یاساکانی داینامیکە گەرمی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

یاساکانی داینامیکە گەرمی (بە ئینگلیزی: Laws of thermodynamics) بریتیین لە چوار یاسای بنەڕەتی کە چەند بڕێک فیزیایی شیدەکەنەوە کە ئەوانیش بریتین لە (پلەی گەرمی، وزە، ئینتڕۆپی) کە سیستمەکانی داینامیکە گەرمی پێکدەھێنن. ئەم یاسایانە لە چۆنیەتی کاردانەوەی ئەم بڕانە دەکۆڵنەوە لە چەندین باردودۆخی جیاوازدا.[١]

چوار یاساکان بریتی لە:[٢][٣][٤]

  • یاسای سفری داینامیکە گەرمی: گەر سیستمی A ھیچ بڕە گەرمیەک ئاڵوگۆڕنەکات لەگەڵ سیستمی B وە لە پلەی گەرمی یەکساندابن، وە لەلایەکی تریش سیستمی B پلەی گەرمیەکەی یەکسان بێت لەگەڵ سیستم C، دەتوانین بڕیاربدەین پلەی گەرمی سیستمی A یەکسانە لەگەڵ C.
  • یاسای یەکەمی داینامیکە گەرمی: کاتێک ھەندێ وزە لە شێوەی ئیش یا گەرمی داخڵی سیستمێک بێت یا لێی بچێتەدەر، کۆی گشتی وزەی ناوخۆیی سیستمەکە دەگۆڕێت بە شێوەیەک کە یاسای پاراستنی وزە تێیدا بەرقەرار بێت.
  • یاسای دووەمی داینامیکە گەرمی: لە گشت پڕۆسەیەکی داینامیکە گەرمیدا کۆی گشتی ئینتڕۆپی بەردەوام بڕێکی موجەبە.
  • یاسای سێیەمی داینامیکە گەرمی: بە نزم بونەوەی پلەی گەرمی سیستمێک بۆ سفری کێلڤەن، ئینتڕۆپی سیستمەکە مەیل دەکات بۆ سفر (جگە لە مەواێک نابەلوری وەک شوشە).

یاسای سفر[دەستکاری]

گەر دوو سیستم لە ھاوسەنگی گەرمی دابن لەگەڵ سیستمی سێیەم دا، کەواتە ئەم دوو سیستمە پلەی گەرمیەکانیان یەکسانە.[٥] گەر پلەی گەرمی A یەکسان بێ بە پلەی گەرمی B, وە پلەی گەرمی B یەکسان بێت بە پلەی گەرمی C, کەواتە پلەی گەرمی A یەکسانە بە پلەی گەرمی C. یەکێک لە بەکارھێنانی ئەم یاسایە بریتیە لە گەرمی پێو. لە ڕاستیدا ئەم یاسایە لە دوای سێ یاساکەی تر دۆزرایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە گشتیەن سەرەتاییتر بوو بۆیە بە بێ گۆڕینی پێشگری ئەوانیتر پێشگری سفری وەرگرت.

یاسای یەکەم[دەستکاری]

بڕی زیاد بوونی وزەی ناوخۆیی مسیستمێک داخراو بریتیە لەو بڕە وزەیەی کە دراوە بە سیستمەکە. بە واتایەکی تر ئەو بڕە گەرمیەی کە داخڵی سیستمەکە دەبێ بە موجەب، وە ئەو ئیشەی لە لایەن سیستمەکەوە ئەنجام دەدرێ بە سالب دادەنرێت:

 ΔUsystem= Q - W

لێرەدا Q بریتیە لە وزەی گەرمی زیاد کراو بۆ سیستم، W بریتیە لە ئیشە ئەنجامدراو لە لایەن سیستمەکە.

یاسای دووەم[دەستکاری]

یاسای دووەمی داینامیکە گەرمی ڕاڤەی پڕۆسەی ناپێچەوانە (irreversible process) دەکات. واتا بڕی ئینتڕۆپی سیستمێک دوای ھەر پڕۆسەیە یا سفر دەبێ یا زیادتر لە سفر: ΔS ≥ ٠ یەکێک لە بەکار ھێنانی ئینتڕۆپی بریتیە لە دیاری کردنی ئاڕاستەی پڕۆسە فیزیایی و کیمیاییەکان. بۆ نمونە گەر وا دابنێین گەرمی لە پەرداغێک چای گەر دەردەچێ، پێوانەکردنی ئینتڕۆپی بە موجەب دەردەچێ، بەڵام گەرھاتوو گریمانەکەمان پێچەوانە کردەوە بڕی ئینتڕۆپی حیساب کراو بە سالب دەردەچێت کە پێچەوانە یاسای ددەمی داینامیکە گەرمیە. بۆیە ئەم یاسایە گرنگە بۆ دیاری کرنی ڕوودان و ڕوونەدانی سروشتی پڕۆسە فیزیایی و کیمیاییەکان.

یاسای سێیەم[دەستکاری]

لە پلەی گەرمی سفری کێلڤن دا ماددە پێویستە لە کەمتری وزەی ناوخۆیی خۆیدا بێت. واتا بۆ ماددەیەک کە لە بەلورێکی بێگەرد پێکھاتبێ لە سفر کێلڤن ئینتڕۆپی یەکسان دەبێ بە سفر.

پەڕاوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Laws_of_thermodynamics
  2. ^ Chris Vuille; Serway, Raymond A. ; Faughn, Jerry S. (2009). College physics. Belmont, CA: Brooks/Cole, Cengage Learning. p. 355. ISBN 978-0-495-38693-3.
  3. ^ Guggenheim, E.A. (1985). Thermodynamics. An Advanced Treatment for Chemists and Physicists, seventh edition, North Holland, Amsterdam, ISBN 0-444-86951-4.
  4. ^ Kittel, C. Kroemer, H. (1980). Thermal Physics, second edition, W.H. Freeman, San Francisco, ISBN 0-7167-1088-9.
  5. ^ Guggenheim (1985), p. 8.

سەرچاوەکان[دەستکاری]