کاتەگۆری (کانت)
لە فەلسەفەی ئیمانوێل کانتدا، کاتەگۆری یا وتەزا بە ھەر کام لە چەمکە پەتییەکانی ھێزی تێگەیشتن دەوترێ، یانی ئەو چەمکانەی کە پێشینین و بە دەرھەستکردن و داڕووتاندنی ئەزموونە ھەستییەکان بە دەست نەھاتوون. ئەو چەمکانەی کە ھەرگیز ھیچ ئۆبژەیەک کە ھاودەق و ھاوتایان بێ لە ئەزمووندا نادۆزرێتەوە. چەمکی «پشیلە» چەمکێکی ئەزموونییە، چونکە پشیلە دەبینرێ و لە ئەزمووندا دەدۆزرێتەوە، بەڵام، چەمکی «بە ھۆی ئەوە کە ...» ئەزموونی نییە.[١]
لە ڕوانگەی کانتەوە، بەکارھێنانی چەمک دەرکردنی حوکمە بەو چەمکە.[٢][٣] لە بەر ئەوەی کە ھێزی تێگەیشتن ھێزی بەکارھێنانی چەمکەکانە، دەکرێ بڵێین ھێزی تێگەیشتن ھێزی دەرکردنی حوکمیشە. ئەگەر لەبارەی گیاندارێکەوە کە بۆی دەڕوانم بڵێم «ئەمە پشیلەیە»، ئاشکرایە کە چەمکی ئەزموونیی «پشیلە»م بە کار گرتووە تا ئەم حوکمە دەر کەم. مرۆڤ بێژمار چەمکی ئەزموونیی لە بەر دەستدایە تا بە ھۆیانەوە لە بابەت ئەوەی کە دەیبینێ و بەدیی دەکا قسە بکات. بەڵام، ئەوەی بۆ کانت گرنگ بوو چەمکە ئەزموونییەکان نەبوون، بەڵکوو چەمکە پێشینییەکان بوون، یانی چەمکە بنەڕەتییەکانی ھێزی تێگەیشتن.[١]
جۆرەکانی حوکم
[دەستکاری]کانت باوەڕی وا بوو کە تواناییی ھێزی تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ فکرکردنەوە لەبارەی ئۆبژە و ناسینی، لەو حوکمانەدا خۆی نیشان دەدا کە مرۆڤ لە بابەت ئۆبژەکەوە دەری دەکات و، بە قسە یا بە نووسراوە دەیدرکێنێ. کانت دەیوت «تواناییمان بۆ حوکمکردن ھاوسەنگی تواناییمانە بۆ فکرکردنەوە».[٣] حوکم ئەو فکرەیە کە شتێ بە خاوەنی چۆنایەتی یا تایبەتمەندییەکی تایبەت بزانرێ. بۆ نموونە، «ڕەنگی گوڵەباخ سوورە» حوکمێکە. کارێ کە کانت کردی ئەوە بوو کە ھات و حوکمەکانی لە ڕووی پێکھاتە لۆژیکییەکەیانەوە خستە ناو چوار پۆلی جیاجیاوە. لە ھەر پۆلێکیشدا سێ جۆر حوکمی لێکتر ناسیەوە و، بەو چەشنە دوازدە جۆر حوکمی دەسنیشان کرد.[٤][١]
چەندێتی
[دەستکاری]ھەر حوکمێ ناچارە دەبێ چەندێتییەکی ھەبێ. بۆ وێنە، ئەگەر حوکمەکە لەبارەی پشیلەکانەوە بێ، بەناچار دەبێ یا قسە لە ھەموو پشیلەکان بکا یا ھەندێ لە پشیلەکان یا پشیلەیەکی تاک و دیاریکراو. کەوایە، حوکم لە باری چەندێتییەوە یا ھەمەکییە (universal) یا ھەندەکییە (particular) یا تاکەکەسییە (singular).
چۆنێتی
[دەستکاری]حوکم دەبێ بەناچار چۆنێتیشی ببێ. یانی یا ئەرێنییە (affirmative)، وەک «ئەوە پشیلەیە»، یا نەرێنییە (negative)، وەک «ئەوە پشیلە نییە»، یا دوایینەھاتووە (infinite)، وەک «ئەوە ناپشیلەیە». کانت بەم جۆری دوایییە دەڵێ دوایینەھاتوو، لەبەر ئەوەی کە کاتێ دەوترێ «ناپشیلە» گیاندارەکە دەخرێتە ناو مەڵبەندێکی بێکۆتایییەوە کە پێک ھاتووە لە گشت شتانێ کە پشیلەیان پێ ناوترێ.
پەیوەندی
[دەستکاری]حوکم دەبێ خاوەنی پەیوەندی -ش بێ. یا لەپاڵدەرە (categorical، کاتەگۆریک، حەملی) وەک «ئەم پشیلەیە بۆرە»، یا مەرجدارە (hypothetical، گریمانەیی، شەرتی)، وەک «ئەگەر خۆر ھەڵھاتبێ، ڕۆژە»، یا لێکجیاکەرەوەیە (disjunctive)، وەک «یا زەوی بە دەوری خۆردا دەخولێتەوە یا خۆر بە دەوری زەویدا».
مۆد (لایەن یا دۆخ)
[دەستکاری]سەرەنجام ھەر حوکمێ دەبێ دۆخ یا لایەن (mode، وجە) -ێ بنوێنێ. یا لەوانەیە ڕاست بێ، یا بە واقیع ڕاستە، یا پێویستە کە ڕاست بێ. بە جۆری یەکەم دەڵێن گومانی یا مەسەلەدار (problematic)، وەک «لەوانەیە من نەوەد ساڵ عومر بکەم»، بە جۆری دووەم دەڵێن بڕاوە یا قۆماو (assertoric)، وەک «کانت لە ساڵی ۱۸۰۴دا مرد»، بە جۆری سێیەمیش دەڵێن پێویست (apodictic)، وەک «دوو و دوو دەبێ بە چوار».
کاتەگۆرییەکان
[دەستکاری]کانت ئەم دوازدە جۆر حوکمەی وەکوو ئامرازێک بە کار ھێنا بۆ دەرکێشان و ڕانانی کاتەگۆرییەکان. کانت پێی وا بوو لە بەرامبەر ھەر یەک لە جۆرەکانی حوکمدا دەتوانرێ کاتەگۆرییەک دابنرێ. بۆ وێنە، زانیمان حوکم لە باری چەندێتییەوە سێ جۆرە: یا ھەمەکییە یا ھەندەکییە یا تاکەکەسییە. ئەگەر من بڵێم «ھەموو پشیلەکان بۆرن» یا بە شێوەی گشتی ئەگەر بڵێم «ھەموو Aکان Bن»، یانی ئەگەر حوکمێکی ھەمەکی دەر بکەم، چەشنێ یەکیەتیم پێک ھێناوە، ھەموو Aکانم ھێناوەتە ژێر چەتری یەکیەتییەک. کانت بڕوای ئەوەیە کە ئێمە تەنیا لەبەر ئەوە دەتوانین ئەم کارە بکەین کە کاتەگۆری یا چەمکی پەتیی «یەکیەتی» بە کار دەبەین. ئەگەر ئەم کاتەگۆرییە نەدەبوو، بە ھیچ شێوەیەک تواناییی ئەوەمانە نەبوو حوکمێ دەر بکەین کە ھەموو Aگەلێکی بێژمار کە ھەن لە بن یەک چەمکدا دانێت. کەوابوو، کاتەگۆریی بەرامبەر بە حوکمی ھەمەکی، کاتەگۆریی یەکیەتییە.
ھەر بەم چەشنە، کاتەگۆریی بەرامبەر بە حوکمی ھەندەکی، کاتەگۆریی «فرەیی» یا «زۆرایەتی»یە. لە حوکمی «ھەندێ لە Aکان Bن» ئێمە ھیچ یەکیەتییەکمان پێک نەھێناوە، ھەموو Aکانمان کۆ نەکردووەتەوە و نەمانکردوون بە یەک شت. ھەڵبەت حوکمەکە لەبارەی Aیەکی تاک و تایبەتیشەوە نییە، بەڵکوو لەبارەی ھەندێ لە Aکانەوەیە. بە باوەڕی کانت چەمکێک کە بۆ لێکجیاکردنەوەی ھەموو Aکان لە Aیەکی تایبەت بە کار دەچێ چەمکی فرەیی -یە.
لە حوکمی «ئەم Aیە Bیە»شدا قسە لە تەواوی ئەم Aیە دەکرێ و کاتەگۆرییە پەیوەندیدارەکەی «تەواوێتی»یە.
لە باری چۆنێتیشەوە، حوکمەکان سێ جۆر بوون: ئەرێنی و نەرێنی و دوایینەھاتوو. کانت کاتەگۆرییەکانی ھاوتای ئەم سێ جۆرەی بەڕیز ئاوا ناو لێناوە: «ئەرێ» (یا واقیع)، «نەرێ» و، «سنوور». لە حوکمی دوایینەھاتوودا، یانی حوکمێ بە شێوەی «A ناBیە»دا، ئەو شتەی کە دەوترێ ئەوەیە کە A خاوەن مەڵبەندێکی دوایینەھاتووە کە بە ھۆی Bوە سنووردار دەکرێتەوە. بۆیە کاتەگۆرییە ھاوتاکەی دەبێتە کاتەگۆریی سنوور.
پۆلی پەیوەندی سێ جۆر حوکمی تیایە: لەپاڵدەر، مەرجدار و، لێکجیاکەرەوە. نموونەی حوکمی لەپاڵدەر «ئەم مێزە زەردە» یە. لێرەدا، شتێک (جەوھەر) و یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی (عەرەز) لە یەکتر جیا کراونەتەوە، تایبەتمەندییەک دراوەتە پاڵ شتێکەوە، ھەڵگیراوێ بە دانراوێ ھەڵگیراوە. کانت بە کاتەگۆرییەک کە لەم جۆرە حوکمانەدا تێدەگیردرێتەوە دەڵێ «جەوھەر و عەرەز». جەوھەر و عەرەز دوو چەمکی بنەڕەتیی ھێزی تێگەیشتنی مرۆڤن کە لە ڕێگای دەرھەستکارییەوە بە دەست نەھاتوون، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، بە یارمەتیگرتن لە چەمکی جەوھەر و عەرەزە کە ئەوەی لە ئەزمووندا دیاری دەدا لە شێوەی شت و تایبەتمەندیی شتدا فام دەکرێ.
حوکمی مەرجدار حوکمێکە بە شێوەی «ئەگەر A، ئەوکات B». دەرکردنی وەھا حوکمێک تەنیا بە ھاوکاریی چەمکەکانی «ھۆکار و بەرھۆ»وە دەستی داوە. ئەگەر ئەم چەمکانە نەبووایەن، تەنیا شتێ کە لێی تێدەگەیشتین و پێمان دەزانی بەشوێنیەکداھاتنی ڕووداوەکان بوو و ھەر ئەوە.
حوکمی لێکجیاکەرەوە دەڵێ «یا A ڕاستە یا B»، ئەمەش دوو مانای دەبێ، یەک، ئەوە کە ڕەنگە ھەردووکیان ڕاست بن، دوو، ئەوە کە ئەگەر یەکیان ڕاست بێ ئەوی تریان بێشک درۆ دەبێ. لە ھەر دوو مانادا، A و B بۆ یەکتر ڕاگیراون و بە سەر یەکترا کاریگەرییان ھەیە. بەم بۆنەوە کانت بە کاتەگۆریی ئەم جۆرە حوکمانە دەڵێ «ھاوبەشی».
سەرەنجام ئەوەی دەمێنێتەوە جۆرەکانی حوکمە لە ڕووی دۆخ و لایەنەوە. دەرکردنی حوکمی گومانی بەستراوە بە کاتەگۆریی «لواوی»یەوە.
لە حوکمی بڕاوە یا قۆماودا بڕوامان بە بابەتێک ھەیە کە نەتەنیا لواوە، بەڵکوو بەکردەوەش قەوماوە. کاتەگۆریی ئەم جۆرە حوکمانە «ھەبوون»ە. بە یاریدەی ئەم کاتەگۆرییەوەیە کە دەتوانین باوەڕ بەوە بکەین کە شتێ نەتەنیا لواوە، بەڵکوو ھەشە.
لە کۆتاییشدا دەڵێین ئەگەر کاتەگۆریی «پێویستی» نەبوایە نەماندەتوانی بڵێین بابەتەکە نەتەنیا بەکردەوە قەوماوە، بەڵکوو ڕوودانیشی پێویست بووە.
کاتەگۆری | کاتەگۆرییەکان | ||
---|---|---|---|
چەندێتی | یەکێتی | زۆرێتی | تەواوێتی |
چۆنێتی | واقیع یا ئەرێ | نەرێ | سنوور |
پەیوەندی | جەوھەر و عەرەز | ھۆ و بەرھۆ | ھاوبەشی |
مۆد | لواوی | ھەبوون | پێویستی |
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا ب Hartnack، Justus. Kant's theory of knowledge (بە فارسی). لەلایەن حدادعادل، غلامعلی وەرگێڕدراوە. pp. 32–48.
{{cite book}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ فروغی، محمدعلی (1398). سیر حکمت در اروپا. تهران: انتشارات زوار. pp. 417–420.
{{cite book}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ ئ ا Kant, Immanuel, Critique of Pure Reason, A 80
- ^ خوانساری، محمد. منطق صوری. p. 268.
{{cite book}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)