بۆ ناوەڕۆک بازبدە

مەرجی لواوی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مەرجی لواوی یا شەرتی ئیمکان (بە ئەڵمانی: Bedingungen der Möglichkeit) تێگەیشتەیەکی فەلسەفییە کە بە ھۆی کارەکانی ئیمانوێل کانت -ەوە برەوی پەیدا کردووە و، بە بەشێکی گرنگی فەلسەفەکەی دەژمێردرێ.

مەبەستی کانت لە مەرجی لواوی چوارچێوەیەکە کە بۆ ئیمکانی دەرکەوتنی ھەبووەکان پێویستە؛ بە واتایەکی تر، پێکھاتەیەک کە بەبێ ئەو، ھەبووەکان لواوی یا ئیمکانی دەرکەوتن و ئاشکرابوونیان نییە.

دەبێ بەوە سەرنج بدرێ کە مەرجی لواوی، ھۆکار نییە. بۆ نموونە، شەشپاڵوویەک لە بەرچاو بگرن کە پیشەسازێک دروستی کردووە. شەشپاڵووەکان ھەموو «سێ-ڕەھەندی»ن. شتێکیش کە سێ-ڕەھەندی بێ، بە بارەکانی درێژی و پانی و بەرزیدا کێشی ھاتووە. بەڵام کێشھاتن بەبێ بۆشایی نالوێت. کەوایە، بۆشایی یەکێک لە مەرجەکانی لواویی شەشپاڵووە. چونکە بۆ ئیمکانی ھەبوونی، مەرجێکی پێویست و زەروورە. بەڵام سەرنج بدەن کە بۆشایی نەبووەتە ھۆکاری دروستبوونی شەشپاڵووەکە، بەڵکوو پیشەسازەکە بووە.

ناساندن

[دەستکاری]

مەرجی لواوی گریمان یا بنچینەیەکە کە ئەگەر نەبێ، دیاردەیەکی تایبەت ھەر ناتوانێ ڕوو بدا یا شیاوی لێتێگەیشتن بێ. کە دەڵێن «A مەرجی لواویی Bیە»، واتە B (دیاردەکە) بەبێ A (بنچینەکە) بە ھیچ شێوەیەک تەسەوور یا ئەزموون ناکرێ. بۆ نموونە، دیتن لە تاریکیدا نەلواوە، کەوایە، ڕووناکی مەرجی لواویی دیتنە. فەلسەفەش بە دوای وەھا مەرجگەلێکدا دەگەڕێ؛ ھەڵبەت بۆ تێگەیشتەگەلێکی دەرھەست وەکوو ئەزموون و زانایی و ئەخلاق و بوون.

ئیمانوێل کانت لە کتێبی ڕەخنە لە ئەقڵی پەتیدا زۆرتر لە ھەر فەیلەسووفێکی تر ئەم تێگەیشتەیەی بە کار بردووە. ئەو دەیوت بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین جیھان بئەزمووین (لە بابەت جیھانەوە ئەزموونێکمان ھەبێ)، پێویستە زەینی ئێمە بە ھەندێ ئامرازی تایبەت تەیار کرابێ. کانت دەیپرسی: «مەرجی ئەوەی کە ئێمە بۆمان بلوێ لە کات و شوێندا دەرک بە شتەکان بکەین چییە؟» وەڵامەکەی ئەمە بوو کە کات و شوێن خۆیان نین لە جیھانی دەرەوە، بەڵکوو دوو قاڵب یا دوو فۆرمن کە زەینی ئێمە بۆ بەبیناوھێنانی شتەکان بە کاریان دێنێ. وەکوو چاویلکە وان، کە زەین لە چاوی دەکا و بە ھۆیەوە دەتوانێ شتەکان ببینێ. ئێمە ناتوانین و بۆمان نالوێ کە شتێ بئەزمووین مەگەر ئەوەی کە بیڕژێنینە ناو دەفری کات و شوێن. کەوایە، کات و شوێن مەرجی لواویی ئەزموونن. ھەر بەم چەشنە، وتەزاکانی ئەقڵ (وەک یەکێتی، زۆرێتی، ھۆ و بەرھۆ) مەرجەکانی لواوی بۆ تێگەیشتن لە جیھانن. ئەگەر زەینی ئێمە پێکھاتەی «ھۆ و بەرھۆ»ی نەبێ، ئێمە جیھان لە شێوەی کۆمەڵێک ڕووداوی بێمانا و ھەڕەمەکی دەبینین. کەوابوو، ھۆدارێتی مەرجی لواویی تێگەیشتن لە ڕووداوەکانە.[١]

گرنگایەتی

[دەستکاری]

گەڕان بە دوای مەرجەکانی لواوی، لە چەندین ڕووەوە گرنگایەتیی ھەیە لە فەلسەفەدا:

گۆڕینی پرسیار: لە جیاتیی ئەمەی کە بپرسین «ئایا جیھان ئاوەهایە؟»، دەپرسین «بۆ ئەوەی کە جیھان ئاوەھا بێتە بەر چاو، دەبێ چی لە زەیندا یا لە پێکھاتەی بووندا ھەبێ؟»

دۆزینەوەی پێشینی و پاشینی: کانت لەو باوەڕەدا بوو کە ئەم مەرجانە «پێشینی»ن. یانی دەکەونە پێش ئەزموونەوە و خۆیان ئەزموون ناکرێن (بە واتایەکی تر، بەرزەجێیانەن).

سنوورەکانی زانین: کە ئەم مەرجانە دۆزرانەوە، سنووری زاناییی ئێمەش ئاشکرا دەبێ. ئێمە تەنیا دەتوانین ئەو شتانە بزانین کە  لە چوارچێوەی ئەم مەرجانەدا بن.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]