مەزارگەی سەددام حوسێن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەزارگەی سەددام حوسێن
وڵاتعێراق
دابەشکاریی کارگێڕیتكريت

مەزارگەی سەددام حوسێن یەکێکە لە شوێنەوارە ھاوچەرخەکانی عێراق، کە سەددام حوسێن دوای لەسێدارەدانی تێیدا بەخاک سپێردرا.

لەسێدارەدانی سەددام حوسێن سەر لە بەیانی شەممە لە عێراق ئەنجامدرا، سزای لەسێدارەدان بەسەر سەددام حوسێن سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق دەرچوو دوای ئەوەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزا درا، بەمەش قۆناغێکی مێژووی عێراق کۆتایی ھات، کە سەددام بۆ ماوەی نزیکەی ٢٤ ساڵ حووکمی کرد پێش ئەوەی لە دەسەڵات لاببرێت لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣.[١]

سەددام حوسێن لە بەرەبەیانی ڕۆژی جەژنی قوربان (١٠ی زوولحیجە) لە سێدارە درا، کە ھاوتایە لەگەڵ ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦. ئەمەش بە ڕادەستکردنی بە حکوومەتی عێراق لەلایەن پاسەوانە ئەمریکییەکانییەوە بۆ ئەوەی خۆی بەدوور بگرێت لە مشتومڕێکی یاسایی لە ئەمریکا کە بە دیلی جەنگ ناساندوویەتی. چاودێرانی ھەموو ڕەوت و پەیوەندییە سیاسییەکان ئەم بەپەلییە بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان سەرکۆنە کرد. لە کاتی لە سێدارەدان شیعەکانی دەوروبەری سەددام درووشمی «موقتەدا، موقتەدا، موقتەدا»یان دەگوت و سەددامیش بە گوتی: «ئەمەیە پیاوەتی!» وەڵامی دانەوە.[٢][٣]

ناشتن و یادکردنەوە[دەستکاری]

دوای ڕاگەیاندنی لەسێدارەدان، پارێزگاری سەڵاحەدین، ئەو پارێزگایەی کە سەددام حوسێن تێدا لەدایکبووە، ڕای گەیاند، حکوومەتی عێراق داوای لە خۆی و سەرۆکی خێڵی سەددام کرد کە ئامادەبن لە ناشتنی سەرۆک کۆماری پێشوو لە بەغدا، بەڵام پارێزگار محەممەد قەیسی وتی کە ئەو و خێڵی سەددام دانوستان دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکە بۆ گوندی بنەماڵەکەی لە عووجە لە نزیک تکریت. و بانگھێشتەکەی حکوومەتی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان بۆ بەشداریکردن لە ناشتنی خێرا لە بەغدا ڕەتکردەوە. خێڵەکەی دەیانویست لە شاری عووجە بینێژن، لە نزیک گۆڕی دوو کوڕەکەی بەناوەکانی عوودەی و قووسەی، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە کوژران، ڕەغد، کچە گەورەکەی سەددام، کە ئێستا لە ئوردن دەژی، باسی لەوە کرد کە دەیەوێت تەرمی باوکی لە یەمەن بنێژێت بە شێوەیەکی کاتیی تا ڕزگارکردنی عێراق.

سەددام لە زێدی خۆی لە عووجە - لە پارێزگای تکریت - بەخاک سپێردرا و ھێزەکانی ئەمریکا تەرمەکەی ڕادەستی سێ کەسی ئەو پارێزگایە کرد، کە یەکێکیان شێخی خێڵی ئەلبوو ناسر عەلی نەدا بوو کە دواتر کوژرا، دەرەچەکانی شارۆچکەکە داخران تا نوێژ لەسەرکردنەکەی تەواو بوو و لە ھۆڵی گەورەی بۆنە و ئاھەنگەکاندا بە خاک سپێردرا، کە پێشتر دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی عوودەی و قووسەی و نەوەکەی بەناوی مستەفای تێدا بە خاک سپێردرابوو کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە مووسڵ لەسەر دەستی ھێزەکانی ئەمریکا تیرۆر کران لە دوای شەڕێک کە نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاند.

شێواندنی گۆڕ[دەستکاری]

خێڵی سەددام حوسێن ئەوەیان ڕەتکردەوە کە ھەندێک لە میدیاکان باسیان لەوە کردبوو کە گۆڕی سەددام حوسێن لە زێدی خۆی لە عووجە - کە ١٠ کیلۆمەتر لە باشووری تکریتەوەیە - تووشی شێواندن یان ھەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی بێڕێزانە بووبێت. ڕۆژنامەی حەیاتی لەندەنی لە زاری سەرچاوە خێڵەکییەکانەوە، ئەو ھەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن بنەماڵەی حوسێن کامیل، ھاوسەری ڕەغد، کچە گەورەکەی سەددام، چووبێتنە ئەو گۆڕستانە بۆ ئەوەی گۆڕەکەی بشێوێنن، ڕوونیشی کردەوە کە ئامۆزای زاوای سەددام بەشدارییان لە ناشتنی کردووە لەگەڵ پرسەکەیدا و ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە تێچوونەکانی لە ئەستۆ بگرن.

یەکێک لە پاسەوانەکانی ھۆڵی پشوودان کە گۆڕی سەددام و بەرزان تکریتی و عەواد بەندەری تێدایە گووتی: «زیاتر لە ٨٠ گەنجی خەڵکی عووجە پاسەوانی گۆڕەکە دەکەن». ئاماژەی بەوەشکرد، دزەپێکردنی زانیاری ناڕاست سەبارەت بە تێکدانی ناشتنی سەرۆک کۆمار ئامانجی دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان بنەماڵەی حوسێن کامیل و ئەندامانی خێڵی بیجات و لەکەدارکردنی ناوبانگی خێڵەکە. پێشتر وێنەی گۆڕی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی بڵاوکردبووەوە، کە تێیدا دەرکەوتبوو کە جەماوەرێکی زۆری عێراقی لە سەرتاسەری وڵاتەوە بە خوێندنەوەی قورئان وەک ڕێزلێنانێک بۆی ڕوویان تێدەکرد، لەنێویاندا ھاووڵاتیانی شاری دووجەیل ھەبوون.

سەرچاوەکانی خێڵی بیجات ئەلبوو ناسیر ئاشکرایان کرد کە دانیشتگەی پرسەی سەددام حوسێن بڕی ٣٢ ملیۆن دیناری عێراقی - ٢٥ ھەزار دۆلار-ی تێچووە، کە لەلایەن خێزانی حوسێن کامیلی زاوایەوە دراوە، ئەمە جگە لە تێچووی دیکە کە خێڵە عێراقییەکان گرتییانە ئەستۆ، کە بریتی بوون لە کەرەستەی ماددی وەک کیسەی برنج و شەکر و گۆشت و قاوە و چا. سەرچاوەیەک لە خێڵی بیجات ڕوونیکردەوە کە ئامۆزاکانی حوسێن کامیل بەشدارییان لە پرسەی بەرزان تکریتیدا کردووە، و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لەگەڵ خێڵەکەدا خەرجییەکانی پرسەکە لە ئەستۆ بگرن.

دوای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ ناوچەیەکی زۆری عێراقی داگیرکرد، و دوای کشانەوەی سوپای عێراق بەشێوەیەکی سەیر لە مووسڵ، ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەدین کەوتنە دەستی داعش، لەوانە تکریت و عۆجە، کە گۆڕی سەددام حوسێن تێیدا ھەڵکەوتووە، بەڵام ھێز و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شاری عۆجەیان ڕزگارکرد دوای ماوەیەکی کورت، دواتر کرداری دژی گۆڕی سەددام حوسێنیان ئەنجامدا، وەک شکاندنی و دواتر تەقاندنەوەی، بەڵام سەرچاوەکانی بنەماڵەی ئەلبووناسر دەڵێن کە خەڵک و کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگاکە تەرمەکەیان گواستەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت چونکە زانیویانە کارێکی وا ئەنجام دەدرێت، و گۆڕی سەددام تا ئەمڕۆش بە شێواوی ماوەتەوە و تەرمەکەی بۆ شوێنێکی نەزانراو بردراوە.[٤] [٥]

جێگای سەرنجە کە تاکە برای حوسێن کامیل کە دوای کوژرانی خۆی و سەددامی برای لە ساڵی ١٩٩٦ی زایینی لەلایەن خێڵی بیجاتەوە بە زیندووی ماوەتەوە، جەمال کامیلە کە بەھەمان شێوە لەلایەن میلیشیاکانی بەغداوە تیرۆرکرا دوای گەڕانەوەی لە گەشتێک بۆ عەممان.[٦]

گۆڕ[دەستکاری]

ژمارەیەک لە ئەندامانی خێڵی سەددام حوسێن دووپاتیان کردەوە کە گۆڕەکە سەرەڕای شێواندنی بەڵام تا ئێستاش بوونی ھەیە، ھەروەھا پێش ئەوەی داعش بێت تەرمەکە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت و تا ئێستاش مەزارگەکە بوونی ھەیە و ئەمەش خەڵکی تکریت بە گشتی دەیزانن، دوور لە دەنگۆکان، مەزارگەکە بە شوێنێکی ناسراوی تکریت دادەنرێت سەرەڕای ھەموو ئەو شتانەی کە تێیدا ڕوویانداوە.[٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]