بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئیدیالیزمی ئەڵمانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
چوار ئیدیالیستی ئەڵمانی بە ڕیز لە چەپی سەرەوە و بە باری سووڕانی میلەکانی سەعات: کانت، فیشتە، ھێگڵ، شێلینگ

ئیدیالیزمی ئەڵمانی بزاڤێکی فەلسەفییە لە کۆتایییەکانی سەدەی ھەژدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم لە ئەڵمانیا پەیدا بوو. لە کارەکانی ئیمانوێل کانتەوە سەری ھەڵدا و، لە ١٧٨٠کان و ١٧٩٠کاندا پەرەی گرت.[١] پەیوەندیی نزیکیشی ھەیە بە ڕۆمانتیزم و سیاسەتە شۆڕشگێڕانەکەی سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە. ئیمانوێل کانت و یۆھان گۆتلیب فیشتە و فریدریش شێلینگ و فریدریش ھێگڵ چوار ئەستێرەی گەشاوەی ئاسمانی ئیدیالیزمی ئەڵمانین. ئیدیالیزمەکەی کانت و فیشتە بە ئیدیالیزمی بەرزەجێیانە ناسراوە و، ھیی شێلینگ و ھێگڵ بە ئیدیالیزمی ڕەھا.[٢] ھەروەھا، بەو قۆناغەی ئیدیالیزمی ئەڵمانی کە دەکەوێتەوە دوای کانت، ئیدیالیزمی پۆستکانتی یا پۆستکانتیزم دەڵێن.[٣]

مانای ئیدیالیزم

[دەستکاری]

وەکوو ھەڵوێستێکی فەلسەفی، ئیدیالیزم بانگەواز بۆ ئەوە دەکا کە ماددە، سەربەخۆ و ئازاد لە زەین، نابێتە جێگای مەعریفەت، یانی زانایی و مەعریفەتی مرۆڤ نابڕدرێ بە شتگەلی سەربەخۆ و «بە زەینەوە ھەڵنەواسراو»؛ ئۆبژە ڕاستەقینەکانی مەعریفەت ئیدیاکانن، کە دالەقاون بە زەینەوە. زاراوەکە لەو ڕوانگەیەی ئەفلاتوونەوە چەکەرەی کردووە کە لێیەوە ئیدیاکان، یانی ئەو پۆلانەی زەینمان لە ڕووتکردنەوەی شتە تاکەکان بە دەستیان دێنێ، واقیعیتر و ڕەسەنتر لە خودی ئەو شتە تاکانە دەبینرێن. تاکەکان بەندن بە ئیدیاکانەوە، نەک ئیدیاکان بە تاکەکانەوە. زاراوەکە لە تانوپۆی ئیدیالیزمی ئەڵمانیدا تەماوییە، لەبەر ئەوە کە کانت و جێگرەکانی بە شێوەی جیاجیا بە کاریان بردووە.

کانت پێی وا بوو مەعریفەتی ئێمە لەمەڕ واقیع دەبێ خۆی بخاتە سەر ئەو ڕێگایە کە زەینمان بۆ پێکھێنانی «ئەزموونمان لەم واقیعە»، دەیگرێتە بەر. واقیع زەینی ئێمە ھەڵدەخڕێنێ و داتا و زانیاریی پێ دەگەیەنێ و، ئەویش (واتە زەین) ھەرچی بکەوێتە دەستی، دەیڕژێنێتە ناو قاڵبەکانی خۆی و شێوەی ئەزموونی پێ دەبەخشێ. کاتێ بۆ دۆزینەوەی ھێزە فیزیکییەکان یا دەستوورە لۆژیکییەکان دەڕوانین بە شتە تاکەکانا و دایان دەڕووتێنین، ئەوەی دەستمان دەگرێ ھەر شێوەگەلی لێتێگەیشتراو و دەرکەوتەی ئەو شتە تاکانەیە، کە زەینی ئێمە بەپێویست ھەموو ئەزموونەکانمانی پێ ئامادە دەکا. لەم پیاڕوانینە، ئەوەی کە شتەکان بۆ خۆیان و لە خۆیەتیی خۆیاندا چۆنن، بە شاراوەیی دەمێنێتەوە. پێچەوانەی باوەڕی ئەفلاتوون، کانت دەڵێ ئێمە ناتوانین ماق بین بە پێکھاتەی واقیعی دەرەوەی زەینا و چاوی تێببڕین. ئەو واقیعە بۆ ھەتاھەتایە دەسپێڕانەگەیشتوو دەمێنێ.

ئیدیالیزمەکەی کانت لەو مەرجانە دەکۆڵێتەوە کە دەبێ لە جێی خۆیاندا بن تاکوو مرۆڤ بتوانێ بزانێ، ئەو مەرجانەی کە ئیمکانی ئەزموون دەڕەخسێنن بەڵام خۆیان ئەزموون ناکرێن. خۆیان لەوە بەرزترن دەستی ئەزموون بیانگاتێ، بۆیە پیان دەڵێن «بەرزەجێ» و بە ئیدیالیزمەکەی کانتیش دەڵێن ئیدیالیزمی بەرزەجێیانە.

شوێنکەوتووانی کانت ھاوڕا بوون لەگەڵیا کە، پێچەوانەی ھەڵوێستی ڕیالیزمی ساویلکە، سووژە لە دۆخی ئاساییدا مەعریفەتی ڕاستەوڕاست و بێناوبژیی لەمەڕ واقیعی دەرەکییەوە نییە و، ئەو مەعریفەتە ناڕاستەوخۆ و ئەزموونییە کە ھەیەتی، تەنیا ئەوەمان پێ دەڵێ کە ڕێکخرانی داتا ھەستەکییەکان لە لایەن خودی سووژەوە چۆنە و، ھیچی تر. بەڵام، ئەوان ئەغڵەب وایان لێک دەدایەوە کە ئەم سنوورە کە کانت بۆ مەعریفەت دیاریی کردووە، بە تێکۆشانی زیاتر و پەرەدانی زۆرتر بە تیۆریی مەعریفەت و سەروبەرکردنی، دەکرێ ببەزێنرێ.

فەیلەسووفانی دوای کانت، وەکوو فیشتە و شێلینگ و ھێگڵ، لەو ڕووەوە کە سروشتی ھەرە دواییی واقیعیان بە ئیدیایی یا زەینی دانا، گەڕانەوە بۆ ئیدیالیزمەکەی ئەفلاتوون. وێڕای ئەوە کە ئیدیالیزمە ڕەخنەیی و بەرزەجێیانەکەی کانتیان بە پێویست و جێی ڕێز دەزانی، بەڵام لەو باوەڕەشدا بوون کە کارەکەی کانت ناتەواوە و ئەوان دەبێ تەواوی بکەن و بەسەر دوالیزمەکەی ئەوا (دوالیزمی نۆمینۆن - فینۆمینۆن) سەر بکەون.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Beiser، Frederick C. (2002). German Idealism: The Struggle Against Subjectivism, 1781–1801. Vol. Part I. Harvard University Press.
  2. ^ Idealism: A History of a Philosophy. Durham: McGill-Queen's University Press. 2011. p. 303 n. 4.
  3. ^ Pinkard، Terry (2002). German Philosophy 1760–1860: The Legacy of Idealism. Cambridge University Press. p. 217.