سێتەلانی خواروو
سێتەلانی خواروو
Setakan Lower | |
|---|---|
| وڵات | |
| پارێزگا | سلێمانی |
| قەزا | قەزای شارەزوور |
| ناحیە | ناحیەی زەڕایەن |
| بەرزایی | ٧٢٠ مەتر (٢٬٣٦٠ پێ) |
| ژمارەی دانیشتووان (٢٠١٥) | |
| • سەرجەم | چۆڵ |
| زمان و ئایین | |
| • زمان | کوردی (سۆرانی) |
| • ئایین | سوننی شافعی |
سێتەلانی خواروو گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی زەڕایەن، قەزای شارەزوور، پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان.[٢]
جوگرافیای گوندەکە:
گوندەکە لە خۆرهەڵاتەوە هاوسنورە لەگەڵ گوندی ئەحمەد ئاوا، وە لە خۆرئاواشەوە هاوسنورە لەگەڵ سێتەڵانی سەروو، لە باکوریشەوە هاوسنورە لەگەڵ گوندی کانی هەجیر، وە لە باشوریشەوە هاوسنورە لەگەڵ گوندی جۆڵانە.
گوندی سێتەڵانی خواروو، لە مێژووی خۆیدا بووەتە مەیدانی گەلێک ڕووداو و بەسەرھاتی تایبەت ھاوشێوەی گوندەکانی دیکەی باشوری کوردستان.[٣]
مێژووی گوندەکە:
گوندی سێتەڵانی خواروو لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەهەم بە نزیکەیی ساڵەکانی ١٧٥٠ بۆ ١٧٦٠ لەسەردەمی عمر (ناسراو بە هۆمەر) دروست بووە لای (داری خاڵە) کە درەختێکی کۆنی گوندەکەیە، وە ئەوکات گوندەکە ناوی سێتەڵان بووە.
پاشان گوندەکە لە دەوروبەری ساڵانی ۱۸٥۰ بۆ ۱۸٦۰ بەشێکی گوێزرایەوە بۆ قەد پاڵی شاخەکە، کە ناسراوە بە سێتەڵانی سەروو، وە بەشەکەی دیکە گوێزرایەوە بۆ کەمێک سەرووتر کە ئێستە بە کەلاوەکان ناسراوە لە لایەن (عبدالرحیم محمد هۆمەر) ـەوە.[٤]
سێتەڵانی خواروو لە مێژووی شۆڕشی ڕزگاریخوازی باشوری کوردستاندا پێگەیەکی تایبەتی ھەبووە. لاو و پێگەیشتووانی ئەم گوندە بەنەبەردی و چاونەترسیی لە ناوچەکەدا ناوبانگیانیان پەیداکردووە.
ناودارانی گوندەکە:
گوندی سێتەڵانی خواروو خاوەنی چەندین پیاوی ناودارەوە و خاوەن دیوەخان بوون، زۆربەیان بە زنجیرە باوک و کوڕ هاتوونەتە خوارەوە، لەوانە:
محمد هۆمەر
عبدالرحيم محمد هۆمەر (۱۸۳۰ - ۱۸۹۲):
کە ناسراوە بە عبدالرحیم ئاغا لە ساڵی (۱۸۳۰) لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگ و کۆمەڵایەتی لە گوندی (سێتەڵان) لە دایک بووە، لە ئازایەتی و پیاوەتیدا لە ناوچەکەدا نموونەی کەم بووە، لە لەشکری بابانییەکاندا سەرلەشکر بووە، (حاجی کاک ئەحمەدی شێخ) پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووە و بەم بۆنەیەشەوە کراسێکی خۆی بە دیاری پێبەخشیوە بە نییەتی گوللـەبەند، لە لای بابانییەکانی سلێمانی بە (عبدالرحیم ئاغای بابان) ناسراو بووە، بەڵام خۆی وتوویەتی پێم بڵێن: (عبدالرحیم ڕۆغزایی)، وەک سەرلەشکر لە میرنشینی بابان لە چەندین شەڕی ئەوکاتەدا بەشداری کردووە و بە ویستی خوا لە هەموو شەڕەکاندا سەرکەوتوو بووە، هەمیشە بە تەنگ داوای هەژارانەوە بووە.
(عبدالرحیم محمد) لە ساڵی (۱۸۹۲) لە شەڕێکدا لەگەڵ هێزێکی چەکداری میری (حکومەت) ـی ئەوکاتدا لە شاخی (شەڕواڵدرە) ـی نزیک ناحیەی مەیدان کوژراوە، وە لە گۆڕستانێک کە دەکەوێتە نێوان (هۆڕێن و ناحیەی بێلولە) بە خاک سپێردراوە، ئێستاش گۆڕەکەی بە ناوی (گۆڕی عبدالرحیم ئاغا) ناسراوە.
عبداللە عبدالرحیم محمد هۆمەر (۱۸۹۰ - ۱۹٦۳):
بە مامە عبداللە له ناو خەڵکدا ناسراو بووە، لە ساڵی (۱۸۹۰) لە گوندی سێتەڵان لە دایک بووە، پیاوێکی موسڵمان و لەخواترس بووە، هەمیشە لە خزمەتی هەژار و بێنەواکاندا بووە، لە سنورەکەدا یارمەتی سەرجەم لێقەوماوان و نەدارانی داوە، هەمیشە سەردانی خزم و بێگانەکانیشی کردووە و لە حاڵیشیانی پرسیووە، وە بەپێی پێویست هاوکاریشیانی کردووە.
بۆ نموونە دەگێڕێنەوە کە جوتێ گای جووتکردنی مامە عبداللە ـیان بردووە بۆ جووت، بەڵام لەبەر نەبوونی لە جیاتی ئەوەی بۆی بهێننەوە بۆیان نەهێناوەتەوە و سەریان بڕیوە و گۆشتەکەیان خواردووە، پاشان کە هاتوون ئەمەیان بۆ باسکردووە بە دڵێکی فراوانەوە وتوویەتی: (گەردنتان ئازاد بێت)، ئەم چیرۆکە لەسەر زاری حاجی محمدی کۆرە ـوە وەرگیراوە.
هەروەها دەگێڕنەوە هەرکاتێک بەقاڵ هاتبێتە گوندەکە (بە تەشت نوقڵی) بۆ منداڵانی گوندەکە کڕیوە، هەندێ لە منداڵانی ئەوکات کە ئێستە بیرەوەرییەکانیان لە یاد ماوە تا ئێستاش (کە ساڵی ۲۰۱۷ ـیە) لە ژیاندا ماون و دەیگێڕنەوە.
هەروەها دەیگێڕنەوە کە (شێخ قادری سۆڵە) ناسراو بە (قادر قەمچی ڕەش) لە ساڵی (چلەکان) دەیەوێت ژن بهێنێت بۆ کوڕەکەی کە ناوی (باهیر - بایەر) ـە، نامە دەنێرێت بۆ سەرجەم ئاغا و پیاوە ناودارەکانی ئەوکات تا هەریەکەیان بڕێک کۆمەک بۆ تەدارەکی زەماوەندەکە ببەن، بەڵام (٥۰ دینار) ـی لەسەر (مامە عبداللە عبدالرحیم) داناوە کە بۆی ببات، بەڵام (مامە عبداللە) لە جیاتی بڕە پارەکە (گایەک و سەرجەم پێداویستییەکانی) شاییەکەی لە (برنج و گەنم و مریشک و هێلکە) دەبات بۆ ماڵی شێخ قادر، کاتێکیش خەڵک بە شێخ قادر دەڵێن: (مامە عبداللە پەنجا دینارەکەی نەهێناوە)، ئەویش لە وەڵامیاندا دەڵێت: (ئەوەی کە هێناوێتی بە پەنجا دینارەکە دەچێت).
(مامە عبداللە عبدالرحیم) هەمیشە لە تەنگانە و خۆشیدا هاوبەش بووە لەگەڵ خزم و بێگانەدا و دەستی هاوکاری بۆ درێژ کردوون، بۆ نموونە خزمانی گوندی (أحمد ئاوا) هاتوونەتە گوندی سێتەڵان بەڵام دوای چەند مانگێک خزمانی (أحمد ئاوا) کەسێک بە ناوی (شێخ نوری) دەنێرن بەدوایاندا بۆ ماڵی (مامە عبداللە) ئەویش دەڵێت: (خۆیان سەرپشکبن لە سێتەڵان دەمێننەوە یاخود دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکەی خۆیان)، ئەوانیش سێتەڵان هەادەبژێرن و لەوێ دەمێننەوە.
لە هەر شوێنێەوە خەڵکی ڕوویان لە بناری شارەزوور کردبێت چونەتە ماڵ (مامە عبداللە)، ئەمەش لەبەر دەوڵەمەندی و خانەدانییەکەی بووە؛ دەگێڕنەوە کە خۆی وتوویەتی: (سوپاس بۆ خوا ئەوەندە دەوڵەمەندم لە سەرمەوە دێت و لە پێمەوە دەڕژێت)، بۆ نموونە (حاجی ڕەشیدی بایز) کە پیاوێکی بەڕێزی دانیشتووی کانی میل بوو دەیوت: (ئەگەر هەموو خەڵکی ناحیەی زەڕایەنی ئێستا بچوایەتە ماڵی دەیتوانی نانی هەمووی بدات).
(مامە عبداللە) لەگەڵ سەرجەم پیاوە ناودار و کەسایەتییەکانی ئەوکاتەدا دۆستایەتی هەبووە، وەک:
شێخ محمودی مەلیک کە دووجار هاتۆتە ماڵەکەی.
وە شێخ جەلالی برازای شێخ محمود.
وە کوێخا سمایلی تەلان.
وە تۆفیق ئاغای جافە ڕەشکە.
وە کوێخا حەسەنی جاسەنە و قەمچوغە.
حسین بەگی محمود پاشای جاف.
کە هاموشۆ و دۆستایەتی لەگەڵیاندا هەبووە و سەردانی یەکتریان کردووە.
وە لەگەڵ میرزا تۆفیق ـی قەزازیش دۆستایەتی و سەردانیان هەبووە.
دەگێڕنەوە کە (مامە عبداللە) ماینێکی زۆر جوان و ڕەسەن و نایانی هەبووە تا ئەوەی زۆربەی کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە کاتێک گەشتێکی گرنگیان هەبوایە دەهاتن دەیانبرد، هەر لەبەر ناوداری ئەم ماینەیە (کوێخا سمایلی تەلان) کاتێک بینیوێتی (جلقەجەرییەکی) بۆ ناردووە.
وە لە بارەی نرخی ئەم ماینەوە دەگێڕنەوە کە (چۆگەی شێخ عەلی ڕەزا) ـیان داوە بە (مامە عبداللە) بۆ گۆڕینەوە بەڵام ڕازی نەبووە، هەر لەبەر ئەمەش چەندین کەسی بەناوبانگ لەوانە حسین بەگی محمود پاشای جاف داوای جوانوای ئەم ماینە ڕەسەنەیان لێکردووە.
لەبەرەوەی (مامە عبداللە) باری تەندروستی تێکچووەلە ساڵی ۱۹٦۲ خانوویەکی لە شاری سلێمانی لە گردی شێخ محێدین کڕیوە بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەوە نزیک بێت ئەوەیە لە ساڵی ۱۹٦۳ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی (شێخ محی الدین) لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.
شاعیر لە کتێبی فەرهەنگی شارەزووردا لەبارەیەوە دەڵێت:
لە سێتەڵانی خوار سەدەی ڕابوردوو
(ئەوڵای ئەوڕەحیم) پیاوێکی دیاربوو
ئەڵێن کە گوایە ماینێکی بووە
زۆر جوان و ڕەسەن نەوعی نەبووە
ناوی دەرکردووە بە ماینە بۆرە
قەت نەبینراوە ماین لەو جۆرە
هەروەها شاعیرێک بەم شێوەیە وەسفی دەکات:
پیاوی ناو مەجلیس هەمیشە دیار
ناحەز لە ئاستی دەبوو شەرمەزار
لە هۆزی شاوەیس ناودێکی دیار
خاوەن دیوەخان زۆر زۆر بە ویقار
خاوەن دڵێکی مەزن و زۆر جوان
ببوو بە باوک لە بۆ هەژاران
حاجی حمە غریب عبداللە عبدالرحیم (۱۹۲۹ - ۲۰۱۱):
ناوی حمه غریب عبداللە عبدالرحیم ـە و ناسراوە بە (حاجی حەمە غەریب) لە ساڵی ۱۹۲۹ لە گوندی سێتەڵان لە بنەماڵەیەکی خانەدان و دەوڵەمەندی ناودار لەدایک بووە، لە بناری شارەزوور بە (حاجی حەمە غەریبی عبداللەی ئەوڕەحیم) ـی سێتەڵان ناسراوە، بەڵام دوای ئەوەی ماڵیان گواستووەتەوە بۆ موانە کۆن بە (حاجی حەمە غەریبی موان) لە شارەزووری تەخت ناوبانگی دەرکردووە، ئەم پیاوە بە وتەی شایەتحاڵێک لە گوندی موانە کۆن کە ناوی (حاجی محمد عبداللەی موان ـە) لە بارەی ئازایەتی و خانەدانی (حاجی حەمە غەریب)ـەوە دەڵێت: (ئازا و چاونەترس و پیاوی ئاشتەوایی و کۆمەڵایەتی و دەستکراوە و دەوڵەمەند و جێگەی شانازی خزم و بێگانە بووە) وە ۱۰۰ دۆنم موڵکی لە گوندی موانە کۆن هەبووە.
نەیهێشتووە کەس سنوری گوندی موان ببەزێنێت وە بەبەردەوامی یارمەتی هەژار و لێقەوماوانی سنورەکەی داوە، هەموو ئەمانەش فەزڵ و بەخشندەیی خوای پەروەردگار بووە بۆ ئەم بنەماڵەیە کە هەر لە باوانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.
بەڕاستی خامە کولە لە وەسفی پیاوەتی و چاکەی (حاجی حەمە غەریب) ـدا، بەڵام ئەمەی کە باسکرا مشتێک بوو لە خەرمانێک، لە سەرجەم ئاشتەوایی گەورە و بچووکی ناوچەکەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، لەبەرئەوەی تووڕە و بوێر و ئازا بووە نەیهێشتووە کەس بە سنوری موانە کۆندا تێپەڕبێت، زەوی کشتوکاڵی کردووە بە ڕێگا کە تا ئێستەش ئەو ڕێگایە بە ناوی (حاجی حەمە غەریب) ـەوە مەشهورە، وە لە شەڕی ڕۆغزایی و زەنگەدا بەشداری کردووە، کە تێیدا (محمد عزیز شاوەیس) کوژراوە، سەرجەم کەسایەتییە بەناوبانگەکان و سەرۆک عەشرەتەکان هاتوونەتە ماڵی، دوای ئەوە (حاجی حەمە غەریب) باری کردووە بۆ شاری سلێمانی، هەروەها لە شاری سلێمانیش بەردەوام بووە لە ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی خەڵک، بەمەش گوندەکە بێ ڕیش سپی ماوەتەوە، وە خەڵکی گوندەکە لە کاتی ماڵ بارکردنی (حاجی حەمە غەریب) ـدا وەک وەفایەک بۆ ئازایەتی و لێهاتوویی ناوبراو وتووە:
خودا بیبڕی دەنگی دلێران
ڕێوی ڕاو دەکات لە جێگەی شێران
وە شاعیریش لە وەسفیدا دەڵێت:
پیاوێکی ئازا و هەرگیز خۆنەویست
وەکوو پشت وابوو بۆ کەسی مەئویس
حمە غەریبی کوڕی کاکەوڵا
پیاوی دونیا بوو هەم ئەهلی صەفا
دیوەخانداری ناوچەی شارەزوور
دەهاتنە ماڵی لە نزیک و دوور
لە ڕۆژی شەممەدا لە بەرواری ۳ / ۱۲ / ۲۰۱۱ ـدا (حاجی حەمە غەریب) کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی زەڕایەن بە خاک سپێردراوە.
جوگرافیا
[دەستکاری]سێتەلانی خواروو لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی جۆلانە و لە باشوور لەگەڵ گوندی کانی ھەنجیر و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی ئەحمەدئاوا و لە ڕۆژاوا لەگەڵ گوندی سێتەلانی سەروو.[٥][٦]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «Kurdistan Regional Government». KRG. لە ڕەسەنەکە لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ١١ی شوباتی ٢٠١٨ ھێنراوە.
- ↑ د. عەبدوڵڵا غەفوور. «پێڕستی گوندەکانی باشوور» (PDF) (بە کوردی).[بەستەری مردوو]
- ↑ مێژووی بناری شارەزوور، مێژوو (١٩٩٢). مێژووی بناری شارەزوور. Slemani: مێژوو. لاپەڕە ٦٥-٨٠. ژپنک ١٢٧٦٥٣/١٢.
{{cite book}}: نرخی|ژپنک=بپشکنە: نووسەی نادروست (یارمەتی) - ↑ «Gmail». accounts.google.com. لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ http://wikimapia.org/
- ↑ http://www.krso.net/ ٣ی شوباتی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.