ددان

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
وێنه‌ى ددان

ددانەکان بریتین لەو پێکھاتە ڕەقە سپییانەن کە دەکەونە سەر شەویلگەکان لە ناو دەمدا. فەرمانی سەرەکی ددانەکان جاوین و ھاڕینی خۆراکە پێش قوتدانی.

ددانەکان لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێن؛ تاج و ڕەگ. بە درێژایی ژیانی مرۆڤ دوو کۆمەڵە ددان ھەن. کۆمەڵەی یەکەمی ددان پێیان دەوترێت (ددانی شیری یان ددانی سەرەتایی) کە لە ٦ مانگییەوە دەست بە دەرکەوتن دەکەن لە نێو دەمی مناڵدا تا لە ٦-٧ ساڵیدا یەکەم ددانی شیری دەکەوێت. کۆمەڵەی دووەمیش ددانە ھەمیشەییەکان کە لە ٧ ساڵییەوە دەست دەکەن بە دەرکەوتن. بەپێی شێوە و فەرمان سێ جۆر ددان ھەن؛ بڕەر، خرێ، پاشەخرێ.

توێکاری ددان[دەستکاری]

ددان لە چوار بەشی سەرەکی پێک دێت. ئەوانیش:

  • مینا: بەشە سپییەکەی ددانە کە پێکھاتەیەکی ڕۆشن، ڕەق و ناسکیشە لە ھەمان کاتدا. لە ڕێژەیەکی زۆر مادەی نائەندامی پێکھاتووە. لە نێو مادە نائەندامییەکی مینادا ئەم پێکھاتانە ھەن: فۆسفاتی کالسیۆم، مەگنیسیۆم، سترۆنتیۆم، قوڕقوشم و ئایۆنی فلۆر. مینا بەھێزترین ماددەی ناو لەشی مرۆڤە بێ ڕیزپەڕی (ئیستیسنا).
  • عاج: عاج دەکەوێتە ژێر میناوە لەنێوان چیمەنتۆ، مینا و کرۆکی دداندایە. عاج لە ئێسک ڕەقترە بەڵام لە مینا نەرمترە. لە ھەمان کاتیشدا عاجی ددانە ھەمیشەییەکان لە عاجی ددانە سەرەتاییەکان ڕەقترن. ڕەنگێکی زەرد و تایبەتمەندی لاستیکیی ھەیە.

سێ جۆر عاج ھەیە؛ عاجی سەرەتایی کە بەشی زۆری عاج پێک دەھێنێت، عاجی دووەمی، عاجی سێیەمی کە پێشی دەوترێت عاجی ساڕێژکەر لەبەر ئەوەی لە ئەنجمی کارتێکردنی ھۆکارێکی دەرەکی دروست دەبێت. وەک کلۆربوون یان خوران. لە لایەن ئەو خانانەی عاجەوە دروست دەبن کە بەر ھۆکارەکە کەوتوون لە کاتێکدا عاجی یەکەمی و دووەمی لە لایەن خانەی عاجپێکھێنەوە دروست دەبن.

  • کرۆکی ددان: بەشە زیندووەکەی ددانە کە دەمار و ملوولەی خوێنی تیادیە ئەویش‌ بەستەرە شانەی نەرمە کە پاڵپشتی عاج دەکات. لەناو کرۆکدا خانەکانی عاج پێکھێن، ڕیشاڵ پێکھێن، خانەکانی مەیزنکایمی جیاوازنەبوو، خانەی بخۆری گەورە، لیمفە خانە، خانە دێندرایتەکان. لەدوای تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە خانەکانی کرۆکی ددان وردە وردە کەم دەکەن، تا لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا دەبنە نیوە.
  • چیمەنتۆ: چیمەنتۆ پێکھاتووە لە چینێک لە بەستەرە شانەی ڕەق کە دەوری عاجی داوە لە بەشی ڕەگی ددان. چیمەنتۆ کەمێک زەردباو و نەرمترە لە عاج.