سۆران کوردستانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
دوکتۆر سۆران کوردستانی
لەدایکبوون ١٩٥٥
سنە
مەرگ ٢٠١٣
مەهاباد
شوێنی دۆزینەوەی تەرم مقبره الشعرای مەهاباد
نەتەوە کورد
ناوەکانی تر بەهمەن فەریوەر
پەروەردە دوکتۆرای پزیشکی
پیشە نووسەر ، شاعیر و مێژوونووس
ئایین ئیسلام ، سوننی
ھاوسەر نازەنین ئیسماعیل پووری
منداڵەکان شاهۆ
ماڵپەڕ
http://www.sorankurdistani.com

بەهمەن فەریوەر ناسراو به "سۆران کوردستانی" ساڵی ١٣٣٤ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر به ١٩٥٥ی زایینی له شاری هونەرپەروەری سنە پێی ناوەتە دنیا. سۆرانی کوردستانی نووسەر، شاعیر و مێژوونووسی کوردی ئێرانه. له دایکی ڕا له بنەماڵەی شێخانی مەردوخیی هەورامان (نەوەی شێخ محەممەدی مەردووخی کوردستانی) بوو.

ژیان[دەستکاری]

سۆران کوردستانی دوای فام کردنەوه، له شارەکانی سنە، کرماشان، مەشهەد، ئەردەبیل، مەهاباد و ورمێ درێژەی به خوێندن داوه و ساڵی ١٣٥٥ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر به ١٩٧٥ی زایینی له دەبیرستانی ژماره سێی خارەزمی تاران دیپڵۆمی وەرگرت و پاشان دوکتوڕای پزیشکی له زانستگای تاران وەرگرت. هەر چەند کە دەیتوانی به شێوەیەکی ئازاد له زانستگایەکی ئاسایی درێژه به خوێندن بدا، بەڵام به هۆی دەستەنگی له بۆرسییەی ئەڕتەش کەلکی وەرگرتووه و دوای کۆتایی هێنان به خوێندن وەک پزیشکی ئەڕتەش وەرگیراوه و خەریکی کار بووه. هاوکات دەگەڵ درێژەدان به خوێندن له زانستگادا به هۆی عەلاقه و هۆگرییەکی بووویەتی لێکۆڵینەوەی خۆی له بەشی فەرهەنگی، مێژوو، ناسینی ئایینەکان، زمان ناسی، کۆمەڵ ناسی و فەرهەنگی نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێکردووه و دوای ٣٩ ساڵ کاری بەردەوام نزیک به هەزار وتاری نووسیوە. لەبەر ئەوەی زۆر له کاری پزیشکی ئەڕتەش دا دەوامی نەهێناوه به هۆگەلێک که به دڵنیایی دەبێ ده ژیاننامەی دا نووسیبێتی واز لەو کاره دێنێ و لەبەر ئەوەی ماوەی تەعەهود و مەرجی خزمەتی له کارەکەی دا بە سەرنەچوو بوو بۆ هاتنه دەر لەو کاره ناچار به دانی غەرامه دەبێ و بۆ یەکجاری دێته نێو مەیدانی فەرهەنگ و ئەدەبەوە. ماوەیەک له تاران دەبێ؛ شوێنێک وەک مەتەب دادەنێ و به کەلک وەرگرتن گیایەکانی دەرمانی چەند جۆر دەمامکی جوان کاری ساز دەکا و لایەنگری زۆر دەبێ، بەڵام ئەو که هەوای گەڕانەوە بۆ مەوتەن و به تایبەت خزمەت به فەرهەنگ و ئەدەبی وڵاتەکەی ده دڵ دا بوو، دوای نووسینی کتێبی "ئیکسیری زیبایی" بەرەو سنە و پاشان بۆ مەهاباد و دوایه لەبەر تەنگ و چەڵەمەی ژیان ماڵی دێنێته ئاوایی گوێک تەپە و له ماڵی خەزووری نزیک دەبێتەوه. ساڵی ١٣٧١ بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک ماڵی دەباته ورمێ و بۆ یەکەم جار له زانستگای ورمێ ڕێ و ڕەسمی یادمانی ھەڵەبجە بەڕێوه دەبا و ڕاستەوخۆ هاوکاری خۆی دەگەڵ ناوەندی سەلاحەددینی ئەییووبی بۆ بەڕێوه بردنی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری سروه دەست پێدەکا و دەو دەرفەتەدا جگه له به چاپ گەیاندنی چەند بەرهەمی خۆی، دوو دەوره کلاسی فێر بوونی خوێندنەوە و نووسینی کوردی دادەنێ و تا ڕادەیەکی زۆر له کارەکەی دا سەرکەوتوو دەبێ.

له سەر داوای ئوستانداری وەخت بانگێشتی سنە دەکرێتەوه و ئیمکانی لێکۆڵینەوەی بۆ چەند بابەتی فەرهەنگی بۆ فەراهەم دەکرێ و تەنانەت گەڵاڵەی پێکهێنانی ئەنیستیتۆی کورد دادەڕێژێ، بەڵام لەبەر جیاوازیی بیر و بۆچوون، لەوێش دەوام ناهێنێ و دەگەڕێتەوه گوێک تەپە. له ساڵی ٧٥ تا ٧٧ له وێ دەمێنێتەوه و پاشان ماڵی دەباته بۆکان و چوار ساڵ و نیو له وێ نیشتەجێ دەبێ و دەو ماوەیەدا جگه له کاری گیادەرمانی، لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو به ئەنجام دەگەیێنێ و سەرەنجام له ساڵی ١٣٨١ تا کۆتایی ژیانی له مەهاباد دەمێنێتەوه و بەر له هەموو شتێک هەوڵ دەدا به دانانی پێشانگا و پەیوەست بوون به ناوەندەکانی فەرهەنگی به تایبەت ڕادیۆتلەویزیۆنی مەهاباد و ورمێ چەرخی ژیانی بخاته گەڕ و جێ دەستێک ده بەرنامەکانی زانیاری و فەرهەنگی و ئەدەبی دا بکاتەوه. به شوێن ئەو ئاواته ئەرکی وەرگێڕان و دۆبڵەی چەند زنجیرەفیلم وه ئەستۆ دەگرێ، بەڵام وەختایەک دەبینێ به دەسکەوتی ئەو کاره کون و کەلەبەرەکانی ژیانی بۆ پڕ نابێتەوه، له زانستی خۆی له سەر گیایەکان کەلک وەردەگرێ؛ بۆ بەڕێچوون و دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی پیشەی گیادەرمانی ڕەچاو دەکا و بۆ یەکەم جار مەکۆیەکی گیادەرمانی بۆ ئەو کاره دادەنێ. چەند جار له شارەکانی سنە و مەهاباد و بۆکان و سەردەشت پێشانگای کوردستان ناسی بەرپا دەکا.

له شێعرەکانی دوو شێعری له لایەن دەنگ خۆشانی سنە بەڕێزان "هادی زەندسەلیمی" و "محەممەد ئەحمەدزاده" و "عومەر عەبدی" له نەغەدە کراونەته ئاواز و گۆرانی و بڵاو بوونەوه و شێعرەکانی "شارەکەم سنه" و "دایک" له دوایین بەرهەمەکانی شێعری ئەو خودالێخۆشبوویەن.

سۆران ده دەورانی خوێندن دا له ورمێ دەگەڵ محێدین ئیسماعیل پووری دانیشتووی مەهاباد هاوکلاس و دۆستایەتییان خۆش دەبێ و بەردەوامی ئەو دۆستایەتییه دەبێته هۆی زەماوەند دەگەڵ خاتوو نازەنینی خوشکی. ئەو خاتوونه بەڕێزه به ڕەفتاری له خۆبوردووانەی ده ماوەی ژیانی هاوبەشی دەگەڵ سۆران دا ئەوپەڕی ڕووسوری له خۆی نواند و بوو به نموونەی ژنێکی بەوەفا.

بەرهەمەکان[دەستکاری]

دوکتۆر سۆران دەیان وتاری چاپ کراو و چاپ نەکراو و له هەموویان گرینگ تر فەرهەنگەکەی ده بەرگی به شێوەی فیش له دوای به جێ ماوه.

لەو ئاسەوارانەی به چاپی گەیاندوون هێندێکیان له تیراژی زۆر و هێندێکیان له تیراژی کەم دا بڵاو بوونەوه :

  • ڕێزمان
  • تەقویمی سۆران
  • کوردی فێر بین
  • ئیکسیری زیبایی
  • ڕەساڵەی عیشق
  • چەپکێ نەرگس
  • دوو ڕشته یاقوت و مەرجان
  • خوا یارت بۆ
  • ڕۆڵە بزانین
  • فێر کردنی سەرەتایی زمانی کوردی (بۆ پۆلی یکەم و دووەم به جودا)
  • مەنزوومەی کوردی "شاهۆ گیان سڵاو"
  • قەباڵه کۆنەکانی هەورامان
  • ژینەژان

کۆچی دوایی[دەستکاری]

دوای چەند ساڵ ژیان لێره و لەوێ جارێکی دیکه له گوێک تەپەی ڕا دەچێته مەهاباد و له وێ ماڵۆچکەیەک پێکەوه دەنێ و دەکەوێته چالاکی فەرهەنگی و لێکۆڵینەوه. ئەو که زمانێک بۆ فێر بوون و لێکۆڵینەوە به پێیان به ئاوایی یەکان دا دەگەڕا و شاخ و کێوەکان ده ژێر ڕکێفی دا بوون، ئەو نۆرەی بۆ نووسینەوەی ئەو شتانەی وه دەستی هێنابوون ناچار دەبێ له ماڵ دا دانیشێ و بیاننووسێتەوه، کوت و پڕ نەخۆشی شەکره تێیدا سەر هەڵدەدا. هەر چەند به لێزانی خۆی و ڕێنومایی پزیشکان هەوڵی بەربەرەکانی دەگەڵ ئەو نەخۆشییه دەدا، بەڵام هەوڵ و پارێزی بێ سوود دەبێ و له ئاخری پاییزی ساڵی ١٣٧٨ ناچار دەبن لاقی چەپی ببڕنەوە و لەمەوبەدوا دەورانی تاڵ تر له پێشووی ژیانی دەست پێدەکا. لایەک بنەبڕ نەبوونی شەکرەی خوێنی و لایەک وەزن و قورسایی لەش و سەرهەڵدانی برین و ئازاری نوێ پەکی هەڵسووڕانی دەخەن و لەبەر ئەوەی سەرکەوتن تەنانەت له پلیکانێک بۆی دەبێته عەزابێکی گەوره، ناتوانێ ئەو جوری پێویسته هام و شۆی دۆستان و هاوبیرانی بکا، بەڵام دۆستان لەبەر ئەوەی قەت جارێک به پێڵاوی ئەو به ڕێ دا نەڕۆیشتبوون، ئەو دوورەپەرێزییەی سۆرانیان به جۆرێک خۆبەزلزانی ئەو دەزانی. سۆران خاوەنی ڕووحێکی گەوره بوو. هەوڵی دەدا نەخۆشی له خۆی نیشان نەدا و ده حاڵێک دا دەوپەڕی کێشانی ڕەنج و ئازاردا بوو، وای نیشان دەدا له هەموو کەس ساغ تره و هەوڵی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کەسانی دیکه دەدا، بەڵام بەو هەموو خۆڕاگرییەوه شەکرەی خوێن دەست بەرداری نەبوو و له مانگی سەرماوەزی ١٣٩١ گورچیلەکانی له کار خست . کەوته بەر دیالیز و وردەورده ئەو نەخۆشییه شوێنی له سەر دڵی دانا و ڕۆژی ١٣٩١/١٢/٠٩ هەتاوی ڕەوانەی نەخۆش خانەی شەهید مەدەنی تەورێز کرا و سێ ڕۆژ دواتر دڵیان خسته بەر نشتەرکاری و سەرجەم له چاردەی ڕەشەمەی ١٣٩١ڕا تا سی خاکەلێوەی ١٣٩٢ به ماوەی چل و حەوت ڕۆژ له کۆما دا بوو. سەرەنجام له پازده دەقەی بەیانی هەینی ١٣٩٢/٠١/٣٠ دڵی بریندار و پڕ له عیشق و ئاواتی بۆ هەمیشه له خورپه ڕاوەستا و خزم و کەسانی تەرمی بێ گیان و ئازار چێشتوویان هێناوه مەهاباد و هەر ئەو ڕۆژه هاوکات دەگەڵ بانگی ئێواره دەوپەڕی غەریبی دا له تەنیشت گۆری شاعیرێکی له خۆی غەریب تر قادر لوتفیانی له ئارامگای هونەرمەندان ئەسپەردەی خاک کرا و بۆ هەمیشه ماڵاوایی لێ کردین.

سەرچاوە[دەستکاری]