ئەژدیھای کۆمۆدۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ئەژدیهای کۆمۆدۆ لە نزیکەوە.

ئەژدیھای کۆمۆدۆ (بە ئینگلیزی: Komodo dragon) (ناوی زانستی: Varanus komodoensis) جۆرە مارمێلکەیەکی گەورەیە لە چەند دوورگەیەکی ئیندۆنیزی دەژیێت. لەوانە: کۆمۆدۆ، ڕینکا، فلۆرس، گیلی مۆتانگ و پادار[١]. درێژی ئەم جۆرە خشۆکە لە حاڵەتی دەگمەن دەکرێ بگاتە ٣ مەتر و کێشی دەگاتە نزیکەی ٧٠ کیلۆگرام.[١] ئەم ئەژدیهایە «ئۆڕا»شی پێ دەوترێت لەلایەن دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو دورگانە.[٢]

بەھۆی قەبارەیەناوە، ئەو مارمێلکانە بەسەر ناوچەی ژیانیاندا زاڵبوونە.[٣] ئەژدیھای کۆمۆدۆ بێبڕبڕەکان، باڵندەکان و شیردەرەکانیش ڕاودەکەن. وە دەشوترێ کە گەستنیان ژەھراویە؛ دوو ڕژێنیان ھەیە لە شەویلگەی خوارەوە کە چەند پڕۆتینێکی ژەھراوی و دەرمانی دژە مەیینی خوێن دەردەکەن. خواردنی سەرەکی ئەژدیھای کۆمۆدۆ بەزۆری ئاسکە، بەڵام بڕێکی بەرچاوی گۆشتی بۆگەن و مردارەوەبووش دەخۆن.[١] وە تەنانەت مرۆڤیش لە مەترسیان بەدەر نییە.[٤]

زانا ڕۆژئاواییەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩١٠ ئەژدیھای کۆمۆدۆیان لە لیستی ئاژەڵان تۆمارکرد.[٥] قەبارە گەورەکەیان و ناوبانگە ترسێنەرەکەیان وای لێکردوون ببنە جێی سەرنج لە باخچەی ئاژەڵان. بەڵام لە سرووشتدا، ڕووبەری نیشتەجێبوونیان کەمبۆتەوە بە ھۆی چالاکییەکانی مرۆڤ.[٦] ئێستا ئەژدیھای کۆمۆدۆ لە لیستی گیاندارە مەترسی لەسەرەکانە.[٦] لەبەر ئەوەش یاسای ئیندۆنیزیا پارێزگارییان لێدەکات و ناشناڵ پاڕکێکیش کراوەتەوە بۆ پارێزگارییان بەناوی ناشناڵ پاڕکی کۆمۆدۆ.

وەسف[دەستکاری]

پێستی ئەژدیهای کۆمۆدۆ.

لە سرووشتدا، ئەژدیھایەکی پێگەیشتووی کۆمۆدۆ کێشی نزیکەی ٧٠ کیلۆگڕامە، بەڵام ئەو ئەژدیهایانەی کە لە پاڕکە نیشتیمانییەکان دەژین کێشیان زۆرترە.[٧] بەپێی کتێبی گینس بۆ ڕیکۆردی جیھانی، نێرینەیەکی ئاسایی کێشەکەی دەگاتە ٧٩ بۆ ٩١ کگ و درێژیەکەشی دەگاتە ٢.٥٩ م، وە مێیەنەکی ئاساییش کێشەکەی دەگاتە ٦٨ بۆ ٧٣ کیلۆگڕام و درێژییەکەشی دەگاتە ٢.٢٩ م.[٨] گەورەترین ئەژدیھاش درێژییەکەی ٣.١٣ م بوو و کێشەکەشی ١٦٦ کگ بوو.[١] ئەژدیھای کۆمۆدۆ کلکێکی ھەیە بەقەد خۆی درێژە، لەگەڵ ٦٠ ددانی تیژ کە زوو زوو دەیانگۆڕێت. ددانەکانی درێژیان دەگاتە ٢.٥ سم. وە زمانێکی زەردی دووسەرەی ھەیە. پێستی ئەژدیھای کۆمۆدۆ بە پوولەکەی زرێپۆش داپۆشراوە، کە ئێستی بچووکی تێدایە ئەمەش وەکو زرێیەکی سرووشتی لێکردووە.[٩]

ھەستەکان[دەستکاری]

ئەژدیهای کۆمۆدۆ لەکاتی بەکارهێنانی زمانی بۆ هەستکردن بە دەورووبەری.

ئەژدیھای کۆمۆدۆ تەنھا یەک ئێسکی گوێی ھەیە بۆ گواستنەوەی لەرینەوە لە پەردەی گوێ-وە بۆ لوولپێچ. ئەمەش وادەکا کە تەنیا گوێیان لەو دەنگانە بێت کە ھێزەکەیان لەنێوان ٤٠٠ بۆ ٢٠٠٠ ھێرتز دایە، لەکاتێکدا کە مرۆڤ دەتوانێ گوێی لەدەنگبێ بە ھێزی ٢٠ بۆ ٢٠,٠٠٠ ھێرتز.[١] پێشتر وادەزاندرا کە کەڕە،ئەمەش دوای ئەوەی کە لێکۆڵینەوەیەک ڕایگەیاند کە ھیچ وەڵامێکی بۆ چرپە، دەنگی ئاسایی و ھاوارکردن نییە. ڕاستی ئەو ڕایە کەوتە ژێر پرسیارەوە دوای ئەوەی کە کارمەندێکی باخچەی زوولۆجی لەندەن ئەژدیھایەکی ڕاھێنا بۆ ئەوەی بێت بۆ نانخواردن تەنیا بە بانگکردن، تەنانەت ئەگەر ئەژدیھاکە ڕاھێنەرەکەشی نەدیبایە.[١٠]

وە ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەتوانێ شت لە دووری ٣٠٠ م ببینێت، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنھا خانەی قووچەکیی ھەیە لە چاویان، وا پێدەچێت لە شەواندا باش نەبینن. ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەتوانێ شت بەڕەنگاوڕەنگی ببینێت، بەڵام باش نییە لە جیاکردنەوەی شتە جێگیر و نەجووڵاوەکان لە چواردەوریان.[١١]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ زمانی بەکاردەھێنێت بۆ تامکردن وە وەکو زۆربەی خشۆکەکان، بۆ بۆنکردن ئەندامی یاکۆبسۆن (jacobson's organ) بەکاردەھێنێت لە جیاتی کونی لووتەکانی.[١٢] ئەندامی یاکۆبسۆن لە زۆربەی گیانەوەران ھەیە و دەکەوێتە نزیک ئێسکی لووت. بەیارمەتی با، ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەتوانێ بۆنی گۆشتی بۆگەن بکا لە دووری ٤ بۆ ٩.٥ کم.[١١] وە پێستە ڕەقەکەشی ھەستی بەرکەوتنی بۆ دابین دەکات. پێستی لە دەورووبەری گوێ، لێو، چەناگە و ژێرەوەی پێکانی لە ھەموو شوێنەکانی تری ھەستیارترە.[١٣]

ڕەفتار و ژینگە[دەستکاری]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ شوێنی گەرم و وشکی پێ خۆشە، وە بە گشتیش لە شوێنی وشک و نزم دەژیێت. لەبەر ئەوەی خوێن ساردە، واتا ناتوانێ پلەی گەرمیی لەشی بە جێگیری بھێڵێتەوە، زۆرتر بە ڕۆژ چالاکە. ئەژدیھاکان بەتەنیا دەژین و تەنیا بۆ زاوزێ و نانخواردن کۆدەبنەوە. دەتوانن بۆ ماوەی کورت بەخێرایی ڕابکەن و خێراییان دەگاتە ٢٠ کم/ک وە دەشتوانن تا قوڵایی ٤.٥ م مەلە بکەن. کاتێک لاون زۆر لێھاتوون لە بەسەر دارکەوتن بە یارمەتی چنگە بەھێزەکانیان.[٧] وە بۆ گرتنی ئەو نێچیرانەی کە کە نایانگەنێ، دەتوانن لەسەر قاچەکانی دواوەیان بوەستن و کلکیان وەکو پاڵپشتی بەکاربھێنن.[١٠] بەڵام کە ھەراش دەبن، چڕنووکەکانیان زۆرتر وەکو چەک بەکاردەھێنن و بەھۆی گەورەبوونی قەبارەشیان ناتوانن بە باشی بەسەرداردا ھەڵگەڕێن.[١٣]

بۆ پەناگەش، ئەژدیھای کۆمۆدۆ چاڵ ھەڵدەکۆڵێت بەھۆی چنگ و پەلە بەھێزەکانی کە دەکرێ ١ بۆ ٣ مەتر بەرینبێت.[١٤] وە بەھۆی ئەوەی قەبارەی گەورەیە و لەناوچاڵ دەخەوێت، ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەتوانێ گەرمی لەشی بپارێزێت بە درێژایی شەو و بەمشێوەیەش پێویستیی خۆدانەبەر خۆر لە ڕۆژدا کەم دەکاتەوە.[١٤] ئەژدیھای کۆمۆدۆ لە پاش نیوەڕۆیان ڕاودەکات، بەڵام لە کاتە زۆر گەرمەکانی ڕۆژ لەژێر سێبەردا دەمێنێتەوە .[١٥]

خۆراک[دەستکاری]

ئەژدیهای کۆمۆدۆ

ئەژدیھای کۆمۆدۆ گۆشتخۆرە. ھەرچەندە زۆرتر گۆشتی بۆگەن و ئاژەڵی مرادرەوەبوو دەخۆن،[١٦] بەڵام بۆسەش بۆ ئاژەڵی زیندوو دادەنێنەوە. کە نێچیرێکی شیاو نزیک دەبێتەوە لە بۆسەی ئەژدیھای کۆمۆدۆ، ئەژدیھاکە کتوپڕ ھێرش دەبا و گەرووی نێچیرەکە بەئامانج دەگرێت.[١٣] وە دەشتوانێت شوێنی نێچیرەکەی بدۆزێتەوە بە بەکارھێنانی ھەستی بۆنکردنی، کە دەتوانێت ھەست بە لاشەی ئاژەڵی مردوو بکات لە دووری ٩.٥ کم. وە ئەو جۆرە خشۆکە بینراوە کە بەرازی گەورە و ئاسک لەپێ بخات بە بەکارھێنانی کلکە بەھێزەکەی.[١٧]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ لەکاتی خواردنی نێچیرە گەورەکان پێی لەسەر لاشەی نێچیرەکەی دادەنێ و پارچەی گۆشتی گەورە لە نێچیرەکەی لێدەکاتەوە و بەیەکجار قووتی دەدات. بۆ نێچیری بچووکیش، بۆ نموونە بە قەد قەبارەی بزنێک، شەویلگەکانی تا ئاستێک لێک دەبنەوە کە دەتوانێ نێچیرەکە بە تەواوی قووت بدات.[١٨] لیکی ناو دەمی خواردنەکە نەرم دەکاتەوە، بەڵام ھێشتاش قووتدانی نێچیرەکەی کاتێکی زۆری دەوێت (نزیکەی ١٥-٢٠ خولەکی پێویستە بۆ قووتدانی بزنێک). ئەژدیھای کۆمۆدۆ لەوانەیە ھەوڵی خێرا قووتدانی نێچیرەکەی بدات، ئەویش بەھۆی پاڵنانی لاشەی نێچیرەکە بە درەختێک لەکاتی قووتدانی بۆ ئەوەی بە قوڕگی خۆی دا بیباتە خوارەوە. ھەندێک جار ئەوەندە بەھێز پاڵ بە دارەکەوە دەنێت، دارەکە بەردەبێتەوە.[١٨] وە بۆ ئەوەی نەخنکێ لەکاتی خواردندا، بەھۆی لوولەیەکی بچووکی ژێر زمانی ھەناسە دەدات کەوا بە سییەکانییەوە بەستراوەتەوە.[١٣] وە دەشتوانێ لە یەک ژەمدا، بەقەد %٨٠ کێشی خۆی خواردن بخوات.[٣] دوای نانخواردنیش دەچێتە بەر ھەتاو بۆ خێرا ھەرسکردنی ژەمەکەی، لەبەر ئەوەی خواردنەکە لەوانەیە بۆگەن ببێت و ئەژدیھاکە ژەھراوی بکات ئەگەر درەنگ ھەرسی بکات. بەھۆی مێتابۆلیزمە ھێواشەکەی، ئەژدیھایەکی گەورە دەتوانێ تەنھا بە ١٢ ژەم بژیێت لە ساڵێکدا.[١٣] دوای ھەرسکردن، ئەژدیھای کۆمۆدۆ موو، قۆچ و ددانەکانی نێچیرەکەی لە ڕێگەی دەمییەوە فڕی دەداتە دەرەوە.[١٣]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ چەندین زیندەوەر دەخوات لەوانە: بێبڕبڕەکان، خشۆکەکانی دیکە (تەنانەت ئەژدیھای بچووکتر لەخۆیانیش دەخۆن)، باڵدارەکان، ھێلکەی باڵندەکان، شیردەرە بچووکەکان، مەیموون، ئاسک، ئەسپ وە گامێشی ئاوی.[١٩] ئەژدیھا بچووکەکان مێروو، ھێلکە، مارمێلکە و شیردەری بچووک دەخۆن.[١٦] ھەندێک جار ئەو ئەژدیهایانە ھێرش دەکەنە سەر مرۆڤ و گازی لێدەگرن. وە ھەندێک جاریش ئەگەر گۆڕێک بدۆزنەوە زۆر قووڵ نەبێت، گۆڕەکە ھەڵدەکۆڵن و لاشەکەی ناوی دەخۆن.[١٠] ئەمەش وای لە دانیشتوانی دورگەی کۆمۆدۆ کردووە کە کۆمەڵە بەرد لەسەر گۆڕەکانیان دابنێن بۆ ئەوەی بیانپارێزن لە ئەژدیھاکان.[١٨]

وە لە کاتی ئاو خواردنەوەشدا، ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەمی پڕ ئاو دەکات دواتر سەری بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئاوەکە بڕژێتە ناو قوڕگی.[٢٠]

ژەھر[دەستکاری]

دوو ئەژدیهای کۆمۆدۆ لە کاتی زاوزێدا

توێژینەوەیەک دەریخستووە کە ڕژێنەکانی ناو دەمی ئەژدیھای کۆمۆدۆ ھەندێک پڕۆتینی ژەھراوی دەردەدەن کە ڕێگری دەکەن لە مەیینی خوێن لەکاتی خوێنبەربووندا و دەبنە ھۆی نزمبوونەوەی پەستانی خوێن، ئیفلیج بوونی ماسوولکە، تووشبوون بە ھایپۆتێرمیا، کە ئەویش دەبێتە ھۆی بێھۆشی و شۆک.[٢١] 

بەڵام ھەندێکی دیکە بە دووری دەزانن کە قەپی ئەژدیھای کۆمۆدۆ ژەھراوی بێت و پێیان وایە ھەتا ئەگەر لە ناو دەمی ئەژدیھاکان پڕۆتینی ژەھراویش ھەبن، لەوانەیە بۆ مەبەستی دیکە بەکاریان بھێنن.[٢٢] 

وەچەخستنەوە[دەستکاری]

ئەژدیھاکان لە نێوان مانگی گوڵان و ئاب زاوزێ دەکەن، وە لە ئەیلوولیش ھێلکە دادەنێن. ھەرجارەی نزیکەی ٢٠ ھێلکە دادەنێن.یا ئەوەتا چاڵێکیان بۆ ھەڵدەکۆڵن یانیش لە ھێلانەی بەجێھێڵدراوی باڵندان دایاندەنێن.[١] ھێلکەکان بۆ ماوەی حەوت بۆ ھەشت مانگ سڕ دەبن و لە مانگی نیساندا دەتروکێن، کە لەو مانگەدا مێروو زۆرن. ئەژدیھا بچووکەکان لەژێر مەترسی دڕندەکان و ئەژدیھا پێگەیشتووەکان، بۆیە لە ناو دارەکان دەژین. ماوەی ٨ بۆ ٩ ساڵیان پێدەچێت بۆ ئەوەی ھەراش ببن، وە نزیکەی ٣٠ ساڵیش دەژین.[١]

مێینەی ئەژدیهای کۆمۆدۆ توانای ئەوەی هەیە بەبێ نێرینە وەچە بخاتەوە، بە ڕێگای پڕۆسەی Parthenogenesis. هەموو ئەو بەچکانەی بەو شێوەیە لە دایک دەبن لە ڕەگەزی نێرینەن.زانایان وا بیردەکەنەوە ئەوەش وا بکات ئەژدیهایکی مێیەنە بەتەنیا بتوانێت کۆمەڵگایەکی نوێ درووست بکات.[٢٣] بەڵام ئەو ڕێگایەش زیانی خۆی هەیە، چونکە لەوانەیە زیان بە هەمەچەشنی جینی بگەیەنێت. کە ئەوەش دەبێتە هۆی زۆربوونی نەخۆشی و لاوازیی پاش چەند نەوەیەک.

وە ئەژدیهای کۆمۆدۆ سیستەمی دیاریکردنی ڕەگەزیی ZW ی هەیە، لەکاتێکدا شیردەرەکان سیستەمی XY یان هەیە.

پارێزگاری[دەستکاری]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ مەترسی لەناوچوونی لەسەرە و لە لیستی سوری یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاریی سروشت (IUCN) (The International Union for Conservation of Nature) دایە.[٦] لە ئێستادا نزیکەی ٤٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ ئەژدیھای زیندوو ھەیە لە سرووشتدا. لەسەر دورگەکانی گیلی مۆتانگ (١٠٠)، گیلی داسامی (١٠٠)، ڕینکا (١٣٠٠)، کۆمۆدۆ (١٧٠٠) و فلۆرس (لەوانەیە ٢٠٠٠).[٢٤] بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە تەنھا نزیکەی ٣٥٠ مێینە ھەن کە توانای وەچە خستنەوەیان ھەبێت.[٢] بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، لە ساڵی ١٩٨٠ ناشناڵ پاڕکی کۆمۆدۆ دامەزرێندرا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ژمارەی ئەژدیھای کۆمۆدۆ بکات لە دورگەکانی کۆمۆدۆ، ڕینکا و پادار.[٢٥] دواتریش شوێنی پاراستنی ئەژدیھای کۆمۆدۆ لەسەر دورگەی فلۆرسیش کرایەوە.[٢٦]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ خۆی بەدوور دەگرێت لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ مرۆڤدا. بچووکەکان زۆر شەرمن و زوو ڕادەکەن و خۆیان دەشارنەوە ئەگەر مرۆڤێک لە ١٠٠ مەتر نزیکتر بێتەوە. ئەژدیھا ھەراشەکانیش دەکشێنەوە ئەگەر مرۆڤ لێیان نزیک بێتەوە. ئەگەر نیگەران بن ئەوا کاردانەوەی تووندیان دەبێت بە کردنەوە و داخستنی دەمیان، دەرکردنی دەنگ و شەقاندنی کلکیان. ئەژدیھای کۆمۆدۆ زۆر بەکەمی ھێرش دەکاتە سەر مرۆڤ بۆ ڕاوکردنی، ئەگەر ھێرشیش بکا و گازیش بگرێ زۆرتر بۆ پاراستنی خۆیەتی.[٢٠] بۆ مەبەستی پاراستینیان لە ئێستادا بازرگانی کردن بە ئەژدیھاکان و پێستەکانیان قەدەغەیە.[٢٧]

هۆکارەکانی مەترسی[دەستکاری]

چەندین هۆکار هەن بۆ کەمبوونەوە و مەترسی لەسەر بوونی ئەو جۆرە مارمێلکەیە. لەوانەش[١٣][٢٦]:

  • چالاکی گڕکانی
  • زەوی لەرزە
  • ئاگرکەوتنەوە
  • لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون
  • ڕاوکردنی نێچیرەکانیا
  • ، گەشت و گوزار
  • ڕاوکردنی نایاسایی ئەژدیھاکان

گەلەری[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ a b c d e f g Ciofi, Cudio (2004). Varanus komodoensisVaranoid Lizards of the World (Bloomington & Indianapolis: Indiana University Press). pp. 197–204.la
  2. ^ a b "ئۆڕا (مۆنیتۆری دورگەی کۆمۆدۆ یان ئەژدیهای کۆمۆدۆ)". مۆزەخانەی ئەمەریکی بۆ مێژووی سروشتی.
  3. ^ a b Tim Halliday (Editor), Kraig Adler (Editor) (2002). Firefly Encyclopedia of Reptiles and Amphibians. Hove: Firefly Books Ltd. pp. 112, 113, 144, 147, 168, 169.
  4. ^ "هێرشی مارمێلکەی گەورە: ئەژدیهایەکی کۆمۆدۆ گاز لە ژنێکی پیر دەگرێ لەسەر دورگەی ڕینکا"،ڕۆژنامەی The Jakarta Post, ١٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢.
  5. ^ Varanus komodoensis. سایتی Mampam.com.
  6. ^ a b c سەنتەری چاودێری پارێزگاریی جیهانی (١٩٩٦)."Varanus komodoensis". لیستی سوری ئاژەڵە ژێر مەترسییەکانی IUCN  وەشانی 2011.1.  یەکێتی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی سرووشت.
  7. ^ a b Burnie, David; Don E. Wilson (2001). Animal. New York: DK Publishing. pp. 417, 420.
  8. ^ Wood, Gerald (1983). The Guinness Book of Animal Facts and Feats.
  9. ^ ئەژدیهای کۆمۆدۆ، Varanus komodoensis ١٩٩٨. باخچەی ئاژەڵانی جیهانیی سان دیێگۆ ١٩٩٨.
  10. ^ a b c David Badger; photography by John Netherton (2002).Lizards: A Natural History of Some Uncommon Creatures, Extraordinary Chameleons, Iguanas, Geckos, and More. Stillwater, MN: Voyageur Press. pp. 32, 52, 78, 81, 84, 140–145, 151.
  11. ^ a b "Komodo Dragon Fact Sheet". USA Zoological Park. 
  12. ^ "Komodo Dragon". Singapore Zoological Gardens. 
  13. ^ a b c d e f g Tara Darling (Illustrator). Komodo Dragon: On Location (Darling, Kathy. on Location.). Lothrop, Lee and Shepard Books.
  14. ^ a b consultant editors, Harold G. Cogger & Richard G. Zweifel; illustrations by David Kirshner (1998).Encyclopedia of Reptiles & Amphibians. Boston: Academic Press. pp. 132, 157–8. 
  15. ^ "پاڕکی نیشتیمانی کۆمۆدۆ پرسیارە هەمیشە دووبارە بووەکان". دامەزراوەی کۆمۆدۆ.
  16. ^ a b Chris Mattison, (1992) [1989]. Lizards of the World. New York: Facts on File. pp. 16, 57, 99, 175.
  17. ^ Attenborough, David (2008). Life in Cold Blood. Princeton, N.J.: Princeton University Press.
  18. ^ a b c Alison Ballance; Morris, Rod (2003). South Sea Islands: A Natural History.
  19. ^ Vidal, John (12 June 2008). "The terrifying truth about Komodo dragons". London: guardian.co.uk. 
  20. ^ a b Auffenberg, Walter (1981). The Behavioral Ecology of the Komodo Monitor. Gainesville, Florida: University Presses of Florida.
  21. ^ Scientists discover deadly secret of Komodo's bite, AFP, 19 May 2009
  22. ^ Zimmer, Carl (18 May 2009). "Chemicals in Dragon's Glands Stir Venom Debate". New York Times. p. D2. 
  23. ^ "هەندێک هێلکەی ئەژدیهای کۆمۆدۆ دەتروکێن بەبێ بوونی نێرینە". MSNBC. 
  24. ^ Trooper Walsh; Murphy, James Jerome; Claudio Ciofi; Colomba De LA Panouse (2002). Komodo Dragons: Biology and Conservation (Zoo and Aquarium Biology and Conservation Series). Washington, D.C.: Smithsonian Books.
  25. ^ وێبسایتی سەرەکی ناشناڵ پاڕکی کۆمۆدۆ.
  26. ^ a b "Trapping Komodo Dragons for Conservation". ناشناڵ جیۆگرافیک.
  27. ^ "Appendices I, II and III". CITES.