بۆ ناوەڕۆک بازبدە

پێرستی مزگەوتەکانی سلێمانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دیارە مزگەوت وێڕای ئەوەی کە شوێنێکی ئایینی پیرۆز و شوێنی عیبادەت و خواپەرستی و زانستە، شوێنێکی گرنگی خزمەتگوزارییشە و لە گوندەکاندا بە تایبەتی ئەرکی دیوەخان و میوانخانە و شوێنی کۆبوونەوەی دانیشتوانی ناوچەکە بووە و لە شۆڕشی گەلەکەشماندا مزگەوت ھەمیشە لانە و جێگەی حەوانەوەی پێشمەرگە بووە، کوردیش وەک میللەتێکی موسوڵمان بایەخ و گرنگیی داوە بە مزگەوت و ھەمیشە لەگەڵ دروستکردنی دێھاتەکان و لە ئاوەدانکردنەوەیان دا مزگەوتیان دروستکردووە. بێجگە لە مزگەوت لە سلێمانی تەکیە و خانەقاش ھەبووە. تەکیە بۆ قادرییەکان کە حاجی شێخ مارفی نۆدێ ھێناوێتیە ناوچەی سلێمانییەوە و لە بنچینەدا شێخ عەبدولقادری گەیلانی دایمەزراندووە. خانەقاش بۆ نەقشبەندییەکانە کە مەولانا خالیدی نەقشبەندی ھێنای کە ئەویش لە مەولانا عەبدولڵای دەھلی وەریگرتبوو. حاجی شێخ مارف و مەولانا خالیدی نەقشبەندی ھاوچەرخی یەکبوون و کاتێک کە میستەر ریچ لە ساڵی ١٨٢٠دا ھاتووەتە سلێمانی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی مەحمود پاشای باباندا، باسی ئەم دوو زاتە گەورەیە ئەکات. مامۆستا مەلا محەمەدی قزڵجی لە نامیلکەیەکی بەنرخدا کە لە ساڵی ١٩٣٨ دەری کردووە بەناوی (التعریف بمسالجد السلیمانیة و مدارسھا الدینیة) باس لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانی ئەکات کە تا ئێستا ماون.

مزگەوتی گەورەی سلێمانی

[دەستکاری]

مزگەوتی خانەقای سلێمانی دروستکەری ئیبراھیم پاشای بابان بووە کە دروستکەری شاری سلێمانی بووە گەورەترین و بەناوبانگترین مزگەوتی سلێمانی بووە، یەکەم مامۆستای ئەم مزگەوتە شێخ مارفی نۆدێ بووە، پاش کاک ئەحمەدی شێخ سەید غەوسە و شێخ محێدینی سەید غەوسە خەتیبی بوو، لە زەمانی کاک ئەحمەد دا حاجی مەلا عەزیزی دێلێژەیی کراوە بە واعیز، لە سەردەمی شێخ مەحموودی حەفیددا شوێنی کڵپەسەندنی جۆشی نیشتمان پەروەریی بووە، تەرمی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحموودی حەفید لەوێ نێژراون. یەکەم مزگەوت بووە کە نوێژی ھەینی تیا کراوە و گۆڕی پاشاکانی بابان لەوێیە. یەکەم منارە لە سلێمانی لەم مزگەوتەدا دروستکراوە لەسەر بڕیاری سوڵتانی عوسمانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە ساڵی ١٣٠٨ی کۆچی، لە ساڵی ١٩٩٨دا لەسەر ئەرکی ھەڤاڵ مام جەلال مەرقەدی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحموودی حەفید تەعمیر کرا و قوببەیەکی جوان و قەشەنگی بۆ دروستکرا.

مزگەوتی خانەقای سلێمانی

[دەستکاری]

مزگەوتی خانەقای سلێمانی لە ساڵی (١٢٣٨)ی کۆچی بەرامبەر (١٨١٨)ی زایینی، مەحموود پاشای بابان بۆ مەولانا خالیدی نەقشبەندی دروستکردووە، ھەر لەو کاتەوە خانەقا بووە بە خاڵی ناسەرەوە لە ناوچەکە. بەر خانەقاکەش بووەتە شوێنێکی بازرگانی و لە لای ڕاستەوە حەمامی حاجی ئەوڵاو لە لای چەپەوە حەمامی حاجی غەنی لاوە بووە.

لیستی مزگەوتەکان

[دەستکاری]
ناوی مزگەوتزانیاری دەربارەی
مزگەوتی حاجی ئەحان (حاجی حان)حاجی ئەحمەد (ئەحان) لە قەڵاچوالانەوە ھاتۆتە سلێمانی. شاعیر بووە و لە شیعردا نازناوی (شەوقی) بووە و ئەم مزگەوتەی دروستکردووە.
مزگەوتی تەکیەی وسو پاشا (مزگەوتی مەڵکەندی)پێش شاری سلێمانی دروستکراوە لەلایەن خەڵکی گوندی مەڵکەندییەوە، لە مامۆستاکانی حاجی مەلا ئەحمەدی نودشێیە.
مزگەوتی شێخەلیپێشتر بەناوبانگ بووە بە مزگەوتی مەلا ئەمینی مام رۆستەم کەوتۆتە پشت بانقی رەشید'ەوە. دروستکەری مزگەوتەکە حاجی ئەوڵای حەمە کەرکوکلیزادەیە.
مزگەوتی بن تەبەقی ھەرمنیدروستکەری مزگەوتەکە سلێمان پاشایە. کارێزێکی لەناودا بووە کە بە پلیکانە ئەچوویتە خوارەوە، ئێستاش ماوە.
مزگەوتی سەید ئەحمەدی نەقیبدروستکەرەکەی سەید ئەحمەدی میرە سووری نەقیبە.
مزگەوتی عەلی کەماللە گەڕەکی عەلی کەمالە و یەکێکە لە مزگەوتە گەورە و رێک و پێکەکانی سلێمانی.
مزگەوتی حاجی شێخ ئەمینی خاڵدروستکەری مەلا مستەفا کوڕی مەلا شەمسەدینی کوڕی مەلا عوسمانەو لەکاتی گواستنەوەی قەڵاچوالان بۆ سلێمانی بە داروپەردووی مزگەوتەکەی قەڵاچوالان ئەم مزگەوتە دروستکراوە.
مزگەوتی شێخ محەمەدی بەرزنجیلە گەڕەکی سابوونکەرانە، دروستکەرەکەی سەید عەزیز جۆڵا و ئەھلی گەڕەکە.
مزگەوتی سەید حەسەن (مزگەوتی عەبدولڕەحمان پاشای بابان)دروستکەرەکەی ئەوڕەحمان پاشایە کە خۆی مامۆستای مزگەوتەکە بووە، نالی شاعیر لەم مزگەوتەدا ژووری ھەبووە.
مزگەوتی ھەمزاغادروستکەری باپیری پیرەمێردی شاعیر بووە و نزیک ماڵ و چایخانەکەی پیرەمێرد بووە لە سابونکەران.
مزگەوتی شێخ بابا عەلیلە پێشدا بەناوبانگ بووە بە مزگەوتی شێخ عەبدولڕەحمان شێخ ئەبو بەکر دروستکەری ئەوڕەحمان پاشای بابان بووە لە مامۆستاکانی مەولانا ئیبراھیمی بیارەیی و مامۆستا عەلی بەرزنجی قازی سلێمانی و مەولانا خالیدی نەقشبەندی بوون.
مزگەوتی شێخ محەمەدی ئەڵەکی (ناوبازاڕ)دروستکەرەکەی عەزیز ئاغای مەسرەف بووە لە زەمانی ئەحمەد پاشای بابامدا مەسرەف کەری پاشا بووە.
شێخ جەلالی قەرەداغی (قەزازەکان)دروستکەرەکەی حاجی عەزیزی خەیات بووە.
مزگەوتی موفتیدروستکەرەکەی مەلا مەحمودی پیر حەسەنی باوکی مەلا ئەحمەدی چاومار بووە لەم مزگەوتەدا کتێبخانەیەکی قەشەنگ و رێک و پێک ھەبووە دەوڵەمەند کراوە بە چەندەھا کتێبی نایاب و بە نرخ، کە ئینگلیزەکا سلێمانیا بۆردومانکرد یەکەم بۆمبا کە خرایە خوارەوە بەر ئەم کتێبخانەیە کەوت و ئاگری تێ بەردا و کۆششی سەدان ساڵی کردە خۆڵەمێش. ئێستا شوێنەکەی بۆتە قەیسەری (کەوتۆتە پشتی ئوتێل شیرین لە جادەی کاوە).
مزگەوتی تەکیە رووتەدروستکەری شێخ عەلی تاڵەبانی و خەڵکی گەڕەک بووە و زیکر و تەھلیلەی تیا دەکرا.
مزگەوتی قامیشاندروستکەری عەبدولڵا پاشای دوا میری بابان بووە لە گەڕەکی کانێسکان.
مزگەوتی کانێسکان (سەرچاوە)دروستکەری عەبدولڵا پاشای بابان بووە لەسەر کانی و ئاوەکەی سەرچاوەی کانێسکان دروستکراوە.
بن تەبەقی بچکۆلە (عیرفان)دروستکەری خدر ئاغای ئاشنای بابانەکان بووە لە ساڵی ١٨٣٧ بووە.
مزگەوتی شێخ سەلاملە جادەی مەولەوی، زەوی مزگەوتەکە ھی بابانەکان بووە بە سەرپەرشتی شێخ قادری گەورە (قازی سلێمانی) بە پارەی خەڵکی گەڕەک دروستکراوە.
مزگەوتی تەکیەی شێخ مارفدروستکەری حاجی بەگە لە ساڵی ١٩٤٥ دوستکراوە، لە ساڵی ١٩٨٠ بەر جادەی سی مەتری کەوتووە و روخێندراوە.
مزگەوتی شێخ عەبدولڵای ھەولێری (شێخ عەوڵا) یان مزگەوتی دوو دەرگا لە ئەسحابە سپیدروستکەری سەید عەبدولقادری بەرزنجییە لە ساڵی ١٢٣١ی کۆچی.
مزگەوتی شێخ عەبدولڕەحمانی عازەبانی (مزگەوتی ھەلاجەکان)دروستکەری مەحمود پاشای بابان بووە.
مزگەوتی مەلا عەلی نیزامیدروستکەری مەلا عەبدولڕەحمانی رەسوڵ ئاغا بووە.
مزگەوتی شێخ لەتیفدروستکەری شێخ عەبدولکەریمی شێخ قادری سنەیی بووە. ئەم مزگەوتە ساڵی ١٩٨٠ بەر جادەی سی مەتری کەوتووە و رووخێنراوە.
مزگەوتی شێخ ئەمینی قەرەداغیدروستکەری میری بابانەکان بووە، بەناوبانگ بووە بە مزگەوتی شێخ مارفی قەرەداغی. وەختی خۆی خانەقای نەقشبەندییەکان بووە.
مزگەوتی حاجی مەلا رەسوڵدروستکەری باش چاوەش باپیری حەمە پاشای ئەوڕەحمان ئاغایە ئەم مزگەوتە بەر جادە کەوتووە و شوێنەکەی فولکەی نالییە.
مزگەوتی خانەقای سلێمانی (مەولانا خالید)دروستکەری مەحمودی پاشای عەبدولڕەحمان پاشا بووە، مەولانا خالیدی نەقشبەندی ئیمام و خەتیبی ئەم مزگەوتە بووە.
مزگەوتی مەلا حسێنی پیسکەندیمزگەوتەکە لە پێشدا بینایەکی بچوکی کۆن بووە، مەلا حسێنی پیسکەندی گەورەی کردووە و چاکی کردووە. مزگەوتەکە کەوتۆتە گەڕەکی سەرشەقامەوە.
مزگەوتی حاجی مەلا عەزیز (مزگەوتی مەلا حەمە ئەمینی بالیکدەریی)دروستکەری حاجی مەحمود رەش بووە.
مزگەوتی شێخی حسێنی قازیدروستکەری حاجی مەلا عەبدەلڕەحمانی کانی کەوە بووە.
مزگەوتی خانەقای حاجی مەلا عەلی مەلا وەسماندروستکەری حاجی رەسوڵی حەمە ئاغای گورون بووە، حاجی مەلا عەلی ئیمام و مودەڕیسی ئەم مزگەوتە بووە، ئەم پیاوە خەلیفەی شێخ سیراجەدین (شێخ عوسمانی تەوێڵە) بووە تەرمی پیرۆزی لەو مزگەوتەدا نێژراوە، شوێنی زیارەتی خەڵکی سلێمانییە.
مزگەوتی قامیشانی خواروودروستکەری حاجی رەسووڵ ئاغا بووە.
مزگەوتی مەی غەفوور (باوکی نەجمەدین مەلا)دروستکەری بابانەکان بووە.
مزگەوتی شێخ یوسفدروستکەری شێخ یوسف بووە.
مزگەوتی خومخانەکان (ناوبازاڕ گوزەری ئاسنگەرەکان)دروستکەری حاجی عەبدولڕەحمان بەگ بووە.
مزگەوتی شێخ عەباسلە گەڕەکی جولەکانە، شوێنی کەنیشتەی جولەکەکان بووە پاش رۆیشتنی جولەکەکان کرا بە مزگەوت لە ساڵی ١٩٥٠ دا.
مزگەوتی خانەقای مەحویدروستکەری حاجی مەلا محەمەد مەحوییە کە سوڵتان عەبدولحەمید ھەزار لیرەی ناردووە بۆ تەعمیر کردنی و کراوە بە خانەقا. مەلا عوسمانی باڵخی باوکی مەحوی ئیمام و مودەڕیسی بووە.
مزگەوتی شێخ مەحمود (چوارباخ)دروستکەری شێخ مەحمودی قەرەچێوار بووە لە ساڵی ١٩٣٩ بە پارەی خەڵک دروستی کردووە.
مزگەوتی حاجی عەلی ئاغا (عەبدولڵا لوتفی)دروستکراوە لەلایەن عەبدولڵا لوتفی بەناوی باوکییەوە ناوی ناوە.
مزگەوتی نالیلەلایەن خێرەومەندی گەڕەکەوە دروستکراوە.
مزگەوتی حاجی جەماللەلایەن حاجی جەمالی فەرەج ئەفەندییەوە دروستکراوە.
مزگەوتی حاجی حەسەن خەفاف (لۆکە)لەلایەن حاجی حەسەنی خەفافەوە دروستکراوە.
مزگەوتی حاجی عەلی کۆڵەکلەلایەن حاجی عەلی کۆڵەکەوە دروستکراوە.
مزگەوتی حاجی فەرەجی سوسێلە تەنیشت گردی شێخ محێدینە، حاجی فەرەجی سوسێ دروستی کردووە.
مزگەوتی دارۆغالەلایەن خێرەومەندانی گەڕەکەوە دروستکراوە.
مزگەوتی سەلیم بەگلەسەر جادەی ئیبراھیم پاشایە، سەلیم بەگ دروستیکردووە.
مزگەوتی حەمەساڵح بۆسکان (تووی مەلیک)حەمە ساڵح بۆسکان دروستی کردووە لەسەر شەقامی تووی مەلیک.
مزگەوتی سەیواندروستکەری حاجی ئەحمەد و بە یارمەتی خێرەومەندی گەڕەک لە نزیک گردی سەیوان دروستکراوە.
مزگەوتی جەمال رەمزی مەلا مارفکەس وکاری جەمال رەمزی مەلا مارف دروستیان کردووە لە گەڕەکی مامۆستایانە.
مزگەوتی دارلسەلامخێرەومەندێک دروستی کردووە، کەوتۆتە سەر جادەی کارێزەوشک.
مزگەوتی حاجی عوسمان عەلافحاجی عوسمان عەلاف لە گەڕەکی زەرگەتە دروستی کردووە.
مزگەوتی ھەنجیرەکە لە گەڕەکی ئازادیخێرەومەندێک دروستی کردووە، کارێزێکی گەورەی تیایە.
مزگەوتی گردی سەرچنارخێرەوەندی گەڕەک دروستیان کردووە.
مزگەوتی شێخ فەرید لە گەڕەکی ریعایەکەس و کاری شەھید شێخ فەرید دروستیان کردووە.
مزگەوتی حەمەی حاجی رەشیدلەسەر جادەی شەھیدانی ئازادییە.
مزگەوتی سەڵاحەدینلەسەر جادەی برایم پاشایە خەڵکی گەڕەک دروستیان کردووە.
مزگەوتی عوسمان ئاغالە گەڕەکی مامۆستایانە.
مزگەوتی بەختیاریلە گەڕەکی بەختیارییە.
مزگەوتی بێخودلە گەڕەکی خەباتە خێرەومەندی گەڕەک دروستیان کردووە.
مزگەوتی حاجی مەلا شەریفحاجی مەلا شەریفی سەعاتچی دروستی کردوەو تەرمەکەشی لەوێ نێژراوە

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

پەراوێزەکان

[دەستکاری]

    سەرچاوەکان

    [دەستکاری]