ھێرشەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ی پاریس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھێرشەکانی تشرینی دووەم/تشرینی دووەمی ٢٠١٥ پاریس زنجیرە ھێرشێک بوون لە ئێوارەی ١٣ی تشرینی دووەم/تشرینی دووەمی ٢٠١٥ دەستی پێکرد تاکو دوای نیوەشەوی خایاند، لە چەند شوێنێکی جیاوازی پاریسی پایتەختی فڕەنسی. ئامانجی ھێرشەکان کوشتنی زۆرترین ژمارەی خەڵک بووە، ھەروەھا یەکێکیش لە ئامانجە سەرەکیەکانی ھێرشەکە، ھێرشکردن بووە بۆ سەر یاریەکی تۆپی پێی نێوان فڕەنسا و ئەڵمانیا کە سەرۆک کۆماری فڕەنساش فرانسوا ئۆلاند یەکێک بووە لە ئامادەبووانی یاریەکە. ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەم میدیاکان ڕایانگەیاند بە لای کەمیەوە ١٢٨ کەس لە ھێرشەکاندا کوژراون و دواتر یەکێک لە بریندارەکانیش مرد و بەمەش ژمارەی کوژراوەکان بووە ١٢٩ کەس و ھەروەھا پتر لە ٣٥٠ کەسیش بریندار بوونە کە ٩٠یان برینیان سەخت بووە و لە رۆژی دووشەممە، واتە ١٦ی تشرینی دووەم، تەنھا ٤٠ بریندار ھێشتا ژیانیان لە مەترسیدا بووە، واتە دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان زیاد بکات. ھێرشبەرەکان ھەشت کەس بوونە، لەوانە حەوتیان کوژراون، شەشیان بە پشتینەی تەقێنەر خۆیان تەقاندۆتەوە و تەنھا یەک لە ھێرشبەرەکان بەر لەوەی پشتێنە تەقێنەرەکەی بتەقێنێتەوە، بە گوللەی ھێزە دژە تێرۆرەکان لە ھۆڵی «باتاکلان» کە ھۆڵێکی شانۆ و کۆنسێرتە لە پاریس، کوژرا. کوشندەترین ھێرشەکان، ئەوەی ئەو ھۆڵە بووە کە نزیکەی ١٤٠٠ کەس ئامادەی کۆنسێرتی گروپێکی موزیکی «رۆک» ی ئەمریکی بوونە. کۆماندۆی ھێرشبەرەکانی سەر ئەم ھۆڵە سێ کەس بوونە. تەنھا یەک لە ھێرشبەرەکان ڕای کردووە و ناسنامە و وێنەی کەشف بووە و ئینتێرپۆل بە دوایدا دەگەڕێت. ناوی ڕاکردووەکە (صلاح عبدالسلام) ە و دوای ئەنجامدانی ھێرشەکان تەلەفۆنی بۆ چەند کەسێکی دۆستی خۆی کردووە و لە بێلجیکاوە بە دوایدا ھاتوون و بردوویانەتەوە ئەو وڵاتە، نەچۆتەوە ماڵی خۆی، بەڵکو خۆی شاردۆتەوە.

ھەر ھەشت ھێرشبەرەکان بە ئەسڵ عەرەب بوونە و زۆربەیان ھاوڵاتینامەی فڕەنسی و بێلجیکییان ھەبووە، تەنھا یەکێکیان خەڵکی سوریایە و لێکۆڵینەوەکان دەڵێن کە لەگەڵ پەنابەرانی سوریەوە بە یۆنان و وڵاتانی بالکاندا خۆی گەیاندۆتە بێلجیکا و فڕەنسا بۆ کاری تیرۆریستی. وە گومان دەکرێت، ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" بە سەتان کەسی خۆی لەگەڵ کاروانی پەنابەرانی سوری ناردبێتە ئەورووپا بۆ کاری تیرۆریستی، بەڵام ئەمە تەنھا گومانە و دووریش نیە پرۆپاگەندەیەکی ڕاسترەوەکان بێت بۆ ئەوەی دەرگای پەنابەری لە سەر پەنابەرانی سوری دابخرێت. گومان دەکرێت، داڕێژەری پلانی ھێرشەکانی پاریس، کەسێک بێت بە ناوی (عبدالحمید اباعود) کە خەڵکی بێلجیکایە و بە ئەسڵ عەرەبە و تەمەنی ٢٨ ساڵە و لە ٢٠١٣ەوە لە سوریایە لە ڕیزی گروپی "دەوڵەتی ئیسلامی". ئەو کەسە ھەمان شەوی ھێرشەکان لە شوێنێکی نزیک یەکێک لە ھێرشەکان بە کامێرای چاودێری وێنەی گیراوە. ئەو کەسە ناوی دەمێکە ناوی لە لیستی تیرۆریستە خەتەرەکان ھاتووە کە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ڕۆژئاوایی. ئەوە بوو بەرەبەیانی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، لە شوقەیەک لە گەڕەکی سەن-دونی لە باکوری پاریس، پۆلیسی دژە تێرۆر توانیان سێ تیرۆریست بکوژن کە دوویان پیاو بوون و ئەوی دیکەیان ژن. دواتر، بە پەنجەمۆر دەرکەوت کە یەکێک لە کوژراوەکان عەبدولحەمید ئەباعودە، کە بێ گومان بۆ جیھاد ھاتبۆوە ئەورووپا. سەرۆکی فڕەنسی، فڕانسوا ئۆلاند، ڕۆژی شەممە، ڕێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"ی تاوانبار کرد، وە ڕێکخراوەکەش نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ، خۆی لە ھێرشەکان کردە خاوەن و ھەڕەشەی کردەی زیاتریشی لە فڕەنسا کرد کە دەوڵەتێکی بەشدارە لە جەنگ لە دژی "تێرۆریزم" لە ئەفریقا و وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.[١] فڕانسوا ئۆلاند، ھەروەھا گوتی کە پلانی ھێرشەکان لە دەرەوەی فڕەنسا داندراون و لە ناوەوەی وڵاتیش ئاسانکارییان بۆ کراوە. ئەم ھێرشە تێرۆریستیانەی تشرینی دووەمی پاریس، لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە، بە گەورەترین ھێرش دادەندرێن بۆ سەر خاکی فڕەنسا. سەرۆکی فڕەنسی، فڕانسوا ئۆلاند، دۆخی ناکاوی ڕاگەیاند، واتە وڵات لە مەترسی و لە حاڵەتی جەنگدایە. ھەروەھا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، ماتەمەینی نیشتیمانی ڕاگەیندرا. وە وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەم ڕووداوە، دەیان وڵات دەم و دەست ھەستی خۆیان دەربڕی و ھاوخەمیی خۆیان بۆ وڵاتی فڕەنسا و فڕەنسیەکان دەربڕی، لە پێش ھەموویان سەرۆکی ئەمریکی، باراک ئۆباما بوو کە وەک ھاوخەمیەک، سێ وشەی بە زمانی فڕەنسی گوتەوە، کە دروشمی شۆڕشی فڕەنسین و ئێستاش دروشمی دەوڵەتی فڕەنسایە "لیبێرتێ، ئێگالیتێ، فراتێرنیتێ" واتە ئازادی، یەکسانی، برایەتی. ھۆیەکانی ھێرشکردنە سەر فڕەنسا: فڕەنسا زۆر بێزراوە لای گروپە جیھادیەکان لە بەر چەند ھۆیەک: قەتل عامی جەزائیریەکان لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابوردوو؛ داگیرکردن و کوشتنی خەڵک لە ولاتانی ئیسلامی لە ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست؛ بەشداریکردن لە جەنگ لە دژی قاعیدە و تاڵیبان لە ئەفغانستان و کوشتنی موجاھیدان و خەڵکی سیڤیل (منداڵ و ژن و پیر و کاسبکار و گوندنشینان) بە فڕۆکەی "درۆن" واتە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و بە ریمۆت کۆنترۆل، بە دوگمەیەک سەدان کەس لە ژیان بێبەش دەکرێن؛ بەشداریی ئێستای فڕەنسا بە فڕۆکە و ناردنی چەک بۆ پێشمەرگە لە دژی گروپی "دەوڵەتی ئیسلامی" و کوشتنی سەتان چەکدار و خەڵکی سیڤیلی ناوچەکانی بن دەستی ئەم رێکخراوە، وە بەم دواییەش فڕۆکە فڕەنسیەکان بەشداریەکی چالاکیان ھەبووە لە بۆمببارانکردنی ناوچەکانی بن دەستی ئەم رێکخراوە توندڕەوە؛ فڕەنسا ناسراوە لە مێژوودا بە شاڵاوە خاچپەرستیەکان لە ھەزار ساڵ پێش ئێستا، وە بە سیستەم و فکری عەلمانیەت (سێکولاریزم) یان (لاییسیتێ) و بڵاوکردنەوەی ئەم فکرە لە وڵاتانی ئیسلامیدا، وە لە ناوەخۆی فڕەنساش، حکومەت دژایەتیی حیجاب و نیقابی کردووە و قەدەغەی کردووە، بێ گومان بە ھۆی عەلمانیەت کە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتە، وە کچان و ژنانی نیقابپۆش، ھەندێک جار حیجابپۆشیش ڕێگرییان لێ دەکرێت بچنە شوێنە گشتیەکان وەک قوتابخانە و دامودەزگا حکومی و گشتیەکان. ھەروەھا کاریکاتێر لە سەر پێغەمبەری ئیسلام، ئەمانە ھەمووی فڕەنسایان کردۆتە "شەیتان" لە بەر چاوی ھەردوو ڕێکخراوی "قاعیدە" و "دەوڵەتی ئیسلامی". ھەروەھا، فڕەنسا زۆر نزیکترە بۆ جیھادیەکان لە چاو ئەمریکا، واتە بە ئاسانی دەتوانن خۆیان بگەیەننە فڕەنسا، جگە لەمەش، نزیکەی شەش میلیۆن موسڵمان (چواریان عەرەبن) لەو وڵاتە دەژین، زۆربەیان بە ڕەچەڵەک جەزائیرین و بەشێکیان رقێکی لەمێژینەیان ھەیە بەرامبەر بەو وڵاتە، بە تایبەتی گەنجان کە لە ماڵەوە گوێیان لە باوک و دایک و باپیر و داپیریان بووە کە چۆن تاوانەکانی سوپا و پۆلیس و دەزگا ئاسایشیە فڕەنسیەکانی سەردەمی کۆلۆنیالیزم و ھەروەھا سەردەمی جەنگی جەزائیر (١٩٥٤–١٩٦٢) دەگێڕنەوە و بەم ھەستەی رق و تۆڵەوە پەروەردە بوونە. مێژووی جەنگی جەزائیر و تاوانەکانی جەنگ پەنجا شەست ساڵێک لەمەوبەر بوون، وێنە و ڤیدیۆ ھەن کە چۆن سەربازی فڕەنسی سەری جەزائیریەکانیان بڕیوە و وێنەیان لەگەڵ کەللەسەری بڕاودا گرتووە بۆ یادگاری، ئەم وێنانە لە سەر ئینتێرنێت ھەن. شایانی باسە کە زۆر جاران ئەو دوو ڕێکخراوە توندڕەوە تیرۆریستە لە گوتارەکانیاندا ئاماژە دەکەن بە مێژوو و عەلمانیەت و بەشداریی فڕەنسا لە جەنگی "دژی موسڵمانان".

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان[دەستکاری]

لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی فەیسبوک و تویتەر خەڵکانێکی زۆر ھاوخەمییان بۆ ڕووداوەکەی پاریس ڕاگەیاند و لۆگۆیەکی ڕەشی بورجی ئێفێلیش تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی تەنیەوە و لەپاڵ ئەوەش خەڵکی نزایان بۆ پاریس دەکرد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]