کاوێس ئاغا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کاوێس ئاغا ئەحمەد جەمیل کانەبی ھەرکی ناسراو بە کاوێس ئاغا (١٨٨٩ لە جوارجەلی - ١٩٣٦ لە ھرشم) ھونەرمەندێکی میللی کوردیە.

زۆربەی شوێنەکانی کوردستان گەڕاوە و زۆر خۆشەویست بووە لەلایەن خەڵک. لە زۆر ئاھەنگ و دانیشتی دیوانەکانی ناوچەکانی شەقڵاوە و بۆتان و بادینان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان چەند شوێنێکی تر بەشداری کردووە و وە بەسەر چەند سەرکردەیەکی کوردی ئەوکاتی ووتوەو چەند سەرکردەو کەسی ناوداری بینیوە.

ژیان[دەستکاری]

کاوێس ئاغا ئەحمەد جەمیل کانەبی ھەرکی لە ساڵی ١٨٨٩ لە جوارجەلی لەدایک بووە. لە مناڵیەوە بە کاری شوانی خەریک بووە وە لە گەڵ بنەماڵەکەیان ‌ ھاتووچۆی نێوان گەرمیان و کوێستان (زۆزان و گەرمیان) ی کردووە، سروشتی جوانی کوردستان و دەشتی سەوز و چیای سەربەرزی تەماوی و لوتەک بەفرین و قەدباڵی باخ و باخات و دیمەنی جوانی تاڤگەو ڕووبار و کانی سەرچاوەی ئاوەکان و ھەشەو خوڕەیان و دەنگی چۆلەکەو بولبول و شالور، زۆر کاریگەریان لەسەر نەفسیەت و ھەستی ڕۆمانسی و ھەستی خۆشەویستی نیشتمانی کاوێس ئاگا بووە بەڕادەیەک وای لێبکات ئەوەنەی پێی بکرێت بە دەنگە زوڵاڵەکەی ئەوەی ھەستی پێدەکات دەریببڕێت. کاوێس ئاغا دوای ئەوەی دایکی (لەیلا) کۆچی دوایی دەکات ژیانی زۆربەرەو خراپە دەچێت و ئەبێتە شوان لەلایەن خوالێخۆشبوو ئەحمەد خانی ھەرکی لەماوەی کاری شوانەیەتی زۆر لاوکی بۆ ووتوە. وە لە ساڵی ١٩١٥ وازی لە کاری شوانی ھێناوەو ڕووەو ڕەواندوز بەڕێکەوتووە و لە ماڵی باویل ئاغا و محەمەد حاجی نەورۆز نیشتەجێ بووە وە لە دیوانەکانیان ‌ گۆرانی ووتوە ‌.

لە ڕێکەوتی ١٣ / ٥/ ١٩١٦ و بەھۆی جەنگی جیھانی یەکەم و داگیرکردنی ڕەواندوز لەلایەن ئینگلیزەوە خەڵکێکی زۆر دەربەدەر بووە، وە کاوێس ئاغاش لەگەڵ بنەماڵەی حاجی نەورۆز ڕوویان لە شەقڵاوە کردووەو لەوێ نیشتەجێ بووە. وە لە شەقڵاوە حاجی نەورۆز بە فەرمانی عوسمانیەکان ئەبێتە بەڕێوەبەری ناحیەی شەقڵاوە و کاوێس ئاغاش ئەکاتە فەرمانبەر لەسەر میوە ‌و دانەوێڵەو بەروبوومی عوسمانیەکان کە لە خەڵکی شەقڵاوە کۆیان ئەکردەوە. کاوێس ئاغا کەسێکی زۆر کورد پەروەو نیشتیمان پەروەر بووە وە ئەوەش لە کردارەکانی ڕەنگی داوەتەوە کاتێک پاسەوانی بەروبومی عوسمانیەکانی کردووە بە شەوان لەبەردەم چاوی جەندرمەکان دەستی یارمەتی بۆ خەڵکی فەقیر و ھەژار درێژ کردووەو لەم بەرووبومانە بەشی داون. وەدوای ئەوە ئەو کارەی جێھێشتووە بەڵام ھەر لە ناحیەی شەقڵاوە ماوەتەوە چونکە شوێنەکەی زۆر لەلا دڵگیر بووەو سروشتەکەی زۆر کاریگەری لەسەر دروستکردووەو لەلایەن خەڵکی شەقڵاوەش زۆر خۆشەویست بووەو وە بوەتە ھاوڕێیەکی نزیک و خۆشەویستی (سلێمان بەگ بایز) و لە دیوانی میرانی سلێمان بەگ چەند لاوک و مەقامی ووتوە، وە ھەر لە شەقڵاوە ئامینە مەحمود شەریفی مارە کردووە ژیانی ھاوسەریان پێکھێناوە وە چوار مناڵیان بووە بەناوی ( ئەحمەد و محەمەد و عەبدوڵا و جەمیل). جەرێکیان کاوێس ئاغا بڕیار دەدات لەگەڵ ئەحمەد ئیسماعیل بەگ سەردانی خزم و کەس و ھاوڕێیانی بکات لە گوندەکانی پیرمام و حیران خور و ھرشم، بەڵام لەم سەفەرەیدا ھەست بە بێتاقەتی دەکات و داوا لە ئەحمەد ئیسماعیل دەکات بیگەڕێنێتەوە شەقڵاوە، دوای گەڕانەوەیان بۆ شەقڵاوە تەندورستی کاوێس ئاغا بەرەوخراپتر دەڕوات و پاش ماوەیەکی کەم لە ناوەڕاستی مانگی شوبات لە ڕۆژی چوارشەمە ساڵی ١٩٣٦ دڵی تەڕو عاشقی لەوەستان ئەکەوێت و گیانی لەدەست دەدات و دەگەڕێتەوە بۆ بەر دەرگای خوای گەورە و لە گۆڕستانی (ھرشم) ئەنێژرێت.

وە ئامینەی خێزانی ٤٦ ساڵ دوای کۆچیدوای ئەو دەژێت و لە ٢٢/شباط/١٩٨٢ گیانی ئەسپێرێت و لە گۆرستانی گردە زەیتوونە لە شەقڵاوە بە خاک ئەسپێردرێت.

ژیانی ھونەری[دەستکاری]

زۆربەی بەرھەمە ھونەریەکانی بە شێوەزاری کرمانجی باکوور بووە وە بە ڕەسەنایەتی و میللی جیادەکرێتەوە. وە ئەوەی شایەنی باسکردنە کاوێس ئاغا ھەر تەنھا لاوک بێژو مەقام بێژ نەبووە بەڵک و شاعیرێکی لێھاتووش بووە. لەو سەردەمدا گازینۆو قاوەخانەی فەلیح لە ھەولێر شوێنی کۆبونەوەی ھونەرمەندانی ئەوکات بووە وە کاوێس ئاغاش زۆر سەردانی ئەوێی کردووە، وە لە ساڵی ١٩٣٠ بیری لەوە کردۆتەوە گۆرانی و مەقامەکانی تۆماربکات ئەوەبوو لە موسڵ لەگەڵ کۆمپانیای بیزانفۆن واریۆن ڕێککەوت بۆ تۆمارکردنی بەرھەمەکانی وە لەوێ بەدیداری ھونەرمەندانی شەنگال شادبوو نموونەی (عەلی خەنجەر و گوڵێ خان و مەنج کوێر و حەمەد ئاغا مەدۆ)، یەکەم بەرھەمی تۆمارکراوی بەناوی (گەنج خەلیل)ە، وە لەدوای ئەوەش چەند بەرھەمێکی تری گۆرانی و لاوک و مەقامی تۆمار کردووە لە تۆمارگای بزافۆن و نایف.

کاوێس ئاغا چەند جارێک بەدیداری شێخ مەحمودی حەفید شادبووە و وە لاوکێکی ‌ بەسەر شۆڕسەکەی دا ھەڵداوە. وەلە کاتێکدا سمو ئاغای شکاکی سەردانی کوردستانی عیراق دەکات ‌ لە دیوانی میرانی قادر بەگ لە شەقڵاوە کاوێس ئاغا پێشوازی لێدەکات و ھاوەڵی ئەبێت بۆ سەردانی کردنی ھەریەکە لە مەجید ئاغای دیری و سەرۆک عەشیرەتەکانی ھەرکی و زراری و شێخ بزینی و لەدوایشدا شێخ مەحموودی نەمر لە سلێمانی.‌ لەساڵی ١٩٣٥ ئاھەنگێکی سازداوە لە قاوەخانەی عەلی شکاک لە ڕانیە وە ئاھەنگێکی تری لە ‌ماڵی قایمقامی قەزای ڕانیە جەلال سائب ئەنجام داوەو وە لەلایەن بەڕێزیان و زۆر کەسی دیارو ناوداری تری ڕانیە تەکریم کراوە.

شایەنی باسکردنە بۆ ڕێزگرتن لە ھونەری کاوێس ئاغا ئێساتا لە شەقڵاوە قوتابخانەیەکی بەناوکراوەو پەیکەرێکی بۆ دروستکراوەو لە ناوەڕاستی شار دانراوە.

کارەکان[دەستکاری]

لاوک[دەستکاری]

(شێخ مەحمود، ئیسماعیل ئاغا، شۆرشی دووەمی بارزان، میر بنجۆ، بابی عەبدالکریم و نایف، گەلی کاشخانی، شەڕی تورک و یۆنان، بابی سلی، خالدی رزکو، عبدالمجید، سعدونی نحو، أفدلی عیسی، حسنی والکی، میرو، لولوسوارو، علی سەد جار لمن علی.

مەقامەکان[دەستکاری]

یایو، دەھەری، عەرەبی، دڵبەر، لاوکو، یار کوندو، دۆتمام، بیریڤانی، دەلال، تەزانی، زالمی، یاری، بیلمەز، کەوری، ئەسمەر، سەودالی، میفانو، سکفانو، لاوکی سموقی، گەنج خلیل