ویکیپیدیا:شێواز/بەشی دەستپێک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بەشی دەستپێک (یانیش ناساندن یان بەشی سەرەتا) لە وتارەکانی ویکیپیدیادا بەرچاو دەکەوێت. ئەم بەشە وەک ناساندن و پوختەیەکی ناوەرۆکی وتارەکان وایە و پێش پێرستەکان دەردەکەون. لە بەشی دەستپێکی وتارەکاندا گرنگترین وردەکارییەکانی لە زۆرینەی بەشەکانی وتارەکە بە قووڵی باسیان لەسەر کراوە، کۆکراونەتەوە.

زۆرینەی خەڵکی تەنھا بۆ چەند خولەکێک سەردانی ویکیپیدیا دەکەن و بەدوای زانیاریی خێرا دەگەڕێن لەسەر بابەتێک کە سەرنجیانی ڕاکێشاوە، ئەوان یەکەم شت کە سەیری دەکەن بەشی دەستپێکە. دەستپێکێکی باش بە بێ قووڵبوونەوە لە بابەتەکە بە کورتی و پوختی بابەتی وتارەکە بە خوێنەر دەگەێنێت. چوونکە ویکیپیدیا بۆ ھەموو جۆرە خوێنەر و ھەموو تەمەنەکانە، باشترە بەشی دەستپێک بە شێوەیەکی سادە و زمانێکی پاراوی دوور لە ھەڵە نووسرابێتەوە، ھەروەھا دەبێت ھەمیشە دەستپێکی وتارەکان (و باقی وتارەکانیش) بە بێلایەنی نووسرابن.

شێوەی بەشی دەستپێک[دەستکاری]

لەوانەیە زۆرینەی وتارەکان بەشی دەستپێکەکەیان ھەندێک داڕێژە لەخۆ بگرێت بۆ ئاسانترکردنی خوێندنەوە. بۆ نموونە، ڕەنگە ھەندێک لە وتارەکان سندووقی زانیاری لەخۆ بگرن، یانیش لەوانەیە داڕێژەی ڕوونکردنەوە و شتی تر لەخۆ بگرن. مەرج نییە ھەموو وتارێک ئەمانەی ھەبێت و باشترە بەپێی پێویست ئەمانە لە وتارەکان دابنرێت. ھەموو ئەمانە دەتوانرێت (بەڵام مەرج نییە) لە بەشی دەستپێکدا بدۆزرێنەوە:

  • داڕێژەی ڕوونکردنەوە دەبێت ھەمیشە لەسەری سەرەوەی بەشی دەستپێک بێت
  • داڕێژەکانی سڕینەوە پێویستە لە سەری سەرەوە دابنرێت (سەروو ڕوونکردنەوە)
  • داڕێژەکانی ڕاگرتن (وەک {{بێسەرچاوە}} یان {{خاوێنکردن}}) بە ھەمان شێوە دەبێت لە سەرەوە دابنرێن، مەگەر تەنھا بەشێکی وتارەکە پەیوەندی بەو کێشەیەوە ھەیە کە تاگەکە ڕوونی دەکاتەوە.
  • داڕێژەکانی زانیاریدان
  • پەڕگەکان
  • پێرستی ناوەرۆکەکان