بۆ ناوەڕۆک بازبدە

کامەران موکری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کامەران موکری
ناوی خۆماڵیمحەممەد ئەحمەد تەھا
لەدایکبوون١٩٢٩
سلێمانی
شوێنی گۆڕسلێمانی
پیشەمامۆستا، شاعیر، چیرۆکنووس
زمانکوردی
نەتەوەکورد
ڕەگەزنێرینە
ڕەگەزنامەکورد
خوێندنقۆناغی ئامادەیی
قوتابخانەی ئەدەبیڕیالیزم
کارە دیارەکاندیوانەکانی
خزمەکاننووری ئەحمەد تەھا

کامەران موکری (ناوی تەواو: محەممەد ئەحمەد تەھا)، (لەدایکبووی ١٩٢٩، لە سلێمانی) شاعیرێکی کورد بوو. لە گەڕەکی دەرگەزێن لەدایک بوو. لە ساڵی ١٩٥٤دا دەستی کردووە بە شیعرنووسین. ساڵی ١٩٥٧ ناوی «کامەران»ی ھەڵبژاردووە وەک نازناوی شیعری، دواتر موکریی کردووەتە نازناو بە ناوی ئەوەی بنج و بنەوانی خێزانیان لە موکریان بووە. بەم جۆرە ناوبانگی شاعیرێکی تازەی کورد لە ساڵی ١٩٥٧ لەسەر ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی ئەو سەردەمە کەوتە ناوەوە.

بنەماڵەی کامەران بنەچەیان دەگەڕێتەوە ناوچەی موکریان. لە پێشاندا ماڵیان گواستووەتەوە پشدەر و لە دواییدا ھاتوونەتە سلێمانی و لەوێ ژیاون. کامەران برای شاعیری کورد ئەخۆلە لە دایکەوە.
سەرەتا خوێندنی شەش ساڵی قوتابخانەی لە سلێمانی تا پۆلی کۆتایی ئامادەیی بوو، بەڵام بەھۆی چەند ھۆیەک تەواوی نەکردووە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٩ گیراوە. ماوەی نزیکەی شەش ساڵ (١٩٤٩–١٩٦٣) لە بەندیخانە جیاوازەکانی عێراق بردووەتە سەر. لە پەنجەکانی سەدەی بیستەممدا لە بەندیخانەیەک ڕزگاری بووبێ یەکێکی دیکە چاوەڕێی کردووە. لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ی بەغدا دەستی کرد بەجموجۆڵی خوێندەواری. لە ساڵانی ١٩٦٠–١٩٦١ سەرنووسەری گۆڤاری ڕۆژی نوێ بوو لە سلێمانی. لە دوای کودەتا فاشیستییەکەی ٨ی شوباتی ١٩٦٣ و بەدرێژایی شەستەکانی سەدەی بیستەم دەنگی کامەران کپ بوو، وەکو زۆربەی ڕۆشنبیرانی تر. لە دواییدا لە بەشی زمانی کوردی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سلێمانی بەمامۆستای موحازیری ئەدەبی کوردی دامەزرا. تا کۆتایی ژیانی لەسەر ئەم کارەی مایەوە. لەکاتی گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی (١٩٨٢) بۆ ھەولێر و گۆڕینی ناوی بۆ زانکۆی سەلاحەدین کامەرانیش ماڵی گواستەوە ھەولێر. لەبەرواری (٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٦) لەشاری ھەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە.

کامەران موکرى، لە زۆربەى خۆپیشاندانەکانی ئەوکاتەى شارى سلێمانىدا بەشدارى کردووە و ھەمیشە پێشەنگ بووە. ھەر لە خۆپیشاندانەکانیشدا یەکەم کەس بووە کە شارى سلێمانی ناونا (ھەڵمەت و قوربانی)، کاتێک لە خۆپیشاندانی سلێمانی دژی پەیمانی (پۆرتسمۆس) وتارێکی بە دەنگی بڵند خوێندەوە و وتى: "ئەی جەماوەری بەشەرەفی شاری ھەڵمەت و قوربانی."

لە بوارى وانە وتنەوەدا توانایەکى لێھاتووى ھەبووە، ئەگەرچى پلەی خوێندنی ئامادەیی بووە، بەڵام بەھۆى زیرەکى و لێھاتویى بۆ ماوەیەکى زۆر کراوەتە مامۆستای ئەدەب لە بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی و دواتریش لە زانکۆی سەڵاحەدین.

تا ئەو کاتەی لەژیاندا بووە حەوت دیوانی شیعری چاپکراوە، لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥–١٩٧٢، دیارترین دیوانەکانی (ئاشتی، دیاری، ئاگر و ژیلە و گوڵاڵە سوورە)ن، وە لە دوای مردنیشی لە ساڵی ١٩٨٧ سەرجەم شیعرەکانی لە کتێبێکدا بەناوی (کامران موکری) کۆکراوەتەوە و لە چاپ دراوەتەوە. سەرەڕای کاری شاعیری "کامران موکری چیرۆکنوسیش بووە.

کتێبە چاپکراوەکانی

[دەستکاری]

تا ئەو کاتەی لەژیاندا بووە حەوت دیوانی شیعری چاپکراوە، کە بریتین لە:

  • ئاشتی
  • دیاری ١٩٥٧
  • ئاگرو ژیلە ١٩٥٨
  • گوڵاڵە سوورە ١٩٥٩
  • گوڵ ئەستێرە ١٩٥٩
  • ئاوات و ڕەنج ١٩٦٨
  • زەبری ھۆنراوە ١٩٧١
  • دیوانی کامەران موکری ١٩٨٧ (دوای مردنی خۆی کۆکراوەتەوە و لە چاپ دراوە - خانەی چاپی چوارچرا)

مەبەستی شیعرەکان

[دەستکاری]

ئەگەر شیعر و ھۆنراوەکانی کامەران موکری بخوێنینەوە، دەبینین کەوا کامران موکری ھۆنراوەکانی بۆ چەند مەبەستێک وتووە:

نەتەوەیی و مرۆڤینی

[دەستکاری]

بەشێکی زۆری ھۆنراوەکانی موکری ھۆنراوەی نەتەوەیین. شاعیرێکی خاوەن ھەستێکی ناسک بووە بەرامبەر بە وڵاتەکەی و شیعرەکانی لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی بوون.

دوو نموونە لە شیعرەکانی:

١.

کاروانی ئێمە کەوتووەتە ڕێگابە ئامانجی کورد ھەر ئەبێ بگا
ئەگەرچی شەوی خەباتی ژیانگیانی زۆر لاوی وەک گوڵ ھەڵوەران
بەڵام ھەر ئەبێ شەفەق دەرکەوێکورد لەم ھەورازە سەختە سەرکەوێ

٢.

ئەوی مێژووی کورد بخوێنێتەوەئەڵقەی زنجیرەی بهۆنێتەوە
تێ ئەگا ھەرگیز سەر نانێتەوەھیچ ھێزێک نییە بیتوێنێتەوە
ئەو چەرخە نەما درەختی ڕەگەزڕیشەی دەرکێشن ھی ئێمەی نەبەز

خۆشەویستی و ئەڤینی

[دەستکاری]

مەبەستێکی تری شیعرەکانی کامەران، دڵداری و ئەڤینییە. وەک نموونەیەک لە شیعرەکانی تایبەت بە خۆشەویستی:

کە پرچت ئاڵان لە گەردنگڕت بەردا لە دڵی من
کە پەرچەمت ڕشتە سەر ڕووئاگر لە دەروونم بەربوو
ئەی زۆرداری جوانی بچووکتکایە کچی ئێسک‌سووک
لێرەوە مەیە، شەیدام بۆتوەباڵی دڵم بە ئەستۆت


لە ھۆنراوەیەکیدا بە ناوی "فریشتە" کارێکی ھونەریی پێشکەش کردووین و زۆر بەوردی وێنەی ئەو ئافرەتە نازدارەمان بۆ دەکێشێ و دەڵێت:

ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەردچاوی کاڵ ئاوریشمێکی زەرد
چاوی کاڵ ئەگەرچی نەرمەبەڵام نیگای ئێجگار گەرمە


دوای ئەم سەرەتایە جوانەی، لەسەر ھۆنراوەکەی دەڕوات و ئەو کچە نازدارە دەکاتە فریشتەیەکی ئاسمان و ئەوەندە شۆخ و شەنگی دێنێتە بەر چاو، سەد ئاخ و ئەفسووس دەردەبڕێ کە باسی ئەو جوانییەی ھێشتا ھەر درشتە و ناگاتە ئاستی پێویست و بەوردی لە ھەموو لایەنێکییەوە ناتوانێ بدوێ و دەڵێت:

جوانێکی تاک وەک فریشتەئاخ وەسفی من زۆر درشتە
کوا شیعرێک ورد، خۆش و گەرموەک ئەندامی لەشی، نەرم

سەرچاوەکان

[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]