ژیریی دەستکرد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ژیریی دەستکرد یان زیرەکیی دەستکرد (Artificial intelligence) ژیریی ئامێرەکانە؛ ھەروەھا ئەو لقەی زانستی کۆمپیوتەریشە کە مەبەستی ئافراندنی ئامێرە ژیرەکانە. پەرتووکەکانی وانەبێژیی تایبەت بە ژیریی دەستکرد بوارەکەیان وەھا پێناسە کردووە: "شیکردنەوەی بریکارە کۆمپیوتەریە ژیرەکان و دیزاینکردنیان".[١] بریکاری ژیر (Intelligent agent) بە سیستەمێک دەوترێ کە بە دەوروبەری خۆی بزانێ و جۆرێک دەسبەکاری ئەرکەکانی بێ کە بەختی سەرکەوتنی خۆی زۆرینە بکا. جۆن مەککارتی کە خۆی زاراوەی ژیریی دەستکردی داھێناوە لە ١٩٥٦دا، بەم جۆرە پێناسەی دەکا: "زانست و ئەندازیاریی دروستکردنی ئامێرگەلی ژیر".

ژیریی دەستکرد لەسەر ئەو بانگەشەیە دامەزرا کە دەیگوت ژیری ئەو سامانەی مرۆڤە کە بۆی ھەیە ئەوەندە بەوردی بگێڕدرێتەوە کە بتوانرێ بەھۆی ئامێرەکەوە میناکسازی و ھاوشێوەسازی بکرێ. ئەم بانگەشەیە بوو بە ھۆی سەرھەڵدانی بابەتگەلی فەلسەفی سەبارەت بە سروشتی ھزر و سنوورەکانی بەرزەفڕیی زانستی، بابەتگەلێک کە ھەر لە ڕۆژگارانی کۆنەوە چیرۆکەکان و ئوستوورەکان و فەلسەفە گرنگییان پێ دابوو. ئەوڕۆکە، ژیریی دەستکرد بووە بە پاژێکی بنچینەیی لە پیشەسازی و تەکنۆلۆژیادا و بووە بە ڕێگەچارەیەک بۆ زۆرێک لە کێشە ھەرە قورسەکان لە زانستی کۆمپیوتەردا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Mackworth, Alan K; Poole, David L (2010). Artificial Intelligence: foundations of computational agents. Cambridge University Press. pp. ٣.