شەقڵاوە

From ویکیپیدیا
شەقڵاوە
Shaqlawa
شەقامێکی شاری شەقڵاوە
شەقامێکی شاری شەقڵاوە
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ ھەرێمی کوردستان
پارێزگاھەولێر
قەزاناوەندی قەزای شەقڵاوە
بەرزایی
١٠٦٦ مەتر (٣٬٤٩٧ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 (٢٠١٨)
 • سەرجەم٢٥٫٥٠٠

شەقڵاوە (بەکوردیی بەدرخانی Şeqlawe) ناوەندی قەزای شەقڵاوەیە و لە سەردەمی دەستەڵاتی عوسمانییەکان کراوە بە ناحیە و یەکەم بەڕێوەبەری ناحیەش «شەفیقە فەندی» بووە ، لە ساڵی ١٩٥٢ کراوە بە قەزا ، یەکەم قائیمقامیش «شاکر فەتاح» بووە. سەر بە پارێزگای ھەولێرە و کەوتووەتە بەشی باکووری رۆژھەڵاتی ھەولێر و ٥٠ کم لێیەوە دوورە، زۆربەی دانیشتووانەکەی لە ھۆزی خۆشناون ، پێکھاتەی خەڵکی شەقڵاوه موسڵمان و مەسیحین، جاران جوولەکە‌شی لێ بووە ، دواتر بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کردووە.

ناو[edit]

سەرچاوەی ناوی شەقڵاوە تا ئێستا یەکلا نەبووەتەوە، کۆنترین سەرچاوەش کەوا ناوی شەقڵاوەی تێدا ھاتبێ (معجم البلدانیاقووتی حەمەوییە. لە ساڵی ١٢٢٨ز یان ٦٢٦ی کۆچی کە بە (شقلاباذ) ناوی ھێناوە و دەلێ :(بفتح شين وسکون القاف، قرية کبيرة مليحة في لحف الجبل المطل على اربل ذات کروم کثيرة، و بساتين وافرة، ينقل عنبها الی اربل العام بطولە فيکفيهم، بينها و بين اربل ثمانية فراسخ)، واتا : گوندێکی گەورە و دڵگرە لە بناری ئەو چیایەی بەسەر ھەولێر درێژ بووەتەوە، مێوی زۆرە، باخی بەرفراوانی ھەیە، ترێیەکەی بە درێژایی ساڵ بۆ ھەولێر دەگوێزرێتەوە کە بەشیان دەکات، مەودای ھەتا ھەولێر ٨ قۆناغە.

لە چەندین سەرچاوەی تریشدا ناوی شەقڵاوە ھاتووە و ئەوەی لەمەڕ چۆنیەتی ناولێنانی ھاتووە ھەمووی بە بۆچوونی نووسەرەکانیان بۆچوونی کەسانی ترن، ھەندێکیان پێیان وایە لە شەقبوونی ئەو دۆلە ھاتووە کە شەقڵاوەی تێدا دروست بووە، کە لە نێوان چیای سەفین و بەرزایی سۆرک دروست بووە ، ھەندێکی تر پێیان وایە کە ئەم ناوە لە شاقوڵی بەگ وەرگیرابێ کە لە سەردەمی سلێمانی قانوونی حوکمڕانیی ئەو ناوچەیەی کردووە؛ مەلا جەمیل ڕۆژبەیانیش پێیوایە لە یەکگرتنی ھەردوو وشەی (شەقڵ) و (ئاوا) ھاتووە ، بە مانای ئاوەدان بە دار، شاماشە میخایل دەڵێ ھەر شەقاوەک ئاوە، بە ھەر حاڵ ، بەڵام تا ئێستا بۆچوونەکەی مەلا جەمیل لە ھەموویان زیاتر لە ڕاستیەوە نزیکە، چونکە خەڵکی ناوچەکە بە داریان گوتووە (شەقرا) و (ئاوا)ش بۆ زۆر شوێنی تر بووەتە پاشگر کە مانای ئاوەدانی دەبەخشیت، ئێستاش خەڵکی ناوچەکە دەڵێن (شەقراوە) نەک (شەقڵاوە).

مێژوو[edit]

وێنەیەکی شەقڵاوە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم.

شەقڵاوە مێژووی دروستبوونی دیار نییە ، بەڵام شوێن دەستی مرۆڤ و دۆزینەوەی شوێنەوار و کەلوپەلی کۆن بەڵگەی ئاوەدانییەکی کۆن و بەردەوامی ژیانی مرۆڤن لەم ناوچەیەدا ، ھەروەک لە گرد و دۆلەکانی چیای سەفین دەیان نموونەی دیار و زیندوو ھەن ، دێرترینیان ئەشکەوتی شێخ و سورەحمان (مار ڕەبەن بویا) و ئەشکەوتی کۆتران و کونە پیسک و بەردی کونتی و دەنگارە‌ن ، بەلام تا ئێستا لە ڕووی شوێنەوارناسییەوە بایەخیان پێنەدراوە.

سروشت و گەشتیاری[edit]

شەقڵاوە بەھۆی سروشتی ڕەنگین و ھەوای فێنک و سازگاری، بووەتە گەورەترین ھاوینەھەواری کوردستان و عێراق. ساڵانە سەدان ھەزار میوان ڕووی تێدەکات. لە ڕووی ئابوورییەوە، بزاڤی گەشتیاری سەرچاوەی داھاتنی بەشێکی زۆری خەڵکی کاسبکاری شەقڵاوەیە، خەڵک و کەرتی تایبەت زیاتر بایەخیان بە لایەنی گەشتیاری داوە، کاریگەری ئەو بوارە بەسەر لایەنەکانی دیکەی ژیانی خەڵکی شارەکە ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە شەقڵاوە ھەردەم بیری نەتەوایەتی و ڕۆشنبیری کراوەتربووە ، شەقڵاوە شاری ئارامبەخش و بەیەکەوە ژیانی نەتەوە و ئایتریاکان بووە، ژیان لە شەقڵاوە ڕێچکەیەکی ھاوبەشی ھەیە ، ھەموو لایەک بەڕێزەوە بەرامبەر بە پیرۆزیەکانی یەکدی رەفتاریان کردووە ، بە ڕاددەیەک چەندین مەزاری ‌ھاوبەش لە نێوان موسڵمان و مەسیحیەکان ھەیە کە ھەر دوولا بە پیرۆزی دەزانن، بۆ نموونە مەزاری شێخ وسورەحمان ھەمان مەزاری مار ڕەبەن بویای مەسیحیەکانە ، ئەوان زیاتر بەیەخیان پێداوە و ساڵانە لە رۆژی ھەینی ھەفتەی دووەمی پاش جەژنی (القيامه‌) لە ھەموو بەشەکانی تری کوردستان و عێراق مەسیحییەکان بۆ پیرۆزکردنی یادی ڕەبەن بێری سەردانی ئەو مەزارە دەکەن.

کانیاوەکان[edit]

[١]

  1. کانی دەنگارە : کەوتۆتە دۆڵی دەنگارە ، وشەی دەنگارە لە ( دەنگ – گارە ) ھاتووە ، واتە دەنگ و گارەگار ، خەڵکی کۆنی ئەو گەڕەکە ( ئەو گەڕەکە لە ساڵی ١٩٧٩ (استملاک) کراو خانووەکان تێکدران ) دەڵێن لە شەوانی بەھاراندا لەبەر ئەو کانیاوە خەڵک خەوی لێنەدەکەوت ، چونکە ‌ئاوێکی زۆری لێھەڵدەقوڵا و شەپۆلی دەدا ، ڕوبارێکی لەبەر دەڕۆیشت ..
  2. کانی مزگەوتی گەورە : دەکەوێتە ناو مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە ، ڕێڕەوی سەرچاوەی کانیاوەکە لاگەڵ کانیدەنگارە تێکەڵ ئاوێکی زۆری لەبەر دەڕوا ، جاران لە وەرزی ھاویندا باخەکانی نزیک مزگەوت و گەڕەکەکانی گیرە و خەندۆتکانی پێ بەراو دەکرا ، چەند جارێک وشکی کردووە ، بەڵام ئێستاش ئاوی تێدایە .
  3. کانی سەقاو : ھەمان ڕێڕەوی سەرچاوەی دەنگارەو کانیمزگەوتە ( سی مەترێک) لە دامێنی کانیمزگەوتی گەورەیە ، جاران کانیاوێکی تایبەت بوو بە ژنان ، بۆ کۆرکردن پێداویستییەکانیان بەکاریان دەھێنا ، بە پەرژین دەورەدرابوو ، دواتر سەکۆ و ئاودەت و حەمامی بە شێوازێکی نوێ بۆ دروستکرا ، ئێستاش شوێنەکە ماوە بەڵام بەکارناھێنرێت.
  4. کانی شێخ سەید : دەکەوێتە باخەکانی گەڕەکی بێترمە ( دووسەد مەترێک )لەسەرچاوەی ئاوی بێترمە دوورە ئێستاش ئاوەکەی ماوە ، جاران ئاوێکی زۆری لەبەر دەڕۆیشت ، جگه لە خواردنەوە، بۆ بەراوکردنی چەندین باخیش سوودی لی وەردەگیرا.
  5. کانی بێترمە : لەبەر ئەوەی کەوتۆتە گەڕەکی بێترمە ئەم ناوەی لێنراوە ، دوای دەستکاری کردنی سەرچاوەی ئاوەکە بە مەبستی بەرفراونکردنی شەقامی سەرەکی نێوان ( شەقڵاوە - ھیران ) شێوا ، جاران ئاوێکی زۆرو دیمەنێکی جوانی ھەبوو ، لەبەھار و ھاویندا شوێنی سەیرانگاو دواتریش دوو گازینۆی لە دەوروبەریدا دروستکرابوون ، ئەو کانیاوە چەند جارێک وشکی کردووە ، بەڵام ئاوەکە بەشی بەراوکردنی باخچەکانی بێترمەی دەکرد.
  6. ناوەنجی : تا ئێستاش ئاوێکی زۆری لەبەر دھڕوات ، ئاوەکە بە دیوەخانی ماڵی سالی بەگ و میرانی عوسمان بەگ تێدەپەڕێت ، دار چنارێکی زۆری لەبەر ڕواوە ، دار چنارێکی ھەیە تەمەنی بە زیاتر لە (٧٠٠) ساڵ مەزەندە دەکرێت.
  7. کانی خمان : ئەو کانیاوە دەکەوێتە بەر دۆڵی شێخ وسورەحمان ( مار رەبەن بویا) بۆیە پێی دەگوترێ کانی خمان چونکە جاران جوولەکەکان کاری خم کردنیان لەسەر ئەو کانیاوە ئەنجام دەدا .
  8. کانی ئاغان :دەکەوێتە سەرەتای بەشی ڕۆژئاوای شەقڵاوە ، نزیک (دارنمرە٩ پەیکەری کاوێس ئاغای ئێستا ، جاران ئەو بەشە گەڕەکی بەگزادەکان بووە و جگە لەمان خەڵکی دیکە کەمتر چوونەتە سەر ئەو کانیاوە دوای بەرفراوانکردنی شەقام سەرچاوەی ئاوەکە تێکچوو و ، دواتر وشکی کردووە .
  9. کانی مزگەوت ، ئاوێکی زۆری لەبەر دەڕوا ، جاران شوێنێک بۆ نوێژکردن (تات) لەسەر کانیاوەکە دروستکرابوو ، خەڵک نوێژیان لەسەر دەکرد ، بۆیە ئەم ناوەی لێنراوە ، دوای چاککردنی سەرچاوەی کانیاوەکە ، دوو بۆڕیی (٤) ئینجی تێگیراوە ، ئێستا کانی( جۆت بەلووعە)شی پێدەڵێن.
  10. سارەکۆز : کەوتۆتە یەکێک لە باخچەکانی گەڕەکی ( چۆمی خینێ ) ، نزیک (ئوتێلی خانزاد )ی ئێستا ، ئاوێکی سازگاری ھەیەو لەبەری دەڕوات، ئەو باخە وەک سەیرانگایەک لە وەرزی ھاویناندا داڵدەی گەشتیارانە .
  11. دەرماناوە : دەکەوێتە دامێن گردی شینکان ، ئاوەکەی تام و بۆنێکی ناخۆشی ھەیە، ئاوەکەی کانزاییە ، خەڵک بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست بەکاریان ھێناوە، بۆیە ئەم ناوەی لێنراوە، چونکە ئاوەکەی دەرمان بووە .
  12. کانی گڕوو : دەکەوێتە ناو بخچەکانی گەڕەکی (بەرئاشی) دامێن ( ھەوارگەی سەفین) ی ئێستا، ئاوەکەی کانزاییەو بە کەڵکی خواردنەوە نایێت ، ئەو ئاوە ئێستاش خەڵک بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی پێست باکاری دێنن.
  13. بێقۆن : ئەم کانیاوە کەوتۆتە گەڕەکی زێوەر، نزیک ئوتێلی شەقڵاوەی گەشتیاری ئێستا، ئاوێکی زۆری لەبەر رۆیشتووە و بەشی بەراوکردنی.

سەرچاوە[edit]

  • [١]
  • کتێبی «معجم البلدان»ی «یاقووتی حەمەوی»، لە ساڵی ٦٢٦ی کۆچیدا نووسراوه.

پەراوێزەکان[edit]

  1. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 25ی Aprilی 2014. Retrieved 27ی Augustی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ٢٥ی نیسانی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.