ھاری ھودینی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ھاری ھودینی

HarryHoudini1899.jpg
ھودینی لە ١٨٩٩، بە زنجیرەوە بۆ لاساییکردنەوەی نمایشی ھەڵاتنەکانی
لەدایکبوون
ئێریک وایز

(١٨٧٤-٠٣-٢٤) ٢٤ی ئازاری ١٨٧٤
مەرگ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٦(١٩٢٦-١٠-٣١) (٥٢ ساڵ ژیاوە)
دیترۆیت، میشیگەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
ھۆکاری مەرگئاوسانی چەرمەچەقاڵتە[١]
نەتەوەھەنگاری
پیشە
چالاکبوون١٨٩١–١٩٢٦
باڵا١٦٨ سم
ھاوسەرویڵھێڵمینا بیاتریس «بێس» ڕاھنەر (ھاوسەرگیری ١٨٩٤)[٢]
خزمەکانتیۆدۆر ھاردین (برا)
واژوو
HoudiniSig.svg

ھاری ھودینی (لەدایکبوو ئێریک وایز؛ ٢٤ی ئازاری ١٨٧٤ – ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٦) ھەڵاتنزان، چاوبەست، و مەترسیکارێکی ھەنگاریی ئەمریکی بوو، کە بە نمایشی ھەڵاتنەکانی ناسرابوو.[٣] ناوە خوازراوەکەی ئاماژەیەکە بە مامۆستا ڕۆحباوەڕەکەی، جادووگەری فەڕەنسی ڕۆبێرت ھودین (١٨٠٥–١٨٧١).

لە سەرەتادا لە ڤودڤیل لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە مایەی سەرنج و دواتر بە ناوی «ھاری 'ھاندکەف' ھودینی» لە زنجیرە نمایشێکی لە ئەورووپا، کە بەگژی ھێزی پۆلیسدا دەبووەوە تاکوو بە بەندی بیھێڵنەوە. دواتر گەشەی سەند و نمایشەکانی پێکدەھاتن لە زنجیر، پەتی ھەڵواسراو بە بینای بڵند، چاکەتی بەستەرەوە لەژێر ئاو، و ھەڵاتن لە و ھەناسەگرتن لەنێو قوتووی شیری کەپسکراو کە ئاوی تێدا بوو.

لە ١٩٠٤دا، ھەزاران کەس بینەری بوون کاتێک ھەوڵی ھەڵاتنی دا لە کەلەپچەی تایبەت کە لەلایەن دەیڵی میرەری لەندەنەوە دروستکرابوون، و بۆ کاتژمێرێک بینەرانی لە دڵەڕاوکەدا ھێشتەوە. نمایشێکی تری بریتی بوو لە زیندەبەچاڵکردنی و بە ئاستەم توانی خۆی ڕزگار بکات، و لە حاڵەتێکی نزیک لە شکستدا ڕزگاری بوو. لە کاتێکدا زۆر کەس پێیان وابوو کە ھەڵاتنەکانی ساختەن، ھودینی بە بەڵایەک ناسرابوو لەلای ڕۆحباوەڕە ساختەکان. وەک بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی جادووگەرە ئەمریکییەکان، سوور بوو لەسەر پاڵپشتیکردنی ستاندارە پیشەگەرییەکان و بەدرۆخستنەوەی جادووگەرە قۆڵبڕەکان. خێراش بوو لە شکاتکردن لەوانەی کە نمایشی ھەڵاتنەکانیانی دووبارە دەکردەوە.

ھودینی چەند فیلمێکی دروستکردووە بەڵام دواتر وازی لە نواندن ھێناوە چونکە پارەی پەیدا نەکردووە. ھەروەھا فڕۆکەوانێکی بە تامەزرۆش بوو و ئامانجی ئەوە بوو کە ببێتە یەکەم پیاو کە فڕۆکە لە ئوسترالیا لێ بخوڕێت.[٤]

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

ئێریک وایس لە شاری بوداپێست لە شانشینی ھەنگاریا لەنێو خێزانێکی جوودا لەدایکبووە.[٥][٦] دایک و باوکی ڕابی مایەر ساموێل وایس (١٨٢٩–١٨٩٢) و سێسیلیا ستاینەر (١٨٤١–١٩١٣) بوون. ھودینی یەکێک بوو لە حەوت منداڵ: ھێرمان ئێم. (١٨٦٣–١٨٨٥)، کە زڕبرای ھودینی بوو لەڕێی یەکەم ھاوسەرگیریی ڕابی وایسەوە؛ نەیتەن جەی. (١٨٧٠–١٩٢٧)؛ گۆتفرید ویلیام (١٨٧٢–١٩٢٥)؛ تیۆدۆر (١٨٧٦–١٩٤٥)؛[٧] لیۆپۆڵد دی. (١٨٧٩–١٩٦٢)؛ و کاری گڵادیس (١٨٨٢-١٩٥٩)،[٨] کە دوای ڕووداوێکی منداڵی خەریک بوو کوێر ببێت.[٩]

وایس لە ٣ی تەمموزی ١٨٧٨دا بە کەشتیی ئێس. ئێس. فرێسیا لەگەڵ دایکی (کە دووگیان بوو) و چوار براکەی گەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.[١٠] خێزانەکە ناوەکەیان گۆڕی بۆ ڕێنووسی ئەڵمانیی «Weiss»، و «Erik» بوو بە «Ehrich». خێزانەکە لە شاری ئاپڵتن لە ویلایەتی ویسکۆنسن نیشتەجێ بوون، باوکی لەوێ وەک ڕابی لە کۆبوونەوەی چاکسازی زایۆنی جویی کاری دەکرد.

بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٨٨٠، خێزانەکە لە شەقامی ئاپڵتن لە ناوچەیەکدا دەژیان کە ئێستا بە ھودینی پلازا ناسراوە.[١١] لە ٦ی حوزەیرانی ١٨٨٢دا، ڕابی وایس بوویە ھاوڵاتییەکی ئەمریکی. بەھۆی لەدەستدانی کارەکەی لە زایۆن لە ١٨٨٢، ڕابی وایس و خێزانەکەی ڕوویان کردە میڵواکی و کەوتنە ھەژارییەکی زۆرەوە.[١٢] لە ساڵی ١٨٨٧دا، ڕابی وایس لەگەڵ ئێریکدا چوونە شاری نیویۆرک، و لەوێ لە خانوویەکی کاتیدا دەژیان لە شەقامی ٧٩یەمی ڕۆژھەڵات. دواتر تەواوی خێزانەکەش لەگەڵیان نیشتەجێ بوون کاتێک ڕابی وایس خانووییەکی ھەمیشەییی دۆزییەوە. لە منداڵیدا، ئێریک چەند کارێکی کردووە، یەکەم دەرکەوتنی گشتیی بریتی بوو لە بوون بە ھونەرمەندێکی جۆلانێ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، و خۆی بە «ئێریک، شازادەی ھەوا» ناو دەبرد. ھەروەھا لە گەنجیدا پاڵەوانی ڕاکردنی سەر وشکانی بووە.

پیشەی جادووگەری[دەستکاری]

کاتێک وایس بوو بە جادووگەرێکی پیشەیی بە «ھاری ھودینی» خۆی بانگ دەکرد، بیرۆکەی ناوەکەی دوای خوێندنەوەی خۆژیاننامەی جادووگەری فەڕەنسیی ژان یووجین ڕۆبێرت ھودین بۆ ھات لە ساڵی ١٨٩٠. وایس بە ھەڵە پێی وابوو کە i لە کۆتاییی ناوێکدا بە مانای «وەک» دێت لە فەڕەنسیدا. دواتر لە ژیانیدا، ھودینی وتی کە بەشی یەکەمی ناوە نوێیەکەی، ھاری، ڕێزلێنانێک بووە بۆ جادووگەری ئەمریکی ھاری کێڵەر، کە پێی سەرسام بووە، ھەرچەندە پێدەچێت کە لە «ئێری»یەوە وەرگیرابێت، کە نازناوی «ئێریک»ە، و لە خێزانەکەیدا بەو شێوەیە بانگ دەکرا[١٣]

ھودینی لەلایەن جادووگەر جۆزێف ڕینەوە ڕاھێنانی پێ دەکرا کاتێک کە ھەرزەکار بوو لە یانەی وەرزشیی پاستایم.[١٤]

ھودینی، نز. ١٩٠٠

ھودینی لە ١٨٩١ دەستی کرد بە پیشەی جادووگەری، بەڵام سەرکەوتنێکی وای نەبوو.[١٥] دواتر لە نمایشێکی ژێر چادردا دەرکەوت لەگەڵ پیاوی بەھێز ئێمیل جارۆ.[١٦] لە مۆزەخانە دە سەنتییەکان و نواندنە ناسەرەکییەکاندا دەردەکەوت، تەنانەت چەند ڕۆڵێکیشی دەگێڕا وەک «دە وایڵد مان» لە سێرکێکدا. ھودینی لە سەرەتادا سەرنجی لەسەر فێڵی پەڕەی باو بوو. لە کاتێکدا، بە «کینگ ئۆف کاردس» (پاشای پەڕەکان) خۆی ناو دەبرد.[١٧] ھەندێک جادووگەری پیشەگەر – بەڵام ھەموویان نا – ھودینییان بە تەڕدەستێکی بەتوانا ناو برد کە تەواوی شارەزایییەکەی نەبووە، و ئەوەندە زیرەک نەبووە تێیدا کە شارەزایی پەیدا بکات لە ھونەرەکەدا.[١٨][١٩] دوای ماوەیەکی کەم، دەستی کرد بە تاقیکردنەوەی نمایشی ھەڵاتن.[ژێدەر پێویستە]

لە ١٨٩٤دا، کاتێک لەگەڵ براکەیدا «داش» (تیۆدۆر) نمایشیان دەکرد لە دورگەی کۆنی لەژێر ناوی «برایانی ھودینی»، ھودینی نمایشکارێکی بینی بە ناوی ویڵھێڵمینا بیاتریس «بێس» ڕاھنەر. لە سەرەتادا داش حەزی لە بێس بوو، بەڵام بێس ھاوسەرگیریی لەگەڵ ھودینی کرد، و جێگەی داشی گرتەوە لە نمایشەکانیاندا، و بە «ھودینییەکان» ناسران. بۆ تەواوی پیشەی نمایشی ھودینی، بێس وەک یاریدەدەری دەردەکەوت.

ھودینی لە ١٨٩٩دا ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد کاتێک بەڕێوەبەر ماڕتن بێکی بینی لە سەینت پۆڵ، مینەسۆتا. بێک بە نمایشی کەلەپچەی ھودینی سەرسام بووبوو، بۆیە پێشنیاری ئەوەی کرد کە سەرنج بخاتە سەر نمایشی ھەڵاتنەکانی و لە گۆڕەپانی ڤودڤیلی ئۆرفیەم جێی بۆ دابین کرد. دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک، لە گەورەترین ھۆڵەکانی ڤودڤیلدا نمایشی دەکرد. لە ١٩٠٠دا، بێک زنجیرە نمایشێکی بۆ ھودینی ڕێکخست لە ئەورووپا. دوای چەند ڕۆژێک بە چاوپێکەوتنی سەرنەکوتوو، بریکاری بەڕیتانیی ھودینی ھاری دەی یارمەتیی دا تاکوو چاوپێکەوتنێک لەگەڵ سی. دەنداس سلەیتەر ببەستێت، بەڕێوەبەری ئەو کاتەی شانۆی ئاڵھامبرا. ھودینی بە ویلیام مێلڤیڵ شاد بوو و ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ھەڵاتن لە کەلەپچەی دا لە سکۆتلەند یارد.[٢٠] ھودینی ئەوەندە سەرکەوتوو بوو لە ھەڵخەڵەتاندنی پۆلیسەکاندا کە توانی بۆ شەش مانگ جێی خۆی بکاتەوە لە شانۆی ئالھامبرادا. نمایشەکانی سەرکەوتنێکی گەورەیان ھەبوو و مووچەکەشی زیادی کرد بۆ ٣٠٠ دۆلار لە ھەفتەیەکدا (NaN).[٢١]

«دوو خۆشەویستەکەم»—ھودینی لەگەڵ دایک و ھاوسەرەکەیدا، نز. ١٩٠٧

لە نێوان ١٩٠٠ و ١٩٢٠دا، ھودینی لە شانۆکانی سەرتاسەری بەڕیتانیای مەزندا دەردەکەوت و نمایشی ھەڵاتن، چاوبەستی، فێڵی پەڕە و مەترسیکاریی دەکرد، کە بەھۆیەوە بووبووە یەکێک لە نمایشکارە خاوەن زۆرترین مووچەکانی جیھان.[٢٢] توانیویەتی زنجیرە نمایش لە ھۆڵەندا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، و ڕووسیا بکات و بە زۆری بە «دە ھاندکەف کینگ» (پاشای کەلەپچە) ناسرابوو. لە ھەر شارێکدا، ھودینی زۆری لە پۆلیسی ناوخۆییی ئەوێ دەکرد کە بە کپت و زنجیر بەندی بکەن لە زیندانەکانیاندا و نەھێڵن ھەڵبێت. لەم ھەڵاتنانەیدا، زۆرینەی جار سەرەتا ڕووت دەکرایەوە و پشکنینی دەکرا. لە مۆسکۆ، توانی لە پاسێکی گواستنەوەی زیندانیی سیبێریایی ھەڵبێت، وتبووشی کە ئەگەر نەیتوانیایە خۆی ئازاد بکات، پێویست بوو گەشت بکات بۆ سیبێریا، کە تاکە کلیل لەوێ بوو.

لە کۆلن، ھودینی شکاتی لە ئەفسەرێکی پۆلیس کرد بە ناوی وێرنەر گراف، کە وتبووی ھودینی بە بەرتیلدان خۆی ڕزگار دەکات لە زیندانەکان.[٢٣] ھودینی دۆسیەکەی بردەوە بە کردنەوەی قاسەی دادوەرەکە (دواتر وتی کە دادوەرەکە بیری چووە قفڵی بکات). بەم سەرمایەدارییە نوێیەیەوە، ھودینی جلێکی کڕی کە وترابوو بۆ شاژن ڤیکتۆریا دروستکراوە. دواتر پێشوازییەکی گەورەی ڕێکخست کە تێیدا دایکی پیشانی خزمەکانی دا و جلەکانی پۆشیبوو. ھودینی وتوویەتی کە ئەو ڕۆژە خۆشترین ڕۆژی ژیانی بووە. لە ١٩٠٤دا، ھودینی گەڕایەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خانوویەکی کڕی بە ٢٥،٠٠٠ دۆلار (NaN)، خانوویەک کە بە بەردی قاوەیی دروستکرابوو لە ٢٧٨ دەبلیو. شەقامی ١١٣یەم لە ھارلێم، نیویۆرک سیتی.[٢٤]

لە ماوەی زنجیرە نمایشێکیدا لە ئەورووپا لە ١٩٠٢دا، ھودینی سەردانی بلوای کرد بە مەبەستی بینینی ئێمیل ھودین، کوڕی ژان یووجین ڕۆبێرت ھودین، بۆ چاوپێکەوتنێک و ڕەزامەندی وەرگرتن بۆ سەردانکردنی گۆڕی ژان یووجین. ھودینی ڕێگەی پێنەدرا کە سەردانی گۆڕەکەی بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوە سەردانی کرد.[٢٥] ھودینی پێی وابوو کە نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و دواتر باسی یەکتر بینینەکەی کرد بە شێوەیەکی نەرێنیانە لە گۆڤارەکەیدا، وتی کە «زۆر بێئەدەبانە مامەڵەم لەگەڵ کرا لەلایەن مادام دەبلیوو. ئێمیل ڕۆبێرت ھودینەوە».[٢٥] لە ١٩٠٦دا، پەیامێکی نارد بۆ گۆڤاری فەڕەنسیی L'Illusionniste و وتی: «بە دڵنیایییەوە چێژ لە وتارەکەم دەبینن کە لەسەر ڕۆبێرت ھودین نووسیومە لە گۆڤارەکەمدا. بەڵێ، ھاوڕێی ئازیزم، دەتوانم لە کۆتاییدا کەسە زۆر خۆشەویستەکەت تێک بشکێنم، کە کە لەمێژە خراوەتە سەر پایەیەک کە شایەنی نەبووە.»[٢٦]

لە ١٩٠٦دا، ھودینی گۆڤارێکی تایبەت بە خۆی دروست کرد بە ناوی گۆڤاری مانگانەی کۆنجیورەرس (جادووگەرەکان).[٢٧] گۆڤارەکە نەیاری سفینکس بوو، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم بەردەوام بوو و تەنیا دوو چاپی لێ بڵاوبوویەوە تاکوو ئابی ١٩٠٨. مێژووناسی جادوو جیم ستاینمایەر وتوویەتی کە «ھودینی نەیتوانیوە خۆی بگرێت و گۆڤارەکەی بۆ شاڵاوەکانی بەکار دەھێنا، ھێرشی دەکردە سەر ڕکابەرەکانی، بەسەر دەرکەوتنەکانی خۆیدا ھەڵیدەدا، و زیرەکانە دووبارە مێژووی دەنووسییەوە بۆ ئەوەی لایەنگری بیروڕای خۆی بێت لەسەر جادووگەری.»[٢٨]

ھاری ھودینی پێش بازھەڵدان لە پردی ھارڤاردەوە لە بۆستن لە ١٩٠٨

لە ١٩٠٧ەوە ھەتاوەکوو ١٩١٠یەکان، ھودینی بە سەرکەوتنێکی زۆرەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایشی دەکرد. خۆی لە زیندان، کەلەپچە، زنجیر، پەت، و چاکەتی بەستەرەوە ڕزگار دەکرد، کە زۆرینەی کات بە پەتێکەوە ھەڵواسرابوو لەبەرچاوی بینەرانی سەر شەقامدا. لەبەر لاساییکەرەوەکانی، ھودینی لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٠٨دا وازی لە «نمایشی کەلەپچە»کەی ھێنا، و دەستی کرد بە ھەڵاتن لە قتووی شیری پڕ لە ئاوی داخراو. ئەگەری شکستھێنان و مەرگ بینەرانی دەورووژاند. ھودینی نمایشی ھەڵاتنەکەشی فراوانتر کرد، و تێیدا ڕێی بە خەڵک دەدا کە ئامێری سەیروسەمەرەی بۆ جێ بھێڵن تاکوو بیبەستێتەوە. ئەم ئامێرانە بریتی بوون لە سندووقی بزماراوی (کە ھەندێک جار دەخرایە ژێر ئاوەوە)، کوڵێنەری کەپسکراو، چەرچەفی تەڕ، جانتای پۆستە،[٢٩] و تەنانەت گەدەی نەھەنگێک کە کەوتبووە سەر کەناری بۆستن. بیرەسازەکانی سکرانتن، پێنسڵڤەینیا، و شارەکانی تر بەگژ ھودینیدا چوونەوە تاکوو لە بەرمیلێکی پڕ لە بیرە ھەڵبێت.[٣٠]

زۆرینەی ئەم نمایشانە لەگەڵ بازرگانی ناوخۆیی ڕێکخرابوون کە یەکێکە لە سەرەتاترین بەکارھێنانەکانی بازاڕدۆزیی ھاوبەش. لەجیاتیی بانگەشەکردن بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە لەلایەن ڕۆحیانەتەوە یارمەتیی دەدرێت، وەک برایانی دەیڤنپۆرت و زۆری تر دەیانکرد، بانگەشەکانی ھودینی پیشانی دەدا کە لەڕێی ڕاگوێزیی سەرووسروشتییەوە ھەڵاتنەکانی ئەنجام دەدات، ھەرچۆنێک بێت ھودینی ھەرگیز دانی بەوەدا نەناوە کە ھێزی سەرووسروشتیی ھەبووبێت.[٣١]

دوای بەدواداچوونێکی زۆر، ھودینی کۆمەڵە وتارێکی نووسی لەسەر مێژووی جاووگەری، کە پەرەی پێ درا و بوویە دەرخستنی ڕۆبێرت ھودین کە لە ١٩٠٨ بڵاوبوویەوە. لەم کتێبەدا ھێرشی کردە سەر کەسە زۆر خۆشەویستەکەی پێشووی، ڕۆبێرت ھودین، و بە درۆزن و قۆڵبڕ ناوی برد لەبەر ئەوەی کە وتبووی کە ئەو ماشێنی خۆکار و کاریگەرییەکانی وەک خۆڕاگرتنی ئاسمانیی داھێناوە، کە چەندەھا ساڵ لەوەپێش بوونیان ھەبووە.[٣٢][٣٣] زۆرینەی تاوانبارکردنەکانی لە کتێبەکەدا باسکرابوون ڕەتکرانەوە لەلایەن جادووگەران و توێژەرەوان کە لایەنگری ڕۆبێرت ھودین بوون. جادووگەر جان ھوگارد دواتر کتێبێکی نووسی کە کتێبەکەی ھودینیی بەدرۆخستەوە.[٣٤][٣٥][٣٦]

پۆستەرێک کە بانگەشە بۆ ھەڵاتنی ھودینی لە «سەبەتەیەکی گەشتی زۆر پتەو و گەورە» دەکات

ھودینی لە سێرکەس بوش لە بەرلین لە ئەڵمانیا لە ٢١ی ئەیلوولی ١٩١٢دا، خانەی ئەشکەنجەدانی ئاویی چینیی ناساند.[٣٧] بە سەرەوژێری لە ژوورۆچکەیەکی شووشە و ئاسنین بەسترابووەوە کە پڕ بوو لە ئاو، و توانی بۆ زیاتر لە سێ خولەک ھەناسەی خۆی بگرێت لەژێر ئاودا. ھودینی بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی ئەم نمایشە بۆ تەواوی ژیانی.

لە ماوەی پیشەکەیدا، ھودینی ھەندێک لە فێڵەکانی ڕوونکردبووەوە لە کتێبەکانیدا کە بۆ کۆڕی جادووگەران نووسیبووی. لە نھێنییەکانی کەلەپچە (١٩٠٩)دا، دەریخست کە چەند قفڵ و کەلەپچە دەکرێنەوە بە ھێزی تەواو، ئەوانی تریش بە قەیتانی پێڵاو. کاتەکانی تر، قفڵشکێن و کلیلی شاراوەی لەگەڵ خۆی ھەڵدەگرت. کاتێک بە پەت و چاکەتی بەسترەوەوە دەبەسترایەوە، بۆشاییی جووڵاندنی بە گەورەکردنی شان و سنگی بەدەست دەھێنا، بە دوورخستنەوەی قۆڵی لە لەشی.[٣١]

ھودینی و جێنی، فیلە لەوبنووھاتووەکە، ٧ی کانوونی دووەمی ١٩١٨

ھەڵاتنی چاکەتی بەستەرەوەکانی سەرەتا لە پشت پەردەوە دەکران، و لە کۆتایییدا بە ئازادی دەھاتە دەرەوە. براکەی ھودینی (کە ھەڵاتنزانێک بوو، و بە تیۆدۆر ھاردین ناوی خۆی دەبرد) بۆی دەرکەوت کە بینەران زیاتر تامەزرۆن کاتێک پەردەکانی لێ نەبێت و تێکۆشانەکەی ببینن لەکاتی خۆڕزگارکردنی. چەند جارێک پێکەوە نمایشی ھەڵاتنیان کردووە لە چاکەتی بەستەرەوە کاتێک بە سەرەوژێری لە بیناوە ھەڵواسراون.[٣١]

بۆ زۆرینەی ژیانی پیشەیی، ھودینی نمایشەکانی زۆر گەورە بوون لە ڤودڤیل. بۆ چەندان ساڵ، خاوەنی زۆرترین مووچە بوو لە ڤودڤیلی ئەمریکیدا. یەکێک لە ناسراوترین جادووە ناھەڵاتنەکانی ھودینی لە نیویۆرک ھیپۆدرۆم نمایش کرا، و لە نمایشەکەدا فیلێکی تەواو پێگەیشتووی ونکرد.[٣٨] ئەم فێڵەی لە جادووگەر چاڕڵس مۆریت کڕیبووەوە.[٣٩][٤٠] لە ١٩٢٣دا، ھودینی بوویە سەرپرشتیاری مارتینکا، کۆنترین کۆمپانیای جادووی ئەمریکا. کۆمپانیاکە لە ئێستاشدا ھەر بەردەوامن.

ھەروەھا وەک سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی جادووگەرە ئەمریکییەکانیش ڕۆڵی ھەبووە لە ١٩١٧ەوە تاکوو مردنی لە ١٩٢٦. کۆمەڵەکە لە ژووری پشتەوەی فرۆشگەی جادووی ماترینکاوە دروست بوون لە نیویۆرک، و پەرەی سەند لەژێر سەرپەرشتیی ھاری ھودینی لەنێوان ١٩١٧ بۆ ١٩٢٦. ھودینی باشترین خەیاڵی جادووگەری بوو. ئەنجامی دروستکردنی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی گەورە و یەکگرتوو بوو لە جادووگەری پیشەگەر و تازەکار. بچوویایە بۆ ھەر شوێنێک، ناونیشانێکی دوورودرێژی فەرمیی دەدایە یانەی جادووگەرییە ناوخۆیییەکان، لێدوانی دەدا، و ئەندامەکانی بانگێشت دەکرد لەسەر گیرفانی خۆی. وتوویەتی کە «یانەی جادووگەرییەکان بچووکن: بێھێزن ... بەڵام ئەگەر یەک بکەوین کۆمەڵەکە بەھێزتر دەبێت، و ئەوە دەگەیەنێت کە یانە بچووکەکان بەھێز و بەبایەخ دەبن. ئەندامان بەخێرھاتنیان لێ دەکرێت لە ھەر کوێیەک بن و، بە پێچەوانەوە، پشتیوانی ھێڵێکی شار بۆ شار بۆ دۆزینەوەی دەرخەرەکان و ناپەسەندەکان».

ھودینی بە کەلەپچەوە، ١٩١٨

بۆ زۆرینەی ١٩١٦، کاتێک لە زنجیرە نمایشێکدا بوو لە ڤودڤیل، ھودینی لەسەر گیرفانی خۆی یانە جادووگەرییە ناوخۆیییەکانی کۆدەکردەوە تاکوو بەشداری لە کۆمەڵەی جادووگەرانی ئەمریکا بکەن وەک ھەوڵێک بۆ بووژاندنەوەی ئەو ڕێکخراوانەی کە پێی بێھێز بوو. گرووپی لە بەفەڵۆ، دیترۆیت، پیتسبێرگ، و کانسەس سیتی ڕازی کرد تاکوو بەشداری بکەن. لە لەندەنیش بە ھەمان شێوە، جادووگەری ڕازی کرد تاکوو بەشدار بن. یانەی بەفەڵۆ وەک لقی یەکەم (کە دواتر بوویە ئەنجومەن)ی کۆمەڵەکە بەشدار بوون. ئەنجومەنی ژمارەی ٣ی شیکاگۆ، وەک ناوەکە دەری دەخات، سێیەم یانەی ناوچەیی بوو کە لەلایەن کۆمەڵەی جادووگەرانی ئەمریکییەوە دابمەزرێت، و ئێستا ژمارەی ئەنجومەنەکانی لە سەدەکاندایە. لە ١٩١٧دا، ھودینی دەستوورنامەی ئەنجومەنی ژمارە سێی واژوو کرد و ھێناییە بوون، و ئەو دەستوورنامەیە و ئەم یانەیە بەردەوامن لە بەردەستختنی پەیوەندی بۆ جادووگەرانی شیکاگۆ. ھودینی لە یانەی ھاوشێوەوە لە دیترۆیت، پیتسبێرگ، کانسەس سیتی، سینسیناتی و شوێنی ترەوە بەڵێننامەی پێ گەیشت. ئەمە گەورەترین جووڵانەوە بوو لە مێژووی جادووگەریدا. لەو شوێنانەی کە ھیچ یانەیەک بوونی نەبوو، ھودینی جادووگەری کۆکردەوە، بە یەکی ناساندن، و لە کۆمەڵەکدا جێی کردنەوە.

لە کۆتاییی ١٩١٦دا، یانەی جادووگەری لە سان فرانسیسکۆ کە ھودینی سەردانی نەکردبوون پێشنیاری ئەوەیان دەکرد کە ببنە ئەنجومەن. ھودینی دەوڵەمندترین ڕێکخراوی جادووگەرانی دروست کرد کە توانیویەتی بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە. لە ئێستادا زیاتر لە ٦،٠٠٠ ئەندام و ٣٠٠ ئەنجومەنی ھەیە لە سەرتاسەری جیھاندا. لە تەممووزی ١٩٢٦دا، ھودینی بۆ نۆیەم جار وەک سەرپەرشتیار ھەڵبژێردرا و وەک ساڵانی پێشوو براوە بوو. ھەموو سەرۆەرشتیارەکانی تر تەنیا بۆ یەک ساڵ لەو پلەیەدا ماونەتەوە. ھودینی سەرپەرشتیاری یانەی جادووگەرانی لەندەنیش بوو.[٤١]

لە کۆتا ساڵەکانی ژیانیدا (١٩٢٥/٢٦)، ھودینی نمایشێکی پڕاوپڕی تایبەت بە خۆی دەستپێکرد، کە ناوی نا «سێ نمایش لە یەکدا: جادوو، ھەڵاتن، و دەرخستنی ڕێگا قۆڵبڕەکان».[٤٢]

ھەڵاتنە دیارەکانی[دەستکاری]

«ھاندکەف» ھاری ھودینی، نز. ١٩٠٥

پێشبڕکێی دەیڵی میرەر[دەستکاری]

لە ١٩٠٤دا، ڕۆژنامەی لەندەنیی دەیڵی میرەر پێشبڕکێیەکیان بۆ ھودینی ئامادە کرد تاکوو لە چەند کەلەپچەیەکی تایبەت خۆی ڕزگار بکات کە دەوترا نەتانیەڵ ھاڕت، کلیلسازێک لە بێرمینگام، پێنج ساڵی پێچووە بۆ دروستکردنیان. ھودینی ڕازی بوو لە ١٧ی ئازاردا لە نمایشێکی دوانیوەڕۆییی لە ھۆڵی ھیپۆدرۆم لە لەندەن. دەوترا کە ٤٠٠٠ کەس و زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەوان ئامادە بوون بۆ نمایشەکە. نمایشەکە بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک بەردەوام بوو، و تێیدا ھودینی چەند جارێک لە «خانووی تارمایی»یەکەیەوە ھاتە دەرەوە (پەردەیەک کە بەکار دەھات بۆ شاردنەوەی شێوازی ھەڵاتنەکەی). لە کاتێکدا داوای کرد کە کەلەپچەکانی لێ بکەنەوە تاکوو بتوانێت چاکەتەکەی دابنێت. نوێنەری دەیڵی میرەر، فڕانک پاڕکەر، ڕەتی کردەوە و وتی کە سوودی لێ دەبینێت ئەگەر ببینێت کە چۆن کەلەپچەکان دەکرێنەوە. ھودینی کتوپڕ چەقۆیەکی گیرفانیی دەرھێنا و، کە بە دانی گرتبووی، بەکاری ھێنا تاکوو چاکەتەکی بدڕێنێت. دوای نزیکەی ٥٦ خولەک، ژنەکەی ھودینی ھاتە سەر ستەیج و ماچێکی کرد. زۆر کەس پێیان وابوو کە ژنەکەی کلیلی کەلەپچەکانی لە دەمیدا شاردبووەوە و لەڕێی ماچکردنی ھودینییەوە پێی دابوو. ھەرچۆنێک بێت، وتراوە کە بێس ھەرگیز نەچووەتە سەر ستەیج، ئەم بیردۆزەش ڕێی تێناچێت چونکە کلیلەکە شەش ئینچ بووە.[٤٣] ھودینی دواتر چووە پشت پەردەکەوە. دوای کاتژمێرێک و دە خولەک، ھودینی بە ئازادی ھاتەوە دەرەوە. بینەران ھودینیان خستە سەر شانیان و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی، دواتر ھودینی لە خۆشیدا دەستی کرد بە گریان. لەو کاتەدا، ھودینی وتی کە ئەم ھەڵاتنەی قورستین ھەڵاتنی ژیانی بووە.[٤٤] refname دوای مردنی ھودینی، ھاوڕێکەی، ماڕتن بێک، لە کتێبی چیرۆکە سەرسووڕھێنەرەکانی پیاوە نھێنییەکانی ویڵ گۆڵدستندا ناوی ھێندرابوو، کە دانی بەوەدا نابوو کە ھودینی ئەو ڕۆژە لە بارودۆخێکی دژواردا بووە و داوای یارمەتیی کردووە لە ژنەکەی. گۆڵدستن بەردەوام بووە و وتوویەتی کە بێس پاڕاوەتەوە لە نوێنەری دەیڵی میرەر تا کلیلەکەی بداتێ، دواتر داویەتی بە ھودینی لەڕێی پەرداخێک ئاوەوە. لە کتێبەکەدا وتراوە کە کلیلەکە شەش ئینچ بووە و لە پەرداخێک ئاودا جێی نەبووەتەوە. گۆڵدستن لەلای خۆیەوە ھیچ بەڵگەیەکی نەبەخشیوە، و چەندەھا ژیاننامەنووسی ھاوچەرخ بەڵگەیان دۆزیوەتەوە (بە تایبەتی لە شێوەی داڕشتنە تایبەتەکەی کەلەپچەکاندا) کە لەوانەیە ھودینی خۆی پێشبڕکێی دەیڵی میرەری ڕێک خستبێت و تێکۆشانە زۆرەکەی بۆ ڕزگاربوونی تەنیا نواندن بووبێت.[٤٥]

ئەم ھەڵاتنە بە قووڵی باس کراوە لە نھێنییەکان لە مۆزەخانە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارەزای ھودینی، جادووگەر و ھەڵاتنزان دۆرۆتی دیتریچی مۆزەخانەی ھودینی لە سکرانتن.[٤٦]

دروستکراوەیەکی تەواوی کەلەپچەکانی دەیڵی میرەر و دروستکراوەیەکی کلیلە شێوە براماھەکەی لە مۆزەخانەی ھودینی لە سکرانتن، پێنسڵڤەینیا بەردەستن.[٤٧][٤٨] ئەم کۆمەڵە قفڵانە دەوترێت کە تەنیا شەش دانەیان ھەیە لە جیھاندا، و ھەندێکیشیان پیشان نادرێن.[٤٩]

ھەڵاتن لە قتووی شیر[دەستکاری]

ھاری ھودینی لە ئەنجامدانی نمایشی ھەڵاتن لە قتووی شیردا، نز. ١٩٠٨

لە ١٩٠٨دا، ھودینی نمایشێکی ڕەسەنی خۆی ناساند، ھەڵاتنی لە قتووی شیر.[٥٠] لەم نمایشەدا، ھودینی بە کەلەپچە دەبەسترایەوە و دەخرایە نێو قتوویەکی شیری زۆر گەورەوە کە پڕ کرابوو لە شیر و لە پشت پەردەیەکەوە ھەڵاتنەکەی ئەنجام دەدا. تاکوو کاریگەریی زیاتر بێت، ھودینی داوای لە بینەرانیش دەکرد کە ھەناسەی خۆیان بگرن لەگەڵی لەکاتێکدا لە نێو قتووەکەدا بوو. نمایشەکە بە پۆستەری ھەستبزوێن بانگەشەی بۆ دەکرا کە دەیوت «شکستھێنان واتە مردنێک بە نقوومبوون»، و ھەڵاتنەکە سەرکەوتنێکی گەورەی ھەبوو.[٥١] ھودینی دوای ماوەیەک نمایشەکەی گۆڕی تاکوو قتووەکە لەنێو سندووقێکی تەختەدا قفڵ بکرێت، و لەنێو قتووەکەدا بە زنجیر یان بە قفڵ دەبەسترایەوە. ھودینی ئەم نمایشەی تەنیا بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەنجام دا وەک بەشێکی ئاسایی لە نمایشەکانیدا، بەڵام یەکێکە لەو نمایشانەی کە زۆر پێی ناسراوە. براکەی ھودینی، تیۆدۆر ھاردین، بەردەوامبوو لە ئەنجامدانی نمایشی قتووی شیر و جۆرە تەختەیییەکەشی[٥٢] لە ١٩٤٠ەکاندا.

مۆزەخانەی ئەمریکیی جادوو قتووی شیر و سندووقەکەی ھێشتووەتەوە کە لەلایەن ھودینییەوە بەکار دەھاتن.[٥٣]

دوای ئەوەی زۆرێک لە جادووگەران نمایشی ھاوشێوەی تایبەت بە خۆیان دروست کرد، ھودینی وتی کە نمایشەکە لەلاین مافی لەبەرگرتنەوەوە پارێزراوە و کە ١٩٠٦دا، شکاتی لە جۆن کلێمپێرت کرد، یەکێک لە لاساییکەرەوە وازنەھێنەرەکان. کێشەکە لە دەرەوەی دادگا چارەسەر کرا و جۆن کلێمپێرت ڕازی بوو کە پۆزشتنامەیەک بڵاو بکاتەوە.[٥٤]

خانەی ئەشکەنجەی ئاویی چینی[دەستکاری]

ھودینی لە ئەنجامدانی نمایشی خانەی ئەشکەنجەی ئاویی چینی

لە دەوروبەری ١٩١٢دا، زۆریی ژمارەی لاساییکەرەوەکان وای لە ھودینی کرد کە نمایشی قتووی شیرەکەی بگۆڕێت بۆ خانەی ئەشکەنجەی ئاویی چینی. لەم نمایشەدا، قاچەکانی ھودینی بە داربەست دەبەسترانەوە، و بە سەرەوژێری نزم دەکرایەوە نێو تانکییەکی شووشەییی پڕ لە ئاو. خانەکەی کە لە داری ماھوون و ئاسن دروستکرابوو پێشێکی شووشەییی ھەبوو، لەڕێیەوە بینەران دەیانتوانی بە جوانی ھودینی ببینن. داربەستەکە لە سەر خانەکەدا قفڵ دەکرا، و پەردەیەکیش ھەڵاتنەکەی دادەپۆشی. لە سەرەتاترین وەشانەکانی ئەم نمایشەدا، قەفەزێکی ئاسنین دەخرایە نێو خانەکەوە و ھودینیش لەنێو قەفەزەکدا دەبەسترایەوە. لە کاتێکدا کە ھەڵاتنەکەی قورستر کردبوو - قەفەزەکە ڕێگری لە جووڵەکردن دەکرد - قەفەزەکە وەک پارێزگارییەک وابوو لە حاڵەتی شکانی شووشەکەدا.

خانە ڕەسەنەکە لە ئینگلتەرا دروستکرا، و لەوێ ھودینی بۆ یەکەم جار ھەڵاتنەکەی ئەنجام دا بۆ ئامادەبووانێک کە لە یەک کەس پێکھاتبوو وەک بەشێک لە شانۆیەکی یەک نمایشیدا بە ناوی «ھودینیی سەرەوژێر». ئەم نمایشە بۆ بەدەستھێنانی مافی لەبەرگرتنەوە ئەنجام درا، تاکوو ھودینی بتوانێت شکات لە لاساییکەرەوەکانی بکات - کە کردی. نمایشەکە بە سەرناوی «خانەی ئەشکەنجەی ئاویی چینی» یان «خانەی ئەشکەنجەی ئاوی» بانگەشەی بۆ دەکرا، بەڵام ھودینی ھەمیشە بە «سەرەوژێر» یان «یوو ئێس دی» (کورتکراوەی Upside down) ئاماژەی پێ دەکرد. یەکەم نمایشی گشتی لە سێرکەس بوش بوو لە بەرلین، لە ٢١ی ئەیلوولی ١٩١٢. ھودینی تا کۆتاییی ژیانی بەردەوام بوو لەم نمایشە.[٣١]

ھەڵاتنی چاکەتی بەستەرەوە[دەستکاری]

یەکێک لە نمایشە بەناوبانگەکانی ھودینی بریتی بوو لە بەستنەوەی بە چاکەتێکی بەستەرەوە و بەستنەوەی قولەپێی لە بینایەکی بەرزەوە یان بەرزکەرەوەیەکەوە. ھودینی دواتر ھەڵاتنەکەی ئەنجام دەدا لەبەرچاوی بینەرەکانی کە کۆبووبوونەوە. لە زۆر حاڵەتدا، ھودینی دەیان و ھەزاران بینەری کۆدەکردەوە کە ھاتوچۆی شارەکەی ڕادەوەستاند. ھودینی ھەندێک جار سەرنجی دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕادەکێشا بە ئەنجامدانی نمایشەکە لە بیناکانی دەزگا ناوخۆیییەکانەوە. لە نیویۆرک سیتی، ھودینی نمایشەکەی لە بەرزکەرەوەیەکەوە ئەنجامدا کە بەکار دەھێندرا بۆ دروستکردنی مێترۆی نیویۆرک سیتی. دوای جووڵاندنی لەشی لە ھەوادا، لە چاکەتەکە خۆی ڕزگار کرد. لە ساتی بەرزکردنەوەی لەلایەن بەرزکەرەوەکەوە بۆ ساتی داکەندنی چاکەتەکە بە تەواوی، دوو خولەک و سی و حەوت چرکەی پێچوو. تۆماری فیلمیی ئەم نمایشە لە کتێبخانەی کۆنگرە بەردەستە.[٥٥] تۆماری ھەڵاتنەکانی لە مۆزەخانەی ھودینیش نمایش دەکرێن لە سکرانتن، پێنسڵڤەینیا.

دوای کێشانی بە بینایەکدا بەھۆی ڕەشەباوە لە کاتی یەکێک لە نمایشەکانیدا، وایەرێکی سەلامەتی بە قولەپێی ھودینییەوە دیار بوو، وایەرەکە بۆ ئەوە بوو کە لە بیناکەوە ڕابکێشرێت ئەگەر پێویست بوو. بیرۆکەی ھەڵاتنە سەرەوژێرەکە لەلایەن کوڕێکی لاوەوە بە ناوی ڕاندۆڵف ئۆزبۆرن دەگڵەسەوە (٣١ی ئازاری ١٨٩٥ - ٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٦) درابوویە ھودینی، کاتێک لە نمایشێک لە ھۆڵێ شانۆیی شێفیڵد یەکتریان بینی.[٣١]

ھەڵاتنی سندووقی سەر ئاو[دەستکاری]

ھودینی لە خۆئامادەکردنی بۆ نمایشی ھەڵاتن لە سندووق نز. ١٩١٢

یەکێک لە نمایشە بەناوبانگەکانی تری ھودینی بریتی بوو لە ھەڵاتن لە سندووقێک کە بە بزمار کەپس کرابوو و بە پەتیش بەسترابووەوە و خرابووە نێو ئاوەوە. ھودینی یەکەم جار لە ئیست ڕیڤەری نیویۆرک ئەم نمایشەی ئەنجام دا لە ٧ی تەممووزی ١٩١٢. پۆلیس ڕێیان پێ نەدا کە یەکێک لە لەنگەرگاکانی ئەوان بەکار بھێنێت، بۆیە بەلەمێکی ڕاکێشانی بە کرێ گرت و ڕۆژنامەوانانی بانگێشت کرد کە لەگەڵی بن لەسەر بەلەمەکە. ھودینی بە کەلەپچە و قاچبەست بەسترایەوە، دواتر خرایە نێو سندووقێکەوە و سندووقەکە بە بزمار کەپس کرا، دواتر بە ٩٠ کیلۆ قورقوشم بەسترایەوە. سندووقەکە دواتر خرایە نێو ئاوەوە. ھودینی توانی لە ماوەی ٥٧ چرکەدا ھەڵبێت. سندووقە ڕاکێشرایە سەر وشکانی و وەک خۆی مابووەوە، و کەلەپچەکانیشی تێدا مابوو.

ھودینی چەند جارێک ئەم نمایشەی ئەنجام داوە، و تەنانەت دوو جاریش لەسەر ستەیج، یەکەم جار لە ھامەرستینز ڕوف گاردن کە تانکێکی ٢١،٠٠٠ لیتریی تایبەت دروست کرابوو، و دواتر لە ھیپۆدرۆمی نیویۆرک.[٥٦]

کۆتا پۆستەر کە بانگەشە بۆ نمایشی زیندەبەچاڵکردنی ھودینی دەکات

نمایشی زیندەبەچاڵکردن[دەستکاری]

ھودینی بە لایەنی کەمەوە بە سێ شێواز نمایشی زیندەبەچاڵکردنی ئەنجام داوە لە ژیانیدا. یەکەم دانەیان لە نزیک سانتا ئانا، کالیفۆرنیا بوو لە ١٩١٥، کە خەریک بوو بەھۆیەوە بمرێت. ھودینی زیندەبەچاڵ کرا، بەبێ تابووت، لە چاڵێکی دوو مەتریدا. ھودینی ھیلاک بوو و شڵەژا لەکاتی ھەوڵدان بۆ خۆڕزگارکردنی و داوای یارمەتیی کرد. کاتێک دەستی گەیشتە دەرەوەی چاڵەکە، بوورایەوە و لەلایەن یارمەتیدەرەکانییەوە دەرھێندرا لە چاڵەکە. ھودینی لە یادنامەکەیدا لەسەر ئەم نمایشەی نووسیویەتی کە «زۆر مەترسیدار بووە» و کە «کێشی زەوی کوشندەیە».[٥٧][٥٨]

دووەم شێوازی ئەم نمایشەی ھودینی تاقیکارییەکی خۆڕاگرتن بوو کە دروستکرابوو تاکوو نمایشکاری میسڕی ڕەحمان بێی بە درۆ بخاتەوە، کە دەیوت کە ھێزی سەرووسروشتی بەکار دەھێنێت تاکوو لە تابووتێکی کەپسکراودا بمێنێتەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک. ھودینی توانی تۆمارەکەی ڕەحمان بشکێنێت لە ٥ی ئابی ١٩٢٦دا، بە مانەوەی لە تابووتێکی کەپسکراودا کە لە مەلەوانگەی ھۆتێلی شێڵتنی نیویۆرکدا نوقم کرابوو بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک. ھودینی وتی کە ھیچ فێڵ و ھێزی سەرووسروشتیی بەکار نەھێناوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، و تەنیا ھەناسەی خۆی کۆنتڕۆڵ کردووە.[٥٩] ھودینی ئەم نمایشەی لە وای ئێم سی ئەی لە وۆرکێستەر، ماسەچوسێتس دووبارە کردەوە لە ٢٨ی ئەیلوولی ١٩٢٦، ئەم جارەیان بۆ کاتژمێرێک و یانزە خولەک مایەوە.[٦٠]

کۆتا شێوازی ئەم نمایشە نمایشێکی دوورودرێژی سەر ستەیج بوو کە لە نمایشە پڕاوپڕەکەی ئێوارەیدا بوو. ھودینی ھەڵدەھات دوای بەستنەوەی بە چاکەتێکی بەستەرەوە، بەندیکردنی لە تابووتێکدا، و دواتر ناشتنی لە تانکێکی گەورەی پڕ لە لم. لە کاتێکدا پۆستەر کە بانگەشە بۆ نمایشەکە دەکەن بوونیان ھەیە (کە باسی بەرەنگاربوونەوەکەی دژی ڕەحمان بێی تێدایە بە وتنی «دەروێشە میسڕییەکان بە درۆ خرانەوە!»)، نەزانراوە کە ھودینی ئەم نمایشەی ئەنجام دابێت. نمایشەکە واداندرابوو کە گەورەترین نمایشی وەرزی ١٩٢٧ی بێت، بەڵام ھودینی لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٦دا کۆچی دواییی کرد. تابووتە بڕۆنزەکەی بۆ نمایشەکە دروستکرابوو بەکار ھێندرا بۆ گواستنەوەی لاشەی ھودینی لە دیترۆیتەوە بۆ نیویۆرک دوای مردنی لە ھاڵۆویندا.[٦١]

ڕۆڵبینین لە فیلمدا[دەستکاری]

پۆستەری فیلمی زنجیرەکەی ھودینی، ١٩١٩
پۆستەری فیلمی زنجیرەکەی ھودینی، ١٩١٩
پۆستەری فیلمی یارییە ناخۆشەکە، ١٩١٩
پۆستەری فیلمی یارییە ناخۆشەکە، ١٩١٩
فیلمی بێدەنگی نھێنییە مەزنەکە (١٩١٩). ماوەی فیلم: ٠٩:٣٩. ئەڵقەی زنجیرەیەکی پانزە ئەڵقەیی کە تێیدا جادووگەر و ھەڵاتنزان ھودینی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت

لە ١٩٠٦دا، ھودینی دەستی کرد بە پەخشکردنی فیلمی ھەڵاتنەکانی وەک بەشێک لە نمایشەکانی لە ڤودڤیل. لە بۆستن، کورتە فیلمێکی پەخش کرد بە ناوی ھودینی ھاکنشمیت دەبەزێنێت. جۆرج ھاکنشمیت زۆرانبازێکی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بوو، بەڵام شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەکەیان نەزانراوە چونکە فیلمەکە ونبووە.[٦٢] لە ١٩٠٩دا، ھودینی فیلمێکی دروست کرد لە پاریس بۆ سینەما لوکس بە ناوی قارەمانێتییە سەرسووڕھێنەرەکانی ھودینیی بەناوبانگ لە پاریس.[٦٣] فیلمەکە چیرۆکێکی بێسەروبەرەی ھەبوو بۆ دەرخستنی ھەندێک لە ھەڵاتنە بەناوبانگەکانی ھودینی، لەوانە ھەڵاتنی چاکەتی بەستەرەوە و کەلەپچەکردن لەژێر ئاودا. لە ھەمان ساڵدا، ھودینی پێشنیاری ڕۆڵگێڕانی کاپتن نیمۆی بۆ کرا لە وەشانێکی بێدەنگی ٢٠،٠٠٠ کۆمەڵە لەژێر دەریادا، بەڵام پڕۆژەکە نەگەیشتە قۆناغی بەرھەمھێنان.[٦٤]

زۆربەی کات بە ھەڵە وتراوە کە ھودینی وەک ڕاوێژکاری کاریگەریی تایبەت کاری کردووە لە زنجیرەی ھەژێنەری وارتن/ئینتەرناشناڵی نھێنییەکانی میرا، کە لە ئیتاکا و نیویۆرک وێنەی گیراوە، چونکە ھاری گرۆسمەنیش، دەرھێنەری نھێنییە مەزنەکە، وێنەگرتنی زنجیرەیەکی لە ئیتاکا ئەنجام داوە لە نزیک ھەمان کاتدا. ڕاوێژکارەکانی پێکھاتبوون لە ھێروارد کارینگتن و ئالیستەر کرۆوڵی.[٦٥]

لە ١٩١٨دا، ھودینی ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ بی. ئەی. ڕۆڵفدا واژوو کرد تاکوو لە زنجیرەیەکی ١٥ بەشیدا ڕۆڵ بگێڕێت بە ناوی نھێنییە مەزنەکە (کە لە تشرینی دووەمی ١٩١٨ بڵاوکراوەتەوە). لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا باو بوو، زنجیرە فیلمەکە ھاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا ڕۆمانێکیشی لەگەڵدا بڵاوبوویەوە. بەھۆی گرفتی دارایییەوە، بی. ئەی. پڕۆدەکشنز داخرا، بەڵام بەھۆی نھێنییە مەزنەکەوە ھودینی ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ فەیمەس پەلەیرس-لاسکی کۆرپەرەیشن/پاراماونت پیکچەرز واژوو کرد، و دوو فیلمی بۆ دروست کردن، یارییە ناخۆشەکە (١٩١٩) و دورگەی ترس (١٩٢٠).[٦٦]

یارییە ناخۆشەکە یەکەم فیلمی دوورودرێژی ھودینی بوو و بە باشترینی ناسراوە. بەھۆی سروشتە گڕکێشەکەی فیلمی نایترەیت و ڕێژە کەمەکەی مانەوەیان، مێژووناسانی فیلم فیلمەکەیان بە ونبوو دانا. فیلمەکە یەک دانەی مابووەوە و لە کۆکراوەی کۆکەرەوەیەکی نھێنی کە تەنیا چەند جادووگەرێک کە پێی ئاشنا بووبوون دەیناسن. دیک بڕوکز و دۆرۆتی دیێتریچی مۆزەخانەی ھودینی لە سکارنتن، پێنسڵڤەینیا، دوو جار فیلمەکەیان بینیبوو لەڕێی بانگێشتکردنیانەوە لەلایەن کۆکەرەوەکەوە. دوای چەندین ساڵ لە ھەوڵدان، توانیان کە ڕازی بکەن کە فیلمەکە بفرۆشێت بە تێرنەر کلاسیک موڤیس[٦٧] کە توانی تەواوی فیلمە ٧١ خولەکییەکە نوێ بکاتەوە. فیلمەکە بۆ ماوەی ٩٦ ساڵ لەلایەن خەڵکەوە نەبینرابوو، دواتر لەلایەن تێرنەر کلاسیک موڤیسەوە لە ٢٩ی ئازاری ٢٠١٥دا پەخش کرا، وەک گرنگترین بەرھەمی فێستیڤاڵە چوار ڕۆژییە ساڵانەکەیان لە ھۆڵیوود.[٦٨]

ھودینی بەسەر تاڤگەکانی نیاگارادا مەلە دەکات لە دیمەنێک لە فیلمی پیاوەکەی سەروو (١٩٢٢)

لە کاتی وێنەگرتنی دیمەنێکی ئاسمانیی یارییە ناخۆشەکە، دوو فڕۆکە بە ئاسمانەوە خۆیان بە یەکدا کێشا و مەترسیکارێک کە جێگرەوەی ھودینی بوو بە پەتێک لە یەکێک لە فڕۆکەکانەوە شۆڕ بووبووەوە. بانگەشەیەکی زۆر دەکرا بۆ ئەم دیمەنە "لەسەر فیلم گیراوە" درامییە، و دەوترا کە ھودینی خۆی لە فڕۆکەوە شۆڕبووەتەوە. لەکاتی وێنەگرتنی ئەم فیلمانە لە لۆس ئانجلس، ھودینی خانوویەکی بە کرێ گرت لە لاورێڵ کانیەن. دوای تەواوکردنی دوو فیلمەکەی بۆ ھۆڵیوود، ھودینی گەڕایەوە بۆ نیویۆرک و کۆمپانیایەکی بەرھەمھێنانی فیلمی دروست کرد بە ناوی «کۆمپانیای فیلمی ھودینی». بەرھەمھێنانی بۆ دوو فیلم کرد و ڕۆڵی سەرەکییشی تێدا گێڕان، پیاوەکەی سەروو (١٩٢١) و ھاڵدەینی وەزارەتی ئاسایش (١٩٢٣). دواتر تاقیگەیەکی فیلمی دامەزراند بە ناوی «کۆمپانیای پەرسەندنی فیلم»، و قوماری لەسەر پڕۆسەیەکی نوێی بەرھەمھێنانی فیلمی وێنەی جووڵاو دەکرد. براکەی ھودینی، تیۆدۆر ھاردین، وازی لە پیشەکەی ھێنا وەک جادووگەر و ھەڵاتنزانێک تاکوو کۆمپانیاکە بەڕێوە ببات. جادووگەر ھاری کێڵار سەرمایەنەرەوەیەکی سەرەکی بوو.[٦٩] لە ١٩١٩دا، ھودینی چوو بۆ لۆس ئانجلس بۆ وێنەگرتن. لە ٢٤٣٥ لۆرێڵ کانیەن بوڵیڤارد نیشتەجێ بوو، نیشنگەیەک کە لەلایەن ڕاڵف ئێم. واڵکەرەوە خاوەندارێتیی دەکرێت. دە ھودینی ئیستەیت، دەکەوێتە ٢٤٠٠ لۆرێڵ کانیەن بوڵیڤارد، و وەک ڕێزلێنانێک بۆ ھودینی دروست کراوە.[٧٠]

پیشەی نواندنی ھودینی و کۆمپانیای پەرەسەندنی فیلم سەرکەوتوو نەبوون، و بەھۆیەوە لە ١٩٢٣ وازی لە کاری نواندن ھێنا، و گلەییی ئەوەی دەکرد کە «پارەکەی لێوەی پەیدا کردووە بەشی ھیچی نەکردووە».

لە نیسانی ٢٠٠٨دا، کینۆ ئینتەرناشنەڵ دیڤیدییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا فیلمە بێدەنگەکانی ھودینیی تێدا بوو کە مابوونەوە، لەوانە نھێنییە مەزنەکە، دورگەی ترس، پیاوەکەی سەروو، ھاڵدەینی وەزارەتی ئاسایش، و پێنج خولەک لە یارییە ناخۆشەکە. دیڤیدییەکە وێنەھەواڵی نمایشەکانی ھودینییشی تێدا بوو لە ١٩٠٧ەوە بۆ ١٩٢٣، و بەشێکی قارەمانێتییە سەرسووڕھێنەرەکانی ھودینیی بەناوبانگ لە پاریس، ھەرچۆنێک بێت دەوترێت کە ئەو فیلمە نییە.[٧١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Schiller, Gerald. (2010). It Happened in Hollywood: Remarkable Events That Shaped History. Globe Pequot Press. p. 34. ISBN 978-0762754496
  2. ^ "Harry Houdini". Encyclopædia Britannica. Retrieved March 24, 2014.
  3. ^ Houdini!, retrieved 2021-03-11
  4. ^ Maksel, Rebecca. "The Hunt for Houdini's Airplane". Air & Space Magazine. Retrieved 2021-08-04.
  5. ^ "137 years ago in Budapest..." Wild About Harry. Retrieved March 24, 2011.
  6. ^ "Harry Houdini | Biography & Facts | Britannica". www.britannica.com. Retrieved 2021-12-11.
  7. ^ "Hardeen Dead, 69. Houdini's Brother. Illusionist, Escape Artist, a Founder of Magician's Guild. Gave Last Show May 29". The New York Times. June 13, 1945. Retrieved 24 March 2020. Theodore Hardeen, a brother of the late Harry Houdini, illusionist and a prominent magician in his own right, died yesterday in the Doctors Hospital. His age was 69.
  8. ^ Meyer, Bernard C. (1976), Houdini: A Mind in Chains, E.P. Dutton & Co., Chapter 1, p. 5, ISBN 0841504482.
  9. ^ "The mystery of Carrie Gladys Weiss". Wild About Harry. Retrieved September 30, 2011.
  10. ^ US National Archives Microfilm serial: M237; Microfilm roll: 413; Line: 38; List number: 684.
  11. ^ 1880 US Census with Samuel M. Weiss, Cecelia (wife), Armin M., Nathan J., Ehrich, Theodore, and Leopold.
  12. ^ Houdini's Forgotten Years The Houdini File.
  13. ^ "Harry Houdini" (PDF). American Decades. December 16, 1998. Archived from the original (PDF) on November 9, 2016. Retrieved February 4, 2016. ھەروەھا لە بایۆگرافی ئین کۆنتێکست.
  14. ^ Loxton, Daniel (January 30, 2013). "The Remarkable Mr. Rinn". Skeptic Magazine. Retrieved January 16, 2016.
  15. ^ Rocha, Guy. "MYTH No. 56 – No Disappearing Act for Harry Houdini at Piper's Opera House". Nevada State Library and Archives. Archived from the original on July 22, 2011. Retrieved March 24, 2011.
  16. ^ Immerso, Michael. (2002). Coney Island: The People's Playground. Rutgers University Press. p. 114. ISBN 978-0813531380
  17. ^ "Harry Houdini: Famous magician, master of escapes, Houdini metamorphosis". Houdini Magic. Retrieved February 4, 2016.
  18. ^ Houdini, King of Cards The Houdini Files.
  19. ^ Johnson, Karl (2005). The Magician and the Cardsharp.
  20. ^ Gresham, William Lindsay. (1959). Houdini: The Man Who Walked Through Walls. Holt. pp. 82–83
  21. ^ Price, David. (1985). Magic: A Pictorial History of Conjurers in the Theater. Cornwall Books. p. 191. ISBN 0845347381
  22. ^ Tait, Derek. (2017). The Great Houdini: His British Tours (Kindle Edition). Pen & Sword Books Ltd. Chapter One ISBN 978-1473867949
  23. ^ Silverman, p. 81.
  24. ^ Silverman, p. 109.
  25. ^ ئ ا Steinmeyer, Jim. (2004). Hiding The Elephant: How Magicians Invented the Impossible. Da Capo Press. pp. 152–153. ISBN 0786714018
  26. ^ Jones, Graham Matthew. (2007). Trades of the Trick: Conjuring Culture in Modern France. New York University. pp. 96–98
  27. ^ Gresham, William Lindsay (1959). Houdini: The Man Who Walked Through Walls. Holt. p. 136
  28. ^ Steinmeyer, Jim. (2006). The Glorious Deception: The Double Life of William Robinson, Aka Chung Ling Soo, the Marvelous Chinese Conjurer. Da Capo Press. p. 291. ISBN 078671770X
  29. ^ Cannell, J. C. (1973). The Secrets of Houdini. New York: Dover Publications. pp. 36–41. ISBN 978-0486229133. Retrieved August 17, 2012.
  30. ^ "Houdini's escapes and magic – Houdini's unique challenges in Scranton, PA. during the vaudeville era". Retrieved September 29, 2014.
  31. ^ ئ ا ب پ ت Kalush, William; Sloman, Larry (2006). The Secret Life of Houdini: The Making of America's First Superhero. Simon & Schuster. ISBN 978-0743272070. Retrieved November 9, 2015.
  32. ^ Steinmeyer, Jim. (2004). Hiding The Elephant: How Magicians Invented the Impossible. Da Capo Press. pp. 154–155. ISBN 0786714018 "He decided to portray Robert-Houdin as a liar and thief who was completely incompetent as a magician. Houdini had developed a hatred for his spiritual father. In 1908 his collection of articles was gathered together, expanded and sold to a London publisher. By comparing the original articles with the finished book, it's clear that Houdini employed a ghost writer to polish the language and clarify his points. Other surviving manuscripts from Houdini demonstrate that most of Houdini's writing depended on ghostwriters. The theme of his book on Robert-Houdin was sharpened to a razor's edge, and was now titled The Unmasking of Robert-Houdin."
  33. ^ Goto-Jones, Chris. (2016). Conjuring Asia. Cambridge University Press. p. 193. ISBN 978-1107076594
  34. ^ Inge, M. Thomas; Hall, Dennis. (2002). The Greenwood Guide to American Popular Culture, Volume 3. Greenwood Press. p. 1037. ISBN 978-0313323690 "Stung by the refusal of the widow of Robert-Houdin's son Emile to receive him in 1901, Houdini launched a literary vendetta against his former hero in the form of a book, The Unmasking of Robert-Houdin, published seven years later. While the book did not achieve its aim, it remains of considerable historical interest as the first sustained attempt to mine Houdini's large and growing collection for historical information. Its errors and oversights became the subject of two extensive rebuttals. The first was Maurice Sardina's Les Erreurs de Harry Houdini, translated and edited by Victor Farelli as Where Houdini Was Wrong. The second was Jean Hugard's Houdini's "Unmasking": Fact vs Fiction.
  35. ^ Steinmeyer, Jim. (2004). Hiding The Elephant: How Magicians Invented the Impossible. Da Capo Press. p. 156. ISBN 0786714018 "A number of researchers and authors have dismissed his claims and defended Robert-Houdin's reputation."
  36. ^ Jones, Graham M. (2011). Trade of the Tricks: Inside the Magician's Craft. University of California Press. p. 208. ISBN 978-0520270466 "The publication ultimately did more to tarnish Houdini's reputation than to refute Robert-Houdin's claims to originality and distinction especially in France, where magicians rallied to defend their spiritual progenitor against aspersions cast by an American parvenu."
  37. ^ "1912 Harry Houdini 'Water Torture Cell' Presentation Piece from Circus Busch Containing the Original Concept Art for the Performance's Famous Poster". Archived from the original on December 20, 2007. Retrieved May 6, 2008.
  38. ^ "The Vanishing Elephant". Retrieved June 30, 2016.
  39. ^ Christopher, Milbourne. (1990 edition, originally published in 1962). Magic: A Picture History. Dover Publications. p. 160. ISBN 0486263738 "Morritt invented a 'Disappearing Donkey'. When he expanded the idea so that an elephant could be whisked away in a box, Houdini bought the full rights to the spectacular illusion."
  40. ^ Silverman, p. 224.
  41. ^ Silverman, Kenneth (1996). Houdini! The Career of Ehrich Weiss: American Self-Liberator, Europe's Eclipsing Sensation, World's Handcuff King & Prison Breaker. HarperCollins. p. 544. ISBN 978-0060169787.
  42. ^ John Cox (2017) [2011]. "Houdini: A Biography". Wild About Harry. Retrieved February 10, 2017.
  43. ^ The Secret Life of Houdini, Kaulush & Sloman, 2006.
  44. ^ "Houdini's Great Victory". Daily Illustrated Mirror. 18 March 1904.
  45. ^ Silverman, pp. 59–62.
  46. ^ "Keys To Houdini's Secrets". Mysteries at the Museum. Travel Channel. November 23, 2010. Retrieved November 9, 2015.
  47. ^ "Mirror Cuffs". Genii Magazine. Retrieved November 30, 2011.
  48. ^ "Travel Channel Dorothy Dietrich Promo Houdini Mirror Cuffs". Mysteries at the Museum. Travel Channel. Archived from the original on 2021-12-11. Retrieved November 29, 2011.
  49. ^ Hanzlik, Mick (March 16, 2013). "The Replica Mirror Cuffs". Wild About Harry.
  50. ^ Randi, pp. 175–178.
  51. ^ Randi, Milk Can poster on page 177.
  52. ^ Christopher, Milbourne (1976). Houdini: A Pictorial Life. Ty Crowell Co. p. 54. ISBN 978-0690011524.
  53. ^ "American Museum of Magic". Marshall area Chamber of Commerce. Archived from the original on October 11, 2007. Retrieved April 20, 2008.
  54. ^ Tait, Derek (2018). The Great Illusionists. Barnsley South, Yorkshire: Pen and Sword History. pp. 260–274. ISBN 978-1473890763.
  55. ^ "Thousands see Harry Houdini escape from a straitjacket while hanging in mid-air, Chicago, Ill.", International news [1923 or 1924?]
  56. ^ Henning, Doug (1977). Houdini His Legend and His Magic. Times Books. ISBN 978-0812906868.
  57. ^ Christopher, Milbourne (1969). Houdini: The Untold Story. Ty Crowell Co. p. 140. ISBN 978-0891909811.
  58. ^ "Digging into Houdini's Buried Alive". Retrieved January 6, 2011.
  59. ^ Silverman, pp. 397–403.
  60. ^ "Uncovering Houdini's second underwater test". Retrieved January 26, 2010.
  61. ^ Silverman, p. 406.
  62. ^ "Houdini Defeats Hackenschmidt and other revelations from Disappearing Tricks". Retrieved January 31, 2010.
  63. ^ Disappearing Tricks by Matthew Solomon, 2010, p. 95.
  64. ^ Silverman, p. 205.
  65. ^ Stedman, Eric (2010). The Mysteries of Myra. p. 8.
  66. ^ "Adroit Harry and ancient hokum". Retrieved December 30, 2012.
  67. ^ "Turner Classic Movies to Host World Premiere Screening of Long Lost Harry Houdini Classic The Grim Game at 2015 TCM Classic Film Festival" (Press release). TCM. January 23, 2015. Archived from the original on 2 January 2016. Retrieved November 9, 2015.
  68. ^ "Houdini Museum in Scranton PA Reveals the Secrets of Uncovering Houdini's 1919 Lost Silent Film The Grim Game". Retrieved January 23, 2015.
  69. ^ Silverman, pp. 226–249.
  70. ^ "The true story of the Laurel Canyon Houdini Estate". John Cox and Patrick Culliton. Retrieved March 30, 2012.
  71. ^ "Houdini The Movie Star DVD collection released". Retrieved April 8, 2008.

بەستەرە دەرکییەکان[دەستکاری]

داڕێژە:ڕۆحباوەڕی و سپیریچواڵیزم