ئیدیالیزمی ڕەھا
ئیدیالیزمی ڕەھا تیۆرییەکی فەلسەفییە پتر دەخرێتە پاڵ دوو ئیدیالیستی ئەڵمانیی سەدەی نۆزدەیەم: فریدریش شێلینگ و فریدریش ھێگڵ؛ بێجگە ئەوان، جۆزایا ڕۆیس، فەیلەسووفێکی ئەمریکی کە زۆر لەژێر کاریگەریی ھێگڵدا بووە و، ئیدیالیستەکانی بریتانیاش، بانگەوازیان بۆ ئەم تیۆرییە کردووە.[١]
ھێگڵ دەڵێ بوون یەکایەتییەکە ھەموو شت لە خۆ دەگرێ. بە واتایەکی دیکە، بوون ڕەھایە (بە ئەڵمانی: das Absolute). دەڵێ بۆ ئەوە سووژەی خاوەن ھزر (ھۆش یا ئەقڵی مرۆڤ) بتوانێ ئۆبژە (جیھان) بناسێ، پێویستە بە جۆرێک بوون و ھزر کوتومت ھەر ھەمان شت بن. ئەگەر نا، سووژە قەت دەستی بە ئۆبژە ڕاناگا و، ئێمە ھیچ ناسیارییەکی دڵنیاکەرەوەمان دەرھەق بە جیھان نابێ.[١]
تیۆرییەکەی ھێگڵ بەسراوە بەوەوە کە نیشان بدرێ ھەر ڕوانگە و ھەڵوێستێ ھەیە لە بابەت جیھانەوە لە ناو خۆیدا ناتەبایی و ناکۆکیی ھەڵگرتووە. ھزر تا ناکۆکی و ناتەبایی شک بەرێ ئارام و ئۆقرەی نییە. بۆیە بەناچار بەردەوام بۆ چارەسەرکردن و نەھێشتنی ئەو ناکۆکییانە ھەوڵ و تەقالای زیاتر دەدا و دەرکی خۆی لە جیھان ناکەموکووڕتر دەکا، تا دەگا بەو جێگا کە بەدەستھێنانی دەرکێکی ناکەموکووڕتر نامومکین دەبێ، چونکە ئیتر ھیچ ناتەبایی و ناکۆکییەک نەماوە تا ھزر ھان بدات. گشت ئەم کارانە لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دیالێکتیکیی نێوان لایەنە ناتەباکان بەڕێوە دەچێ. ھێگڵ دەڵێ کارلەیەککردنی دژەکان، بە شێوەیەکی دیالێکتیکی، ھەموو ئەو تێگەیشتانە کە بۆ دەرکی واقیع پێویستن، بەرھەم دێنێ.[٢]
ئیدیالیزمی ڕەھا لە ئەڵمان و بریتانیای سەدەی نۆزدەیەم ھەڵوێستی فەلسەفیی زاڵ بوو.[١]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا ب «Absolute Idealism | German Philosophy, Hegel & Kant | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). لە 2024-11-20 ھێنراوە.
- ^ Bowie، Andrew (2024)، Zalta، Edward N. (ed.)، «Friedrich Wilhelm Joseph von Schelling»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Summer 2024 ed.)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە 2024-11-20 ھێنراوە