قابیل و ھابیل

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قابیل، هابیل دەکوژێت بەسکێچی پیتەر پۆڵ ڕووبێنس

قابیل و ھابیل (بەعیبری: הֶבֶל ,קַיִן) بەپێی بەسەرھاتەکانی درووستبوون و قورئان، دوو کوڕی ئادەم و حەوا بوون.

لەقورئاندا[دەستکاری]

بەپێی باوەڕی ئیسلام و کتێبی قورئان، خودا لەسەر زەویدا دوو کوڕی بەخشی بە ئادەم و حەوا کە ناویان قابیل و ھابیل بوو. قابیل کەسێکی خراپ و دڵ و دەروونێکی پیسی پڕ لە ڕق و کینەی ھەبوو. بەڵام ھابیل کەسێکی چاک و ھێژا و لەخواترس بوو. ھەمیشە ملی بۆ ھەق ئەدا و دڵ و دەروونێکی پاک و بێگەردی ھەبوو. ڕۆژێک لە ڕۆژان ھەردوو کوڕەکەی ئادەم بڕیاریاندا ھەریەکەیان لەپێناوی خوادا شتێک بکاتە قوربانی. قابیل جووتیار بوو؛ زەوی دەکێڵا. ھەستا لەو کشتوکاڵەی ئەیکرد خراپترین بەروبوومی ھێنا و کردی بە قوربانی. بەڵام ھابیل شوان بوو؛ مەڕی بەخێو دەکرد. چاکترین کاوڕی ھەڵبژارد و ھێنای پێشکەشی خودا‌ی کرد. خودا کشتوکاڵەکەی قابیلی وەرنەگرت، چونکە قابیل کارەکەی تەنھا مەبەستی پێی خودا نەبوو. ھەروەھا خواپەرستییەکەی کورتی ھێنا و بەچاکی گوێڕایەڵیی خودا‌ی نەکرد. بەڵام خودا کاوڕەکەی ھابیلی قبووڵ کرد، چونکە ھابیل کارەکەی تەنھا لەبەر ڕەزامەندیی خودا بوو. ھەروەھا لە خودا ترسا و چاکترین و خۆشەویسترین شتی خۆی پێشکەش کرد. قابیل زۆر تووڕە بوو. شەیتانیش فریوی دا و خستییە مێشکییەوە کە خودا ھابیلی لا بەڕێزترە، بۆیە قابیل بڕیاری دا براکەی خۆی بکوژێ. قابیل بە ھابیلی برای وت: "ئەبێ بتکوژم!"، ھابیلیش وتی: "خودا کاری چاکە تەنھا لە کەسە خواترسەکان وەرئەگرێ؛ ئەوانەی لەبەر ڕەزامەندیی خودا خێر و چاکە ئەکەن و بەئاگادارییەوە گوێڕایەڵیی خودا ئەکەن و کەمتەرخەمی و بێموبالاتی لە خواپەرستیدا ناکەن.". بەپێی ئەم بەسەرھاتە، ھابیل بەردەوام ئامۆژگاریی قابیلی کرد کە ئەگەر ئەو بیکوژێ، تاوانێکی گەورەی تووش ئەبێ و خودا‌ش لە ڕۆژی قیامەتدا سزای بۆ ئەوانە داناوە کە ستەم ئەکەن و لەسنوور دەرئەچن. بەڵام قابیل لە خودا نەترسا. گوێی بەو یادخستنەوە و ئامۆژگارییانەش نەدا و دەروونی خۆشی کوشتنی ھابیلی لا جوان کرد. بەو شێوەیە قابیل براکەی خۆی کوشت.

قەلەڕەشەکە و قابیل و ھابیل[دەستکاری]

بەپێی ئەم بەسەرھاتە نێو قورئان، دوای ئەوەی قابیل براکەی خۆی کوشت، حەزی نەکرد تەرمی برا کوژراوەکەی ببینێ. بەڵام نەیزانی چی لێ بکات، بۆیە خودا قەلەڕەشێکی بۆ نارد تا فێری بکات چۆن لاشەی براکەی بشارێتەوە. قەلەڕەشەکە بەچکەیەکی مردووی خۆی بەدەمەوە بوو. ھات لە بەرچاوی قابیلدا چاڵێکی ھەڵکەند و بەچکەکەی خۆی تێ کرد. قابیل ھەستی بە لاوازیی خۆی کرد و پەشیمان بووەوە و وتی: "ئەی ھاوار بۆ بێدەسەڵاتیی خۆم! وەکوو ئەو قەلەڕەشەشم پێ نەکرا و نەمتوانی براکەم بشارمەوە."

یەکەمین تاوانی کوشتن[دەستکاری]

بەپێی گێڕاندنەوەی قورئان بێت، کوشتنی ھابیل لەلایەن قابیلی برایەوە، یەکەمین تاوانی کوشتنە کە لەسەر زەوی ئەنجام درا بێت. لەو کاتەشەوە خودا نەوەی ئادەمی ئاگادار کردۆتەوە کە کوشتنی کەسێک بەناھەق لە تاوانە گەورەکانە و ھەرکەسێکیش بێ تاوان بەناھەق بکوژێ ئەوە وەک وایە هەموو خەڵکی جیھانی کوشتوە و سزاکەی دۆزەخە و ئەگەر گیانی کەسێکی ڕزگار کرد ئەوە وەک وایە هەموو خەڵکی جیھانی ڕزگار کرد، ئەگەر چوویتە دۆزەخ ئەوە بۆ هەتاهەتا تێیدا ئەمێنێتەوە و خودا لە بەزەییی خۆی دووری ئەخاتەوە و سزایەکی گەورەشی بۆ ئامادە کردووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

قورئان،سوورەتی ئەلمائدە(المائدة)،ئایەتی ٢٧تا٣٢