جەنگی فەڕەنسا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەڵمانییەکان لە ئایاری ١٩٤٠

جەنگی فەڕەنسا، داگیرکردنی فەڕەنسا، ئەو ھەڵمەتە سەربازییە بوو کە ئەڵمانیای نازی لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەمدا دژی ھۆڵەندا و بەلجیکا و لۆکسمبۆرگ و فەرەنسا دەستیپێکرد و بە شکستی ھێزەکانی ھاوپەیمانان و داگیرکاری فەڕەنسا و ھۆڵەندا کۆتایی ھات. [١] [٢] [٣]

شەڕەکە لە ١٠ی ئایاری ١٩٤٠ دەستیپێکرد و کۆتایی بە قۆناغی ئەو شەڕە ساختەیە ھێنا کە دوای لەشکرکێشی پۆڵەندا لە ئەیلوولی ١٩٣٩ و ڕاگەیاندنی شەڕ لەلایەن فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ سەر ئەڵمانیا دا ھات، و تا ٢٥ی حوزەیران بەردەوام بوو کە وادەی کەوتنی فەرمی بوو لە فەڕەنسا. ھەڵمەتەکەی ئەڵمانیا بەپێی دوو قۆناغی سەرەکی ئەنجامدرا: ئۆپەراسیۆنی زەرد ( بە زمانی ئەڵمانی، Fall Gelb)، کە بە یەکەم ھێرشی ھێزەکانی ئەڵمانیا بۆ سەر ھۆڵەندا و بەلجیکا و لۆکسمبۆرگ دەستیپێکرد، ھاوپەیمانان بە خێرایی وەڵامی ئەوەیان دایەوە کاتێک باشترین ھێزەکانیان دەجووڵاند بۆ باکوور بەرەو بەلجیکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکری ئەڵمانی بەپێی پلانی پێشوەختە ئامادەکرابوو، بەڵام ئەڵمانییەکان ئەوانەی سەرکەوتوو بوون لە ڕاکێشانی ھاوپەیمانان بۆ جوڵەکردن بەرەو باکوور سەرسامیان کردن بە ھێرشکردن لە ڕێگەی دارستانی ئاردێنسەوە لەگەڵ ھێزە زرێپۆشە ھەڵبژێردراوەکان، کە ھێرشی سەرەکی بوو لە پلانی ئەڵمانیدا. ھێرشی ئاردەنس کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وینستن چەرچڵەوە بە "لێدانی داس" ناونرا، سەرکەوتوو بوو لە جیاکردنەوەی ھێزە سەرەکییەکانی ھاوپەیمانان لە ھێزەکان دیکە و بڕینی لە ھەموو ھێڵەکانی پەیوەندی و پێداویستییەکانیان، کە دواجار بووە ھۆی دابڕان و گەمارۆدانیان. ھێزە گەمارۆدراوەکان و لەبەردەم ئەو فشارەی کە لەلایەن ھێزە زۆر ڕێکخراو و خێراکانی ئەڵمانیاوە بەسەریاندا سەپێندرا، دەستیان کرد بە کشانەوە بەرەو دەریا بەرەو شاری دانکیرک، لەوێ گەمارۆدانەکە بەسەریاندا سەپێندرا. بەریتانیا بەپەلە ھێزە گەمارۆدراوەکانی لەگەڵ ھەندێک لە تیمە فەڕەنسییەکان لە ئۆپەراسیۆنی داینامۆدای چۆڵکرد.

ڕاستەوخۆ دوای کشانەوەی ھێزەکانی بەریتانیا، ئەڵمانییەکان لە ٥ی حوزەیران دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم: ئۆپەراسیۆنی سوور ( بەئەڵمانی: Fall Rot). ھێزە کەمبووەکانی فەڕەنسا بەرگرییەکی سەرەتایی توندیان کرد، بەڵام باڵادەستی ھێزی ئاسمانی ئەڵمانیا و خێرایی جوڵەی زرێپۆشەکان وردە وردە ھێزەکانی فەڕەنسا کە مابوونەوە تێکیانشکاندن، ھێزەکانی ئەڵمانیا بە دەوری ھێڵی ماجینۆدا سووڕانەوە و دەستیان کرد بە چوونە ناو قووڵایی خاکی فەڕەنسا و لە ١٤ی حوزەیران گەیشتنە پاریسی پایتەخت کە دەسەڵاتی فەڕەنسا وەک شارێکی کراوە ناساندبووی. ڕووخانی پاریس دۆخێکی شڵەژان و ئاژاوەی لەنێو دەسەڵاتی فەرەنسیدا دروستکرد، کە بەشێکی زۆر لە ئەندامەکانی ھەڵھاتن و بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی بە بەرخۆدانی سەربازی فەرەنسا ھێنا. لە ١٨ی حوزەیران سەرکردەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ بەرپرسانی فەڕەنسا کۆبوونەوە کە ھیوایان خواست ئاگربەست لەگەڵ ئەڵمانیا بکرێت، لەنێو سەرکردەکاندا مارشال فیلیپ پێتاین بوو کە پۆستی سەرۆکایەتی فەڕەنسای گرتە دەست و لایەنگری ئاگربەست بوو لەگەڵ ئەڵمانیا.

لە ٢٢ی حوزەیران، ئاگربەست لە نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا واژوو کرا، ئەمەش بووە ھۆی دابەشبوونی خاکی فەڕەنسا، بەو پێیەی ئەڵمانیا بەشی باکوور و ڕۆژاوای داگیرکرد، لە کاتێکدا ئیتاڵیا بەشێکی کەمی لە باشووری ڕۆژھەڵات داگیرکرد، ئەو بەشەی کە دەمێنێتەوە پێی دەوترێت ناوچەی ئازاد و کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی میریی تازە پێکھێنراوی ڤیچی لەلایەن فیلیپ پێتانەوە.

فەڕەنسا تا ساڵی ١٩٤٤ لە ژێر دەسەڵاتی نازییەکان مایەوە و دوای نیشتنەوەکانی نۆرماندی لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە ئازادکرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "معلومات عن معركة فرنسا على موقع d-nb.info". d-nb.info.
  2. ^ "معلومات عن معركة فرنسا على موقع universalis.fr". universalis.fr.
  3. ^ "معلومات عن معركة فرنسا على موقع babelnet.org". babelnet.org. ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]