ھەڵگیراو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە لۆژیکدا، ھەڵگیراو (بە عەرەبی: محمول‎، بە ئینگلیزی: Predicate) بەو پارە لە قەزیە دەوترێ کە دەدرێتە پاڵ پارەکەی تری، یانی دانراو. وەک «لەگەڕ» لە قەزیەی «زەوی لەگەڕە». ھەڵگیراو چییەتی یان زاتی دانراو، یان بەشێک لە چییەتیی دانراو، یان یەکێک لە تایبەتیگەلی وەدیارکەوتووی دانراو (وەک چەندێتی، چۆنێتی، جێگە، یان …) ڕوون دەکاتەوە و وەکوو وەسفێک بۆ دانراو وایە. وەک ئەوە کە دەڵێن «زەوی ئەوەندە خێرایە»، «زەوی ئەوەندە قورسە»، «زەوی دوورییەکەی لە خۆر ئەوەندەیە» و، «زەوی تەمەنی ئەوەندەیە».

بە ھەر حاڵ، دانراو شتێکە کە لە پێشدا دادەنرێ و سەرنجی پێ دەدرێ و ئینجا سیفەتی جۆربەجۆری لەسەر بار دەکرێ. یان دەکرێ بڵێین وەکوو پاڵپشتێک وایە کە سیفەتەکان پاڵی پێوە دەدەن. ھەڵگیراویش ھەر یەک لەو سیفەتانەیە کە دەخرێنە سەری یان دەدرێنە پاڵی.

ھەڵگیراو ھەر ئەوەیە کە لە ڕێزماندا «موسنەد»یان «لەپاڵدراو»ی پێ دەڵێن.

تێکڕایییەکانی شیاوی ھەڵگیران (کوللیاتی خەمس)[دەستکاری]

دانراوی قەزیە دەتوانێ تاک (یا جوزئی) بێ، دەشتوانێ تێکڕایی (یا کوللی) بێ. بۆ وێنە، لە قەزیەی «ھیوا قسەکەرە» دانراو، واتە ھیوا، تاکە. بەڵام لە قەزیەی «ئینسان قسەکەرە» دانراو، واتە ئینسان، تێکڕایییە. بەڵام، ھەڵگیراو ھەمیشە تێکڕایییە. ئەم تێکڕاییبوونەش پێنج شێوەی ھەیە: یان ھەڵگیراو چییەتیی دانراو وەسف دەکا بەتەواوەتی، کە پێی دەڵێن نەوع، یان بەشێک لە چییەتیی دانراو وەسف دەکا و دەکرێ بە شتی تریش ھەڵبگیرێ، کە پێی دەڵێن جنس، یان بەشێک لە چییەتیی دانراو وەسف دەکا و بە ھیچی تر ھەڵناگیرێ، کە پێی دەڵێن فەسڵ، یان یەکێک لە سیفەتە عەرەزییەکانی دانراو وەسف دەکا، کە ئەگەر بە شتی تریش ھەڵبگیرێ پێی دەڵێن عەرەزی گشتی و، ئەگەر بە ھیچ شتێکی تر ھەڵنەگیرێ و ھەر تایبەت بە خۆی بێ پێی دەڵێن عەرەزی تایبەت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • خوانساری، محمد. منطق صوری. صفحه ٣٠١ و ٣٠٢.
  • Predicables