بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئەژدیھای کۆمۆدۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئەژدیهای کۆمۆدۆەوە ڕەوانە کراوە)

ئەژدیھای کۆمۆدۆ لە نزیکەوە.

ئەژدیھای کۆمۆدۆ (بە ئینگلیزی: Komodo dragon) (ناوی زانستی: Varanus komodoensis) جۆرە مارمێلکەیەکی گەورەیە لە چەند دوورگەیەکی ئیندۆنیزیا دەژیێت. لەوانە: کۆمۆدۆ، ڕینکا، فلۆرس، گیلی مۆتانگ و پادار.[١] درێژی ئەم جۆرە خشۆکە لە حاڵەتی دەگمەن دەکرێت بگاتە ٣ مەتر و کێشی دەگاتە نزیکەی ٧٠ کیلۆگرام.[١] ئەم ئەژدیھایە «ئۆڕا» یشی پێ دەوترێت لەلایەن دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو دوورگانە.[٢]

بەھۆی قەبارەیەناوە، ئەو مارمێلکانە بەسەر ناوچەی ژیانیاندا زاڵبوونە.[٣] ئەژدیھای کۆمۆدۆ بێبڕبڕەکان، باڵندەکان و شیردەرەکانیش ڕاودەکەن. وە دەوترێتیش کە گەستنیان ژەھراوییە؛ دوو ڕژێنیان ھەیە لە شەویلگەی خوارەوە کە چەند پڕۆتینێکی ژەھراوی و دەرمانی دژە مەیینی خوێن دەردەکەن. خواردنی سەرەکیی ئەژدیھای کۆمۆدۆ بەزۆری ئاسکە، بەڵام بڕێکی بەرچاوی گۆشتی بۆگەن و مردارەوەبووش دەخۆن.[١] و تەنانەت مرۆڤیش لە مەترسییان بەدەر نییە.[٤]

زانا ڕۆژاوایییەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩١٠ ئەژدیھای کۆمۆدۆیان لە لیستی ئاژەڵان تۆمارکرد.[٥] قەبارە گەورەکەیان و ناوبانگە ترسێنەرەکەیان وای لێکردوون ببنە جێی سەرنج لە باخچەی ئاژەڵان. بەڵام لە سروشتدا، ڕووبەری نیشتەجێبوونیان کەمبۆتەوە بە ھۆی چالاکییەکانی مرۆڤ.[٦] ئێستا ئەژدیھای کۆمۆدۆ لە لیستی گیاندارە مەترسی لەسەرەکانە.[٦] لەبەر ئەوەش یاسای ئیندۆنیزیا پارێزگارییان لێدەکات و پارکێکی نەتەوەیییش کراوەتەوە بۆ پارێزگارییان بەناوی پارکی نەتەوەییی کۆمۆدۆ.

پێستی ئەژدیھای کۆمۆدۆ.

لە سروشتدا، ئەژدیھایەکی پێگەیشتووی کۆمۆدۆ کێشی نزیکەی ٧٠ کیلۆگرامە، بەڵام ئەو ئەژدیھایانەی کە لە پارکە نیشتیمانییەکان دەژین کێشیان زۆرترە.[٧] بەپێی کتێبی گینس بۆ ڕیکۆردی جیھانی، نێرینەیەکی ئاسایی کێشەکەی دەگاتە ٧٩ بۆ ٩١ کگ و درێژییەکەشی دەگاتە ٢٫٥٩ م، و مێیەنەکی ئاسایییش کێشەکەی دەگاتە ٦٨ بۆ ٧٣ کگ و درێژییەکەشی دەگاتە ٢٫٢٩ م.[٨] گەورەترین ئەژدیھاش درێژییەکەی ٣٫١٣ م، و کێشەکەشی ١٦٦ کگ بووە.[١] ئەژدیھای کۆمۆدۆ کلکێکی ھەیە بەقەد خۆی درێژە، لەگەڵ ٦٠ ددانی تیژ کە زوو زوو دەیانگۆڕێت. ددانەکانی درێژییان دەگاتە ٢٫٥ سم. و زمانێکی زەردی دووسەرەی ھەیە. پێستی ئەژدیھای کۆمۆدۆ بە پوولەکەی زرێپۆش داپۆشراوە، کە ئێستی بچووکی تێدایە ئەمەش وەکو زرێیەکی سروشتی لێکردووە.[٩]

ھەستەکان

[دەستکاری]
ئەژدیھای کۆمۆدۆ لەکاتی بەکارھێنانی زمانی بۆ ھەستکردن بە دەورووبەری.

ئەژدیھای کۆمۆدۆ تەنھا یەک ئێسکی گوێی ھەیە بۆ گواستنەوەی لەرینەوە لە پەردەی گوێ-وە بۆ لوولپێچ. ئەمەش وادەکات کە تەنیا گوێیان لەو دەنگانە بێت کە لەرەلەرەکەیان لەنێوان ٤٠٠ بۆ ٢٠٠٠ ھێرتز دایە، لەکاتێکدا کە مرۆڤ دەتوانێت گوێی لەو شەپۆلە دەنگییانە بێت کە لەرەلەریان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٠٬٠٠٠ ھێرتز دایە.[١] پێشتر وادەزاندرا کە کەڕە، ئەمەش دوای ئەوەی کە لێکۆڵینەوەیەک ڕایگەیاند کە ھیچ وەڵامێکی بۆ چرپە، دەنگی ئاسایی و ھاوارکردن نییە. ڕاستی ئەو ڕایە کەوتە ژێر پرسیارەوە دوای ئەوەی کە کارمەندێکی باخچەی زوولۆجی لەندەن ئەژدیھایەکی ڕاھێنا بۆ ئەوەی بێت بۆ نانخواردن تەنیا بە بانگکردن، تەنانەت ئەگەر ئەژدیھاکە ڕاھێنەرەکەشی نەدیبایە.[١٠]

و ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەتوانێت شت لە دووری ٣٠٠ م ببینێت، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنھا خانەی قووچەکی ھەیە لە چاویان، وا پێدەچێت لە شەواندا باش نەبینن. ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەتوانێت شت بەڕەنگاوڕەنگی ببینێت، بەڵام باش نییە لە جیاکردنەوەی شتە جێگیر و نەجووڵاوەکان لە چواردەوریان.[١١]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ زمانی بەکاردەھێنێت بۆ چەشتن، و وەکو زۆربەی خشۆکەکان بۆ بۆنکردن ئەندامی یاکۆبسۆن (jacobson's organ) بەکاردەھێنێت لە جیاتی کونی لووتەکانی.[١٢] ئەندامی یاکۆبسۆن لە زۆربەی گیانەوەران ھەیە و دەکەوێتە نزیک ئێسکی لووت. بەیارمەتیی با، ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەتوانێت بۆنی گۆشتی بۆگەن بکات لە دووری ٤ بۆ ٩٫٥ کم.[١١] و پێستە ڕەقەکەشی ھەستی بەرکەوتنی بۆ دابین دەکات. پێستی لە دەورووبەری گوێ، لێو، چەناگە و ژێرەوەی پێیەکانی لە ھەموو شوێنەکانی تری ھەستیارترن.[١٣]

ڕەفتار و ژینگە

[دەستکاری]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ شوێنی گەرم و وشکی پێ خۆشە، و بە گشتیش لە شوێنی وشک و نزم دەژیێت. لەبەر ئەوەی خوێن ساردە، واتە ناتوانێت پلەی گەرمیی لەشی بە جێگیری بھێڵێتەوە، زۆرتر بە ڕۆژ چالاکە. ئەژدیھاکان بەتەنیا دەژین و تەنیا بۆ زاوزێ و نانخواردن کۆدەبنەوە. دەتوانن بۆ ماوەی کورت بەخێرایی ڕابکەن و خێراییان دەگاتە ٢٠ کم/ک و دەتواننیش تا قووڵاییی ٤٫٥ م مەلە بکەن. کاتێک لاون زۆر لێھاتوون لە بەسەر دارکەوتن بە یارمەتیی چنگە بەھێزەکانیان.[٧] و بۆ گرتنی ئەو نێچیرانەی کە کە نایانگەنێ، دەتوانن لەسەر قاچەکانی دواوەیان بوەستن و کلکیان وەکو پاڵپشتی بەکاربھێنن.[١٠] بەڵام کە ھەراش دەبن، چڕنووکەکانیان زۆرتر وەکو چەک بەکاردەھێنن و بەھۆی گەورەبوونی قەبارەشیان ناتوانن بە باشی بەسەرداردا ھەڵگەڕێن.[١٣]

بۆ پەناگەش، ئەژدیھای کۆمۆدۆ چاڵ ھەڵدەکۆڵێت بەھۆی چنگ و پەلە بەھێزەکانی کە دەکرێ ١ بۆ ٣ مەتر بەرینبێت.[١٤] وە بەھۆی ئەوەی قەبارەی گەورەیە و لەناوچاڵ دەخەوێت، ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەتوانێت گەرمیی لەشی بپارێزێت بە درێژایی شەو و بەمشێوەیەش پێویستیی خۆدانەبەر خۆر لە ڕۆژدا کەم دەکاتەوە.[١٤] ئەژدیھای کۆمۆدۆ لە پاش نیوەڕۆیان ڕاودەکات، بەڵام لە کاتە زۆر گەرمەکانی ڕۆژ لەژێر سێبەردا دەمێنێتەوە.[١٥]

خۆراک

[دەستکاری]
ئەژدیھای کۆمۆدۆ

ئەژدیھای کۆمۆدۆ گۆشتخۆرە. ھەرچەندە زۆرتر گۆشتی بۆگەن و ئاژەڵی مرادرەوەبوو دەخۆن،[١٦] بەڵام بۆسەش بۆ ئاژەڵی زیندوو دادەنێنەوە. کە نێچیرێکی شیاو نزیک دەبێتەوە لە بۆسەی ئەژدیھای کۆمۆدۆ، ئەژدیھاکە کتوپڕ ھێرش دەبات و گەرووی نێچیرەکە بەئامانج دەگرێت.[١٣] و دەشتوانێت شوێنی نێچیرەکەی بدۆزێتەوە بە بەکارھێنانی ھەستی بۆنکردنی، کە دەتوانێت ھەست بە لاشەی ئاژەڵی مردوو بکات لە دووری ٩٫٥ کم. و ئەو جۆرە خشۆکە بینراوە کە بەرازی گەورە و ئاسک لەپێ بخات بە بەکارھێنانی کلکە بەھێزەکەی.[١٧]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ لەکاتی خواردنی نێچیرە گەورەکان پێی لەسەر لاشەی نێچیرەکەی دادەنێت و پارچەی گۆشتی گەورە لە نێچیرەکەی لێدەکاتەوە و بەیەکجار قووتی دەدات. بۆ نێچیری بچووکیش، بۆ نموونە بە قەد قەبارەی بزنێک، شەویلگەکانی تا ئاستێک لێک دەبنەوە کە دەتوانێت نێچیرەکە بە تەواوی قووت بدات.[١٨] لیکی ناو دەمی خواردنەکە نەرم دەکاتەوە، بەڵام ھێشتاش قووتدانی نێچیرەکەی کاتێکی زۆری دەوێت (نزیکەی ١٥–٢٠ خولەکی پێویستە بۆ قووتدانی بزنێک). ئەژدیھای کۆمۆدۆ لەوانەیە ھەوڵی خێرا قووتدانی نێچیرەکەی بدات، ئەویش بەھۆی پاڵنانی لاشەی نێچیرەکە بە درەختێک لەکاتی قووتدانی بۆ ئەوەی بە قوڕگی خۆی دا بیباتە خوارەوە. ھەندێک جار ئەوەندە بەھێز پاڵ بە دارەکەوە دەنێت، دارەکە بەردەبێتەوە.[١٨] و بۆ ئەوەی نەخنکێت لەکاتی خواردندا، بەھۆی لوولەیەکی بچووکی ژێر زمانی ھەناسە دەدات کەوا بە سییەکانییەوە بەستراوەتەوە.[١٣] و دەشتوانێت لە یەک ژەمدا، بەقەد ٪‏٨٠ کێشی خۆی خواردن بخوات.[٣] دوای نانخواردنیش دەچێتە بەر ھەتاو بۆ خێرا ھەرسکردنی ژەمەکەی، لەبەر ئەوەی خواردنەکە لەوانەیە بۆگەن ببێت و ئەژدیھاکە ژەھراوی بکات ئەگەر درەنگ ھەرسی بکات. بەھۆی مێتابۆلیزمە ھێواشەکەی، ئەژدیھایەکی گەورە دەتوانێت تەنھا بە ١٢ ژەم بژیێت لە ساڵێکدا.[١٣] دوای ھەرسکردن، ئەژدیھای کۆمۆدۆ موو، قۆچ و ددانەکانی نێچیرەکەی لە ڕێگەی دەمییەوە فڕی دەداتە دەرەوە.[١٣]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ چەندین زیندەوەر دەخوات لەوانە: بێبڕبڕەکان، خشۆکەکانی دیکە (تەنانەت ئەژدیھای بچووکتر لەخۆیانیش دەخۆن)، باڵدارەکان، ھێلکەی باڵندەکان، شیردەرە بچووکەکان، مەیموون، ئاسک، ئەسپ و گامێشی ئاوی.[١٩] ئەژدیھا بچووکەکان مێروو، ھێلکە، مارمێلکە و شیردەری بچووک دەخۆن.[١٦] ھەندێک جار ئەو ئەژدیھایانە ھێرش دەکەنە سەر مرۆڤ و گازی لێدەگرن. و ھەندێک جاریش ئەگەر گۆڕێک بدۆزنەوە زۆر قووڵ نەبێت، گۆڕەکە ھەڵدەکۆڵن و لاشەکەی ناوی دەخۆن.[١٠] ئەمەش وای لە دانیشتوانی دوورگەی کۆمۆدۆ کردووە کە کۆمەڵە بەرد لەسەر گۆڕەکانیان دابنێن بۆ ئەوەی بیانپارێزن لە ئەژدیھاکان.[١٨]

و لە کاتی ئاو خواردنەوەشدا، ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەمی پڕ ئاو دەکات دواتر سەری بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئاوەکە بڕژێتە ناو قوڕگی.[٢٠]

دوو ئەژدیھای کۆمۆدۆ لە کاتی زاوزێدا

توێژینەوەیەک دەریخستووە کە ڕژێنەکانی ناو دەمی ئەژدیھای کۆمۆدۆ ھەندێک پڕۆتینی ژەھراوی دەردەدەن کە ڕێگری دەکەن لە مەیینی خوێن لەکاتی خوێنبەربووندا و دەبنە ھۆی نزمبوونەوەی پەستانی خوێن، ئیفلیج بوونی ماسوولکە، تووشبوون بە ھایپۆتێرمیا، کە ئەویش دەبێتە ھۆی بێھۆشی و شۆک.[٢١]

بەڵام ھەندێکی دیکە بە دووری دەزانن کە قەپی ئەژدیھای کۆمۆدۆ ژەھراوی بێت و پێیان وایە ھەتا ئەگەر لە ناو دەمی ئەژدیھاکان پڕۆتینی ژەھراویش ھەبن، لەوانەیە بۆ مەبەستی دیکە بەکاریان بھێنن.[٢٢]

وەچەخستنەوە

[دەستکاری]

ئەژدیھاکان لە نێوان مانگی گوڵان و ئاب زاوزێ دەکەن، و لە ئەیلوولیش ھێلکە دادەنێن. ھەرجارەی نزیکەی ٢٠ ھێلکە دادەنێن. یان ئەوەتا چاڵێکیان بۆ ھەڵدەکۆڵن یانیش لە ھێلانەی بەجێھێڵدراوی باڵندەکان دایاندەنێن.[١] ھێلکەکان بۆ ماوەی حەوت بۆ ھەشت مانگ سڕ دەبن و لە مانگی نیساندا دەتروکێن، کە لەو مانگەدا مێروو زۆرن. ئەژدیھا بچووکەکان لەژێر مەترسی دڕندەکان و ئەژدیھا پێگەیشتووەکانن، بۆیە لە ناو دارەکان دەژین. ماوەی ٨ بۆ ٩ ساڵیان پێدەچێت بۆ ئەوەی ھەراش ببن، و نزیکەی ٣٠ ساڵیش دەژین.[١]

مێینەی ئەژدیھای کۆمۆدۆ توانای ئەوەی ھەیە بەبێ نێرینە وەچە بخاتەوە، بە ڕێگای پڕۆسەی Parthenogenesis. ھەموو ئەو بەچکانەی بەو شێوەیە لە دایک دەبن لە ڕەگەزی نێرینەن. زانایان وا بیردەکەنەوە ئەوەش وا بکات ئەژدیھایکی مێیەنە بەتەنیا بتوانێت کۆمەڵگایەکی نوێ دروست بکات.[٢٣] بەڵام ئەو ڕێگایەش زیانی خۆی ھەیە، چونکە لەوانەیە زیان بە ھەمەچەشنی جینی بگەیەنێت. کە ئەوەش دەبێتە ھۆی زۆربوونی نەخۆشی و لاوازیی پاش چەند نەوەیەک.

و ئەژدیھای کۆمۆدۆ سیستەمی دیاریکردنی ڕەگەزیی ZW ی ھەیە، لەکاتێکدا شیردەرەکان سیستەمی XY یان ھەیە.

پارێزگاری

[دەستکاری]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ مەترسی لەناوچوونی لەسەرە و لە لیستی سووری یەکێتیی نێونەتەوەییی بۆ پارێزگاریی سروشت (IUCN) (The International Union for Conservation of Nature) دایە.[٦] لە ئێستادا نزیکەی ٤٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ ئەژدیھای زیندوو ھەیە لە سروشتدا. لەسەر دوورگەکانی گیلی مۆتانگ (١٠٠)، گیلی داسامی (١٠٠)، ڕینکا (١٣٠٠)، کۆمۆدۆ (١٧٠٠) و فلۆرس (لەوانەیە ٢٠٠٠).[٢٤] بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە تەنھا نزیکەی ٣٥٠ مێینە ھەن کە توانای وەچە خستنەوەیان ھەبێت.[٢] بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، لە ساڵی ١٩٨٠ پارکی نەتەوەییی کۆمۆدۆ دامەزرێندرا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ژمارەی ئەژدیھای کۆمۆدۆ بکات لە دوورگەکانی کۆمۆدۆ، ڕینکا و پادار.[٢٥] دواتریش شوێنی پاراستنی ئەژدیھای کۆمۆدۆ لەسەر دوورگەی فلۆرسیش کرایەوە.[٢٦]

ئەژدیھای کۆمۆدۆ خۆی بەدوور دەگرێت لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ مرۆڤدا. بچووکەکان زۆر شەرمن و زوو ڕادەکەن و خۆیان دەشارنەوە ئەگەر مرۆڤێک لە ١٠٠ مەتر نزیکتر بێتەوە. ئەژدیھا ھەراشەکانیش دەکشێنەوە ئەگەر مرۆڤ لێیان نزیک بێتەوە. ئەگەر نیگەران بن ئەوا کاردانەوەی تووندیان دەبێت بە کردنەوە و داخستنی دەمیان، دەرکردنی دەنگ و شەقاندنی کلکیان. ئەژدیھای کۆمۆدۆ زۆر بەکەمی ھێرش دەکاتە سەر مرۆڤ بۆ ڕاوکردنی، ئەگەر ھێرشیش بکات و گازیش بگرێت زۆرتر بۆ پاراستنی خۆیەتی.[٢٠] بە مەبەستی پاراستنیان لە ئێستادا بازرگانی کردن بە ئەژدیھاکان و پێستەکانیان قەدەغەیە.[٢٧]

ھۆکارەکانی مەترسی

[دەستکاری]

چەندین ھۆکار ھەن بۆ کەمبوونەوە و مەترسی لەسەر بوونی ئەو جۆرە مارمێلکەیە. لەوانەش:[١٣][٢٦]

  • چالاکی گڕکانی
  • زەوی لەرزە
  • ئاگرکەوتنەوە
  • لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوون
  • ڕاوکردنی نێچیرەکانیان
  • گەشت و گوزار
  • ڕاوکردنی نایاساییی ئەژدیھاکان

پێشانگە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ Ciofi, Cudio (2004). Varanus komodoensis. Varanoid Lizards of the World (Bloomington & Indianapolis: Indiana University Press). pp. 197–204.la
  2. ^ ئ ا "ئۆڕا (مۆنیتۆری دورگەی کۆمۆدۆ یان ئەژدیھای کۆمۆدۆ)". مۆزەخانەی ئەمریکی بۆ مێژووی سروشتی.
  3. ^ ئ ا Tim Halliday (Editor), Kraig Adler (Editor) (2002). Firefly Encyclopedia of Reptiles and Amphibians. Hove: Firefly Books Ltd. pp. 112, 113, 144, 147, 168, 169.
  4. ^ "ھێرشی مارمێلکەی گەورە: ئەژدیھایەکی کۆمۆدۆ گاز لە ژنێکی پیر دەگرێ لەسەر دورگەی ڕینکا"، ڕۆژنامەی The Jakarta Post, ١٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢.
  5. ^ Varanus komodoensis ١١ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. سایتی Mampam.com.
  6. ^ ئ ا ب سەنتەری چاودێری پارێزگاریی جیھانی (١٩٩٦)."Varanus komodoensis ٢٥ی ئایاری ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.". لیستی سوری ئاژەڵە ژێر مەترسییەکانی IUCN وەشانی 2011.1. یەکێتی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی سرووشت.
  7. ^ ئ ا Burnie, David; Don E. Wilson (2001). Animal. New York: DK Publishing. pp. 417, 420.
  8. ^ Wood, Gerald (1983). The Guinness Book of Animal Facts and Feats.
  9. ^ ئەژدیھای کۆمۆدۆ، Varanus komodoensis 1998 ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. باخچەی ئاژەڵانی جیھانیی سان دیێگۆ ١٩٩٨.
  10. ^ ئ ا ب David Badger; photography by John Netherton (2002).Lizards: A Natural History of Some Uncommon Creatures, Extraordinary Chameleons, Iguanas, Geckos, and More. Stillwater, MN: Voyageur Press. pp. 32, 52, 78, 81, 84, 140–145, 151.
  11. ^ ئ ا "Komodo Dragon Fact Sheet". USA Zoological Park.
  12. ^ "Komodo Dragon". Singapore Zoological Gardens.
  13. ^ ئ ا ب پ ت ج چ Tara Darling (Illustrator). Komodo Dragon: On Location (Darling, Kathy. on Location.). Lothrop, Lee and Shepard Books.
  14. ^ ئ ا consultant editors, Harold G. Cogger & Richard G. Zweifel; illustrations by David Kirshner (1998).Encyclopedia of Reptiles & Amphibians. Boston: Academic Press. pp. 132, 157–8.
  15. ^ "پاڕکی نیشتیمانی کۆمۆدۆ پرسیارە ھەمیشە دووبارە بووەکان" ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. دامەزراوەی کۆمۆدۆ.
  16. ^ ئ ا Chris Mattison, (1992) [1989]. Lizards of the World. New York: Facts on File. pp. 16, 57, 99, 175.
  17. ^ Attenborough, David (2008). Life in Cold Blood. Princeton, N.J. : Princeton University Press.
  18. ^ ئ ا ب Alison Ballance; Morris, Rod (2003). South Sea Islands: A Natural History.
  19. ^ Vidal, John (12 June 2008). "The terrifying truth about Komodo dragons" ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. London: guardian.co.uk.
  20. ^ ئ ا Auffenberg, Walter (1981). The Behavioral Ecology of the Komodo Monitor. Gainesville, Florida: University Presses of Florida.
  21. ^ Scientists discover deadly secret of Komodo's bite, AFP, 19 May 2009
  22. ^ Zimmer, Carl (18 May 2009). "Chemicals in Dragon's Glands Stir Venom Debate". New York Times. p. D2.
  23. ^ "ھەندێک ھێلکەی ئەژدیھای کۆمۆدۆ دەتروکێن بەبێ بوونی نێرینە" ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. MSNBC.
  24. ^ Trooper Walsh; Murphy, James Jerome; Claudio Ciofi; Colomba De LA Panouse (2002). Komodo Dragons: Biology and Conservation (Zoo and Aquarium Biology and Conservation Series). Washington, D.C. : Smithsonian Books.
  25. ^ وێبسایتی سەرەکی ناشناڵ پاڕکی کۆمۆدۆ ٦ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە..
  26. ^ ئ ا "Trapping Komodo Dragons for Conservation ٩ی ئازاری ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.". ناشناڵ جیۆگرافیک.
  27. ^ "Appendices I, II and III". CITES.