ئەحمەد بازگر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەحمەد بایەزیدی ناسراو بە ئەحمەد بازگر (لەدایکبووی ١٩٦١ لە سەردەشت، ئێران) شاعیر و چالاکێکی سیاسیی کوردە.

ژیان[دەستکاری]

ئەحمەد بازگر کوڕی حەسەن ئاغا نەورۆزی ساڵی ١٩٦١ لە گوندی شندڕەی سەر بە سەردەشت لە دایک بووە. منداڵی و مێرمنداڵی لە ھەژاریدا بەسەر بردووە. ساڵی ١٩٧٩ دژی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وەستاوەتەوە و چووەتە ڕیزی چەپی خەباتی شۆڕشگێڕی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بووەتە ئەندامی کۆمەڵە و بە چەک و قەڵەم خزمەتی کردووە. ئەندامی دامەزرێنەری (کانوونی ھونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان) بووە کە ھاوینی ساڵی ١٩٨٥ دامەزراوە.[١] بەھاری ١٩٩٠ ڕووی لە وڵاتی سوید کردووە. ساڵی ١٩٩٧ لە بواری کۆمەڵناسی و کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی یۆتۆبۆری خوێندنی باڵای تەواو کردووە. ئەحمەد بازگر وەکوو بەرپرسی ئیداری سۆسیال لە شارەکانی سەر بە پارێزگای یۆتۆبۆری کار دەکا.[٢]

شیعر[دەستکاری]

شیعرەکانی ئەحمەد بازگر ڕەنگدانەوەی بیر و ڕا سۆشیالیستییەکانییەتی و زیاتر باس لە مافەکانی ژن، خەبات، چینایەتی و ئازادی دەکەن. بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵە بەرھەمەکانی بازگر لە ڕێگەی ھونەرمەندانی کۆڕی بانگەوازی کۆمەڵە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا دیوانێک کە ھەموو شیعرەکانی شاعیر لەخۆ بگرێ بڵاو نەکراوەتەوە. ئەحمەد بازگر لەمێژ ساڵە سەرقاڵی ھۆنینەوەی شیعرە بەڵام بە ڕادەی پێویست ناسراو نییە و مافی خۆی پێ نەدراوە.[٣]

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • چۆن بۆت بدوێم (کۆمەڵە شیعر، باس لە ھەوراز و نشێوەکانی شۆڕش دەکا لە نێوان ساڵەکانی ٨٠ تا ٩٠ی زایینی).[٤]

چەن شیعری ئەحمەد بازگر:

  • گۆمەشین (شیعر، باس لە لەناو چوونی پێشمەرگەیەک دەکا لە ڕووداوێکی سرووشتیدا. ئەم شیعرە لەلایەن ناسر ڕەزازییەوە کراوەتە بە گۆرانی).[٥]
  • بە پیرۆز بێ (شیعر، ئەم شیعرە لەلایەن ناسر ڕەزازییەوە کراوەتە بە گۆرانی).
  • بۆ ئێوە (شیعر، پێشکەش کراوە بە ھەموو ئەو دایکانەی ھاوڕێی خەبات بوون).
  • زولفا(شیعر، چیرۆکی ڕاستەقینەی کچێک لە ئاوایی بەردەسووری ناوچەی سەردەشت دەگێڕێتەوە کە لەسەر لانکە لە کەسێک مارە کراوە و کاتێک گەورە دەبێ ئەم ژیانە نابەدڵە قەبووڵ ناکات و پاییزی ساڵی ١٣٦٧ (١٩٨٨) بە دەستی ھەر ئەو کەسە دەکوژرێت).[٦]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئەحمەد بازگر، ھونەر و ئەدەبیات لە ھەموو سەرەمانی تر، زیاتر چینایەتییە ٥ی ئابی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، زەمەن، ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە.
  2. ^ گۆڤاری باران، ساڵی یەکەم، ژمارە یەک، نیسانی ٢٠١٦.
  3. ^ شیعر و شۆڕش، گۆڤاری ئایدیا، ساڵی نۆیەم، ژمارە ٤١، تشرینی دووەمی ٢٠١٣ بڵاو کراوەتەوە.
  4. ^ چۆن بۆت بدوێم، چاپی یەکەم، ٢٠١١، باشووری کوردستان
  5. ^ "شتێک به‌ بێده‌نگی ده‌ڵێم | شێعر". شتێک به‌ بێده‌نگی ده‌ڵێم (بە فارسی). Retrieved 2021-04-03.
  6. ^ "زولفـــــــــــــــــــــــا..." ♥♥ نیشتمان 1 ♥♥ (بە فارسی). Retrieved 2021-04-03.