ویکیپیدیا:ھەراسانکردن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھەراسانکردن پێکھاتووە لە چەند ڕەفتارێکی بێزارکەری دووبارە بۆوە کە بەرامبەر بە بەکارھێنەرانی تری ویکیپیدیا ئەنجام دەدرێت. زۆرجار ھۆکاری سەرھەڵدانی ئەم کێشەیە ناشارستانیبوونە لەسەر پەڕەکانی وتووێژ لەکاتی دەمەقاڵێدا. زۆرجار ھۆکاری سەرەکی ئەنجامدانی ئەمە لەوانەیە بۆ تۆقاندنی بەکارھێنەرەکە بێت تا وردە وردە لە ویکیپیدیا سارد ببێتەوە.

بە ھیچ شێوەیەک نابێت ویکیپیدیا بەکاربێت بۆ بێزارکردنی ھیچ کەسێک. ئەو دەستکاری و قسانەی کە ھەراسانکردن دەنوێنێت بە خێرایی دەسڕدرێنەوە و زۆرجاریش نواندنی ناشارستانییەتی لەم شێوەیە دەبێتە ھۆی بەربەستکردنی ئەو بەکارھێنەرەی بەو کارە ھەستاوە.

چی ھەراسانکردنە؟[دەستکاری]

ھەراسانکردنەکان زۆرجار پێکھاتوون لە ھەڕەشە، لاساییکردنەوە، وتووێژکردنی نەویستراو و بێزارکەر، لەگەڵ پەلاماری کەسی بەردەوام ھەموو ھەراسانکردنن و دەبنە ھۆی تێکدانی ژینگە و کۆمەڵگەی ویکیپیدیا و ساردکردنەوەی بەکارھێنەران لە بەشداریکردن لە پرۆژەکە. ھەراسانکردنی بەکارھێنەران بە ھەموو شێوەیەک ڕێگەپێنەدراوە، بەتایبەتی لەسەر شتی وەک زایەند، جێندەر، ڕەگەز، ئایین (یان بێباوەڕیی)، ڕووتێکردنی سێکسی. دەبێت ڕێز لە جیاوازی ھەموو بەکارھێنەران بگیرێت. خۆگرتنەوە لە بێزارکردن ئەرکی ھەموو ویکیپیدیاوانەکانە. لە ویکیپیدیا ئێمە باوەڕمان بەوە ھەیە کە لە ھەڵەکانی خۆمانەوە فێربین و جارێکی تر ھەمان ھەڵەکان دووبارە نەکەینەوە.