ڕووداو (فەلسەفە)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە فەلسەفەدا، ڕووداوەکان «ئۆبژەکان لە کاتدا» -ن یا «دەرکەوتن و خرانەڕووی تایبەتمەندییەکان لە ئۆبژەکاندا» -ن. بە پێی ھەندێ لە ڕوانگەکان، ئەوەی ڕووداو پێک دێنێ و بناخەی ڕووداوە، تەنیا گۆڕان و جووڵەیە، ئەویش لە شێوەی بەدەستھێنان یا لەدەستدانی تایبەتمەندییەک، بۆ نموونە، ژاکیان و سیسیانی گوڵ و گیا، ڕووداوێکە و گۆڕانێکیشە.[١] بەڵام، ڕوانگەی واش ھەیە کە پێی وایە تەنانەت نەگۆڕان و ھەروامانەوەی تایبەتمەندییەکانیش بۆ خۆی دەتوانێ ڕووداوێ بێ، بۆ نموونە، گەش و تەرچک مانەوەی گوڵ و گیا.[١][٢] زۆربەی جارەکان، لە ڕووی میتافیزیکەوە، ڕووداوەکان بە تاک و تایبەت دەناسێندرێن، یانی پێچەوانەی تێکڕایییەکان، ناتوانن لە کاتێکی تردا دووپات ببنەوە.[٢] پێڤاژۆ یا پرۆسە خۆی ڕووداوێکی ئاڵۆزە کە لە پاشیەکییەک لە ڕووداوگەلی سادەتر پێک ھاتووە.[٣] ھەرچەند، خودی ڕووداوە سادەکانیش دەکرێ لە گوێن ھەبوویەکی ئاڵۆز ڕەچاو بکرێن کە، ئۆبژەیەک و کاتێک و ئەو تایبەتمەندییەی کە لەو کاتەدا لەو ئۆبژەیەدا وەک نموونە دەردەکەوێ، ھەر سێک، پێکەوە دەگلێنێ.[٤][٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Honderich, Ted (1995). Honderich, Ted (ed.). The Oxford Companion to Philosophy. New York: Oxford University Press.
  2. ^ ئ ا Kim, Jaegwon; Sosa, Ernest; Rosenkrantz, Gary S. (1994). A Companion to Metaphysics. Malden, MA: Wiley-Blackwell.
  3. ^ Craig, Edward (1996). Routledge Encyclopedia of Philosophy: Genealogy to Iqbal. New York: Routledge.
  4. ^ Audi, Robert (1995). Robert, Audi (ed.). The Cambridge Dictionary of Philosophy. New York City: Cambridge University Press.
  5. ^ "Events | Internet Encyclopedia of Philosophy" (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-06-14.