زانستی لۆژیک

زانستی لۆژیک (بە ئەڵمانی: Wissenschaft der Logik) کتێبێکی فریدریش ھێگڵە کە شەرحی شێوەی ڕوانینی ئەوە بۆ لۆژیک. یەکەمجار لە نێوان ساڵەکانی ١٨١٢ و ١٨١٦ چاپ کراوە. لۆژیکی ھێگڵ مێتافیزیکی دیالێکتیکییە: گەشەکردنی ئەو پرەنسیپەیە کە دەڵێ ھزر و بوون یەکیەتییەکی تاک و نەسرەوتوو پێک دێنن. لە «زانستی لۆژیک»دا، لۆژیکە کۆن و قیاسییەکەی ئەرەستوو چیدیکە ئامرازی دابڕاو و فەرمیی ئاکامگری نییە، بەڵکوو یەکێک لە قۆناغەکانی یەکگرتنی ھزر و بوونە.
لای ھێگڵ، گرنگترین دەسکەوتی ئیدیالیزمی ئەڵمانی، کە لە ئیمانوێل کانتەوە دەست پێ دەکا و، لە فەلسەفەکەی ئەمدا (یانی ھیی ھێگڵ) بە لووتکەی خۆی دەگا، ئەوەیە کە ھزر شێوە بە واقیع دەدا و، دەکرێ بوترێ واقیع ھەمان ھزرە. کەوایە، لە کۆتاییدا پێکھاتەکانی ھزر و بوون، سووژە و ئۆبژە، عەینەن ھەر ھەمان شتن. بەم بۆنەوە، لای ھێگڵ ئەوەی بنچینەی واقیعی پێک ھێناوە لە کۆتاییدا سەر بە ئەقڵە و، لۆژیک تەنیا باسی ئاوەزان و بەڵگەھێنانەوە نییە، بەڵکوو ناوک و کاکڵەی ھەموو واقیع و گشت ڕەھەندەکانیەتی.
ھێگڵ «زانستی لۆژیک»ی بە یەکێک لە کارە گەورەکانی دەزانی و، بەو خاترە، بەردەوام پیا دەچووەوە و نوێی دەکردەوە.
کاتەگۆرییەکان
[دەستکاری]زانستی لۆژیک شیکردنەوەیەکی قورس لە کاتەگۆرییە بنەڕەتییەکانی فکر ڕادەنێ. ئەم کاتەگۆرییانە بە وشیاری و بە زمانماندا ڕۆدەچن و، ھەرچی کە ھەستی پێ دەکەین ڕێکی دەخەن و دایدەڕێژن. لێشاوی ھەست، کە لە ئەندامەکانی لەشمانەوە دێ، دەکەن بە ئەزموونی خاوەن مانا و شیاوی لێتێگەیشتن لە بابەت شتەکانەوە، شتگەلێ کە لە دەرەوەی ئێمەن و، خاوەن فۆرم و ناواخنن و، لەگەڵ یەکترا پەیوەندیی ھۆ و بەرھۆیان ھەیە. کاتەگۆری ئەوە نییە کە ھەستی پێ دەکرێ یا پێی دەزانرێ. کاتەگۆرییەکان ھیچ چەشنە ئاگادارییەکیان بۆ نموونە لە سوور یا شین یا ڕەق یا شیرین تیا نییە. ڕووت و پەتین، تێگەیشتەی داڕووتێنراو و دەرھەستن کە ئێمە بە ھۆیانەوە لەوە تێدەگەین کە ئەو سوورەی دەیبینین «شت»ێکە، یا ھۆکاری ئەوەی قامکمان ناچێ بە بەردا ڕەقیی بەردەکەیە. ئەم کاتەگۆرییانە ھەر تەنیا وشە نین و تەواو. فۆرمەکانی فکر و ھزرن کە ڕێگەمان پێ دەدەن لەوەی بەدیی دەکەین بە شێوەی جۆربەجۆر تێبگەین و بیئەزمووین.[١]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ The Categories of Thought What Is Hegel's Logic About?