دەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دەمی پیاوێک بە کراوەیی

دەم یان زار یەکەمین بەشی کۆئەندامی ھەرسە کە ئاو و خۆراک لەوێوە دەچێتە نێو لەش.

دەم لەم بەشانە پێک هاتووە: چاڵایی دەم، ددانەکان ، زمان ، لیک ، پووک ، مەڵاشوو

شەویلکەی سەرەوە ناجووڵێ، بەڵام شەویلکەی خواروو دەجووڵێ و کرانەوە و داخرانی دەمی لە ئەستۆیە. لە هەر شەویلکەیێ ژمارەیێ چاڵۆکە هەیە کە ڕیشەی ددانەکانی تێدا جێگیر بووە. ددانەکان بە ڕیشاڵەکانی دەوری ددانەوە، بە ئێسکی شەویلکەوە نووساون. سەر شەویلکەکان و دەوری ددانەکان بە پووک گیراوە؛ لە ددانپزیشکیدا بە سەرجەم شانەکانی پووک و ڕیشاڵەکانی دەوری ددان، شانەی ددان ڕاگر دەگوترێت.

دەمی مرۆڤ لە زۆر کاردا چالاکە؛ وەک قسە کردن، پێکەنین ، چەشتن ، گەستن ،، جاوین و قووت دان . یەکەمین هەنگاوی هەرس کردن و هەڵتاوینی خۆراک، جاوینە کە ددانەکان بە باشی بەڕێوەی دەبەن؛ هەر ددانێک بە پێی بیچم و شکڵی تایبەتی خۆی لە جاوینی خۆراکدا بەشداری دەکا. ددانەکانی پێشەوە بۆ قرتاندن، چڕۆکەکان بۆ هەڵدڕین، ددانەکانی کاکیلەش بۆ هاڕین و وردکردن.

دەمارەکانی دەم[دەستکاری]

میچی دەم یا مەڵاشوو دەمارەکانی خۆی لە مەزن دەمارەکانی مەڵاشوو و پالاتینەوە دەگرێت. لقێ لە دەماری شەویلکە بە ناوی دەماری زمان، لە بنی دەمدا ڕەگاژۆ بووە، گۆناکانیش لە لقێک لە دەماری شەویلکە بە ناوی بووکاڵ، دەمار وەردەگرن.

تەندروستی دەم[دەستکاری]

دەمی ساخ و تەندروست بەرهەمی پێڕاگەیشتن و خاوێن ڕاگرتنە.


بۆنی دەم: دەم بێجگە لە پێکهاتەکانی خۆی، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کۆئەندامەکانی هەناسە و هەرسدا هەیە ، بەم بۆنەوە وەرگێڕی باری تەندروستی ئەوانیشە. بۆنی دەم دەتوانێ ئاماژەیێک بێ بۆ ناکۆکییەکانی ئەم بەشانە .

بەرنامەکانی تەندروستی دەم[دەستکاری]

تەندروستی تاک، بەردی بناخەی تەندروستی کۆمەڵگایە و بێشک تەندروستی کۆمەڵگایش ئاوێنەی پێشکەوتوویی کۆمەڵگایە.دەم و ددان دەورێکی گرنگ لە تەندروستی تاکەکانی کۆمەڵگادا دەگێڕن. لەمڕۆدا تەندروستی دەم و ددان، بە یەکێک لە 11 دروشمی گرنگی سەدەی بیست و یەک ناو دەبرێت.

دروشمی 20-80 : هەبوونی لانیکەم 20 ددان لە دەمی 80 ساڵەکان، لە دەیەی سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا.

هەویری ددان و فڵچە[دەستکاری]

مێژووی هەویری ددان بۆ 1780 دەگەڕێتەوە. لە سەدەی نۆزدهەمدا هەویرەکان، بە شێوەی پوودر بوون، بەڵام ئێستاکە زۆربەی هەویرەکان لەم ماکانە دروست دەکرێن:

  • مۆنۆ فلۆرۆ فۆسفاتی سۆدیۆم
  • ڕەنگ
  • فلۆراید
  • تام
  • کەفەمەنی (ماکە کەف کەرەکان)
  • پاکەمەنی (ماکە پاک کەرەکان)
  • ماکی تەڕایی دەر

ئەمڕۆکە هەویرەکان جیاوازییەکی زۆریان نییە، بەڵام لە هەڵبژاردنی فڵچەدا بە هۆی دەوری گرنگی لە تەندروستی دداندا، دەبێ سەرنجیێکی چڕوپڕ بدرێت. فڵچەددانی باش دەبێ لە تاڵە نایلۆنی نەرم و چاک پێک هاتبێ و ئەندازەکەی لەگەڵ دەمدا بگونجێت.

شێوەی فڵچە لێدان لە گەورە و مناڵدا جیاوازە.باشترین کاتی فڵچە لێدان پاش نان خواردنی ژەمەکان و دوای هەر نیوژەمێکە. بۆ خاوێن کردنەوەی ڕووکاری نێوان ددانەکان کە فڵچەی تێوە ناچێ لە دەزووی ددان کەڵک وەربگرن.

جگەرە و تەندروستی ددان[دەستکاری]

جگەرە بە هۆی نیکۆتین و تارەکەیەوە هۆکاری سەرەکی ڕەش بوون و سەرهەڵدانی پەڵە لە سەر ددانەکانە . هەروەها جگەرە دەبێتە هۆی پێکهاتنی پلاکی بەکتریایی لە سەر پووک و لەق بوونی ددانەکان بە هۆی ڕەوتی خراپی کەڵتەی پووک. شێرپەنجەی دەم یەکێک لە مەترسیدارترین بەرهەمەکانی جگەرەیە.

پەڵەسڕی ددان[دەستکاری]

جۆرەکانی پەڵەی سەر ددان:

  1. ئەو پەڵانەی بە هۆی کرمۆڵ بوونەوە بەدی دێن
  2. ئەو پەڵانەی لە پێکهاتەی خودی دداندان.
  3. ئەو پەڵانەی وەک خڵتی ماکە خۆراکییەکان لە سەر ددان دەنیشن.

پەڵەسڕی ئەو پەڵانە دەسڕێتەوە کە وەک خڵتی خۆراکەکان لە سەر پووک و ددانەکان دەنیشن. ئەم خڵتانە دەبنە هۆی سەرهەڵدان و گەشە کردنی میکرۆبەکان. ئەم خڵتانە بە فڵچە لاناچن وبەرە-بەرە دەبنە هۆی تێکچوون و خراپ بوونی پووک و لەقی ددانەکان و چەندین جۆر نەخۆشی نێودەم. بۆ بەرگری لە نیشتنی ئەم پەڵە خڵتانە لە سەر ددان و پووک و ئەم خاڵانە ڕچاو بکەن:

  • بەکارهێنانی دروستی فڵچە و دەزووی ددان
  • ڕچاو کردنی پاک و خاوێنی دەم و ددان
  • پەڵەسڕی ددانەکان ساڵێ، جارێک


سەرچاوەکان[دەستکاری]