ئۆسڤالد شپێنگلەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئۆسڤالد شپێنگلەر

ئۆسڤالد شپێنگلەر (بە ئینگلیزی: Spengler Oswald) فەیلەسووف و مێژوونووسێکی ئەڵمانی بوو. شپێنگلەر بە کتێبی «داڕمانی خۆراوا» ١٩١٨ (بە ئەڵمانی: Der Untergang des Abendlandes) (بە ئینگلیزی: The Decline of the West) ناوبانگی بەرینی دەرکرد. ئەم بەرھەمە دوو بەرگە پاش کۆتابوونی جەنگی جیھانیی یەکەم پەخشان کرا و جۆشانێکی گەورەی پەیدا کرد و بوو بە مایەی ڕاھێزانی ئەو ڕەشبینییە فەرھەنگییەی ئەو دەمە ئەڵمانیای گرتبۆوە.

لە ڕوانگەی شپێنگلەرەوە ژیاری مەزن: بۆ نموونە چینی، ھیندی، میسری، یۆنانی کۆن و… ھتد – بریتین لە دیاردەی زیندەڵی خاوەن ھزری جیاواز. گشت ژیارێک بە بازنەیەکی دیاریکراودا دەچەرخێ؛ سەرھەڵدان، گەشەکردن، ژاکان و ڕمان. ژیاری خۆراواش پاش ھەزار ساڵ سەرھەڵدان و گەشەکردن، لەم ڕوانگەیەوە ھەمان ئەنجامی دەبێت: ژاکان و ڕمان.

بۆچوون ھەیە شپێنگلەر بە دامەزرێنەری جیھانبینیی نازیستانە دادەنێت، بەڵام ڕێبەرانی نازیزم کە ھەوڵیان دەدا سپێنگلەر بە ھاودیدی خۆیان بزانن، لە بەرھەمەکانی ڕاڕا بوون، بەتایبەتیش لە لە کتێبی «ساڵانی دابڕ» ١٩٩٣ (Jahre der Entscheidung) ھەبوو.

ڕاگواستە لە کتێبی «داڕمانی خۆراوا» ەوە[دەستکاری]

مرۆڤ ھەتا ئێستا تەواو پەی نەبردووە بە سەنگی ئەو ڕاستییەی دەڵێت گشت فەرھەنگە مەزنەکان فەرھەنگی شار بوون. مرۆڤی فراژووی ئەم چاخە نوێیە بریتییە لە «گیانەوەرێکی شارسازێن». ئەمەیان گرینگترین پێوەرە بۆ مێژووی جیھان و داشی دەبڕێت لە سەرجەم مێژووی مرۆڤایەتی. «مێژووی جیھان بریتییە لە مێژووی مرۆڤی شارنشین». گەل، دەوڵەت، سیاسەت و دین، گشت شێوازەکانی ھونەر، گشت زانست لەسەر بناخەی «یەک» شادیاردەی نێوبوونی مرۆڤایەتی بوونیات دەنرێ: شار. لەبەر ئەوەی بیرمەندانی گشت فەرھەنگەکان لە شاردا ژیاون - گەر بە لەشیش لە گوند بووبن – نەیانزانیوە بەڕاستی شار چەند سەیروسەمەرەیە. مەگەر بە مەزەندە بزانین مرۆڤی سەرەتایی چەند سەرسام بووە کە یەکەم جار ئەم ھەموو دار و بەردەی بەرچاو کەوتووە، ئەم ھەموو مەیدانە بەردڕێژ و جادە کەناربەردینە، خان و خانووە سەیرە، ئاپۆرەی مرۆڤگەلە.

(چاپتەری: گەل و شار)[١]

گەلان کاتێک مۆرکی شێوازی فەرھەنگیی خۆیان دەگرن ئەوجا من بە میللەت ناوزەدیان دەکەم و بەوەش جودایان دەکەمەوە لە گرووپبەندیی پێش و پاش ئەو سەردەمە. کەمەربەندی نێوخۆی ئەم گرووپە ھەرە گرینگە گەورانە بریتییە لە ھێزێکی توندی ھەستی پەیوەستبوون. «بیرۆکەیە بناخەی میللەت». میللەت گشتەیەکە، بوونی توند پەیوەندە بە چارەنووسەوە، بە زەمەن و بە مێژووەوە، بەڵام ھەر دۆخێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە و لەویشەوە ھەڵوێستی تاکەکانی نێو میللەت بەرامبەر ڕەگەز، زمان، وڵات، دەوڵەت و دین لەیەک جودا دەبنەوە.

(چاپتەری: گەل و شار)[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Spengler, Oswald. Der Untergang des Abendlandes. Västerlandets undergång - konturer till en morfologi om världshistorien Bd 2, Världshistoriska perspektiv. Atlantis 1997. S 85
  2. ^ Spengler, Oswald. Der Untergang des Abendlandes. Västerlandets undergång - konturer till en morfologi om världshistorien Bd 2, Världshistoriska perspektiv. Atlantis 1997. S 158.

تەرجەمە لە Nationalencyklopedin[بەستەری مردوو]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

https://web.archive.org/web/20130520200025/http://modernism.research.yale.edu/wiki/index.php/Oswald_Spengler