە لە ئێن ئاڕ تی، ڕووماڵی ھەواڵی نەوەی نوێ بکات کە سەدان ھەزار دەنگی ھێناوە.»[١]

کۆمپانیای نالیا[دەستکاری]

مێژووی نالیا ڕادیۆ و کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە ھیچ میدیایەکی سەربەخۆ نەبوو لە ھەرێمی کوردستان. لە ٢٠١٠، گرووپێکی ڕۆژنامەوانی ھەستان بە دۆزینەوەی بیرۆکەی دروستکردنی یەکەم کەناڵی میدیای سەربەخۆی بێلایەن، لەلایەن کۆمپانیای نالیای شاسوار عەبدولواحید خەرجی بۆ کرا.

نالیا، کۆمپانیای میدیای شاسوار عەبدولواحید، کە خاوەن و دامەزرێنەری کۆمپانیای نالیا میدیایە. تاکە کۆمپانیای میدیای سەربەخۆیە لە ھەرێمی کوردستان و لەژێر دروشمەکەی (ڕاستگۆیی، ھاوسەنگی، بوێری) بوونیادنرا. شاسوار زۆرجار بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێت. لە یەکەم ھەفتەی دەستپێکردنی (١٧ی شوباتی ٢٠١١)، لە ئەنجامی قسەی ئازاد ئێن ئاڕ تی سووتێنرا، بەڵام شاسوار دووبارە دروستیکردەوە و تەنانەت بەھێزتر ھاتەوە. دوایی دوو ساڵ و لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ ھەوڵی کوشتنی خاوەن و دامەزرێنەری ئێن ئاڕ تی، شاسوار عەبدولواحید درا، بەڵام قاچی بریندار بوو. لەوەتەی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئێن ئاڕ تی سەرکەوتوو بوو، دوو کەناڵی تەلەڤیزیۆنی زیادکران بۆ ناوەکانی NRT2 و ئێن ئاڕ تی عەرەبی. نووسینگەی سەرەکیی لە سلێمانییە، ھەروەھا نووسینگەی لە ھەولێر، بەغداد، برۆکسل، پاریس، لەندەن، واشنتۆن، دیاربەکر و زیاتریش ھەیە.

لەرەلەری کەناڵ و بەرنامەکانی و ماوەی پەخش[دەستکاری]

لەرەلەری کەناڵ[دەستکاری]

تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆی نالیا لەسەر مانگی دەستکردی نایلسات دەستی بەپەخشکرد و لەرەلەرەکانی بریتی بوون لە:

  1. لەسەرەتادا بەلەرەلەری (١٠٩٤٩) بەرامبەر بە (٢٧٥٠٠) بە (V) دەستی بەپەخشکرد.
  2. دواتر بە لەرەلەری (١١٥٢٦) بەرامبەر بە (٢٧٥٠٠) بە (H) پەخشی دەکرد.
  3. پاشان بە لەرەلەری (١١١٥٨) بەرامبەر بە (٢٧٥٠٠) بە (v) پەخشی دەکرد.
  4. لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ەوە، بە لەرەلەری (١٢٥٢١) بەرامبەر بە (٢٧٥٠٠) بە (v) پەخش دەکات.
  5. لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٨ەوە، بە لەرەلەری (١٠٩٧١) بەرامبەر بە (٢٧٥٠٠) بە (H) پەخش دەکات.[٤]

ماوەی پەخش[دەستکاری]

لەسەرەتادا و لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١، لەکاتژمێر ٦ی ئێوارەوە تا وەکو ١١ی شەو پەخشی بەرنامەکانی دەکرد، کەتا سووتانی بەردەوام بوو. لەکاتی دووبارەکردنەوەیدا لە کاتژمێر ٣ی ئێوارەوە تاوەکو ١٢ی شەو بەردەوام دەبوو. دواتر لەکاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ تا ٧ی بەیانی پەخشی بەرنامەکانی دەکرد و ئەمە تاوەکو ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ بەردەوام بوو. لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢دا پەخشی بەرنامەکانی بوو بە ٢٤ کاتژمێر.

لە بەرنامەکانی[دەستکاری]

ناوی بەرنامە
ھاوڵاتی و دەسەڵات
دووجار بیربکەوە
١٨٠
بێ سنوور
بێ سۆراغ
سەکۆ
تاوتوێ
ڕووداو و مێژوو

گۆڕینی سیستەمی پەخش بۆ HD[دەستکاری]

دوای ئەوەی لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ەوە، کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەستی بە پەخش کرد بۆ ماوەی ٤ ساڵ بەسیستەمی SD لەپەخش بەردەوام بوو. بۆ نوێکردنەوە و گۆڕینی لایەنی تەکنیکی و سیستەمی پەخش بۆ HD و کردنەوەی خولی پێگەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی کارمەندەکانی بڕیاریدا بۆ ماوەی ٩٠ ڕؤژ پەخشی خۆی ڕابگرێت.

ڕاگرتنی پەخش لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ بەکاتی ھەولێر دەستی پێکرد و بڕیارە دوای ٩٠ ڕۆژ دەست بکاتەوە بەپەخشی ئاسایی خۆی بە سیستەمی HD.

ئێن ئێم سی[دەستکاری]

ئێن ئێم سی بریتییە لە:

  1. ئێن ئاڕ تی ئێچ دی: کەناڵی ھەواڵ سەتەلایت کە پەخش بە کوردیی ناوەندی و کوردیی کرمانجی دەکات، کە لە ٢٠١٠ دامەزراوە.
  2. ئێن ئاڕ تی ٢: کەناڵی ھونەر و خێزانی، کە لە ٢٠١٢ دامەزراوە.
  3. ئێن ئاڕ تی عەرەبی: کەناڵی ھەواڵ سەتەلایت، کە لە ٢٠١٦ دامەزراوە.
  4. ئێن ئاڕ تی میدیای ژمارەیی: بەشێکی ئێن ئاڕ تی شەش وێبسایت بەڕێوە دەبات و سێ بەرنامەی مۆبایل، کە لە ٢٠١١ دامەزراوە.
  5. نالیا ئێف ئێم: ڕادیۆ مۆسیقای پەخشی ئێستگە و ھەواڵ، کە لە ٢٠١٠ دامەزراوە.
  6. نالیا میدیا پەیمانگا: پەیمانگایەکی ڕاھێنانی تیشک خستنەسەر پیشەی میدیا، کە لە ٢٠١٥ دامەزراوە.
  7. میدیای پام: کۆمپانیایەکی بەرھەمھێنان کە ڕاگەیاندن بەرھەم دەھێنێت بۆ بەرھەم یان خزمەتگوزاریی بازرگانی، کە لە ٢٠١٤ دامەزراوە.

گەشتی ھەواڵەکان[دەستکاری]

  • سەری ھەموو کاتژمێرێک کورتەی ھەواڵەکان.
  • کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ و ٨ی شەو و ١٢ی شەو و ٣ی بەیانی گەشتی ھەواڵەکان بە کوردیی سۆرانی.
  • کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ و ٥ی شەو و ٥ی بەیانی گەشتی ھەواڵەکان بە کوردیی باکووری.

پەخشی عەرەبی[دەستکاری]

ڕۆژی ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦، لەڕێگای کردنەوەی کەناڵێکی دیکەوە بەفەرمی پەخشی ئێن ئار تی عەرەبی دەستی بەوەشانی خۆیکرد کەبەرنامەکانی بە زمانی عەرەبین.

داخستنیی کەناڵەکە[دەستکاری]

بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی ئێن ئاڕتی (٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠) ڕایگەیاند، کاتژمێر ٢:١٥ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێزێکی ئەمنیی ھەڵیکوتایە سەر ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکەمان و پەخشی کەناڵەکەیان ڕاگرت و پاش ئازاردانێکی زۆری کارمەندێکی خەفەری پەخشی کەناڵ، دەرگای کەناڵەکەیان داخست و ھێزێکیشیان لەبەردەم کەناڵەکەدا جێگیر کردووە.[٥]

پێشتریش وەزارەتی ڕۆشنبیریی ھەرێم لەبارەی داخستنی کەناڵەکەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و (٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠) ڕایگەیاند، لەبەر پابەندنەبوونی کەناڵی ئێن ئاڕتی بە ڕێنمایی تایبەت بە ڕێکخستنی بواری میدیای بیستراو و بینراو، بەتایبەتی ھەڵسوکەوتکردنی نابەرپرسانەی لەم کاتەدا کە دوورە لەیاسا و لۆژیک ئەو کەناڵە دادەخرێت.

بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ئەوەی گوایە کەناڵەکە پابەندی ڕێنمایییەکان نەبووە، بڕیاری داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی تاوەکو ھەفتەیەکی دیکە درێژکردووەتەوە.

نوسراوی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ کەناڵی ئێن ئاڕتی

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ئاوات عەلی: ئێن ئاڕ تی کەناڵی ھەموو خەڵکە و لە حزب و خودی شاسوار عەبدولواحیدیش گەورەترە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی سەنتەری میترۆ، ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  2. ^ شاسوار عەبدولواحید مووچەی کارمەندانی NRT بڕیوە و گوتوویەتی کێ ڕازی نییە با بڕوات، ماڵپەڕی باسنیوز، ٣١ی ئازاری ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
  3. ^ شاسوار عەبدولواحید دەستوەردانی کردووە ھەوڵی کەناڵی ئێن ئاڕتی بۆ گێڕانەوەی کارمەندە ناڕازییەکان شکست دەھێنێت ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی شارپرێس، ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  4. ^ "فریکوێنسی ئێن ئاڕ تی و ئێن ئاڕ تی ٢ گۆڕدرا". ئێن ئاڕ تی. Archived from the original on 25ی Mayی 2018. Retrieved 25ی Mayی 2018. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help)
  5. ^ "داخستنیی کەناڵی ئێن ئاڕتی". NRT.TV. ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)CS1 maint: url-status (link)

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]