ئەبووداوود
ئیمام ئەبوداوود | |
---|---|
ناو: | ئیمام ئەبوداوود |
ناوی تەواو: | سولەیمان کوڕی ئەشعەس |
ڕێکەوتی لەدایکبوون: | ٢٠٢ی کۆچی |
شوێنی لەدایکبوون: | ئێران |
ڕێکەوتی مردن: | ٢٧٥ی کۆچی |
شوێنی مردن: | بەسڕە، عێراق |
بیروباوەڕ: | سوننە |
بواری کردوکۆش: | زانستی فەرموودە |
شوێنەواگری: | بوخاری، ترمزی، نەسائی... |
کارتێکەری: | ئەحمەد کوڕی حەنبەل، یەحیا کوڕی مەعین... |
ئەبوداوود سولەیمان کوڕی ئەشعەس کوری بەشیر ئەزەدی سەسیجستانی، ناسراو بە ئەبوداوود، ژیاوە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢ تا ٢٧٥ک، پێشەوای ئەھلی فەرموودە بووە لە سەردەمی خۆییدا و خاوەنی کتێبی ناوداری سونەنی ئەبوداوودە.
ئەبوداوود لە نێو چەندین شاری ئیسلامدا گەڕاوە، زانیاری وەرگرتووە و نوسیووە لە عێراقی وخۆراسانی و شامی ومیسرییەکانەوە، کتێبی سونەنی کۆکردۆتەوە و خستویەتە بەردەمی ئیمام ئەحمەد کوڕی حەنبەل، و ئەویش پەسەندی کردووە، کتێبەکەی تەنھا لەسەر فەرموودەی سەحیح نیە، بەڵکو فەرموودە باش و لاوازەکانیش لەخۆ دەگرێت، و ٤٨٠٠ فەرموودەی تیاکۆکردۆتەوە و لە نێو ٥٠٠ ھەزار فەرموودە ھەڵی بژاردوون.
ژیانی
[دەستکاری]ئەبوداوود سولەیمان کوڕی ئەشعەس کوری بەشیر ئەلئەزەدی سەسیجستانی ناسراو بە ئەبوداوود، لە دایکبووە لە ساڵی ٢٠٢ک لە ھەرێمێکی بچوک کە سەجستان ناودەبرا کە ھەرێمێکە لە ئێران و ئێستا ناودەبرێت بە سیستان و بلوشستان، چەندین وڵات و شارە ئیسلامییەکان گەڕاوە بە دوای زانست و کۆکردنەوەی فەرمودە لەوانە چۆتە عێراق و شام و میسر و خۆراسان و کۆچی دوایی کردووە ساڵی ٢٧٥ک لە بەسڕە و لە تەنیشت گۆڕی سوفیانی سەورییەوە نێژراوە.
پلەی فەرموودەکانی
[دەستکاری]دەربارەی پلەی ڕاستیەتی فەرموودەکانی سونەنی ئەبوداوود، خۆی لەو بارەیەوە ئەڵێت؛ سەحیحەکانم باسکردووە لەگەڵ ئەوانەی لەوان ئەچن و لێیانەوە نزیکن، و زانایانی ئیسلام لەسەر ئەوەن، کە سەرچاوەکانی فەرموودە لە ڕووی ڕاستی فەرموودەکانییەوە لە دوای ھەردوو سەحیحی بوخاری و موسلیم سونەنی ئەبووداود دێت.
مامۆستا و خوێندکارەکانی
[دەستکاری]ئەبوداوود لای ژمارەیەکی زۆر زانا خوێندویەتی و زانیاریی لێ وەرگرتوون، لەوانە ئیمام ئەحمەد کوڕی حەنبەل، و ئیسحاق کوڕی ڕاھەوەی، و عوسمان کوڕی محەمەد ئەبوشەیبە، و یەحیا کوڕی مەعین، و موسلیم کوڕی ئئئیبراھیم ئەزەدی .... و ئەوانی تر.
ئیمام ئەبوداوود چەندین خوێندکاری ھەبووە و بە دەیان ھەزار کەس لە کۆڕەکانییدا ئامادەبوون بە تایبەت ئەو کۆڕانەی باسی لە زانستەکانی فەرموودە کردووە، لەبەر ئەوە زەحمەت بوو لەسەر ئەوانەی ژیانی ئەبوداوودیان نوسیوەتەوە ژمارەی قوتابیەکانی دیاری بکەن، و لە دیارترین خوێندکارەکانی ئەمانە بوون، ئەبوبەکر عەبدوڵڵا کوڕی خۆی و ترمزی و نەسائی و ئەبوبەکر ئەحمەد کوڕی سولەیمان نەجاد ... و زۆری تر.
دەربارەی ئەبووداوود وتراوە
[دەستکاری]زانایانی ئیسلام ستایشێکی زۆری ڕۆڵ و جێ دەستی ئەبوداوود و سونەنەکەیان کردووە لەسەر فەرموودە، و لەو ووتانەی لە بارەیەوە ھاتووە،
- ئیبن جەوزی دەڵێت؛ ئەبوداوود شارەزای ھۆکارەکانی لاوازی فەرموودە بوو، زۆر دەم پاک و لەخواترس بوو، و زۆر لە ئەحمەد کوڕی حەنبەل دەچوو.
- ئیمام زەھەبی دەڵێت؛ ئەبوداوود سەردارێکی فەرموودە بوو، پیشەوایەکی شەرع بوو، کەسایەتییەکی بەسام و ھەیبەت بوو، خواناس و لەخواترس بوو، زۆر لە ئیمام ئەحمەد دەچوو.
- ئیمام نەوەوی دەڵێت؛ زانایان لەسەر ستایشی ئەبوداوود کۆکن، ھەموویان وەسفی بە حافز و زانا و وردەکار و لە خواترس و باوەڕداری بەھێز و تێگەیشتوو و قوڵ و بیرتیژیی زانستی فەرموودەوانی دەکەن.
پەیڕەوەکەی
[دەستکاری]ئەبوداوود پابەند بوو بە سوننەتی پێغەمبەری ئیسلامەوە دروودی خوای لێبێت، سووربوو لەسەر جێبەجێکردنیان و باسکردنی گرنگیان بۆ خەڵک تا ھەستان بە ئەنجامدانی، و ئەبووداوود پەیڕەوێکی ھەبوو کە لە پەیڕەوی ھاوەڵەکان دەچوو لە بەدواداچوونی سوننەتی پێغەمبەر و پابەند بوون پێوەی، و وازی لە لێدوان ئەھێنا لەو بابەتانەی ئاژاوەی لە نێو موسڵماناندا دروست ئەکرد، و کوڕێکی لە دوای خۆی بەجێ ھێشت ئەبوبەکر کوری ئەبوداوود کە زۆر لە خۆی دەچوو لە ڕەوشت و ئاکارەکانییدا.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- شەش پێشەواکەی فەرموودە، نووسینی/ نەجمەددین فەرەج ئەحمەد
- وێکی عەرەبی
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ئەبووداوود تێدایە. |