ئێل کلاسیکۆ (فیلم)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئێل کلاسیکۆ El clásico
دەرھێنەرھەڵکەوت مستەفا
بەرھەمھێنەرھەڵکەوت مستەفا
نووسینھەڵکەوت مستەفا
Anders Fagerholt
مۆسیقاTrond Bjerknes
وێنەگری سینەماییKjell Vassdal
دەستکاریInge-Lise Langfeldt
ستۆدیۆ(کان)ھێنێ فیلمز
ڕێکەوتی دەرچوون١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦ (باشووری کوردستان)
وڵاتباشووری کوردستان
نەرویژ
زمانکوردی

ئێل کلاسیکۆ (بە ئیسپانی: El clásico) فیلمێکی ٢٠١٥ی کوردییە لە جۆری دراما. فیلمەکە لەدەرھێنانی ھەڵکەوت مستەفایە. ھەریەکە لە وریا ئەحمەد و دانا ئەحمەد ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. ڕۆژی ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە جەژنی قوربان لە سینەماکانی باشووری کوردستان نمایش کرا. بەرلەوەش بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی جیھانیی وڵاتانی دەرەوە کردووە. فیلمی ئێل کلاسیکۆ بەربژێری عێراقە بۆ باشترین فیلمی بیانی بۆ خەڵاتی ئۆسکار.[١][٢]

چیڕۆک[دەستکاری]

ئالان (وریا ئەحمەد) کورتەباڵایەکی چایەچییە کە لە گوندێکی ھەورامان دەژی وە لەخۆشەویستیدایە لەگەڵ کچێک بەناوی گۆنا (ڕۆژین شەریفی)، ئالان چەندین ساڵە پارە کۆدەکاتەوە بۆ کڕینی خانوویەک لە گوندەکەی بۆئەوەی خۆی و گۆنا بەیەکەوە ھاوسەرگیری بکەن و لەوێدا بەیەکەوە بژین. باوکی گۆنا ھاندەری یانەی ڕیاڵ مەدریدە و کلاشێکی کوردی بەلۆگۆی یانەکە درووستکردووە و ھیوای ئەوەی ھەیە ڕۆژێک بێت ئەم کلاشە بداتە یاریزانێکی ئەو یانەیە ئەویش کریستیانۆ ڕۆناڵدۆیە لەشەوی یاری کلاسیکۆدا، ئالان لەچایەخانەکەی یارییەکە لەڕیگای شاشەی تەلەفزیۆنەوە دەگووازێتەوە و خەڵکی گوندەکە ئامادەدەبن و یەکێکیش لەوانە باوکی گۆنایە کە ئالان ئەو کارەی کرد بۆئەوەی دڵی باوکی گۆنا بەدەستبھێنێت بەڵام بەدۆڕاندنی تیمی دڵخوازەکەی (ڕیال مەدرید) ئەوشەوە باوکی گۆنا تووڕەدەبێت و ھەرھەمان شەو ئالان پەیوەندی خۆی و گۆنا بۆ باوکی خۆشەویستەکەی ئاشکرادەکات، ئەمەش باوکی گۆنا زۆرتر تووڕەدەکات و سووکایەتی بە باڵاکەشی دەکات و دواتر برای ئالان کەناوی شیروان (دانا ئەحمەد) لەماڵ و کارەکەی دەردەکات. ئەمکارەی باوکی گۆنا وا لە ئالان دەکات کە بیرۆکەیەکی بۆبێت بۆئەوەی دڵی ئەو بەدەستبھێنێت و بەھاوسەرگیرییەکەی خۆی و گۆنا ڕازیبێت.

بیرۆکەکەی ئالان بریتییە لە بردنی کلاشە کوردییەکەی کەلۆگۆی ڕیال مەدریدی لەسەرە بۆ لای کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و بۆئەمەش لەگەڵ براکەی دەچنە شاری بەغدا بۆئەوەی لەوێوە بچنە مەدرید بەڵام ڕێکارەکانی چوونە مەدرید بۆئەوان دژواردەبێت بۆیە پەنادەبەن بۆڕێگای نایاسایی بۆگەیشتن بە مەدرید بەڵام لەھەنگاوی یەکەمییان ڕێگرییان لێدەکرێت لەلایەن چەتە و ڕێگرەکان و پارە و ڤیزا ساختەکانییان لێوەردەگرن، دواتر ئالان و براکەی کۆڵنادەن ئەمجارەیان بۆ چوونە مەدرید ئەوا ئالان گورچیلەکەی خۆی دەفرۆشێت و بەمەش دەگاتە مەدرید و کلاشەکەی دەدات بە ڕۆناڵدۆ و دواتر لەڕێگای تەلەفزیۆنەوە ڕۆناڵدۆ داوا لەباوکی گۆنا دەکات کە ڕازی بێت بەو ھاوسەرگیرییە. شۆکبوونی باوکی گۆنا بەو کارەی ئالان کردی ئەوا وایلێدەکات ڕازبێت بە ھاوسەرگیری کچەکەی و ئالان.

بەشداربووان[دەستکاری]

  • وریا ئەحمەد بەڕۆڵی ئالان
  • دانا ئەحمەد بەڕۆڵی شیروان
  • کامەران ڕەئووف بەڕۆڵی جەلال
  • ڕۆژین شەریفی بەڕۆڵی گۆنا

فیستیڤاڵەکان[دەستکاری]

بەرلەوەی لە جێژنی قوربانی ٢٠١٦ لە کوردستان نمایشکرێت، ئەوا فیلمەکە بەشداریکردووە لەچەندین فیستیڤاڵی دەرەکی لەوانە.[٣]

  1. فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی دوبەی (٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥).
  2. لە وڵاتی نەرویژ لە ٢٦ی شووباتی ٢٠١٦.
  3. لە فیستیڤاڵی فیلمی (Tribeca) لە ئەمریکا لە ڕۆژی ١٦ی نیسانی ٢٠١٦.[٤]
  4. لە فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی لە میونشن لە ئەڵمانیا لەڕۆژی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٦ نمایشکراوە.
  5. لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠١٦ لە فیستیڤاڵی شاری فیلمی تراڤیرسی نمایشکراوە.
  6. لە٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سلێمانی نمایشکراوە.

نمایشکردن لە کوردستان[دەستکاری]

فیلمەکە لەجەژنی قوربانی ٢٠١٦ لە سینەماکانی باشووری کوردستان لە ھەولێر، سلێمانی و دھۆک نمایشکرا و پێشوازییەکی باشی لێکرا.[٥]بلیتی فیلمی کلاسیکۆ بەرناکەوێ. لەکاتی نمایشکردنی لەجەژن ئەکتەرەکانیش لە سلێمانی و ھەولێر ئامادەبوون بۆئەوەی لەگەڵ بینەرانی فیلمەکە وێنەبگرن.

تێبینییەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Østbø, Stein (4 September 2016). ""El Clásico" blir Oscar-kandidat". Verdens Gang. Retrieved 4 September 2016.
  2. ^ Salazar, Francisco (5 September 2016). "Oscar 2017 Predictions: 'El Clasico' to represent Iraq at the Academy Awards". Latin Post. Retrieved 5 September 2016.
  3. ^ نمایشی فیستیڤاڵەکان.
  4. ^ لە فیستیڤاڵی فیلمی (Tribeca) لە ئەمریکا لە ڕۆژی ١٦ی نیسانی ٢٠١٦. ٩ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ بلیتی فیلمی کلاسیکۆ بەرناکەوێ ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ڕووداو.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]