بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئەحمەد بازگر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەحمەد بایەزیدی ناسراو بە ئەحمەد بازگر (لەدایکبووی ١٩٦١ لە سەردەشت، ئێران) شاعیر و چالاکێکی سیاسیی کوردە.

ئەحمەد بازگر کوڕی حەسەن ئاغا نەورۆزی ساڵی ١٩٦١ لە گوندی شندڕەی سەر بە سەردەشت لە دایک بووە. منداڵی و مێرمنداڵی لە ھەژاریدا بەسەر بردووە. ساڵی ١٩٧٩ دژی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وەستاوەتەوە و چووەتە ڕیزی چەپی خەباتی شۆڕشگێڕی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بووەتە ئەندامی کۆمەڵە و بە چەک و قەڵەم خزمەتی کردووە. ئەندامی دامەزرێنەری (کانوونی ھونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان) بووە کە ھاوینی ساڵی ١٩٨٥ دامەزراوە.[١] بەھاری ١٩٩٠ ڕووی لە وڵاتی سوید کردووە. ساڵی ١٩٩٧ لە بواری کۆمەڵناسی و کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی یۆتۆبۆری خوێندنی باڵای تەواو کردووە. ئەحمەد بازگر وەکوو بەرپرسی ئیداری سۆسیال لە شارەکانی سەر بە پارێزگای یۆتۆبۆری کار دەکا.[٢]

شیعرەکانی ئەحمەد بازگر ڕەنگدانەوەی بیر و ڕا سۆشیالیستییەکانییەتی و زیاتر باس لە مافەکانی ژن، خەبات، چینایەتی و ئازادی دەکەن. بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵە بەرھەمەکانی بازگر لە ڕێگەی ھونەرمەندانی کۆڕی بانگەوازی کۆمەڵە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا دیوانێک کە ھەموو شیعرەکانی شاعیر لەخۆ بگرێ بڵاو نەکراوەتەوە. ئەحمەد بازگر لەمێژ ساڵە سەرقاڵی ھۆنینەوەی شیعرە بەڵام بە ڕادەی پێویست ناسراو نییە و مافی خۆی پێ نەدراوە.[٣]

بەرھەمەکان

[دەستکاری]
  • چۆن بۆت بدوێم (کۆمەڵە شیعر، باس لە ھەوراز و نشێوەکانی شۆڕش دەکا لە نێوان ساڵەکانی ٨٠ تا ٩٠ی زایینی).[٤]

چەن شیعری ئەحمەد بازگر:

  • گۆمەشین (شیعر، باس لە لەناو چوونی پێشمەرگەیەک دەکا لە ڕووداوێکی سرووشتیدا. ئەم شیعرە لەلایەن ناسر ڕەزازییەوە کراوەتە بە گۆرانی).[٥]
  • بە پیرۆز بێ (شیعر، ئەم شیعرە لەلایەن ناسر ڕەزازییەوە کراوەتە بە گۆرانی).
  • بۆ ئێوە (شیعر، پێشکەش کراوە بە ھەموو ئەو دایکانەی ھاوڕێی خەبات بوون).
  • زولفا(شیعر، چیرۆکی ڕاستەقینەی کچێک لە ئاوایی بەردەسووری ناوچەی سەردەشت دەگێڕێتەوە کە لەسەر لانکە لە کەسێک مارە کراوە و کاتێک گەورە دەبێ ئەم ژیانە نابەدڵە قەبووڵ ناکات و پاییزی ساڵی ١٣٦٧ (١٩٨٨) بە دەستی ھەر ئەو کەسە دەکوژرێت).[٦]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ئەحمەد بازگر، ھونەر و ئەدەبیات لە ھەموو سەرەمانی تر، زیاتر چینایەتییە ٥ی ئابی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، زەمەن، ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە.
  2. گۆڤاری باران، ساڵی یەکەم، ژمارە یەک، نیسانی ٢٠١٦.
  3. شیعر و شۆڕش، ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. گۆڤاری ئایدیا، ساڵی نۆیەم، ژمارە ٤١، تشرینی دووەمی ٢٠١٣ بڵاو کراوەتەوە.
  4. چۆن بۆت بدوێم، چاپی یەکەم، ٢٠١١، باشووری کوردستان
  5. «شتێک به‌ بێده‌نگی ده‌ڵێم | شێعر». شتێک به‌ بێده‌نگی ده‌ڵێم (بە فارسی). لە ٣ی نیسانی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  6. «زولفـــــــــــــــــــــــا...». ♥♥ نیشتمان 1 ♥♥ (بە فارسی). لە ٣ی نیسانی ٢٠٢١ ھێنراوە.