وزەی ئاو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پەروانەیەکی بەرھەمھێنی وزەی کارەبا بەھۆی وزەی ئاو لە بەریتانیا

وزەی ئاو بەو وزەیە دەوترێت کە لە بزووتنی ئاو وەردەگیرێت. وشەی Hydro وشەیەکی یۆنانییە و بە مانای ئاو دێت. ئاو جگە لەوەی سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ژیانی مرۆڤ و گیانەوەر و ژیانەوەی زەوی، لە ھەمان کاتدا سەرچاوەیەکی سەرەکیشە بۆ بەرھەمھێنانی وزەی پاک. وزەی ئاو بەیەکێک لە وزە نوێبووەکان دادەنرێت کە بڵاوترین جۆریانە. لە دێر زەمانەوە ئاو سەرچاوەیەکی گرنگی بەرھەمھێنانی وزە و ھێز بووە. ھەروەھا بۆ جووڵاندنەوەی ئامێرە میکانیکیەکان و ھاڕینی دانەوێڵە بەکار ھاتووە، لە ئێستاشدا بەھۆی دروستکردنی بەست و بەنداوەوە توانراوە سوود لە وزەی ئاو وەربگیرێت، یەکەمین بەکارھێنانی کرداریی و زانستی ئاو بۆ مەبەستی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٨٢. ھاوکات لە ئێستادا وزەی ئاو بەڕێژەی ٢٠٪ بەشدارە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە لە جیھاندا. لەم سۆنگەیەشەوە کیشوەری ئاسیا خێراترین ناوچەی گەشەسەندنی وزەی ئاوە، بە جۆرێک کە لە وڵاتی چین گەورەترین وێستگەی وزەی ئاو دامەزراوە. سوودە ژینگەیییەکانی وزەی ئاو خۆی دەبینێتەوە لەوەی کە (دەبێتە ھۆی کەم بەکارھێنان و پاشەکەوتکردنی سووتەمەنی پاشماوە بەبەردبووەکان، نابێتە ھۆی پیسکردنی ژینگە چونکە ھیچ جۆرە گازێکی ژەھراوی لێناکەوێتەوە و چەندان سوودی تر).[١]

وزەی ھەڵکشان و داکشانی ئاوی دەریا (Wave Energy)ئەمیش شێوەیەکی تری سوودوەرگرتنە لە وزەی ئاو ئەم جۆرە وزەیە لە ئەنجامی ھەڵچوون و داچوونی ئاوی دەریا و زەریاکانەوە پەیدا دەبێت. ئەمەش بەھۆی ھێزی کێشکردنی خۆر و مانگەوە دروست دەبێت، کاتێک کە مانگ لەزەوی نزیک دەبێتەوە کاریگەری گەورە دەکاتە سەر ھەڵچوون و داچوونی ئاوی دەریاکان، لەبەرئەوەی ٧١ ٪ی ڕووبەری گۆی زەوی ئاو دای پۆشیوە. بە مەبەستی دەستکەوتنی ئەم جۆرە وزەیەش گونجاوترین شوێن نزیک ڕێژگەی دەریاکان و کەنارەکانیانە، چونکە ھێزی ھەڵکشان و داکشانیان زۆرە. لەم سۆنگەیەوە زانا بەریتانییەکانی بواری وزە نوێبووەکان لەباکوری ڕۆژاوای بەریتانیا و باکووری سکۆتلەندا توانیان وزەیەکی زۆر لەم ڕێگەیەوە بەدەست بھێنن و بەمەبەستی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا سوودی لێوەربگرن، ئەمەش لەڕێگەی دوستکردنی دیوار یاخود ڕاگرێک بە درێژایی کەنارەکان و کاتێک ئاستی ئاوی دەریاکە بەرز دەبێتەوە (ھەڵدەکشێت) بەو تۆڕباینانەدا تێپەڕدەبێت کە لە ناو دیوارەکەدا دانراوە، و کاتێکیش ئاستی ئاوەکە نزم دەبێتەوە دووبارە بەو تۆڕباینەدا تێپەڕ دەبێتەوە، وزەی کارەبا بەرھەم دێت. ئەم جۆرە وزەیە سەرچاوەیەکی پاکە و ژینگەپارێزە، چونکە ھیچ جۆرە پاشماوە و گازرێکی مەترسیداری نییە و، ھەروەھا جێگەی سووتەمەنی شل دەگرێتەوە، و لە ھەمان کاتیشدا بڕی تێچوون و کارپێکردن و چاککردنەوەی لە کاتی لەکارکەوتنیدا کەمە.[٢][٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Hydropower Basics". Energy.gov (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-05-01.
  2. ^ "Hydroelectric Energy". education.nationalgeographic.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-05-01.
  3. ^ "Types of Hydropower Plants". Energy.gov (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-05-01.