کورتەمێژوویەکی کات
| نووسەر | ستیڤن ھۆکینگ |
|---|---|
| وڵات | بەریتانیا |
| زمان | ئینگلیزی |
| بابەت | گەردوونناسی |
| بڵاوبوونەوە | ١٩٨٨ (Bantam Dell Publishing Group) |
| جۆری کتێب | چاپکراوە (Hardcover and Paperback) |
| لاپەڕەکان | ٢٥٦ |
| ژپنک (ISBN) | 978-0-553-10953-5 |
| OCLC | ٣٩٢٥٦٦٥٢ |
| ٥٢٣٫١ ٢١ | |
| LC Class | QB981.H377 1998 |
کورتەمێژوویێکی کات: لە تەقینەوە گەورە تا کونی ڕەش (بە ئینگلیزی: A Brief History of Time) پەرتووکێکی زانستی گشتیفام (popular-science) سەبارەت بە گەردوونناسی لە فیزیکزانی بەریتانی ستیڤن ھۆکینگە کە بۆ یەکەمین بار لە ساڵی ١٩٨٨ لە چاپ دراوە. ئەم پەرتووکە بەناوی پڕخوێنترین و زۆرترین خوێندنەوە لە شاخەی گەردوونناسی ناسراوە. تاکوو ساڵی ١٩٩٣ ئەم پەرتووکە بە زیاتر لە ٣٣ زمانی جیھانی وەرگێڕاو و چاپ کراوە. ھۆکینگ لە پەرتووکەکەیدا ھەوڵدەدات چەمکە فیزیایییەکان دەربارەی پێکھاتەکان، سەرەتا و پەرەسەندنی گەردوون سادە بکاتەوە و ڕوونیان بکاتەوە، ھەروەھا ھەوڵیداوە وەڵامی زۆربەی پرسیارەکانی پەیوەست بە گەردوون و فیزیای ھاوچەرخ بداتەوە. ستیڤن ھۆکینگ چەمکی بۆشایی، کات، کێشکردن، سادەترین پێکھاتەی گەردوون کە کوارکەکانن، ڕوون کردەوە، تێپەڕ بە تیۆرییە زانستییە ئاڵۆزترەکان وەک تیۆریی تەقینەوە گەورەکە و چییەتیی کونی ڕەش. فیزیاناسە بەریتانییەکە ھەوڵی دا دوو لە گرنگترین تیۆرییە زانستییەکان کە بۆ وەسفکردنی گەردوون بەکاردێن، سادە بکاتەوە، کە ئەوانیش تیۆریی ڕێژەیی بۆ وەسفکردنی تەنە ئاسمانییەکان و تەنە قەبارە گەورەکانە، و میکانیکی کوانتەم کە بۆ وەسفکردنی گەردیلەکان و ئەتۆمەکان و تەنە تاڕادەیەک بچووکەکان بەکاردێت. لە کۆتایی پەرتووکەکەیدا، باسی لە لێکۆڵینەوە و ھەوڵەکانی کردووە بۆ کۆکردنەوەی ھەردوو تیۆرییەکە بۆ گەیشتن بە یەک تیۆری بۆ وەسفکردنی ھەموو شتێک کە لە گەردووندا ڕوودەدات.
پەرتووکەکە بە خێرایی بوو بە یەکێک لە پڕفرۆشترین پەرتووکەکان؛ لە ماوەی ٢٠ ساڵدا زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا. ھەروەھا بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵ لە پێڕستی پڕفرۆشترین پەرتووکەکانی ڕۆژنامەی سەندەی تایمزدا مایەوە. تا ساڵی ٢٠٠١ پەرتووکەکە بۆ ٣٥ زمان وەرگێڕدرابوو، و ئێستا گەیشتووەتە ٤٠ زمان.[١][٢][٣][٤]
بڵاوکردنەوە
[دەستکاری]لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٣، ستیڤن ھۆکینگ بۆ یەکەمجار لەگەڵ سایمۆن میتۆن، سەرنووسەری بەشی پەرتووکە فەلەکییەکانی چاپخانەی زانکۆی کامبریج، باسی لە نیازەکانی کرد بۆ نووسینی پەرتووکێکی زانستی دەربارەی گەردوونناسی و فیزیا بۆ کەسانی غەیرەپسپۆڕ. میتۆن بە گومانەوە پێشوازی لەمە کرد دوای ئەوەی چاوی بە ڕەشنووسی پەرتووکەکەیدا خشاند کە ژمارەیەکی زۆر ھاوکێشەی بیرکاریی ئاڵۆزی تێدابوو کە بەس بوو بۆ لەناوبردنی ئارەزووی ھەر خوێنەرێکی ناپسپۆڕ بۆ کڕینی پەرتووکەکە. میتۆن ئامۆژگاریی ھۆکینگی کرد کە ئەگەر دەیەوێت بگاتە خوێنەری غەیرەپسپۆڕ، دەبێت واز لە ھەموو ھاوکێشە بیرکارییەکان بھێنێت و تەنھا یەک ھاوکێشە بھێڵێتەوە، کە ھۆکینگ لە پێشەکی پەرتووکەکەیدا باسی کردووە و دەڵێت ئاگادار کراوەتەوە کە ھەر ھاوکێشەیەکی بیرکاری بینووسێت، دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی ژمارەی خوێنەران بۆ نیوە. ھۆکینگ ڕازی بوو کە تەنھا یەک ھاوکێشە بنووسێت و ھاوکێشەی ڕێژەیی ئەنیشتاینی ھەڵبژارد: E = mc².
سەرەڕای ئەوە، پەرتووکەکە ژمارەیەک وێنە و نموونەی لەخۆگرتبوو کە بۆ ڕوونکردنەوە و گەیاندنی بیرۆکەکەی بەکاری ھێنابوون.[٥]
ناوەڕۆک
[دەستکاری]ھۆکینگ لە پەرتووکەکەیدا «کورتەیەک لە مێژووی کات: لە تەقینەوە گەورەکەوە تا کونە ڕەشەکان» ھەوڵدەدات بابەتە فیزیایییەکان وەک کوارک، چەمکی کات، بۆشایی، کێشکردن، تیۆریی تەقینەوە گەورەکە، کونە ڕەشەکان و قووچەکە ڕووناکییەکان ڕوون بکاتەوە و سادەیان بکاتەوە. ھۆکینگ لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ڕای گەیاند کە ئامانجی سەرەکی پەرتووکەکە گەیاندنی پوختەیەکی گشتی و سادەیە دەربارەی ئەو بابەتانە بۆ کەسانی غەیرە فیزیاناس، سەرەڕای ھەوڵەکانی بۆ چوونە ناو ھەندێک ھاوکێشەی بیرکاریی ئاڵۆزەوە.
لە چاپی پەرتووکەکەدا لە ساڵی ١٩٩٦، ھۆکینگ باسی لە ئەگەری گەشتکردن بەناو کاتدا کرد، ھەروەھا چییەتیی کرمەچالەکان (wormholes) و ئەگەری دۆزینەوەی گەردوونێک بەبێ ھیچ نیشانەیەک بۆ سەرەتای کات تێیدا.
فیلم
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٩١، ئیرۆل مۆریس فیلمێکی بەڵگەنامەیی دەربارەی ھۆکینگ بە ھەمان ناوی پەرتووکەکەوە دەرھێنا، بەڵام فیلمەکە ژیاننامەیی بوو نەک وەشانی وێنەیی پەرتووکەکە.[٦]
ئۆپێرا
[دەستکاری]ئۆپێراخانەی میترۆپۆلیتانی نیوویۆرک گرێبەستێکی بۆ کۆنسێرتێک لە وەرزی ٢٠١٥–٢٠١٦ واژوو کرد کە لەسەر پەرتووکەکەی ھۆکینگ بوو. بڕیار بوو کۆنسێرتەکە لەژێر سەرپەرشتیی مۆسیقار ئۆزڤالدۆ گۆلیخۆڤ بێت بە مۆسیقایەک لە نووسینی ئەلبێرتۆ مانگویل و بەرھەمھێنانی ڕۆبێرت لۆپاج. بەڵام ئۆپێراکە گۆڕدرا پێش ئەوەی کۆنسێرتەکە بە تەواوی ھەڵبوەشێنرێتەوە.[٧][٨]
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ https://web.archive.org/web/20170323131320/https://web.archive.org/web/20110514230003/http://map.gsfc.nasa.gov/universe/
- ↑ https://web.archive.org/web/20161122123112/https://books.google.com/books?id=yLy4b61rfPwC
- ↑ https://books.google.com/books/about/Quantum_Generations.html?hl=ar&id=ELrFDIldlawC#v=onepage&q&f=false
- ↑ https://web.archive.org/web/20180915001829/https://www.telegraph.co.uk/news/worldnews/1549770/Hawking-to-experience-zero-gravity.html
- ↑ White, Michael and John Gribbin (1992). Stephen Hawking: a life in science. Viking Press. (ردمك 978-0670840137).
- ↑ https://web.archive.org/web/20180318143542/http://www.imdb.com/title/tt0103882/
- ↑ https://web.archive.org/web/20170622131338/http://www.ledevoir.com/culture/actualites-culturelles/313037/un-nouveau-robert-lepage-au-met
- ↑ https://web.archive.org/web/20181015233150/https://www.nytimes.com/2016/11/29/arts/music/osvaldo-golijovs-new-opera-for-the-met-is-called-off.html?mcubz=1
- بەکارھێنەرانی ویکیپیدیا، وتاری «تاریخچە مختصر زمان»، ویکیپیدیای فارسی (٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧).
- بەکارھێنەرانی ویکیپیدیا، وتاری «A Brief History of Time»، ویکیپیدیای ئینگلیزی (٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧).