مستەفا سەفوەت
مستەفا سەفوەت:(١٩٠٦-١٩٠٧)-(١٩٦٣) نووسەر ، كەسایەتی ئاینی ، شاعیر ، چالاگی سیاسی ، شانۆنووس ، وەرگێڕ ، لەنەتەوەی كورد بووە.
سەرەتای ژیان و خوێندنی
[دەستکاری]مەلا مستەفا کوڕی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژەیە، (١٩٠٦-١٩٠٧) لە گەڕەکی (دەرگەزێن)ی شاری سلێمانی لەدایک بووە. بە منداڵی چووەتە حوجرە، سەرەتا لای مەلا فاتم لە گەڕەکی خۆیان خوێندوویە، پاشتر بۆ حوجرەی خواجە ئەفەندی و تەواوکردووە. ئەمجا چووەتە مزگەوتەکەی خۆیان خوێندوویە.[١][٢]
فەقێیەتی
بە فەقێیەتی زۆر شوێن گەڕاوە: (مزگەوتی فەرھاد)ی کەرکووک لای مەلا ڕەزای واعیز و گوندی (بێژوێ)ی سەردەشت. ئەمجا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لای مەلا حسێنی پیسکەندی خوێندوویە. دواجار لە مزگەوتی شێخ عەبدوڕڕەحمانی شێخ ئەبووبەکر، ئیجازەی زانستیی لە شێخ باباعەلیی شێخ عەبدوڵڵای تەکیەیی وەرگرتووە.[١][٢]
خانەقای مەولانا خالید
کە باوکی مردووە، پاش ساڵێک دوای مەلا مەحموودی برای کە ڕووی کردووەتە کاسبی، مودەرریسی و پێشنوێژیی مزگەوتەکەیکەوتووەتە ئەستۆ. بەم پێیە لە ١٩٢٨دا ئیرادەی شاھانەی بۆ ئەو وەزیفەیە بۆ دەرچووە. لە ١٩٥٦ بەدواوە بووە بە خوتبەخوێنی خانەقای مەولانا خالیدیش.[١][٢]
نەخۆش كەوتنی
[دەستکاری]سەفوەت لە ژیانیدا نەفس بەرز بووە. ڕۆژانی دووەم جەنگی جیھانی پێ بەپێ کاسبیی کردووە و ھەردوو دێی (بێستانسوور) و (گۆپاڵە)ی بە ئیجار گرتووە و خەریکی کشتوکاڵ بووە. بەو ھۆیەیشەوە دوچاری نەخۆشیی سیل ھاتووە. بۆیە ماوەیەک لە نەخۆشخانەی (عةزل)ی بەغدا کەوتووە و سەرەتای ١٩٤٣ بە یارمەتیی تۆفیق وەھبی بەگ کە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بووە، نێردراوەتە سەنەتۆریۆم (مةصةح)ی بەحەننەس لە لوبنان و نزیکەی ساڵێکی لێ ماوەتەوە. ئەو ساڵە، بە حوکمی تێکەڵیی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی دیکە، ئاسۆی بیری فراوانتر بووە. پاش چاکبووونەوە، یەخەگیری نەخۆشیی تازە بووە و کەوتووەتە ھاتوچۆی بەغدا بۆ لای پزیشکان. ئەمە جگە لەوەی کە گیرۆدەی کاری سیاسیی کوڕانی بووە، بە ڕادەیەک کە لە دوو ساڵی کۆتاییی تەمەنیدا لە دەرسوتنەوە و پێشنوێژی دووریان خستووەتەوە.[١][٢]
كۆچی دوایی
[دەستکاری]تا لە ڕۆژی ٩/١٢/١٩٦٣دا کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]
چالاكی سیاسی
[دەستکاری]سەفوەت لە مەیدانی سیاسەتدا ھەر ئەندامی حیزبی برایەتی بووە و دواتر وازی لە کاری ڕێکخراوەیی ھێناوە. لایەنگریی بەرەی چەپ و ئاشتیخوازانیشی کردووە.[١][٢]
بەرهەمەكانی
[دەستکاری]شاعیریش بووە، سەرەتا ناسناوی "شێواو" و پاشان "سەفوەت"ی ھەڵگرتووە، شیعری لە "گەلاوێژ" و "دەنگی گێتیی تازە"دا بڵاوبووەتەوە.[١][٢]
- ھۆنراوەی کوردی لە دوڕڕی بوردی، سلێمانی، ١٩٣٥
- ڕابەری نوێژ، سلێمانی، ١٩٦١
- گولستان (ی شێخی سەعدی لە فارسییەوە)، بەغدا، ١٩٦٨
- شانۆی ناوماڵ، بەغدا، ١٩٧١
- ڕابەری حەج، بەغدا، ١٩٧٣
- دیوانی سەفوەت، بەغدا، ١٩٨٤
- مێژووی بەرزنجە
- ڕابەری ڕۆژوو
- ڕابەری زەکات
- کۆمەڵێک خوتبەی ئایینی
- ھەشت بەھەشت
- فتووحاتی شام
- شازادەی غەسسان
- تەفسیری قورئان
- وەرگێڕانی نامەیەکی عەبدولحەلیمی میسری
- دیوانی موحی (وەرگێڕانی دیوانی فارسیی شێخ عەبدولقادری گەیلانی)
- گوڵزار، مەولوودنامەیە
- میعراجنامە
- گوڵشەن
- وەرگێڕانی (بانت سعاد)ی کەعبی کوڕی زوھەیر
- نامەیەک سەبارەت بە نەخۆشیی سیل
- کۆکراوەی کۆمەڵێک فتوای مەلایانی کورد
- نامیلکەی (رسالة في العمل)
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8220-8222
- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ دیوانی سەفوەت، پێشەکی و ئامادەکردن و پەراوێزبۆنووسینی دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، بەغدا، ١٩٨٤، ل٤-١٦؛ أعلام کرد العراق، ص٨١٥-٨١٦.